"an independent online kurdish website

 ڕژێمى ئێران وەک ترسناکترین ڕژێمى داگیرکەرى دژە کورد و، یەکێک لە دڕندەترین و دواکەوتوترین سیستمى ناو مێژووى مرۆڤایەتیى، هەر تەنها ئەوە نیە کردەوە و ئایدۆلۆژیاکەى وایکردبێت

شەریف هەژاری

کە گەلانى ناوخۆى (ئێران) زەجرى پێوە ببینن، بگرە دڕندەیى و پڕ-مەترسیدارێتیى (پیلان و کردەوە تیرۆریستیەکانیى) ئەم ڕژێمە لە دەرەوەى سنورەکانى خۆشیى دا، بوونى هەیە، بەتایبەت لە باشورى کوردستان دا.

 

پاش زانینى ئەم حەقیقەتانە، چ وەک ئەکادیمیستێک و، چ وەک ئازادیخوازێکى نەتەوەیى، هەمیشە هەوڵم داوە، بەشێکى بۆچون و ئایدیاکان و کتێبەکانم بۆ ڕزگارى نەتەوەکەم لە خۆرهەڵاتى کوردستان و، دژایەتیى کردەوە تیرۆریستیى و دژە مرۆڤایەتیەکانى ڕژێمى ئێران تەرخان بکەم!

 

لەگەڵ ئەوەى بەردەوام زانیومە و دەشزانم، کە ڕژێمى ئێران نەى (لە سێدارەدانە) و، تیرۆرکارى جەستەیى سەدان ئازادیخوازە لە دەرەوەى سنورەکانى خۆشى دا. بەڵام باوەڕى نەگۆڕم بەو ڕاستییە هەبووە، کە: (ئەکادیمیست، نوسەر، ڕۆژنامەنوسان، کوردانى نەتەوەیى و، دادگاکان)ى هەرێم دەبێت هەرگیز لە پیلان و کردەوەى تیرۆریستى هیچ دەوڵەتێکى داگیرکەر سڵ نەکەنەوە، بەتایبەت لە کردەوە تیرۆریستییە بەرفراوانەکانى ئێران لە ناو قوڵایى خاکى باشورى کوردستان دا.

 

هەرچەندە، زۆرجار پێشنیارم بۆ کراوە، کە واز لەو بابەتانە بهێنم کە پەیوەندى بە ئاشکراکردن و خستنەڕوى قەسابخانەکانى ئەم ڕژێمە هەیە دژى کوردانى خۆرهەلات لە ناوخۆ دا و، کردەوە و پیلانە تیرۆریستیەکانى ئەم ڕژێمە لە خاکى باشور دا. بەڵام بیریى ئازادیخوازیى و مرۆڤخوازییەکانم هەمیشە سورترى کردووم لە هەڵماڵینى یەک بە یەکى پیلان و کردەوەکانى ئەم ڕژێمە بەتایبەت دژى کوردانى خۆرهەلاتَ و، پیلانەکانیشى لە ناو خاکى باشورى کوردستان دا.

هەمو ئەمانە وایکرد، منى خامە بەدەستى ئەکادیمیست و ئازادیخواز، بە دور نەبم لە هەڕەشە و، هەبونى مەترسى گەورە لەسەر ژیانم، تا گەشتە ساتێک کە خزمەتچییە تیرۆریستەکانى سەر بەم ڕژێمە لە شەوى (31-12-2017) پیلانێکى تیرۆریستیى لە دژم بگرنەبەر!

ئەلبەتە نایشارمەوە، پێشتر بە چەندین پیلان و نانەوەى (داو) بۆم، هەوڵ دراوە کە ئامانجى خۆیان بپێکن، کە جارێک لە ڕێى سیخوڕێکى ئێرانەوە بەناوى (ڕ ، ه) کە زاواى ئەندامێکى مەکتەبى سیاسیى حیزبێکى زۆنى سلێمانى یە، بە ناونیشانى (خوێندکارى ماستێر)ەوە نێردرا بۆ لام و، ویستیان بە (داو)ى خۆیانم بخەن! بەڵام زۆر زوو بەدواداچونم کرد و، بۆم سەلما کە کەسى ناوبراو (نە خوێندکارى ماستێر)ە و، نە لە (زانکۆ)ش دایە، بەڵکو سیخوڕێکى سەر بە ئێرانە و، بەتایبەت نێردراوە! ئەوەبوو دۆستان و خزم و کەسوکار پەیامیان بۆ ناردبو کە: عاقیبەتى (جاشزادەیى) چۆن دەبێت!!

