"an independent online kurdish website

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

ئەندامانی حیزبی دێموکرات،

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ١١ی مەی ٢٠١٦ی زایینی، هاوڕێی تێکۆشەر و ماندوونەناسمان کاک چەکۆ ڕەحیمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبە خۆشەویستەکەمان بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە، ماڵئاوایی یەکجاریی لێ کردین و پەیوەست بوو بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و درێژەی خەبات و تێکۆشانی بە دۆستان و هاوسەنگەرانی ئەسپارد.serwan_chako

بەڕێز “عەبدولڕەحمان ڕەحیمی” ناسراو بە “چەکۆ”، ئەندامی خەمخۆر و تێگەیشتوو و لەمێژینەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی، ١٩٥٤ی زایینی لە شاری شۆڕشگێڕانی دێموکرات، لە مەهاباد لەدایک بوو.

بنەماڵەی هاوڕێی شەهیدمان کاک چەکۆ، بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی و ناسراوی شاری مەهاباد بوون و هەر بۆیەش، “عەبدولڕەحمان” بە بڕوایەکی نەتەوەیی و پەروەردەیەکی کوردپەروەرانەوە، تا دوایین قۆناغەکانی خوێندنی لە مەهاباد تەواو کرد و بۆ درێژەدان بە خوێندن، لە زانکۆی ئەفسەریی تاران وەرگیرا و بڕوانامەی لیسانسی لەو زانکۆیە وەرگرت و لە ئەرتەشدا بە پلەی ئەفسەری دەستی بە کار کرد.

هاوڕێی شۆڕشگێڕ و بە ورە، سەروان “عەبدولڕەحمان ڕەحیمی” دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، بە ئاشکرا بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوای فەرمانی جەهادی خومەینی بە دژی کوردستان، وەکوو ئەفسەرێکی نیشتمانپەروەر و بەهەڵوێست، لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا دەستی دایە چەکی بەرگری لە مان و کەرامەتی نەتەوەکەی و وەکوو مامۆستایەکی نیزامی دەورەی تایبەتی بۆ پێشمەرگەکان دادەنا. هەر لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا ناوبانگی چەکۆی دەرکرد و بوو بە کاک چەکۆی خۆشەویستی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان.

هاوڕێ کاک چەکۆ لە بەر خۆنەویستی و قارەمانەتی و گیانبازی، لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەند جار بەهۆی تەقینەوەی مینەوە، بە توندی بریندار بوو وکاریگەریی ئەو تەقینەوە لە سەر لەشی مابوویەوە.

کاک چەکۆی ڕەحیمی، لە ریزی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا، هەڵسووڕ و ماندوویی نەناس بوو و بەردەوام لەهەوڵی پێگەیاندن و بارهێنانی هەرچی باشتری پێشمەرگەی گیان لەسەردەستی نیشتماندا بوو. بۆ ماوەیەک فەرماندەی هێزی سمکۆ، هێزی شەریفزادە و هێزی پێشەوا بوو و دوای دامەزرانی زانکۆی نیزامی لە حیزبدا کە دوایە گۆڕدرا بە فێرگەی سیاسی ـ نیزامی، لە یەکەم مامۆستایانی ئەو زانکۆیە بوو و دوای ماوەیەک وەک جێگری بەرپرس و دواتریش وەک بەرپرسی فێرگەی سیاسی نیزامی خزمەتی بە خەباتە ڕەواکەی نەتەوەکەی کرد.

هاوڕێی خەباتکارمان، بەهۆی شایستەیی و پێگەیشتوویی و خۆبەختکەرییەوە، لە ساڵی ١٣٦٢دا، لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبدا وەکوو ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی دەنگی متمانەی کۆنگرەی پێ درا، لەو کاتەوە هەتا ساتی شەهید بوونی، لە ماوەی ٣٣ ساڵدا چ وەک ڕاوێژکار و چ وەک جێگر و چ وەکوو ئەندامی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندی، بەردەوام لە ڕێبەرایەتیی حیزبدا بوو و چەندین بەرپرسیارەتیی قورس و شیاوی حیزبیی وەکوو بەرپرسی فێرگە، ئەندامی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە و بەرپرسی کۆمیتەی ئەمنیەتی لە ئەستۆ بووە و بە شایەتیی هاوڕی و هاوسەنگەرانی، بەوپەڕی لێوەشاوەیی و خەمخۆری و دیسیپلینەوە، ئەرکەکانی بەجێ گەیاندووە.

هاوڕێی تێکۆشەرمان کاک چەکۆ ڕەحیمی کەسێکی دڵسۆز بۆ حیزب و گەلە بەشخوراوەکەی و ڕۆڵەیەکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و وەفاداری مەکتەبی دێموکرات بوو کە لە ڕیزی کادر و پێشمەرگەکاندا خۆشەویست و لە ڕیزی ڕێبەرایەتیی حیزبدا کەسێکی خاوەن هەڵوێست و خاوەن پرەنسیپ و دیسیپلین بوو.

نیشتمانپەروەریی بنەماڵەکەی و تێگەیشتوویی تاکی خۆی و دیسیپلینی ئەفسەری و وەفاداری بە ڕێبازی ڕێبەرانی شەهید، خاکی بوون و لەگەڵ پێشمەرگە بوونی، بەتێکڕا کەسایەتییەکی مێژوویی و بەئەمەگ و بەناوبانگیان لە کاک چەکۆ دروست کردبوو کە پیت بە پیتی وشەکانی ناوەکەی، وانەیەکی خەباتکاری و شۆڕشگێری بۆ قوتابیان و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی بوون.

هاوڕێی خۆشەویستمان کاک چەکۆ، بەداخەوە دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕی١٣٩٥ی هەتاوی، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە، بەجێی هێشتین و هەواڵی مەرگی لەناکاوی هەموو دۆستان و دڵسۆزانی تاساند. بەڵام حیزبی دێموکرات لە مێژە ڕاهاتووە بە لەدەستدانی ئازیزان و تێکۆشەرە ماندوونەناسەکانی و بەردەوام سوورتر بووە لە سەر درێژەدان بە ڕێبازەکەیان.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی نابەوەخت و کوتوپڕی کاک چەکۆ ڕەحیمییەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی، هاوسەری وەفاداری و بەتایبەت منداڵە وریاکانی و بەتایبەتیتر کچە شیرینەکەی دەکا کە لە نێو حیزبدا کەم‌ئەندام بوو، هەروەها سەرەخۆشی لە هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی شۆڕشگێری مەهاباد دەکا.

ڕۆحی شەهیدی تازەمان سەروان چەکۆ ڕەحیمی شاد و ڕێگای خەباتی پڕڕێبوار بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٢ی مای ٢٠١٦ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی