"an independent online kurdish website

هەروەک باسم کرد هاوڕێیان لە گوندی دێریشک مابوونەوە و  کاک نایب مەشایخی لەم ڕۆژانە دا بۆی گێرامەوە کە شەوی ڕووداوەکە سەعید و یەکێکی دیکە لە هاوڕێیانیش بۆ کارێکی تایبەت لە گوندی دەراو بوون کە سەعاتێک دوورترە .kavos_azizi66

شەوی ٢٠ لە سەر ٢١ی جۆزەردانی ١٣٦٦ گرووه زەربەتێکی جاشی ناوچە لەژێر چاوەدێریی گاگارین و مستەفا سوڵتانی(مستۆێ عەمێ) مەئمووریەت دەدەنە جاشێک بە ناوی باپیر کە ناسراوە بە باپیرێ میرزێ(میرزا) خەڵکی دۆستانی شپیران و چەند جاشێکی دیکە دێنەوە نیزیک گوند دێرشک. هەڵبەت دیارە کە ئەوان خەبەری دەقیقیان بووە. بەتایبەتی ئەوکات ڕۆژانە سەدان کەس هاتووچووی ئەو گوندانەی دەکرد کە شەکر و ڕۆنیان دەبرد بۆ ئۆرمیە. ئەو تاقمە لە جاشەکان ئەسپەکانیان لەوێ بەجێ دێڵن و نەفەرێکیش لای ئەسپەکان دەبێ. لەو گرووپە دا تاقە یەک غەیرە کوردیش نەبووە، هەر هەموویان کورد و خەڵکی سۆما، برادۆست و شپیران بوون.

ئەوان دێنە ناو گوند و دەچنە بەردەرکی ماڵی حاجی جەمیل و خۆیان بە پێشمەرگە دەناسێنن. دەڵێن هاوڕێیانی ئێمە لە کام ماڵن؟ کوڕێکی حاجی جەمیل بە ناوی خارزی کە ١٧ ساڵی تەمەن بوو لەگەلیان دەچێ و ماڵی سەعید محمد نیشانیان دەدات و دەڵێ ئەوە یەک کەسیان لەو ماڵەیە.

باپیر دەپرسێ کام هاوڕێی ئێمە لەم ماڵەیە؟ خارزی دەڵێ: کەمال . باپیر بانگی کەماڵ دەکا و شانسەن کەسێک لە بنەماڵەی ئێمە بە ناوی کەماڵ لە گەل تووران کوری سەعید محمد لە ژوورەکە دا لەگەل کەماڵ ئەمینی خەوتوون. کە بانگی دەکەن کەماڵ! کەماڵ! کەماڵی خزمی ئێمە دێتەوە بەر پەنجەرە و یەکێک لە جاشەکان کە دیارە هەم ئەو کەماڵ و هەم کەماڵی پێشمەرگەی ناسیوە، دەڵێ: تۆ نا، کەماڵی پێشمەرگە!

لەوکاتی دا کەماڵ ئەمینی لە خەو هەڵدەستێ و دەڕواتە بەر پەنجەرە. دەپرسێ ئێوە کێن؟ باپیر دەڵێ: من محمد حقدارم! (محمد حقدار خەڵکی دۆستانی شپیران و یەکێک لە پێشمەرگەکانی هێزی ئاگری بوو کە ئێستا لە دانمارک دەژی و ئەدامێکی وەفاداری حیزبە) کەماڵ چوونکی باپیری دەناسی، دەڵێ تۆ درۆ دەکەی تۆ باپیری جاشی! بێ ئەوەی کەمال لە بەر پەنجەرە لابچێ بەو شێوەیە وڵامی باپیر دەداتەوە (ئەو ەنیهایەتی کەمتەر خەمی نیسان دەدات). لەو قسانە دا جاشێک بە ناوی ڕەزا خەڵکی جلغەرانی سۆما تەقە لە کەماڵ دەکا و کەماڵ جەند گولەی وێ دەکەوێ. خارز هەڵدێ و باپیریش لە پشتەوە ڕا ڕەگبارێک لە خارزی دەکا و ئەو دەست بەجێ شەهید دەبێ . کەماڵیش دەڕواتە لای چەکەکەی ، بەڵام تەنها ئەوندە دەڵی کە ئەوە باپیری میرزێ بوو لە منی دا و کەماڵ تەواو دەبێ بەداخەوە.

بە تەقە باقی هاوڕێیان ئاگادار دەبن کە شتێک ڕووی داوە. گوندی دێریشک بچووک بوو. کە پێشمەرگەکان دێنە دەر جاشەکان گەیشتوونەتە لای ئەسپەکانیان و تازە بۆی دەرچوون. دوای ٢ ساڵ یەکێک لەو جاشانە بە ناوی فەیسەڵ قاسمی خەڵکی ئاوایی کورمیکی سۆما هەر دیسان بۆ مەئمووریەتێکی اطلاعات دێتەوە ئەو گوندە لە گەڕانەوە دا تووشی پێشمەرگەکان دەبێ و هەڵدێ، بەڵما پێشمەرگەکان کە دەیناسنەوە تەقەی لێدەکەن و ئەسپەکەی دەکوژرێ و لە لایەن پێشمەرگەکانەوە بەدیل گیراوە و دوای ئیعتراف ئیعدام کراوەتەوە. هەر وەها ساڵی ١٣٧٤ یەکێکی دیکە لە جاشەکان بە ناوی نەحۆ قاسمی کە ئامۆزای فەیسەڵ و خەڵکی گوندی کورمک لە ناوچەی سۆما  کە ماوەیەکی زۆریش فەرماندەری گرووهی زەربەتی ڕیژیم بوو بە پیلانێک کە گاگارین و مستەفا سوڵتانی(مستۆێ عەمێ)  و فەرەجی بەرپرسی اطلاعاتی ئۆرمیە بۆیان داڕشتبوو بە مەبەستی تێرۆر چەند کەس لە هاوڕێیانی حیزبی (ناوی ئەو هاوڕێیانە پارێزراوە)  ئەو و تیمێکی شەش کەسیی دیکە روویان کردبووە ئەو شوێنانەی کە پێشمەرگە بەردەوام حزووری هەبووە.  ئەو تیمە شەش کەسی یە دوویان گیرابوون و یەکیان کوژرابۆوە و ٣ ی دیکەش کە ناسراون بە برینداری ڕایان کردووە. نەحۆش لەلایەن پێشمەرگەکانەوە گیراوە و دوای ئیعتراف ئیعدام کراوە. بەڵام باقی جاشەکانی تیمی تێرۆری کەمال ئەمینی  کە هەموویان ناسراون . ئەوان لە ژیان دا ماون و بەشێکیان خانەنشینی مەعاش بگیر و بەشێکیان لیباسی ئەفەندیان لەبەرە و پێموانیە ویژدانیان لەو خیانەتە لە عەزاب دابێ . ئەوان ئێستاش مەعاشی خیانەت وەردەگرن و تریاک و حەشیش دەکێسن و لە نێو خەڵک دا بڵاوی دەکەنەوە.

دوای تێرۆری کەمال ئەمینی بی بی سی فارسیش باسی کرد و هیندێک وردکە کێشە کەوتنە بەینی ئێران و تورکیە. ئەوە یەکەمین تێرۆری دژی مەڵبەندی شیمالی کوردستانی حیزب بوو کەلە ناو خاکی باکووری کوردستان دا ئەنجام دەدرا. هەڵبەت دواتر باسیان دەکەین کە کەسی تری حیزبیش لە باکووری کوردستان و تورکیە تێرۆر کران.

کەمال ئەمینی کوری عەبدولا خەڵکی پیرانجوغ بوو کە یەکێک لە پێشمەرگە هەرە قارەمان و بە ئیمانەکانی هێزی ئاگری بوو کە تاقانەی دایک و باوکیشی بوو. باوکی کەماڵ نەک کاتێک کە کەماڵ پێشمەرگە بوو، بگرە دوای شەهید بوونی کورەکەشی هەمیشە لە ژێر فیشاری جاش و پاسداران دا بوو. ڕووحی مام عەبدولا شاد.

