Hoppa till innehåll
Hem » حیزبی دێمۆکرات رایگەیاند کە هێزە ئێراقیەکان گەیشتوونەتە نزیک تەق تەق ، ئێستا میدیاکان دەڵێن هێزەکە کشاوەتەوە

حیزبی دێمۆکرات رایگەیاند کە هێزە ئێراقیەکان گەیشتوونەتە نزیک تەق تەق ، ئێستا میدیاکان دەڵێن هێزەکە کشاوەتەوە

بە پێی هەواڵی روداو، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایگەیاند دەیان تانک و هامەری عێراق لە تەقتەق نزیکبوونەتەوە و هێزێکی عێراق و پاسداران هاتوونەتە نزیک کۆیە.

pdki-arm-

محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ”دەیان تانک و هامەری عێراق لە تەقتەق نزیکبوونەتەوە و هێزێکی عێراق و پاسداران هاتوونەتە نزیک کۆیە، ئەوان تانک و زرێپۆشیان پێیە و بەرگریکردن لە بارەگاکانمان مافێكی سرووشتییە”.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حدکا جەختی کردەوە لەوەی ”ئەو هێزانە تاوانیان لەبەرامبەر دانیشتووانی باشووری کوردستان ئەنجامداوە و خەڵکی تەقتەق بەرامبەریان وەستاونەتەوە و، وەک خۆبەخش ئامادەن رووبەڕوویان ببنەوە”.

بەپێی سەرچاوەیەکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو هێزانە بەنیازبوون بچنە تەقتەق، بەڵام پاش مانەوە بۆ ماوەیەک و دوای وەرگرتنی زانیاری، بەرەو کەرکووک کشاونەتەوە.

دەقی وتەکانی کاک محەممەد نەزیف قادری لە روداو

وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كۆیه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ هێَزێَكی عیراقی رۆیشتبێته‌ سنووره‌كه‌یانه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌مڕۆ هێزێكی پۆلیسی هه‌رێم و فیدراڵ چووبوونه‌ ناوچه‌ی شیوه‌سور له‌ سنوری كه‌ركوك بۆ به‌دواداچوون، به‌ڵام رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

عه‌مید شۆڕش كاكه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆیه‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند، هیچ هێزێكی عیراقی نه‌هاتۆته‌ شاره‌كه‌وه‌.

عه‌مید شۆڕش كاكه‌ وتی‌: ”ئه‌مڕۆ هێزێكی پۆلیسی حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ و پۆلیسی شوان بۆ به‌دواداچوون هاتبوونه‌ لای ناوچه‌ی شیوه‌سور له‌ سنوری كه‌ركوك، چونكه‌ له‌ ساڵی 2003 له‌و سنووره‌ بوون”.

وتیشی‌: ”به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌، رێگه‌یان پێنه‌دابوون و گه‌ڕابوونه‌وه‌”.

له‌ هه‌فته‌ی رابردووه‌وه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ سنووری پارێَزگای كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، دوێنێش چوونه‌ شارۆچكه‌ی پردێ.

….

ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری هەرێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ جۆرە پێشڕەوییەكی هێزە عێراقییەكان بۆ سەرووی ناوچە جێناكۆكەكان ناكرێت و نابێت.

 به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی‌ ئاژانسه‌كه‌ ” ئەوەی ئێستا لەكوردستان دەگوزەرێت بەشێكە لەو ڕێكەوتنەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق  كە لەساڵی 2016 ئەنجامدراوە، بۆیە هیچ جۆرە پێشڕەوییەكی هێزە عیراقییەكان بۆ سەرووی ناوچە جێناكۆكەكان ناكرێت و نابێت”.

 هه‌روه‌ها هەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ ”هیچ مەترسیەك لەسەر بوونیان نییە لەناوچەكانی دەسەڵات حكومەتی هەرێم زۆنی سەوز”.