"an independent online kurdish website

له‌ 20ى كانوونى دووه‌مى رابردووه‌وه‌ سوپاى توركيا به‌ پشتيوانى گرووپ و ميليشيا ئيسلامى و سه‌له‌فيى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى به‌رهه‌ڵستكارى سووريا هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر عه‌فرين ده‌ستپێكردووه‌.

ئه‌و ميليشييانه‌ى له‌ ريزى سوپاى توركيادا به‌شدارى شه‌ڕى عه‌فرين ده‌كه‌ن

له‌ ماوه‌ى حه‌وت ساڵى رابردووى شه‌ڕى سووريادا، ده‌يان گرووپ و ميليشياى چه‌كدارى دامه‌زراون و به‌شێكيان گۆڕانكارى گه‌وره‌يان به‌سه‌ر ناو و ناوه‌ڕۆكياندا هێناوه‌ و به‌شێكيشيان به‌ هه‌مان شێوه‌ى سه‌ره‌تايان ماونه‌ته‌وه‌.

دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مريكا و وڵاتانى كه‌نداو بڕيارياندا چيديكه‌ چه‌ك و پاره‌ به‌ ميليشياكان نه‌ده‌ن، له‌ باكوورى سووريا جگه‌ له‌ چه‌ند گرووپ و ميليشيايه‌كى بچوك كه‌ خۆيان له‌ ژێر ناوى “سوپاى ئازادى سووريا” رێكخستووه‌، هيچ گرووپێكى ديكه‌ى ئه‌وتۆ نه‌ماوه‌.

راگرتنى پرۆسه‌ى يارمه‌تيدانى ئه‌و گرووپ و ميليشيايانه‌ له‌ لايه‌ن وڵاتانى كه‌نداو و ئه‌مريكاوه‌ رێگه‌ى بۆ توركيا خۆشكرد، هه‌موويان له‌ ئامێزى خۆيدا كۆبكاته‌وه‌ و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى پشتيوانييه‌كانيان.

ئامانجى توركيا له‌ له‌خۆگرتنى ئه‌و ميليشيايانه‌ به‌كارهێنانيان بووه‌ له‌ دژى كورد و رێگرتن له‌ خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى كورد له‌ باكوورى سووريا.

ساڵى رابردوو، توركيا ئه‌و ميليشيايانه‌ى له‌ وڵاته‌كه‌ى كۆكرده‌وه‌ و قه‌واره‌يه‌كيان به‌ ناوى “حكومه‌تى كاتى سووريا” راگه‌ياند و دواتر ميليشيايه‌كيان به‌ ناوى “سوپاى نيشتيمانى سووريا” پێكه‌وه‌نا.

ئه‌مساڵ له‌ ده‌ستپێكى هێرشه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين، ئه‌و ميليشيايانه‌ به‌ ناوى خۆيانه‌وه‌ به‌شداريان له‌ شه‌ڕه‌كه‌ كردووه‌، نه‌ك به‌ ناوى “سوپاى نيشتيمانى سووريا“.

ئامانجى توركيا له‌ناوبردنى ده‌سه‌ڵات و ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى كوردييه‌ له‌ باكوورى سووريا به‌ تايبه‌تى له‌ كانتۆنى عه‌فرين و كۆتايهێنانه‌ به‌ بوونى هێزه‌ كوردييه‌كانى وه‌ك يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌) و يه‌كينه‌كانى پاراستنى ژنان (يه‌په‌ژه‌) و پارتى يه‌كێتى ديموكراتى (په‌يه‌ده‌) و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده‌).

ياسر عه‌بدولڕه‌حيم، يه‌كێكه‌ له‌ به‌رپرسانى ميليشياكان و ئه‌و ئاشكرايكردووه‌، زياتر له‌ 25 هه‌زار چه‌كدارى ميليشياكان هاوكارى سوپاى توركيا ده‌كه‌ن بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌فرين.

زۆرێك له‌و ميليشيايانه‌ له‌ رابردوودا دژى يه‌كدى له‌سه‌ر گومرگ و بازرگانى شه‌ڕيان له‌گه‌ڵ يه‌ك كردووه‌، له‌وانه‌ “جه‌بهه‌ى شامى” له‌گه‌ڵ “ليواى سوڵتان موراد” و شه‌ڕه‌كه‌يان له‌سه‌ر ده‌روازه‌ى “بابولسه‌لامه‌”ى هاوسنوورى توركيا بووه‌، كه‌ نزيكه‌ له‌ شارۆچكه‌ى ئه‌عزازه‌وه‌.

ناوى ئه‌و ميليشيايانه‌ى له‌گه‌ڵ سوپاى توركيا به‌شدارن له‌ هێرشى سه‌ر عه‌فرين:

يه‌كه‌م: ليواى سوڵتان موراد:

ئه‌م گرووپه‌ ميليشيايه‌ توركيا درووستيكردووه‌. پشتيوانى دارايى و سه‌ربازى و لۆجستيان ده‌كات و راهێنان به‌ ئه‌ندامه‌كانى ده‌كات.

ئه‌م گرووپه‌ له‌ ئه‌نجامى يه‌كگرتنى دوو گرووپى ديكه‌ درووست بووه‌، ئه‌وانيش گرووپه‌كانى “ليواى سوڵتان محه‌ممه‌د فاتيح” له‌ ريفى حه‌له‌ب و “ليواى شه‌هيد زه‌كى توركمانى” و “ليواى ئه‌شبال عه‌قيده‌” له‌گه‌ڵ چه‌كدارانى ميليشياى “سوڵتان موراد” و هه‌موويان له‌ ژێر ناوى ئه‌و ناوه‌ توركييه‌ى يه‌كێك له‌ سوڵتانه‌كانى عوسمانى كۆبوونه‌ته‌وه‌.

دووه‌م: فيرقه‌ى حه‌مزه‌:

ئه‌م گرووپه‌ ميليشيايه‌ له‌ لايه‌ن توركياوه‌ راهێنانى پێكراوه‌ و له‌ نيسان/ ئه‌پريڵى 2016 دامه‌زراوه‌ و گرووپى ميليشيايى “ليواى سه‌مه‌رقه‌ند”ى سه‌ر به‌ توركيا، چووه‌ته‌ ريزه‌كانييه‌وه‌.

ليواى سه‌مه‌رقه‌ند” به‌ ناوى شارى سه‌مه‌رقه‌ندى ئۆزبه‌كستانه‌وه‌ نراوه‌. ئه‌و گرووپه‌ يه‌كه‌م ميليشياى سه‌ر به‌ توركيا بوو له‌ 2017 چووه‌ ناو جه‌رابلوسه‌وه‌ و له‌ ده‌روازه‌ى “قرقميش”ه‌وه‌ شانبه‌شانى سوپاى توركيا چوونه‌ شاره‌كه‌وه‌.

سێيه‌م: فه‌يله‌قى شام:

ئه‌م ميليشيايه‌ به‌ “فه‌يله‌قى حمس”يش ناوده‌برێت. له‌ ئازار/ مارسى 2014 راگه‌يه‌ندرا.

19 گرووپ و ميليشياى ئيسلامى سه‌ر به‌ ئيخوان موسلمين له‌ شاره‌كانى (حه‌له‌ب، ئيدلب، حمس، حه‌ما) يه‌كيانگرت و هه‌روه‌ها “فه‌يله‌قى شام” له‌ 26ى نيسان/ ئه‌پريڵى 2015 چووه‌ پاڵيان و هه‌موويان يه‌كيان گرت و ژوورێكى عه‌مه‌لياتيان به‌ ناوى “فه‌تحى حه‌له‌ب” به‌ فه‌رمانده‌يى ياسر عه‌بدولڕه‌حيم راگه‌ياند.

چواره‌م: “جوڵانه‌وه‌ى نوره‌دين زه‌نگى“:

گرنگترين ميليشياكانى سه‌ر به‌ توركيايه‌ له‌ ريفى حه‌له‌ب. له‌ كۆتايى ساڵى 2011 له‌ لايه‌ن تۆفيق شه‌هابه‌دين له‌ گوندى شێخ سلێمان له‌ باكوورى خۆرئاواى حه‌له‌ب دامه‌زراوه‌.

له‌ ته‌مموز/ يۆليۆى 2016، گرته‌يه‌كى ڤيديۆى بڵاوبوويه‌وه‌، تێيدا ده‌رده‌كه‌وت چه‌كدارانى ئه‌و گرووپه‌ى سه‌ر به‌ توركيا منداڵێكى پازده‌ ساڵيان سه‌ربڕى و چه‌كداره‌كان به‌ پێكه‌نين و گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ منداڵه‌كه‌يان سه‌ربڕى له‌ كاتێكدا ئه‌و منداڵه‌ بريندار بوو، هيچ بيرى له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌ چه‌قۆ سه‌رى ده‌بڕن.

ئه‌و جوڵانه‌وه‌يه‌، له‌گه‌ڵ “هه‌يئه‌ى ته‌حريرى شام” يه‌كى گرت و دواتر ناكۆكى له‌ نێوانياندا درووست بوو و گه‌يشته‌ راده‌ى پێكدادانى چه‌كدارى و به‌ يه‌كجارى له‌ يه‌ك جيابوونه‌وه‌.

گرووپه‌ ئيسلامى و جيهادييه‌كانى سنوورى ئيدلب:

پێنجه‌م: “جووڵانه‌وه‌ى ئه‌حرارى شام“:

ميليشيايه‌كى سه‌له‌فييه‌، له‌ ساڵانى سه‌ره‌تاى شه‌ڕى سووريا دامه‌زراوه‌.

چوار گرووپى ميليشيايى و جيهادى كه‌ ئه‌مانه‌ بوون: “كه‌تائيبى ئه‌حرارى شام، جوڵانه‌وه‌ى فه‌جرى ئيسلامى، كۆمه‌ڵه‌ى ته‌ڵيعه‌ى ئيسلامى و كه‌تائيبى ئيمان” يه‌كيان گرت و “ئه‌حرارى شام”يان راگه‌ياند.

ئه‌و گرووپ و بانده‌ ميليشيايانه‌ هه‌موويان له‌ لايه‌ن توركياوه‌ چه‌ك و پاره‌يان پێده‌ده‌رێت. وڵاتانى كه‌نداويش يارمه‌تيان ده‌ده‌ن. تۆڕى جيهادى عه‌ره‌بى هاوكاريانه‌.

دواى كوژرانى فه‌رمانده‌ و دامه‌زرێنه‌ريان، ئه‌و گرووپه‌ زۆر له‌ هه‌ژموونى خۆى له‌ده‌ستداوه‌. هه‌روه‌ها به‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌وتنه‌ شه‌ڕه‌وه‌ له‌گه‌ڵ “هه‌يئه‌ى ته‌حريرى شام”، پێگه‌ و باره‌گاكانيان له‌ ئيدلب له‌ده‌ستدا و كه‌وتنه‌ ده‌ست ته‌حريرى شام.

دواى ئه‌و رووداوانه‌ به‌شێكيان چوونه‌ ناو ريزى “هه‌يئه‌ى ته‌حريرى شام” و به‌شێكيشيان روويانكرده‌ ده‌روازه‌ى “بابولهه‌وا”ى سنوورى توركيا بۆ ئه‌وه‌ى به‌ پشتيوانى توركيا بتوانن بمێننه‌وه‌.

شه‌شه‌م: هه‌ڵۆكانى شاخ “ليواى سقورى جه‌به‌ل

ئه‌م گرووپه‌ ميليشيايه‌ له‌ سنوورى ئيدلب چالاكيان هه‌يه‌. له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌شێك بوون له‌ “ليواى ئه‌حفادى ره‌سوڵ” و دواتر چوونه‌ پاڵ “جه‌بهه‌ى ثوارى سوريا” و پاشان به‌ره‌ى نووسره‌ ده‌ستى به‌سه‌ر باره‌گاكانياندا گرت و له‌ ئيدلب ده‌ريكردن.

حه‌وته‌م: “جه‌بهه‌ى شامى“:

كۆى ژماره‌يه‌ك گرووپ و ميليشيايى چه‌كدارى ئيسلامى و سه‌له‌فى سه‌ر به‌ توركيايه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ (كه‌ته‌يبه‌كانى نوره‌دين زه‌نگى، پاشماوه‌كانى ليواى ته‌وحيد، جه‌يشى موجاهيدين، جه‌بهه‌ى ئيسلامى، گردبوونه‌وه‌ى “فاستقم كما أمرت”، جه‌بهه‌ى ئه‌ساڵه‌ و ته‌نميه‌، پاشماوه‌كانى جوڵانه‌وه‌ى حه‌زم، ده‌يان و سه‌دان گرووپ و چه‌كدار و ميليشياى ئيسلامى ديكه‌).

هه‌شته‌م: “جه‌يشى نه‌سر“:

گرووپى ميليشيايى بچووكن، له‌ ريفى حه‌ما و ئيدلب و لازقه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و هه‌موويان يه‌كيانگرتووه‌ و ناويان له‌ خۆيان ناوه‌ “جه‌يشى نه‌سر“.

رۆژى شه‌ممه‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00)ى ئێواره‌ هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين له‌ ژێر ناوى “ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون” و به‌ بۆمبابارانكردنى شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ ره‌سمى ده‌ستيپێكرد.

ئۆپراسيۆنه‌كه‌ وێڕاى به‌شدارى تانك، زرێپۆش، تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له‌ چه‌كداره‌ ميليشياييه‌كانى “سوپاى ئازادى سووريا” به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سه‌رچاوه‌: بى بى سى

 

سەرچاوەی کوردی: کوردستان 24

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی