لە رۆژی جومعە ٢٩ مانگی بانەمەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران و شوراکانی شار و دێ بەڕێوەچوو. ئەم خۆلەی هەڵبژاردن لە چەند رەوانگەوە گرینگی تایبەتی بە خۆیەوە گرت.
تایبەتمەندیی هەڵبژاردنی ئەمجارە هەم لە ئاست رۆڵی حکومەت و خەڵک لە ناوخۆی کۆمەڵگای ئێران، هەم لە ئاست رۆڵی ئێران لە کومەڵگای جیهانی و هەم لە ئاست رکەبەریی لایەنە سیاسییەکانی کۆمەڵگای ناو ئێران کە ساڵانێکی زۆرە بەرهەڵستکاری یەکتر دەکەن گرینگیی تایبەتی هەبوو.
لە ئەم بابەتە دەمەوێت بە کورتیی باسی تایبەتمەندیی روانگەی سێیەمی ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئێران یانی رەکەبەری لاینە سیاسیکان بکەم کە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارییدا زۆر بەر چاوتەر لە هەڵبژاردەنەکانی پێشو خۆی نیشان دا
ئەگەر بریک بگرێینەوە بۆ دواوە ، دوای شورشی ئیران هەمیشە لە نیوان لایەنە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێران رەکەبەری، کێشە و بەربەرەکانی بە شێوەی جۆراجۆر هەتا ئاستی توند تیژی و سڕینەوەی یەکتر هەبووە. ئەو لایەنە سیاسیانە بە گشتی دەتوانین بە چوار گروپی جیاواز دابەش بکەین کە بریتین لە:
لایەنی بناژوخواز کە لە هەڵوێستی ناوخوی و دەرەوەدا دژایەتی مۆدێرنیزم و لیبرالیزم و سەردەمی بە جیهانیبوون و گۆلۆبالیزم دەکات. بناژوخوازەکان خوازیاری سیستمێکی سیاسی و ئابووری بە شێوەی سەردەمی ئیسلامن کە رێبەرانی ئایینی رۆڵی سەرەکییان لە بەڕێوەبردنی وڵات دا هەبێت. ئەو سیستمە هەوڵ دەدات بۆ سیستمێکی هیراکی کە هەموو ئەرکانەکانی وڵات لە لایەن رێبەرەوە بەڕێوە بچێت و فتوای لە سەر دەدریت. حکومەت و دەسەڵاتیش لە لایەن خوداوە شەرعییەتی پێ دەدرێت. ئەم بیر و باوەڕە پێیوایە لە رێگەی میدیا و تەبلیغاتەوە دەتوانریت خەڵک فریو بدریت و خەلک دەنگ بۆ کەس و یان لاینیک بدریت کە بەرژەەندییەکانیان ناپارێزن و هەر بویە پیویستی بە ریبەریک بریار بەدەست هەیە. بناژوخوازەکان لە ئەم هەڵبژاردنەدا زۆر بە باشی و فراوانی بەشداریان کرد. ئەم بەشداربوونە زیاتر لە بەر ناچاری و گوشاری ئابوری و سیاسییە کە خەڵکی وەزاڵە هێناوە و بە گشتیی ئێرانی خستۆتە تەنگەژە و پەراوێزەوە. هەڵبژاردن لە روانگای ئەوانەوە ئامرازێکە بۆ شەرعییەتدان نەک ئەوەی کە خەڵک بەو هۆیەوە ببنە بڕیاردەری سەرەکیی هەموو بابەتەکانی ژیان .
لایەنی دووهەم ریفورمخوازەکانن کە بە چەند توێژ و لایەنی جۆراجۆر دابەش دەکرێن. ئەوانیش هەوڵ دەدەن کۆمەڵگایەکی ئیسلامی بە شێواز و سیستمی نوێی دنیا بەڕێوەبەرن و پێیانوایە کە ناکرێت بگەڕێنەوە سەر سیستمی سەدان ساڵ پێش ئئستا و دەبێت رێفۆرم و چاکسازیی تێدا بکەن. بناژوخوازەکان لە دوای سەرۆککوماری ئاغای خاتەمی هەوڵیانداوە کە ئەو لایەنە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران بسڕنەوە. بەڵام کاریگەری سەردەمی بەجیهانیبوون و گرێدانی پێوەندیی ئابووری، سیاسی و کولتووریی دنیا بە یەکەوە و رۆڵی کاریگەریی میدیا لە سەر وشیارکردنەوەی خەڵک لە ئاست رووداوەکاندا، هەروەها ئاستی بەرزی خویندەواریی بەشێکی بەرچاو لە خەڵک و گەنجەکان، وایکردووە کە مۆمی کز و بێهێزی ئەم لایەنە لە لایەن کەسانی دیکە و تەنانەت بەشێک لە بناژووخوازەکان دیسان بگەشێتەوە. لەم هەڵبژاردنەدا رێفۆرمخوازەکان بە نیشاندانی بیرۆکەی خۆیان کە تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی و بوون بە بەشێک لە گلۆبالیزمی لیبراڵی بۆ باش بوونی ژیان و بەهرەمەند بوون لە تەکنۆلۆژیای سەردەم چالاکانە لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارییان کرد. ئاغای رۆحانییش وەک نوێنەری ئەو رەوتە، بوو بە کاندیدا. خەڵکیش بە بێ ئەوەی بیر لە چونێتی ئەنجام و توانای رۆحانی لە ئەنجام دانی ئەو بیر و باوەڕ بکەن، بەشداریی چالاکانەیان لە پروسەی هەلبژاردن کرد.
لایەنی سێهەم ئەو کەسانە بوون کە لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە هەڵبژاردەن لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێراندا نییە. ئەوانە وەها رێبەری ئێران و ولی فەقێ کاری تێکردوون کە کاتێک بیر لە ئێران و کۆمەڵگای سیاسیی دەکەنەوە تەنیا ویلایەتی فەقێ دەبینن و هەر شتێک کە لە ئێران روو بدات بە شانۆگەریی دەزانن. ئەم لایەنە هیچ حیسابێک بۆ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ناو ئێران و تەنانەت رۆڵی هەشتا ملیۆن خەڵک ناکەن. ئەوان بێجگە لە خۆیان نەبێت کەسی دیکە بە باش نازانن و هەر بۆیەش بریتین لە دەیان گروپی جیاواز و بچووک. ئەو لاینە خوازیاری لە ناوچون و سرینەوەی کوماری ئیسلامی دەکەن و پییان وایە کە تا کۆماری ئیسلامی هەبیت و هەلبژاردەنی ئازاد و دیموکراتیک ئەنجام نادریت. زۆر لەو لایەن و حیزبانە داوای سیستمی دیموکراتیک دەکەن و حکومەتی ئێران بە نادیموکراتیک دەزانن، بەڵام بۆخۆیان و لە ناو خۆیاندا کێشە و ململانی نادیموکراتیکییان هەیە و بەردەوام دابەش دەبن و یەکتەر تاوانبار دەکرن بە رەفتاری نادیموکراتیک.
لایەنی چوارەم لەم هەڵبژاردنەدا کۆمەڵگای مەدەنی بوو کە زۆر بەرچاوتر لە جاران خۆیان نیشان دا. کومەڵگای مەدەنیی کەسانیکن کە چاویان لە پلە و پایە و گەییشتن بە دەسەڵات نییە. چالاکیی ئەوان لە پێناو باشتربوونی ژیانی رۆژانە و داهاتووی خەڵکە. چالاکانی مەدەنیی خەڵکێکی زۆرن کە لە بواری جوراجوری کومەلگادا تێدەکۆشن. بۆ نمونە ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ، سەندیکای کرێکاران و تەنانەت ئەنجومەنی دوکانداران و بازاڕیان و گەڕەکەکان پێکدێنن کە هەوڵ دەدەن ژیان و ئاسایشی خۆیان باشتر بکەن.. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی سەربەخۆبوونی ئەو کەسانەیە کە بو ئامانجێکی دیاریکراو و قابلی بەدەستهێنان هەوڵ دەدەن. دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکانیش هەول دەدەن کە گروپ و رێکخراوەی مەدەنی بۆ مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان دروست بکەن. گەرچی ئەو گروپانە داوکاری دیاریان هەیە، بەڵام چونکە سەربەخۆ نین و تەنانەت هەتا ئەوجێیە رێگایان پێدەدرێ کە بۆ مەبەست و گەییشتن بە دەسەڵات و یان لایەنگری و راگرتنی دەسەڵات چالاکی و تیکوشانیان هەبێت، ئەوە ناکەونە خانەی چالاکانی مەدەنی. بۆ نمونە دەوڵەتەکان دەست دەکەن بە دروستکردنی گروپ و ریکخراوی لاوان و ژنان و کرێکاران بو بەرگرییکردن و پشتیوانیی لە دەستەلاتداران. لە کوردوستانیش پ ک ک یەکێک لە چالاکترین هێزە سیاسییەکانە کە توانیویەتی دەیان رێکخراوە و گروپی سەر بە ئایدیالۆژیی خۆی ساز بکات.
