“پێشکەشە بە گیانە بەرزەفڕی کاک سەید ڕەزا دروودگەر و کاک چەکۆ ڕەحیمی“
ئێوە لە ناخی
خاکێکی ئەنجن ئەنجنکراو،
“لە بن میچی سێدارەکەی چوارچرا”
بۆن و بەرامەی خوێن
جووڵاندتانی و
وەکوو ئەڵهای
ئازارێکی بێ کۆتایی
بە دەم ژانی ئێوارەیەک، قژخەناوی،
بەدەم بانگێک، پڕ لە بۆن و بەرامەی
گزنگێکی یاخی لە شەو
لە دایک بوون …
سەرتان لێوڕێژ … لە سەودای ئازادی و
خەندەتان گوڵڕێژ لە بۆن و بەرامەی خولیا!!
ئێوە وانە و
سروودەکانی ڕێی نەسرەوتن
لە “مەکۆی هەڵۆ” فێربوون و
چیا بووبە دەزگیرانتان
ئێوە پەساپۆرتی ئازادی بوون بۆ هەژاران
بست بە بست باڵای مێژووی ئازارتان خوندبوەوە
کڵاوی سەر قیتترین لووتکەی چیای نەبەزی بوون،
باران بوون و
فێنکای نێو تەوێلی پڕ ئارەقی هەژارانی
نیشتمانم
پشتێنی قەد چیا بوون و
چراوڵگەی
شەوی تاری بی هیوایی
ئێوە
ئەو تیشکە تەبەڕوکانە بوون، کە تاریکی
لە لزگەتان دڵی ڕەشی دادەچڵەکا!
ئێوە
بزە و خەرمانەی قاقای پێکەنینی
منداڵانی ئەمڕۆ و سبەی وڵاتم بوون
ئێوە بوون و هەن و دەبن،
تا ئەستێرە میداڵی سەر سینگی شەوبێ،
درەوشانەوەی ئێوەش دەبێ!
هۆ خەڵکینە!
دڵنیابن
خۆر کۆچ ناکا،
ئەی نابینن
“چەکۆ و سەید“
هەموو ڕۆژێک،
لای ئێواران
چەپکێک خەندەی خەنەی ئاڵی ئەرخەوانی …
بەڵام ئاڵێکی مەیلەو سوور
دکەن بە “سیاچەمانە و حەیران“
ئەی نابینن!
هەموو ڕۆژێک، ئاسۆ موژدەی گزنگ دەدا و
دیسانەوە … خۆرمیوانە
لە ئاسمانی نیشتمانمان!
بابەتی پەیوەندیدار
کۆڕی پرسەی نەمران سەید ڕەزا درودگەر و چەکۆ ڕەحیمی لە وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوە چوو
« بۆ چەكۆی نەمر» دیاکۆ ڕۆژهەڵاتی
ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر چەکۆ ڕەحیمی
بۆ کاک چەکۆی هاوڕێم. عومەر غولام عەلی
پرسەو هاو خەمی، مەلا برایمی مەجید پور
هەواڵێکی ناخۆش، ناخۆشتر لە ناخۆش پڕ لە دەرد وپەرۆش ، ئەحمەد کاکەمەمی