هەروەها، کەسێکى دیکە کە ماوەیەک ڕۆژنامەنوسى سەر بە تەلەفزیۆنى (ئێن، ئاڕ،تى) بوو، بە بیانووى ئەوەى کە بەرنامەیەکى دۆکیۆمێنتاریان هەیە لەسەر (قاسملو و مەسعود ڕەجەوى)، بەو پێیەى کە (من: وەک شەریف هەژارى) تاکە کەسم کە لە (2008) توێژینەوەیەکى ئەکادیمیم لەسەر (موجاهیدینى خەلق و هەڵوێستى بەرانبەر نەتەوەى کورد 1964-1994) هەیە و وەک (کتێب: هەر لە 2008 چاپکراوە)، لە زانکۆ هاتە لام و، توانى بەشێکى ئەو نامە و بەڵگەنامە نهێنیانەى کە لام بو و خودى کتێبەکەش ببات. بەڵام پاش ماوەیەک لە ڕێى (ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان: کە فەرماندەى کۆنى یەکێتییە) ئاگادار کرامەوە کە کەسى ناوبراو سەر بە (فڵان کەسە لە ناو کنسوڵى ئێران لە شارى سلێمانى) و، دەبێت زۆر وریاى خۆم بم.

چونکە (ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان) هەندێ زانیارى پێ دام کە پێویستە ئاگادارى خۆم بم و، (بەو زەقییە) واز لە هەندێک لەو بابەت و کتێبانەم بێنم کە تایبەتن بە خۆرهەڵاتى کوردستان. منیش لە دڵسۆزى کەسى ناوبراو گەشتم، بەڵام وەک پێم وت: هەرگیز واز لە باوەڕە ئازادیخوازییەکانم بۆ گەلەکەم و ،بەتایبەت بۆ خۆرهەڵاتى کوردستان، ناهێنم!

پاش ماوەیەک دواى ئەو ڕوداوانە، لە سەرەتاى مانگى 12 ى (2017)، ئەندام مەڵبەندێکى یەکێتیى کە ناسراومانە، تەلەفونى بۆ کردم و، پێى وتم، کە: ((مەترسى لەسەر ژیانت هەیە و هیوادارم بابەتەکانت لەسەر ئێران کەم کەیتەوە و ئاگادارى خۆت بیت)).

منیش لە وەڵام دا  پێم وت: ((چۆن ئەزانیت کە مەترسى لەسەر ژیانم هەیە!؟)).

 

ئەندام مەڵبەندەکەى یەکێتیش لە وەڵام دا پێى وتم: ((ئێمە لە ناو مەڵبەند لیژنەى ئەمنیمان هەیە، ئاگادارى هەندێ پیلان و کەیسى ناو شارین!)).

 

لە ڕاستیدا بەکارهێنانى دەستەواژەى (ئێمەى لە ناو مەڵبەند لیژنەى ئەمنیمان هەیە!) زۆر لام هەم غەریب بو و جێى تێڕامان بوو! بۆیە، بیرم کردەوە و وتم: تەلەفونى بۆ دەکەم و ئەیبینم.

خۆم و خزمێکم و، ئەندام مەڵبەندەکە، ڕۆشتین بۆ لاى زەڵم. لەوێ باسى مەسەلەکەم هێنایەوە کایە.

ئەندام مەڵبەندەکەى یەکێتیى پێى وتمەوە: ((وەڵاهى زانیاریى ورد هەیە، ئاگادارى خۆت بە..! ڕەنگە دوو هۆکار وایان کردبێت کە تا ئێستا ئەو کەسانەى کە ئێران بۆ چاودێرى تۆ دایان ناوە کردەوەى تیرۆریستیان ئەنجام نەدابێت، یەکەمیان ئەوەیە: وایان زانیوە تۆ سەر بە یەکێتیى یان گۆڕانیت، دووەمیشیان ئەوەیە کە: تۆ بە چەندین عەشیرەتەوە پێکەوە بەسراویتەوە و ئەکرێت لەوەش وردبوبنەوە و بەئاسانى نەکەوتبیتە بەردەستیان!)).

لە دواى هەمو ئەم ڕوداوانەەوە، کەچى دووجار پیلانى تیرۆریستى ئێرانم پێ گەشت، یەکەمیان لە شەوى (31-12-2017) و، دووەمیشیان چەند ڕۆژێک دواى ئەوە.

هەردوو ڕوداوە تیرۆریستییەکە، سەرەڕاى دەستاوپل و گورجوگۆڵى خۆم، خزم و ناسراو و مرۆڤگەلێکى نەتەوەپەروەر، ڕۆڵیان لە ڕزگارکردنم دا هەبو. هەربۆیە من بە هەنگاوى (یاسایى) خۆم هەستام و، ڕێگاى یاساییم گرتەبەر.

لە دادگاش دا، پارێزەرێکى ئەزموندار خۆبەخشانە کەیسەکەمى گرتە ئەستو، کە ئەویش پارێزەرى ڕاوێژکار (عوسمان ساڵح مەحمود)ە.

سەبارەت بە یەکەم ڕوداوى تیرۆریستى کە شەوى (31-12-2017) بو، پارێزەرى ڕاوێژکار (عوسمان ساڵح مەحمود) بە پشت بەستن بە چەندان بەڵگە، بۆى ساغ بوویەوە، کە تیرۆریستەکانى ئێران لە شەوى (31-12-2017) مەبەستیان ڕفاندنى من بووە لە شارى (هەڵەبجە)وە بۆ شارى (پاوە)ى خۆرهەڵاتى کوردستان و هتد!!

لەم بابەتەدا دەمەوێ زۆر بە ڕاشکاوى ئەوە بڵێم: ئاواتەخوازم دادگا بە ڕۆڵى خۆى هەستێت و، تیرۆریستەکان ئاشکرا بکات. هیوادارم دادگا بێ دەنگ نەبێت هەر وەک ئەو سەدان کردەوە تیرۆریستییەى کە ئێران لە قوڵایى خاکى هەرێم ئەنجامى داون و نزیک بە (هەزار) کەسى لە سەرکردە و کادیر و لایەنگرانى حیزبەکانى خۆرهەڵاتى کوردستان و، کەسانى ئازادیخوازى تیرۆر کردووە. کەچى بۆ تەنها یەک جاریش تیرۆریستەکان بە سزاى (یاسایى) خۆیان نەگەشتوون!

زیاتر لەوانەش، تا ئێستا تەنها یەک بەرپرس لەو (سەرکردانەى پارتیى و یەکێتیى و حیزبە ئیسلامیەکان بە حیزبوڵاى شۆڕشگێڕیشەوە) کە زۆر بە ئاشکرا دەستیان لە تیرۆرى کادیر و لایەنگرى حیزبەکانى خۆرهەلات و، کەسانى ئازادیخوازى باشور هەیە، نەگیراون و، دادگا نەیتوانیوە بە ڕۆڵى (یاسایى) خۆى هەستێت و، سزاى یاسایى کردەوە (تیرۆریستیەکان)یان بدات.

هەربۆیە، هیوادارم دادگا لەم کەیسەى من دا (بە پێى تەواوى بەڵگەکان کە خراوەتە بەر دەستیان) لە تیرۆریستەکانى ئێران بپرسێتەوە و، ئاشکرایان بکات و، سزاى یاساییان بدات!

