Hoppa till innehåll
Hem » وانەکانی د. قاسملوو و شوێندانەرییان لەسەر حیزبی دێموکرات، تەیموور مستەفایی

وانەکانی د. قاسملوو و شوێندانەرییان لەسەر حیزبی دێموکرات، تەیموور مستەفایی

لە ساڵی ١٣٢٤ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستان دامەزرا و عەبدولرەعمان قاسملوو لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە شاری ورمێ یەکیەتی لاوانی دامەزراند و بەم چەشنە هەر لە مێرمنداڵییەوە پێی نایە دنیای سیاسەت و بە سیاسەت ئاشنا بوو.taymour_mstefaei22

لە ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی بۆ خوێندن رووی لە پاریس کرد کە هاوکات لەگەڵ تەقەکردن لە حەمە رەزاشا بوو. قاسملووی لاو کە رووخانی کۆماری کوردستان بە دەستی رێژیمی پاشایەتی دیتبوو و لەگەڵ سیاسەی ئاشنا بوو، هەر چەند تەمەنی لە ١٨ ساڵ زیاتر نەبوو، لە پاریس لە نێو خوێندکارانی ئێرانیدا وتارێکی لە دژی رێژمی پاشایەتی دا کە ئەم وتاردانە بوو بە هۆی توورەیی باڵوێزی ئێران لە فەرانسە و بەو هۆیەوە داوایان لە فەرانسە کرد کە عەبدولرەحمان قاسملوو لەو وڵاتە وەدەر بنێن و بەهۆی پێوەندیی گەرمی نێوان فەرانسە و ئێران قاسملوو لە پاریس دەرکرا و رووی لە وڵاتی چیکوسڵۆڤاکی کرد. لەو ماوەیەدا کە لە فەرانسە بوو بە هاوکاری چەند خوێندکارێکی کورد کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردیان لە ئەرووپا دامەزراند.

لە کاتی گیرسانەوەی لە چیکوسڵۆڤاکی بڕوانامەی لیسانسی لەو وڵاتە وەرگرت. لە ساڵی ١٣٣١ بە هۆی پەرە گرتنی خەباتی خەڵکی ئێران و پێکهێنانی زەمینەی تێکۆشانی سیاسی لە نێوخۆدا، قاسملوو کە هزر و خولیای خەبات لە پێناوی مافی نەتەوەکەی لە مێشکدا بوو، گەڕایەوە بۆ ئێران و بە هاوکاری حیزبی توودە و چەند ئەندامێکی دڵسۆز کومیتەی کوردستانی حیزبی دێموکراتیان دامەزراندەوە و دەستیان دایە دەرکردنی ڕۆژنامەی کوردستان، ئورگانی کومیتە ناوەندی و هەروەها ڕێکخستنی لاوان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا. بە روودانی کوودەتای ٢٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ ئەو بوارەی کە تا ڕادەیەک بۆ ئازادییە دێموکراتییەکان رەخسابوو، لە نێو چوو و خەبات و تێکۆشانی قاسملوو و هاوڕێیانی کەوتە بواری نهێنییەوە.

لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٣٤ لە کەوتەرانی مەهاباد کۆبوونەوەیەک بۆ روونکردنەوەی چۆنیەتی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بەرێوەچوو. پاش ئەم ڕێکەوتە پۆلیسزەدە بوونی حیزبی توودە بوو بە هۆی ئەوەی کە قاسملوو بتوانێ هەڤاڵەکانی رازی بکات کە جیا لە حیزبی توودە و سەربەخۆیانە تێکۆشانی خۆیان درێژە پێ بدەن.

بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیە کە ٧تا ٨ کەس بوون، بریاریان دا کە لەمەوبەدوا بە جیا و سەربەخۆ لە حیزبی توودە تێکۆشانی خۆیان درێژە پێ بدەن و ناوی ئەم کۆبوونەوەیان نا” کۆنفرانسی یەکەم”. لێرەوە بوو کە د. قاسملوو بناغەی سەربەخۆیی حیزبی دانا و حیزبی دێموکراتی لە پاشکۆیەتیی حیزبی توودە هێنایە دەرەوە. لە ساڵی ١٣٣٦ بۆ جارێکی دیکە عەبدولرەحمان قاسملوو دەگەڕێتەوە بۆ چیکوسڵۆڤاکی و لە ساڵی ١٣٣٧( ١٩٥٨) پاش سەرکەوتنی شۆڕشی عێراق د. قاسملوو  جارێکی دیکە بە هیوای بووژاندنەوەی خەباتی حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و تا ساڵی ١٣٣٩ هەموو هەوڵێک دەدات تا ئەندامانی پەریوە بووی دەستی زۆرداری رێژیمی پاشایەتی ڕێک بخاتەوە بەڵام لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو نابێت و لە ساڵی ١٣٣٩( ١٩٦٠)لە سەر فەرمانی حکوومەتی عێراق لەم وڵاتە دەردەکرێ و بۆ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ پراگ.

ساڵی ١٣٣٩ تا ساڵی ١٣٤٩ د. قاسملوو بێجگە لە دەرکردنی چەند ژمارەیەک لە ڕۆژنامەی کوردستان و چەند پێوەندییەک بە ڕێبەرایەتی شۆڕشی ٤٦-٤٧( سولێمان مۆعین، ئیسماعیل شەریفزادە) هیچ ئاگادارییەکی لە تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان نامێنێ.

لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا بە پشتیوانی ڕێبەرایەتی شۆرشی ئەیلوول حیزب دێموکرات دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد تۆفیق و رۆژ لە دوای رۆژ حیزب لە پرەنسیپە دێموکراتتیکەکانی دوور دەکەوێتەوە و تا ئەو جێگایە کە لە کۆنگرەی دووهەمدا کە ساڵی ١٣٤٣( ١٩٦٤) بەڕێوەچوو، د. قاسملوو و چەند کەسێکی دیکە کە لە کادرە هەرە بە توانا و دڵسۆزەکانی حیزب بوون بە تۆمەتی هەڵبەستراوی سیخوری کە لە لایەن باڵی ئەحمەد تۆفیقەوە دەدرێتە پاڵیان، بە نارەوا لە حیزب دەردەکرێن.

کۆنگرە کەسانێک بە ئەندامی رێبەری حیزب هەڵدەبژێرێ کە بۆ خۆیان بەشداری کۆنگرە نەبوون، بۆ وێنە کاتێک کە هەواڵ بە مامۆستا هەژار دەدەن کە لەم کۆنگرەیەدا بۆتە ئەندامی کومیتە ناوەندی، بە پێکەنین و گاڵتەوە دەڵێ من نەک هەر ئەندامی حیزبی دێموکرات نیم، بەڵکوو هەر کوردی ئێرانیش نیم.

پاش کۆتایی کۆنگرە، بە هۆی نارەزایەتی لە ئاکامی کۆنگرە، ئەندامانی حیزب بە سەر دوو بەشدا دابەش دەبن کە هەر بەشێکیان دیفاع لە جەرەیانێکی کوردستانی باشوور دەکەن و ژمارەیەکی بەرچاویشیان واز لە تێکۆشانی سیاسی دێنن و وروو دەکەنە کار و کاسبی بۆ بژێوی ژیانیان.

ساڵی ١٩٩٧٠ پاش دەرچوونی بەیانییەی ١١ی ئازادر و بە فەرمی ناسینی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی باشوور لە لایەن رێژیمی بەعسەوە جارێکی دیکە د. قاسملوو دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و وێرای چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو ئەندامانی حیزب کە دانیشتووی عێراق و کوردستان بوون، پێشنیاری یەکگرتنەوەیان پێ دەکات. لە ئاکامدا بە هەوڵ و تێکۆشانی زۆر، ریزەکانی تێکۆشەرانی دێموکرات یەک دەخاتەوە. لەو کاتەدا نە تەشکیلات بە مانای ڕاستەقینەی خۆی بوونی هەبووە، نە بەرنامە و پەیرەوێک کە لەو چوارچێوەیەدا پێوەندیی ئەندامانی حیزب پێکەوە دیاری بکرێت و نە رۆژنامە و پەروەردە کردنێک لە ئارادایە. هەوڵدان بۆ یەکخستنەوە و بە بەرنامە کردنی حیزب لە ڕاستیدا زیندووکردنەوەی حیزب بووە کە لەم پێوەندییەدا مەئمووریەت دەدرێ بە د. قاسملوو تا لە ماوەی ٣ مانگدا بەرنامە و پەیرەویکی ڕێک وپێک ئامادە بکا و پاش جێبەجێ بوونی کارەکان بەرەو گرتنی کۆنفرانس بچن بۆ ئەوەی رەواییەک بدرێ بەو ڕێبەرییە.

کۆنفرانسی سێهەم ساڵی ١٣٥٠ لە شاری کۆیە بەڕێوەچوو. لە گەڵاڵەکردنی بەرنامە و پەیرەو، دانانی ڕێبەرییەکی بە کۆمەڵ بۆ حیزب و … د. قاسملوو دەوری تایبەتی گێراوە.

لە ڕاستیدا ئامادەکردنی زۆربەی بابەتەکانی پێوەندیدار بە کۆنفرانسەوە کە لە حیزبدا بە کۆنفرانسی زیندووکردنەوەی حیزب ناوبانگی دەرکردووە، لە ڕێگای ئەوەوە بووە.

ناوەڕۆک و خاڵە گرینگەکانی بەرنامە و پەیرەو بریتی بوون لە :

١-دانانی ڕێبەریی بە کۆمەڵ بۆ دەرکردنی بریاری بە کۆمەڵ

٢-دانی شوناسێکی سەربەخۆ بە حیزب و دووری کردن لە بەستراوەیی

٣-پەرەدان بە دێموکراسی چ نێوخۆیی بێی یا لە دەرەوەی حیزب بێت

٤-پەروەردە و بارهێنانی کادری ئەڵقەی پێوەندی حیزب و کۆمەڵانی خەڵک

٥-دەرکردنی ڕۆژنامەی کوردستان و تێکۆشەر بۆ چوارچێوەی فیکری دان بە حیزب و ئەندامانی.

 بە پەسەندکردنی ئەم بەرنامە و پەیرەوە لە ڕاستیدا حیزب دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە کە لە چوارچێوەی ئەم ساختار و بەرنامە و سیاسەتەدا حیزبی دێموکرات توانی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بگەڕێتەوە نێوخۆی وڵات و رێبەرایەتی بزووتنەوەیەکی مافخوازانە بکات کە لە ماکۆوە تا ئیلام لە دژی سەرکوت و داگیرکاری کۆماری ئیسلامی درێژەی هەبووە. هاوکات لەگەڵ بەرەنگاری و پەلاماری هێزی داگیرکەر کۆماری ئیسلامی شکستهێنان بە دەستووری جیهادی خومەینی لە دژی گەلی کورد حیزبی دێموکرات لە خزمەتکردن بە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە ناوچە ئازادکراوەکاندا بە دانانی قوتابخانە بۆ منداڵان، کێشانی ڕێگاوبان، دانانی بنکەی دەرمانی لە ناوچە جیاجیاکان، دانانی سیستمێکی قەزای و هەتد غافڵ نەبووە. ئەمە نیشانەی بەهێزیی ڕێکخراوی حیزب بوو کە بە بێ ئیمکانات ئەم کارانەی ڕادەپەڕاندن.

لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتکردندا د. قاسملوو فێری کردین تا سەر دێموکرات بین و هەنگاوێک نەکێشێینەوە، فێری کردین بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی ڕەوا لە کەرەسەی ناڕەوا کەڵک وەرنەگرین، ئەمە ئەو پەڕی دووربینی لە سیاسەتدا بوو. واقیع بینی فێر کردین وگوتی نابێ لە سەر ئاوات و ئارەزوو سیاسەت دیاری بکەین، بەڵکوو دەبێ ڕاستییەکانی کۆمەڵگا بۆ دیاریکردنی سیاسەت لە بەرچاو بگرین.

د. قاسملوو بێجگە لەو دەرسانە کە فێری کردین و نەسڵ لە دوای نەسڵ شانازی پێوە دەکەین، بۆ ناساندنی بزووتنەوەی کورد بە بیروڕای گشتیی جیهان دەستی دایە تێکۆشانێکی دیپلۆماتیکی بەرین و بوو بە باڵوێز و نوێنەری نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت.

ئەو بە توانا و لێهاتوویی و زمانزانییەکەی توانی دەنگی مەزڵوومیەتی ئەم نەتەوەیە بە کۆر و کۆمەڵە سیاسییەکانی جیهان بگەیەنێت و دۆستی وا بۆ کورد پەیدا بکات کە لە رۆژی تەنگانەدا بتوانن بە هاواری کوردەوە بێن کە نموونەی بەرچاوی ئەو بەدەنگەوە هاتنە پاش کۆرەوەکەی ساڵی ١٩٩١ی زایینی کوردستانی باشوور بریاری ناوچەی ئەمنی لێ کەوتەوە کە بە ئیبتکاری فرانسوا میتران و فەرانسییەکان بوو کە هەموویان دۆستی د. قاسملووی نەمر بوون.

