بەشێکی باش و ئەرێنی لە پەروەردەی ئایینەکان و بە تایبەت ئیسلام، دەستگرۆیی کردنی هەژارانە. بەڵام هەموو جارێک دەستگرۆیی کردنەکە ئامانجی خۆی ناپێکێ
و لە بنەمایشدا زیاتر مامەڵەیەکە بۆ سڕینەوەی گوناهەکان و کڕینی بەهەشت. زۆر جار دەبینرێت کە لە لایەک ئەم دەستگرۆییە بۆ خۆدەرخستن و فەخرفرۆشتن بووە بە هەژارانە و لە لایەکی تریشەوە چاوەڕوانی کەسی دەوڵەمەند لە بناغەدا پلانێکە بۆ دەستخستنی ماڵ و پارەی زیاتر یان هەر نەبێ بۆ کڕینی بەهەشت.
دەگوترێ لە هەرێمی کوردستاندا تاجر یان دەوڵەمەندێکی موسوڵمان بۆ ئەوەی لە برایم خەلیل گومرکی لێ وەرنەگرن، پلانی دروستکردنی مزگەوتێکی لە هەولێر داناوە و بە ناوی هێنانی کەرەستە بۆ ئەو مزگەوتە لە بڕێکی یەکجار زۆر پارەی گومرک مەعاف کراوە. تەنانەت بە ناوی مزگەوتەوە کەلوپەلی تریشی هاوردە کردووە بۆ فرۆشتن و ئەمەی کردووە بە ڕێگەیەک بۆ دەوڵەمەند بوون. دڵنیام کابرا بە یەک حەجیش نەوەستاوەتەوە و چەن حەجێکی کردووە بۆ سڕێنەوەی ئەم گوناهە و گوناهەکانی تری لە لای خودا.
جا لەوەش گەڕێ کە ئەم کابرایە بە هۆی دروستکردنی مزگەوتەکە چەندە خۆی لە لای خەڵکی سادە خۆشەویست کردووە بۆ ڕاکێشانی موشتەری و بۆ ئەوەی دووکان و بازاڕەکانی بەردەوام پڕ بێت و پارەی زیاتر کۆبکاتەوە، چونکە گوایە پیاوی خێرخوازە و تەماعی نییە.
بە پێی هەواڵێک کە 02.01.2016 بڵاو بووەتەوە و لینکەکەی لە خوارەوە دادەنرێت بیل گەیتس گەورەترین سەرمایەداری دونیا کە خاوەنی 83،8 ملیارد دۆلارە، لەگەڵ ملیندای خێزانی لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە هەموو سەرمایەکەیان بخەنە ناوەندی گەیتس و ملیندا بۆ ئەوەی داهاتی هەموو ئەو سەرمایەیە بۆ کاری خێرخوازی خەرج بکرێت. ئامانجی سەرەکی ئەم یارمەتیدانە بەرزکردنەوەی دۆخی تەندروستی و نزمکردنەوەی هەژارییە لە جیهاندا. سەنتەری ناوەندەکە لە شاری سیاتیل لە واشینگتۆنی ئەمریکایە.
ئەو لە وتووێژێکی تردا دەڵێ پارەیەک وەک بۆماوە بۆ مناڵەکانم ناهێڵمەوە. کچە گەورەکەی جنیفر ٢٠ ساڵ تەمەن، کوڕەکەی رووری ١٧ ساڵ تەمەن و کچە بچووکەکەی تەمەن ١٤ ساڵ گرفتێکیان لەگەڵ بڕیارەکەی باوکودایکیاندا نییە. سەیری لینکی پەیوەندیدار بکە لە خوارەوە.
لەوە باشتر و زیاتر ئەوەیە کە گەیتس و ملیندا تەنیا بە بەخشینی سەرمایەکەی خۆیان نەوەستاونەتەوە و هەوڵی پەرەپێدانی ناوەندەکەیان داوە و داوایان لە سەرمایەدارانی تری جیهان کردووە کە ئەوانیش بڕیارێکی لەو چەشنە بدەن یان لانیکەم لە ناوەندە خێرخوازییەکەی ئەواندا بەشدار بن. تا ئێستە ٥٧ سەرمایەداری گەورەی جیهان پەیوەستبوونی خۆیان بە ناوەندە خێرخوازییەکەی گەیتس و ملیندا ڕاگەیاندووە. ذلنیام بەشێک لەو پارەدارانە سەر بە هیچ ئایینێک نین و لانیکەم بە شێوەی موسوڵمان چاوەڕوانی بەهەشت نین. ئەوەی ئەوان دەیکەن زیاتر بە هێشتنەوەی ناوێکی باشە لە دوای خۆیان و ڕازی کردنی ویژدانی خۆیان.
من ئەم دەستگرۆییە بە کارێکی زۆر گەورە و جێگەی ڕێز و لایەنێکی زۆر ئەرێنیی ئەو سەرمایەدارانە دەزانم. پیشەی بەشێکی زۆر لەوان دیارە و دەکرێ مرۆڤ تا ڕادەیەک لە پیشەکەیان تێبگا کە چۆن دەوڵەمەند بوونە. جا ئەوان پارەکەیان چۆن دەست کەوتووە و ئایا دەوڵەمەند بوونی ئەوان بە قیمەتی هەژارکردنی خەڵکی دەوروبەریان بووە یان نە، ئەوە باسێکی ترە و پێموانییە هەمووی وەها بێت.
لە سیستەمە سۆسیالیستی و سۆسیال دیموکراتەکاندا ئەو دەستگرۆییە بە شێوەیەک تێکەڵبووە بە سیستەمی ئابووری وڵاتەکان و، ئەوەی ناتوانێت خۆی بژێنێت بە پارەی دەوڵەت دەژی و کەسیش منەتی بە سەردا ناکات. زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگا ژیانیان دەچێتە پێش و جیاوازیی ئابووریش زۆر زۆر نییە. دونیا زۆر جوانتر دەبوو ئەگەر وەک ئەوەی کۆمۆنیستەکان باسی دەکەن سەقامی بگرتایە و جیاوازییەکان کەم و کەمتر بایە، بەڵام ئەوە زیاتر وەک بەهەشتی وادەدراو لە خەون دەچێت.
لەوانەیە هەزاران موسوڵمان و چەپی دژی سیستەمی سەرمایەداری بۆ کەمڕەنگ کردەنەوەی کاری ئەو سەرمایەدارانە ددانی خێریان پێدا نەنێن و بە شێوەیەکی تر لێکی بدەنەوە و هەر لایەنێک تەنیا هەر بە پیادەکردنی ئیدئۆلۆژییەکەی خۆی ڕازی بێت و بەس. باسەکەی من ئەوە نییە کە کامە ئیدئۆلۆژی باشە و کامەیان بۆ جێبەجێکردن دەبێت یان نابێت. تەنیا دەستنیشانکردنی ئەوەیە کە هیچ شتێک 0 یان 100 نییە و دەکرێ لە سیستەمێکی سەرمایەداری ئازادیشدا خێرخوازی وەک بیل گەیتس پەیدا بن کە بە دڵخوازی خۆیان هەموو سەرمایەکەیان ببەخشن. هەڵبەت ئەم باسە بە مانای داکۆکی لە سیستەمی سەرمایەداری نییە.
لە وڵاتی نورویژیش سەرمایەدارێکی گەورە، ئوولاڤ توون تەمەن ٩٣ ساڵ، بڕیاری داوە کە هەموو سەرمایەکەی 25،4 ملیارد کرۆن بخاتە ناو ناوەندی خێرخوازی ئوولاڤ توون. ناوەندەکە یەکێک لە گەورەترین ناوەندە خێرخوازییە نوێیەکانی نورویژە بۆ دابەشکردنی پارە بۆ پرۆژە خێرخوازییەکان.
دوای دانانی کورتەیەک لەم بابەتە لەسەر فەیسبووک، هاوڕێیەکی میدیاکار کە زانیاری زۆر وردی لەسەر بیناکردنی ئەو مزگەوتەی سەرەوە و مزگەوتەکانی تری باشووری کوردستان هەیە چەن زانیارییەکی زۆر وردی پێدام کە من بە بێ ناوهێنانی کەس بەشێک لەو زانیارییانەش بەم وتارە زیاد دەکەم.
ئەو دەڵێ کەسی مەبەست لەسەر عەرزی بەلاش و بەناو بۆ وەقفی مزگەوت، بە دەم بیناکردنی مزگەوتەکەوە مۆڵێکیشی دروست کردووە. هاوڕێی میدیاکار بەر لە چەن ساڵێک جارێکی تر ئەم بابەتەی بۆ من گێڕابۆوە، بەڵام من ئەم وردەکارییەم لە بیر نەمابوو. هەڵبەت کەسی مەبەست جیا لەوەی پارەدار و سەرمایەدار و ئیماندار و پیاوی خودایە، پیاوی دەوڵەتیشە واتە بەرپرسایەتیی بەرزی هەیە. ئەو خۆی و بنەماڵەکەی کەسانی ناسراون و پێویست بە ناوهێنان ناکات. لێرەشدا ئەمە تەنیا وەک نموونەیەک بوو، دەنا شتی لەم بابەتە یەکجار زۆرن کە خەڵکی کاسب لە ژێر ناوی خودا و ئیسلامدا کاسبیی خۆیان بەسەر خەڵکی باوەڕدار و هەژارەوە کردووە.