یەکێک لە کێشەکانی بەردەم چالاکانی مەدەنیی سەربەخۆ ئەوەیە کە لایەنەکانی دیکە چاوەڕوانن کە ئەوان ببنە پیشتیوان و هاوکار و لاینگریان و ئەگەر ئەو کارە نەکەن پەلامار دەدرێن و سەرکوت دەکرێن. بۆ نمونە لە ساڵانی رابوردوودا دەیان چالاکی مەدەنی و رۆژنامەنوسی سەربەخو کەوتونەتە ژێر گوشار و سەرکوتی دوڵەت. هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا چالاکانی مەدەنی بە هۆی بەشدارییان لە هەڵبژاردن کەوتوونەتە بەر تانە و تەشەرو سوکایەتی و تەنانەت هەڕەشەی گروپ و لایەنگرانی بایکۆتەوە. .
هەرچەندێک چالاکیی مەدەنی سەربەخۆ لە کۆمەڵگادا پەرە بستێنێت ئەوە ئەو کومەڵگایە لە دیموکراسی و بەشداریی خەڵک لە مافی چارەنووسی خۆیان و باشتربوونی ژیانیان نزیکتر دەبێتەوە. هەر بۆیەشە کە یەکێک لە پێوەرەکانی هەڵسانگاندنی دەوڵەتان رادەی بەشداریی سەربەخۆیانەی خەڵکە لە کاروباری ژیانی خویان. بە هەر رادەیەک دەوڵەتەکان زیادەتر دەست لە ژیان و کاروباری خەڵک وەردەن و رێگا نەدەن کە خەڵک لەسەر چارەنووسی خۆیان بڕیار بدەن ئەوە زیاتر دەکەونە خانەی دیکاتۆڕبوونەوە. تەنانەت ئەوە پێوەرێکە بۆ هەڵسانگاندنی لایەنە سیاسییکانیش.
چالاکانی مەدەنی لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی سەروکوماری و شورای شارەکاندا دەوری یەکلاکەرەوەیان هەبوو و زۆر چالاکانە لە هەلبژاردەنەکاندا بەشداربوون. لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا بە بەرزکردنەوەی داواکاریکانیان و بە مەرج پشتوانیان لە ئاغای رۆحانی کرد. چونکە پێیان وایە کە رۆحانی سەرەڕای هەمو کەم و کوڕی و بەربەستەکانی سەر رێگا، گونجاوترین بەربژێرە کە دەتوانێت بۆ داوکارییەکانی رێکخراوە مەدنییەکان و باشتربوونی هەلومەرجی ژیانی خەڵک کار بکات. بە وتەیەکی دیکە چالاکانی مەدەنی بە بەراوردکردنی دەسەڵاتی بناژوخوازەکان لە سەردەمی ئەحمەدینژاد لەگەڵ ئێستا هیوایکی زیادتەریان هەیە کە وزعیتەکە ئەگەر باشتریش نەبیت ، لانیکەم وەک سەردەمی دەسەلاتی ئاغای ئەحمەدی نژاد سەخت نابیت.
.