خارزی کوڕێکی زۆر شیرین و پێشمەرگە خۆشەویست بوو. هەرکات پێشمەرگەی دیتبا هەم خۆشحاڵ دەبوو، هەم هاوکاریی دەکردن و لەگەلیان بوو. بنەماڵەی خارزی و بەتایبەتی حاجی جەمیلی ڕەحمەتی و محمد سەعیدی برای خارزی لەو کوردە پاک و دڵسۆزانە بوون کە کاتێک دوای ٢ مانگ کاک عەلی کاشف پوور بۆ سەرەخۆشی چووە ماڵی حاجی جەمیل، ئەو بۆ کەماڵ بەداخ بوو تا کورەکەی. ڕووحی کەماڵ و خارزی شاد و سەرشۆری بۆ جاش و خۆفرۆشان.

کە ئێمە گەیشتینە مقەر شەوی پێش ئێمە ئەو تیمە تێرۆریستیەی کە پێشتر باسم کرد پێکهاتبوولە: کەریم نادمی، ناجی پەروەردرۆ و بێمال سەحرایی ئیعدام کرابوون. تەنانەت ئیعدامی ئەو سێ کەسەش کێشەو گرفتی دروست کردبوو کە نامهەوێ بچمە سەری و لێرە دا ئەو باسە کۆتایی دێنم.

جارێ کاک عەلی نەهاتبوو ، بەڵام هاوڕێیان چاوەڕوانی بوون. بەرلە هاتنی کاک عەلی   کاک  حاجی جوندی کە کادری سیاسیی لکی ٣ بوو بە بیانووی ئەوەی کە بە حوکمی ئەوەی کە لە تورکیە داواکراوە و مەترسیی لە سەر هەیە ، نەقڵ کرا بۆ کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی. ئەوە چ ئەوکات و چ تا ئێستاشی لەگەل بێ تەنیا و تەنیا بیانوویەک بوو ، دەنا ئەسڵی کار بەرپرسانی سەرەوە دەیانزانی کە حاجی جوندی کەسێکی جێکەوتووی سیاسی و لەهەمانکاتیش دا قسەی دەروا چ لە نێو پێشمەرگە دا، چ لە نێو بەرپرسانی نیزامی دا. بە کورتیەکەی حاجی مێحوەری کادر و بەرپرسان و پێشمەرگەکانی کۆمیتەی سەڵماس و لکی ٣ بوو. هەموومان بە قسەی ئەومان دەکرد. چوونکی بە حەق ئەوکات کادری بە قەدەر حاجی سیاسەتزان و بە مەعلوومات مان نەبوو لە مەڵبەندی شیمال. بۆیە لە پێش هەموویان دا کاک شاپوور بوونی کاک حاجیی لەوێ بۆ تەحەموڵ نەدەکرا . ئەوە سەرەتای تەسفیە حیساباتێکی نێو مەڵبەندی شیمال بوو کە بەرەو کۆنگرەی هەشت دەچووین. ئەگینا حاجی جوندی هەر لە ساڵی ١٣٦٠ تا ٦٦ لە ناوچە بوو، دەوڵەتی تورکیەش ئەوەی دەزانی، تەنانەت حاجی بە تەنهاش نەبوو، نەورۆز باوەر ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیالیست هەبوو، کامل رەشۆ لە کادرەکانی سەرەوەی هەمان پارتی هەبوو کەلە شەڕی جەتەر شەهید ببوو، عەبدولا ئیپەک(ئەحمەد کورد نەژاد ) هەبوو کەلە بەرپرسانی سەرەوەی پ ک ک بوو و هاتبووە نێو حیزب(ڕووحی شاد).تەنانەت ساڵانێکی زۆر کاک مەسعود تەک(جاسم) سکرتیری ئێستای سۆسیالیستەکان لەو ناوچەیە لەگەل پێشمەرگەی حیزب بوون و دەوڵەتی تورکیە نەیدەتوانی فیشارمان بۆ بێنێ. چوونکی پەیوەندییەکی سیاسی و دیپلۆماسی مان لەگەلیان نەبوو. جار و بارە ئەگەر بۆ فەرماندەری پاسگایەک قاپێک مەشرووب کردرابا بۆ هێنانی دەرمان، یان شتێک لە لایەن دۆستانی حیزبەوە لە شارەکانی سەرسنوور، ئەویش نەک هەموو فەرماندە پاسگاکان.

هەر لە زستانی ١٣٦٥ کە لە کاولان بووین و هەتا گەیشتینە بەهار و هاوینی ساڵی ٦٦ لە ژێر کاریگەریی کێشە وگرفتە ناخۆیەکان وەک بەشی سەرەکیی هۆکارەکان ژمارەیەک لە کادری کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە چوونەوە و خۆیان تەوحویلی ڕێژیم دایەوە . لەو ژمارەیە تەنها یەک کەس بوو بە جاش کە دوای ٩ ساڵ جاشیەتی لە هاوینی ساڵی ١٣٧٥ لە گوندی شێخ مەزاری بەراندێز لە هێرشیاندا بۆ سەر پێشمەرگەکان کوژرا. ئەوانی دیکە دوای ماوەیەک هیندێکیان گەڕانەوە و ڕوویان کردە دەرەوەی وڵات کە ئێستا ئەندام، یان لایەنگری حیزبن ، هیندێکیشیان هەر خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان مانەوە کە من لە ناوهێنانیان خۆم دەپارێزم. هەر وەها ژمارەیەکیش لە فەرماندەرانی نیزامی لە لکی ١ و ٢ لەگەل ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە چوونەوە کە مەڵبەند و هێز ناچار بوون لە ناوەڕاستی هاوینی ساڵی ٦٦ دا هاتن لکی ١ و ٢ یان کردە لکی یەک و لکی ٣ش کرایە لکی دوو. ئەوەش یەکێک لە ئاکامەکانی کێشە ناوخۆیەکان و بگرە تەسفیە حیساباتی ناوخۆیی مەڵبەندی شیمال و هیزی ئاگری بوو.

هەڵبەت هۆکاری تریش هەبوو. لانی کەم سەید ئیسلام کە کادرێکی فەعاڵی کۆمیتەی ئۆرمیە بوو، بە هۆکارێک کە جێی باسی لێرە نیە، بە دڵشکاوی چوو و هەر بەو هۆیەشەوە بوو بە جاش تا کوژرا. یان کەسی واش هەبوو کە دزینی ئەموالی حیزبی لە سەر ئاشکرا ببووە و بەرلەوەی سزا بدرێن هەڵاتن چوونەوە . لە نێو ئەو کەسانەی کە تەسلیمی دوژمن ببوونەوە، فەرماندەری لک و ئەندامی هەیئەتی ئیجرائیش هەبوو. بەهەرحاڵ ئەو ساڵە زیانێکی زۆر بە مەڵبەندی شیمال گەیشت.

ئەوەی لە بیرم بێ هیندەی پێ نەچوو کە کاک عەلی کاشف پوور هاتەوە. ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد کە کاک عەلی کۆبوونەوەیەکی گشتی پێک بێنێ هەم بۆ دیدارێکی تازەلەگەل هاوڕێیانی خۆی ، هەمیش هیندێک لەسەر ئەو کێشانەی کەلە غیابی خۆیدا هاتبوونە پێش باس بکا و هەوڵی چارەسەر یان بدا. بەڵام کاک شاپوور وای بۆ کاک عەلی باس کردبوو کە تەنانەت کاک عەلی کۆبوونەوەی گشتیی نەگرت ،لە کاتێکدا نیزیک ٦ مانگ بوو لە هاوڕێیانی دووربوو. کاک عەلی شەخسەن ئینسانێکی لە خۆبایی و ئەوانە نەبوو، ئەگەر هاوکارەکانی هیندە لە بناگوێی نەخوێندبایەوە کۆبوونەوەی دەکرد و هاوڕێیانی حیزبیش رەخنە و پێشنیارەکانیان باس دەکرد. دوای ٣، ٤ ڕۆژ لە هاتنی کاک عەلی ،لکی ٢ و ٣ لەگەل ئەرکانی هێز چووین بۆ ناوچەی تەرگەوەر و بە مەبەستی دانانی کەمین لە بناری میربهال کە ڕێژیم خەریکی کێشانی جادە بوو لە گوندی خانەگێ ڕا بۆ لووتکەی میربهال. سەیر ئەوەبوو کە ئێمە ڕۆژی جومعە(٢٧ ی جۆزەردان ڕۆژی ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران بوو) چووینە کەمین و هەموومان دەبا بیزانین کە لە ئێران ڕۆژی جومعە هەموو کارێک تەعتیلە. ئەو رۆژە لە کەمین دابووین تا سەعات ١٢ بۆ ١ی نیوەڕۆ و کەس نەهات. شەوەکەش کەلە سەر بەرزترین لووتکەی میربهال بووین تۆزێک بەفر باری و ئێستاش کە خەرێکم بیرەوەریی ئەو کات دەنووسم مووچڕکی سەرمای ئەو شەوەم بە لەشی دا دێنەوە.

کەلەوێ هیچمان دەس نەکەوت ڕوومان کردە ناوچەی برادۆست و ڕۆژێک لە پشت گوندی شەش ماڵ ماینەوە و ئێوارەی ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان سازماندەهی کراین بۆ سەر پایەگای گوندی نێچەڵان. ئەو مەئمووریەتەش دیسان بوو بە دەستپێکی کێشە و گرفتێکی تری ناوخۆیی کە دواتر ئاکامی گەلێک زیانباری بۆ حیزب لە شیمالی کوردستانی لێکەوتەوە.

ڕۆژەکەی لە پشتی گوندی شەش ماڵ ماینەوە . کاک ڕەحیم کە فەرماندەری هێز بوو لە گەل ئەرکانی هێز و لکی ٢ چوونە لای سەرەوە لە نێو شاخە بەرد و ئەوانە مانەوە. لکی ٣ ش لە نیزیک کانیەکە ماینەوە کە وابزانم ٥٠٠ میترێک فاسیلەمان بوو. کاک ڕەحیم کەسێکی ناردبووە لای کاک حەسەن بازووکە فەرماندەری لکی سێ کە برواتە سەرێ لای خۆی. بەڵام کاک حەسەن نەچوو بوو و گوتبووی من ماندووم و دەخەوم. حەسەن زۆر قەڵەو بوو ، بۆیە زوو ماندوو دەبوو و سەرکەوتنی لە هەورازی وەک ئەو سوێنە زەحمەت بوو بۆی. ئەو نەچوونەش لە سەری   کرایەوە بیانوویەک دا سەلبی مەسئوولیەت و لە نیهایەتیش دا دەرکرا کە دواتر باسی دەکەم.  عەسرێکی زوو کاک ڕەحیم هاتەوە خوار و فەرماندەرانی نیزامیی کۆکردەوە و سازماندەهیان کرد. دوای کۆبوونەوە هاتن ئێمەیان کۆکردەوە و تیمبەندییەکانیان خۆ خوێندینەوە و تیمەکان ئەرکیان و جێگایان و بەرپرسیان دیاری کرابوو. دونیا جارێ تاریکی نەکردبووە، چووینە نێو ئاوایی و زوو چایەکمان خوارد و هاتینە دەر لە چۆمی مان دا و پەڕینەوە بەری نێچەڵان. لەو گوندە پایەگایەکی سوپای پاسداران هەبوو کە ئامانجمان دەست بە سەرداگرتنی بوو.

kazm_kemal

تیمی فەرماندەهی کاک ڕەحیم و کاک حەسەن بوون و منیش وەک بێسیم چیی لک لەگەلیان بووم، هەرچەند کاک ڕەحیم خۆی بێسیمی هەبوو. بەڵام بێسیمی لک مەرکەز بوو. تیمەکان جێ بە جێ بوونەوە و دەستووری دەستپێکردنەەکە لە لایەن کاک ڕەحیم ەوە درا و لە ماوەیەکی کورت دا پایەگاکە ئاگری گرت و تاق و لۆق تەقەیەکیان دەکرد. تیمی هێرش خەریکی بڕینی تێلدڕوویەکە بوون تا بچنەوە نێو پایەگا. لەواقیع دا پایەگا سقووتی کردبوو . تیمێکیشئاگربارانی پایەگا لە پشتی سەریان لە سەر بانێکی بڵیند بوون و بە ئارپیجی و بی کەیسی و ئەوانە ئاگر بارانی پایەگایان دەکرد. کازم عەزیزی ( ئامۆزای ڕەحمەتیم) ئارپی جی پێ بوو لە تیمی هێرش. هەستابووە سەر پێ ئارپی جی ئاخەر لە ناو پایەگاکە بدات و هاوڕییان خۆیان بخەنە ناو پایەگاکە، بەرلەوەی ئارپی جی بتەقێنێ، گولەیەکی تیمی پشتەوە لە کازم کەوتبوو و بریندار بوو.

لە سەر بیسیم گوتیان شەهیدمان هەیە. حەسەن گوتی بپرسە کێ یە؟ کە پرسیم گوتی ئارپی جی یەکە! کاک ڕەحیم بێ ئەوەی گوێ بداتە تەقە، بە سەر دیوارەکە دا خۆی خستە بەری پایەگا و یەک بەخۆ بانگی تیمی سەربانی کرد کە تەقە نەکەن. منیش کە بە قەولی خەبەری بەرپرسی تیمەکە زانیبووم کە کازم شەهید بووە، بۆیە سوورامەوە پشتەوەی ئەو خانوویە و پرسیم کوا شەهیدەکە محمد ساڵح شاهینی “دربۆ” (ڕووحی شاد) گوتی ئەوە لەو ژوورەیە. کە چوومە ژوورەکە چرا نەبوو، کازم دەنگی نەدەکرد، بەسەری دا کەوتم، ئەوجار گوتی ئەوەکێ یە ؟ زانیم کە شەهید نەبووە هیندێک ئارام بوومەوە. هاوڕێیان هاتن و زوو کازمیان بردەوە. کاک حەسەن و کاک رەحیمیش هاتن پێکەوە چووینە لای تیمی هێرش. کە گەیشتینەوە لایان، ٣ نارنجۆک هاوێژ لە پایەگا ڕا کەوتنە نێومان. ئەبووبەکر هیندێک پڕشکی وێ کەوت. تازە دیار بوو کە ناتوانین بچینەوە نێو پایەگاکە. بۆیە کاک ڕەحیم بە هەموو تیمەکانی ڕاگەیاند کە بچنەوە ئەو جێگایەی کە دیاری کراوە بۆ یەکگرتن.

کازم نەیدەتوانی بڕوا، گولە وەلاقی کەوتبوو و ئەسپ مان نەبوو. ناچار بووین بە ئاغابانوو و بە چوار دەستی هەڵگرین. تا بردماندەوە لای گوندی کانی شڕک و لەوێ ئەسپێکیان دۆزیەوە و کازم مان سوار کرد. بۆ دونیا ڕووناک بوون توانیمان لە گوندی بانی دەربا س بین کە پایەگای لێ بوو. کازم لەو کاتیەوە تا ئەوڕۆژەی کە کۆچی دوایی کرد(١٥/٥/٢٠١٠) بەو برینەوە دەیناڵاند، ڕووحی شاد.

بۆ ئێوارەکەی کازم مان گەیاندەوە قەرەغان کە مەڵبەند لەوێ مابووە و دوکتۆر شوانی لەوێ بوو. زوو هات و هەرلە چادری لک کازم یان خستە ژێر چاوەدێری و پێڕاگەیشتن. دوای دوو ڕۆژ هەموو پێشمەرگەکان هاتنەوە بنکەی مەڵبەند و ئەوجار ئیدی سازماندەهیی هێز و هاوکاتیش دەستپێکی کێشەکان بوو.

درێژەی هەیە…..

بەشی شەشەم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی