"an independent online kurdish website

خوێنەرانی هێژا ، بە پێویستم زانی ئەم سرنجە بخەمە بەردیدی ئێوەی خۆشەویست تا هەم لە لایەک ڕێز و خۆشەویستیی خۆم بەرانبەربە ئێوە دەرببڕم و هەم هۆکارێک کە  بە لای منەوە لۆژیکیە ئاگادارتان بکەمەوە.kavos_azizi

هەروەک ئاگادارن من نیزیک بە ٨٠ بۆ ٩٠ بەشی بیرەوەرییم لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکان بڵاو کردۆتەوە کە هەر هەموویان ئەو ڕووداوانە بوون کە یان خۆم بەشداریان بووم، یانیش ئ لەو ڕێکخراوە دا ڕوویان داوە کە منیش ئەندامێک بووم لە ئەندامەکانی . هیچکام لەو بیرەوەریانە دوور نەبوون لە هەڵە و کەم و کۆڕی و ڕەخنە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێموایە ئەو بیرەوەریانەی من و باقی تێکۆشەرانی خەباتی شاخ لە دەیەی ٨٠ و ٩٠ سەدەی ڕابردووی زائینی ڕەنگ بێ ڕۆژگارێک ببنە سەرچاوە بۆ نووسەرانی کورد کە مێژووی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنووسنەوە.

لە ماوەی ئەو ٣ مانگی ڕابردوو دا توانیم ١٢ بەش لە بیروەریی “لە کاولانەوە بۆ کۆنگرەی هەشتی حیزب” بنووسمەوە کە بە سوپاسەوە خوێنەران پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد.

ئێستا بەشەکانی دیکەش ئامادەن و بۆ بڵاو کردنەوە دەبن. بەڵام بە پێێ لێکدانەوەی خۆم بە باشی نازانم بەشی سێزدەو باقی بەشەکانی تر لەم دۆخە دا بڵاو بکەمەوە. بەخۆشی یەوە ئەحزابی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی هەردوو بەشی حیزب هەم نێوانیان خۆشترە لە جاران ،هەم بەجۆرێک پێکەوە کار دەکەن و هەم ئاسۆیەک هەیە بۆ یەکگرتنی دووبەشی حیزب لە دوای کۆنگرەی ١٦.

من وەک پڕەنسیپ و ئەخلاقی نووسین کە لە لام پیرۆزن ناتوانم ئەوەی بووە و ڕوویداوە(مەبەست کۆنگرەی هەشتی حیزبە) نەنووسمەوە. بەتایبەتی ئێستا کە ئیدی گەیشتوومەتە بەشە هەرە حەساسەکەی و دەبێ هیندێك شت بە ڕاشکاوانە بێنمە بەرباس. من مێژوو نانووسم، چوونکی مێژوونووس نیم. بەڵام هیندێك ڕووداوی مێژوویی تۆمارو ئارشیو دەکەم بۆ نووسەران. بۆیە ناتوانم ئەو شتانەی کە من پێموایە واقیعیەتن بەسەریان دا دەرباس بم. کە هاتم ئەوشتانەشم نووسیون بڵاویان بکەمەوە، دوور نیە بە مەسلەحەت نەبن و ببنەوە هۆکاری دڵ ئێشەی کەس یان کەسانێک کە دواتر ویژدانم ئازارم بدات یان تەنانەت بار گرژی یەک دروست کەن.

کەوایە ئەو نووسراوانەم کە ئامادەن بۆ بڵاو کردنەوە جارێ بڵاویان ناکەمەوە. بەشی سێزدە و باقی بەشەکان ڕادەگرم. ئەگەر تەمەن باقی بێ لە مەجالێکی گونجاوی بێ زەرەر و زیان بۆ حیزب و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ،خۆم بڵاویان دەکەمەوە . ئەگەریش سەید ئیزرائیل پەلەی لێکردم و مەجالی نەدام، ئەوە هەم مناڵەکانم و هەمیش دۆست و هاوڕێکانم کە تەمەنیان لە تەمەنی من درێژترە زەحمەتی پێدا چوونەوە و بڵاوکردنەوەیان دەکێشن.

تەمەنتان درێژ و جارێ ماڵئاوا

کاووس عەزیزی. ٤/٤/٢٠١٧ دانمارک

بەشی  دوازدە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی