Hoppa till innehåll
Hem » خوێندنەوەیەکی سەرپێی بۆ کتێبی "پاشایەتی ماد".

خوێندنەوەیەکی سەرپێی بۆ کتێبی "پاشایەتی ماد".

کتێبی پاشایەتی ماد لە نووسینی ئیقرار عەلی یێف(١٩٢٤ـ٢٠٠٤) خەڵکی کۆماری ئازەربایجان سەر بە سۆڤیەتی پێشوو، ساڵانێک لەمەوبەر لە لایەن کامبیز میربەها وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی. pasha_mad

پاشان ٢٠١٦ لە لایەن پێشمەرگەی سەنگەری قەڵەم، کاک سەلام ئیسماعیلپوور”ەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی. ئیسماعیلپوور، وەرگێڕی کتێبی پاشایەتی ماد ئەم کتێبە لە گەڵ ”مێژووی ماد”ی دیاكۆنۆف وەک ٢ سەرچاوەی گرینگی زانستی لە قەڵەم دەدا كە تا ئەمڕۆ لە سەر مێژووی ماد نووسراون.

پاشایەتی ماد لە سەرەتایەكی كورت و یازدە بەش پێک هاتووە. نووسەر لە بەشە جۆاروجۆرەكانیدا دەستی داوەتە شیكاری و لێكدانەوەی زانستی و هەمەلایەنەی چەندین بابەت و قۆناغی مێژوویی گرینگی ناوچەی ئاسیای پێشەنگ و بەرزاییەكانی ئێران كە لە سەردەمی بەردینی دێرینەوە دەست پێ دەكات و بە سەركوتی ڕاپەڕینی ”گۆماتە”ی ماد دژ بە داگیركاریی پارسە هەخامەنشییەكان كۆتایی پێ دێت.

نووسەر بە شێوەیەکی بێلایەنانە باسی ماد و دەسەڵاتەکەی کردووە. بە جۆرێک خوێنەر رادەکێشێ بۆ سەر سەرچاوەی چۆنیەتی روودانی رووداوەکان. بە هەڵدانەوەی ئەو لاپەڕانە راستی بویەر و قۆناغە پەردەپۆشکراەکان دەخاتە بەر دیدی خوێنەر و بە هێنانەوەی بەڵگەی زانستی، لێفە لە سەر هەتیو لادەدا. ئەو سەبارەت بە ئاریایی بوونی ماد، باوەڕی وایە ئیمپراتۆریی ماد لە یەكێتییەكی ئیتنیكیی فرەچەشن لەو خەڵكانە بووە كە لە سەدەكان و هەزارەكانی كۆنەوە لەو شوێنە ژیاون. لە كاتی هاتنی ئاریاییەكاندا نیشتمانی كورد نەك چۆڵ نەبووە، بەڵكوو لە سەدەكان و هەزارەكانی پێشترەوە شارستانیەت و كولتوور بوونی هەبووە و لە ڕووی شارستانییەت و كولتوورەوە زۆر لە ئارییەكان پێشكەوتووتر بوون. واتە ئەوە یەکیەتییەکانی ماد بووە کە ئارییەکانی لە نێو خۆیدا جێکردۆتەوە نەک بە پێچەوانەوە. بە چەشنێک بەرەبەرە بەشێك لە ئارییەكان لەگەڵ ئەو خەڵكە خۆجییانەدا تێكەڵ دەبن. مادی گەورە لە ڕاستیدا سەرەتا كاریگەرییەكی زۆر كەمی خەڵكە ئارییەكانی لە سەر بووە، بەڵام دواتر بە زیاتر بوونی هاتنی كۆچەرییە ئارییەكان ئەو كاریگەرییەش زیاتر دەبێت. پێکهاتەی ئەسڵیی ماد و دواتریش كورد، نەک لە ئارییەكان، بەڵكوو لە گەلانی خاوەن شارستانیەتی خۆجێیی پێک دێت.

ئەوەی کە وەک خاڵێکی بەرچاو و زەق لەم کتێبەدا بە ئاشکرا خۆی دەنوێنێ، خۆخۆری ”ماد”ە دژی یەکتر. نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئاشوورییەکان بە دروشمی ”مادەکان دژ بە مادەکان” درێژەیان بە فەرمانڕەوایی خۆیان داوە. هەتا پێکهاتەی ماد یەکی نەگرتووە، لە نێوان دەسەڵاتەکانی چوار دەوردا ”گێزەڵەمشکێ”ی پێکراوە. واتە جارێک لە نەینەوا، ئاشوورییەکان بە قازانجی خۆیان دژ بە یەک بە شەڕیان داون و جارێکیش دەسەڵاتدارانی ئیلامی و بابلی. کاتێک کۆتایی بەم گێزەڵەمشکێ یە دێ و ماد دەتوانێ ببێ بە‌ هێزێکی بەهێز کە پێکهاتەکانی یەکدەگرن و لە ژێر فەرمانی ”هووەخشترە” دا، ئیمپراتۆری ماد لە ناوچەکە جێگیر دەبێ. وانەیەک دوای ٣٠٠٠ ساڵ، کورد لە بیری دەکا و بە پەیڕەوکردنی دەردەکوردی خۆخۆری و چاو لە دەستی بێگانە، دەکەوێتە وێزەی یەک.

لەم کتێبەدا کورشی هەخامەنشی بە زەبر و زۆر و فێڵ و کڕینی هارپاگ، فەرماندەری سپای ماد دەسەڵاتی ماد لە سەردەمی پاشایەتی ئیشتوویگۆ دەڕووخێنێ و دەسەڵاتی پارس رادەگەیەنێ.

قۆناغێکی دیکەی ئەم کتێبە سەردەمی کەمبووجیەی دووهەم، پادشای پارسە. لەم قۆناغەدا بە دوور کەوتنەوەی کەمبووجییە لە وڵات و بە نیازی هێرش و داگیرکردنی میسر، گوماتە سەرداری مادی نێو دەسەڵاتی هەخامەنشی دەرفەت دەقۆزێتەوە و بۆ ماوەی ٤ تا ٧ مانگ، دەسەڵاتی ماد لە جێی پارس جارێکیتر دەگێڕێتەوە. ئەو بە ٢ خاڵ وەک چاکسازی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی رادەکێشێ:

خەڵکی وڵات بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە دانی باج و لاوانی وڵات بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە چوون بۆ سەربازی ئازاد دەکا.

بەم هەنگاوە توانی سەرنجی خەڵکی ئەو وڵاتە کە لە ژێر دەسەڵاتی پارسدا وەزاڵە هاتبوون، بۆ لای خۆی راکێشێ. بە جۆرێک کاتێک داریوش، جێگرەوەی کەمبووجییە توانی بە سەر گوماتەدا زاڵ بێ و بیکوژێ، بە پێی نووسینەکانی هێرۆدێت خەڵک بۆی بەداخ بوون و دەستیان بە سەرهەڵدان کرد.

داریوش بە پێی بەردەنووسەکەی بێستوون، وەک ئێستا بۆ لەبەرچاوخستنی گوماتە، پەنای بردە بەر ناو و ناتۆرەی وەک ئەوەی گوایە گوماتە شوێنە پیرۆزەکانی سووتاندووە و مافی خەڵکی زەوت کردووە و من ئەوەی ئەو لە خەڵکی ئەستاندووە، جارێکیتر گەڕاندوومەتەوە بۆ خاوەنەکانیان.

لە دوو توێی کتێبەکەدا کۆمەڵێک وشەی نوێی کوردی وەک بەرزەدەشت، هاوگوێرە و…بەرچاو دەکەوێ کە جێگای تێڕامانە.

لە هەندێ شوێندا رەنگە لە بەر پاراستنی دەق بووبێ، وەرگێڕ نەیپەرژاوەتە سەر رەواننووسی و پاراویی وشە. بۆیە هیوادارم لە چاپەکانی داهاتوودا ئەم سەرنجە بە هێند وەرگرێ.

قەبارەی کتێبەکە ٧٥٢ لاپەڕەیە کە بەشی كۆتایی ئەم پەرتووكەش كۆمەڵێك وێنە لە ئاسەوارە مێژووییەكانی ناوچەكانی ماد لە خۆ دەگرێت كە پێوەندیی بە باس و بابەتەكانی نێوئاخنی بەرهەمەكەوە هەیە.

لە کۆتاییدا وێڕای دەسخۆشی لە کاک سەلام بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە بەنرخە، داوا لە خوێنەرانی کتێب دەکەم، ئەم کتێبە پەیدا بکەن و بیخوێننەوە. چوونکە تا ئێستاشی لە گەڵ بێ سەرچاوەی مێژووی کۆنی ئێمەی کورد و ریشە و رەتەوەی ئەم گەلە لە لایەن قەڵەم بەدەستانی مێژووچەواشەکەری ئاریانیستەكان و پانتوركەكان و ئیسلامیستەكان و … بووە كە چاكی ئێمەی بە خراپ و خراپی بە چاک پێ ناساندووین. بە خوێندنەوەی كتێبی پاشایەتیی ماد دەبینین كە زەینیەتی كۆن و سەپێنراوی پارسگرایانە لەگەڵ گومانێكی ڕووخێنەر بەرەوڕوو دەبێت و بە شێوەیەكی زانستی ناڕەوابوونی هێژمۆنیی زاتیی ئەوان بە سەر ئێمەدا ڕت دەكاتەوە. ئەوە بۆ خەباتی ئێمە كە شوناسی سیاسی و كولتووری و نەتەوەیی كۆڵەكەی ئەو خەباتەیە، نەك گرینگ بەڵكوو زۆر پێوستە.

ژێدەر:

کتێبی پاشایەتی ماد

وتووێژی وەرگێڕ ” کاک سەلام ئیسماعیلپوور” لە گەڵ ماڵپەڕیRoji kurd

قادر ئەلیاسی