هاوڕێی میدیاکار دەڵی لەو دۆخە زۆر دژوارەی باشووری کوردستانی تێدایە و خەڵک ئەوپەڕی لە تەنگانەدان، تەنیا لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦دا ١٢٢ مزگەوت لە کوردستان بینا کراون. ئەو هەروەها دەڵی بەپێی ئاماری وەزارتی ئەوقافی باشووری کوردستان ٥٥٠٠ مزگەوت لە باشووری کوردستاندا هەن. لە ناوچەی حەسارۆکی هەولێر، شوێنێک کە تەنتا زەوییەکانی دابەشکراون و هێشتا ماڵی تێدا ساز نەکراوە، دوو مزگەوت بە مەودای ١٥٠ میتر لە یەکترەوە بینا کراون. ئەوە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ئەوقاف یاسایەکی هەیە کە نابێت مەودای دوو مزگەوت لە شوێنە پڕ حەشیمەتەکاندا کەمتر لە ١٠٠٠ میتر بێت. کەوایە دەبێ لە حەسارۆکدا کاسبەکانی ڕێی دین دەستێکیان لە بیناکردنی مزگەوتی نایاساییشدا هەبووبێت. جا ئەگەر ئەم مزگەوت بیناکردنە بۆ ڕەزای خودایە بۆ بە شێوەی نایاسایی سازی دەکەن. ئاخۆ هاوکات لەگەڵ بیناکردنی ١٢٢ مزگەوت لە ٦ مانگدا چەن قوتابخانە و نەخۆشخانە بیناکراون؟
ئامانجی سەرەکی من لەم بابەتەدا ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر بۆ لای ئەو ڕەوتە زۆر باش و ئەرێنییە بوو کە خەریکە لە لای سەرمایەدارانی ڕۆژاواییدا دەبێت بە کولتوور و ژمارەیەک لەوان هەموو یان بەشێکی زۆری دارایی خۆیان دەبەخشن بە ناوەندە خێرخوازییەکان. لە کاتێکدا بەشیکی ئەوان یان بڕوایان بە هیچ ئایینێک نییە، یان لانیکەم وەک ئەو کابرایەی مزگەوتەکەی هەولێری بینا کردووە لە بەرانبەر بەخشینی سەرمایەکەیاندا چاوەڕوانی بەهەشت نین.
بەڵام ئەو زانیارییە ورد و جێگەی سەرنجانەی هاوڕێی میدیاکارم وای لێ کردم کە بەراوردێکی بچووک لە نێوان موسوڵمانی بە ناو خێرخوازی بیناکاری مزگەوت و سەرمایەداری خێرخوازی ڕۆژاواییدا بکەم. بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەستگرۆیی هەژاران وەک مامەڵەیەک لەگەڵ خودادا بێت بۆ دەستکەوتی ئەم دونیا و ئەو دونیا یان تەنیا بۆ ڕازیکردنی ویژدان و دەروونی مرۆڤی خێرخواز بێت؟
هەڵبەت ئەوەش بەو مانایە نییە کە هەموو موسوڵمانێک وەک ئەو موسوڵمانەی هەولێر بە بیناکردنی مزگەوت دەوڵەمەند دەبن یان هەموو سەرمایەدارێک وەک بیل گەیت سامانەکەی دەبەخشێت. بەڵام ئەم ڕەوتە جوانە جێگەی سەرنجە و هیوادارم سەرمایەداری کوردستان و وڵاتانی ئیسلامیش ئەم رەوتە جوانەی بەشێک لە سەرمایەدارانی ڕۆژاوایی فێر بن و چیدی بە دوای کاسبی کردن نە ناوی دینەوە نەبن و دین لەکەدار نەکەن. مەبەست لەم وتارەش دژایەتیی دین نییە، بەڵکوو ئاوڕدانەوەیەکە لەوەی کە کەسانێک چۆن بە ناوی دین و کاری خێرخوازییەوە کڵاو لەسەر خەڵک دەنێن و بەسەر خەڵکی باوەڕدارەوە دەوڵەمەند دەبن و خەڵکیش لەبەر ترس لە دینەکە ناوێرن لە قاویان بدەن و لە ئاکامدا ئەم ڕەوتە ناحەزە هەروەها بەردەوام دەبێت.
بەشێک لە لینکە پەیوەندیدارەکان لە خوارەوە دادەنرێت. دڵنیام ئەگەر کەسێک خوازیاری زانیاری زیاتر بێت دەتوانێ بە زمانی مەبەست لە گووگل زانیاری زیاتری دەس بکەوێت.
Jan Lilleby: http://e24.no/…/bill-g…/dette-er-verdens-ti-rikeste/23588763
بیل گیتس: پولی برای فرزندانم به ارث نمیگذارم +عکس
http://www.fardanews.com/fa/news/582958/