بەرێوەبەری بەرنامەی” خۆمانە” ، بەرێز کاک عەلی خزری لە ڤیدیۆیەک دا کە لە رێکەوتی ٢٤/٧/٢٠١٦ دا ، بڵاوی کردۆتەوە ، پاش شرۆڤەیەکی کرچ و کاڵ لەسەر کودێتای ئەم دواییانەی تورکیە ،
باسێکی کرچ و کاڵتر لەسەر ” راسانی نوێی رۆژهەلات” دەکات و زۆر نابەرپرسانە و بە ریز کردنی هەندێ وشەی هەستەکی و نەکوڵاو و بێ سەرنجدان بە ئەگەری بە هێزی کەڵکی ئاوەژوو وەرگرتن لە قسەکانی لە لایەن رژێمی فاشیستی فارس/ ئێرانی ، خوێن و تێکۆشانی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و گەلی کورد کەمبایەخ پیشان دەدات و لە میانەی وتەکانی دا ، دژایەتیی خۆی بۆ شەڕی راماڵینی فاشیزمی فارس دەردەبڕێ و قسەی سواوی تاقمی حەوت کەسی و ”چریکی ئەکسەرییەت” و کۆنە توودەییەکان و ریفۆرمخاوازانی بە ناو کورد گەرم دەکاتەوە و بێ ئاگا لە کرچ و کاڵیی شرۆڤەکانی ، ئەوەی بە مێشکی دا دێ ، ئۆتۆماتیک لە زاری بەردەبێتەوە.
لەو پێوەندییەدا چەند خاڵی پێویست دەخەمە بەر دیدەی بەرێزیان
-بە رێزت کە تەنیا هونەرت ئەوەیە کە ”شیعری خەڵکی” جوان دەخوێنیتەوە و هەرگیز مرۆڤێکی سیاسی ، رۆژنامەنووس و شرۆڤەکار نەبوویت ، چۆن رێگا بە خۆت دەدەی لە رێگەی شرۆڤە نەگەییوو کرچوکاڵەکانتەوە ، سەر لە دۆخی ئاڵۆز و تێکچڕژاوی رۆژهەڵاتی ناڤین دەربکەیت؟
-چۆن رێگا بە خۆت دەدەی کە بە شێوەی ناراستەوخۆ ، هەمان قەوانی سواو لێبدەیتەوە کە دەیان ساڵە نەیارانی کورد ، دەیڵێنەوە.
-بەرێزت کە هیچ شارەزاییەکت نە لە مێژوو و سیاسەتی بزاڤی کورد و نە گرنگیی خەباتی چەکداری هەیە ، چۆن بە ریزکردنی هەندێ وشەی هەستەکی و نا لۆژیکی ، ئاوێکی پاک بەسەر بەرخۆدانی کوردستانی رۆژهەڵات دا دەکەیت و بە گاڵتەجاڕییەکی بێزراوەوە وشەی” دوژمن تۆقێنی راسان” بە دەمەلاسکێ ، دووبارە دەکەیتەوە؟.
-باشترین کار بۆ بەرێزت هەر ئەوەیە کە شیعری شاعیرانی دیکە بە دەنگە خۆشەکەت بخوێنیتەوە و سنووری خۆت بزانیت و خۆت لە پرسگەلێک وەرنەدەی کە نەختێ شارەزاییت تێدا نیە. چونکە رێزی مرۆڤەکان بەوەیە کە ” سنووری خۆیان بزانن”
ئەو نووسینە لە رووی دڵسۆزییەوە بۆ بەرێزت و بزاڤی رۆژهەلاتی کوردستان نووسراوە و هیوادارم بە سینگێکی ئاوەڵاوە ، لێی بڕوانی.
وەرگیراوە لە فەیسبووکی کاک عیرفان