لێرەدا بیرو ڕای چەند کەسایەتییەک دەکەمە هەوێنی بابەتەکە و بەڵگەی نووسینەکەم.

کریس کۆچێرا لە پێوەندی لەگەڵ کەسایەتی د. قاسملوودا دەنووسێ:” قاسملوو هیچکات خۆی تەنیا بۆ کوردستانی ئێران تەرخان نەکردبوو، ئەو هەرکات بۆ ئەرووپاییەکان قسەی دەکرد لە بارەی مەسەلەی کورد بە گشتی و ٢٥ ملیۆن کوردەوە قسەی دەکرد”.

جاناتان ڕیندەڵ هەواڵنێری ئەمریکایی دەنووسێ:” لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا بۆ ئەرووپا قاسملوو لیستێکی بە من نیشاندا. کاتێک لە قاسملووم پرسی ئەم لیستە چییە و بۆ چییەتی؟ وتیان ئەم لیستە پێوەندیان هەیە بە شار و گوندەکانی کوردستانی عێراقەوە کە عەمەلیاتی ئەنفال تێیاندا بەردەوامە و ئەم لیستەم بۆ وڵاتانی ئورووپایی ئامادە کردووە”.

لە کردنەوەی کونسوولگەری فەرانسە لە هەولێر د. بیرنارد کۆشنێر وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی فەرانسە وتی:” وتەکەم بە یادی عەبدولرەعمان قاسملوو دەست پێ دەکەم کە منی لەگەل کورد و کوردستان ئاشنا کرد”.

نموونە لەم بارەوە یەکجار زۆرن، بە سەدان رۆژنامەوان و سیاسەتمەداری بە ناوبانگی دیکە هەرکام بە شێوەیەک ستایشی زانایی و لێهاتوویی د. قاسملوویان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە ڕێگای ئەوەوە لەگەڵ کێشەی کوردستان ئاشنا بوون. لە هەموو ئەمانە گرینگتر دەتوانیم ئاماژە بە جێگیرکردنی سیستمی رێبەریی بە کۆمەڵ لە حیزبی دێموکراتدا لە لایەن شەهیدی نەمر د. قاسملوو بکەین کە ئەم شێوە ڕێبەرییە توانی دوای شەهیدبوونی د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی کە دوو کۆڵەکەی بەهێز و بێ هاوتا بوون لە حیزبی دێموکراتدا کە حیزب پاش ئەوانیش توانی درێژە بە رێبازەکەیان بدات.

د. قاسملوو ئەزموونی لە بزووتنەوەکانی پێشووی کوردستان وەرگرتبوو کە بە هۆی رێبەری فەردییەوە تووشی تێکشکان ببوون. هەربۆیە بە هەموو توانایەوە دژی فەردپەرستی و رێبەری فەردی هەرچەند نەفەرەکە بە توانا و دڵسۆزیش بووبێ دەوێستایەوە و درووشمی جەمعگەرایی بەرز دەکردەوە.

هەموو لە بیرمانە و بیستوومانە و وەک بەڵگە ئێستاش لە بەردەستدایە کە کاتێک گرووپی ٧کەسی لە حیزبی دێموکرات جیا بوونەوە لە میتینگی مەهاباد کە بەو بۆنەوە پێکهاتبوو، بەشدارانی میتینگ دروشمی بژی د. قاسملوویان دەدا کە بێ ڕاوەستان خەڵکەکەی دەنگ دا و داوای لێکردن ئەو دروشمە دووپات نەکەنەوە، لەوێ دەڵێ ماوەیەکە یەکترمان نەدیتووە و وادیارە ئێوە دروشمی حیزبی دێموکراتتان لە بیر چۆتەوە، حیزبی دێموکرات دژی فەرد پەرستییە، دروشمی حیزبی دێموکرات دروود بەر دێموکراتە بۆیە دەڵێم:” رێبەری بێ هاوتا تا دوا هەناسە ڕێبواری ڕێگاتین و بە دڵنیاییەوە دروشمی رێبوارانی ڕێگاکەت هەر بژی دێموکرات دەبێ”.