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئێران بۆ ئەیەوێ جەستەى (خامەکەى من) تیرۆر بکات؟

 

وەڵامى ئەو پرسیارە، بە وەڵامى ئەم پرسیارە دەدەمەوە: چۆن (لە ڕوى زانستییەوە) ئەسەلمێت کە ڕژێمى ئێران ترسناکترین و دڕندەترین ڕژێمە دژى ئاسایشى نەتەوەیى باشورى کوردستان؟

 

1-ڕژێمى ئێران و تیرۆرکردنى دەنگە ئازا و ئازادەکانى ناو باشورى کوردستان، بەتایبەت ئەو نوسەر و ئەکادیمیستانەى کە دژى پیلانە تیرۆریستییەکانى ڕژێمى ئێران دەوەستنەوە، کە لە ڕاپەڕینى ساڵى 1991 ەوە تا ئێستا دەیان نمونە بەردەستن.

2-ڕژێمى ئێران و تیرۆرکردنى (سەرکردە،کادیر،ئەندام و لایەنگیر)ى حیزبەکانى خۆرهەڵاتى کوردستان بەتایبەت و، ئۆپۆزسیۆنى ئێران بەگشتى. بە ڕونى دیارە کێ بو حەوت پێشمەرگەى حیزبى دیموکراتى لە خاکى باشورەوە تەسلیمى ئێران کردەوە، ئاشکراشە کام حیزب بون کە هەردو سەرکردەى دیموکرات (مەنسورى ڕەشە هەورامى) لە دوکان و، (مەنسورى ناسرى)یان لە کۆیە بۆ ئێران تیرۆرکرد. هەروەها سەدان کارى دیکەى تیرۆریستانى سەر بە ئێران، کە زۆر ئاشکرایە بکەرانیان کێن، کە ڕۆژانە لە ناو خاکى هەرێم تەراتێن ئەکەن!

3-ڕژێمى ئێران و کردەوەى خۆتەقاندنەوە و تیرۆریستى لە خاکى هەرێم، لەمەش دا دەیان کارى خۆتەقاندنەوە بەردەستن، کە تیرۆریستەکان لە سنورى ئێرانەوە داخلى باشورى کوردستان بون.

4-ڕژێمى ئێران و ناردنى مادە هۆشبەرەکان بۆ ناو خاکى هەرێم، لە ڕێگاى کەسانى سیخوڕى سەر بە دەزگاى ئیتلاعاتەوە.

5-ڕژێمى ئێران و ناردنى ماددەى بەسەرچو و خۆراکى بەسەرچو بۆ ناو خاکى هەرێم، کە هەفتە نییە دەیان جۆر خۆراک چ لەسەر سنور و چ لە ناو شارەکانى هەرێم نەگیردرێن، کە ڕاستەوخۆ لە سنورە فەرمییەکانى ڕژێمى ئێرانەوە ڕێگەیان پێ دراوە (ئەو خۆراکە بەسەرچوانە) داخلى خاکى هەرێم ببن!

6-ڕژێمى ئێران و ناردنى بەنزین و نەوتى بەسەرچو بۆ خاکى هەرێم، کە هەزاران هاوڵاتى لێى زیانباربون و، چەندان هاوڵاتیى بەهۆیەوە خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان سوتاون و، دەیان خۆپیشاندانى لێ کەوتۆتەوە. نمونەشمان زۆرە کە سنورە فەرمییەکانى ئێران چەندانجار ڕێگەیان بەو جۆرە لە سوتەمەنى (نەوت و بەنزین) داوە بێتە ناو خاکى هەرێمەوە.

7-ڕژێمى ئێران و داخستنى سنورەکان لەسەر هەرێمى کوردستان و، ئابڵوقە خستنەسەر دانیشتوانى هەرێم، بەبێ هیچ بیانویەک!

8-ڕژێمى ئێران و پراکتیزەکردنى سیستمە جاهیلیەتییەکەى لە عێراق دا، تەنها نمونەیەکى بچوکیش بۆ ئەمە دێنمەوە، ئەویش دەرکردنى ئەو یاسایەیە لە پەرلەمانى بەغدا دا، کە کچ لە تەمەنى 9 ساڵى دا بە شوو بدرێت و، پیاو مافى هەبێت چەندین ژن بێنێت.

9-ڕژێمى ئێران و ڕواندنى سیخوڕ و کەسانى وابەستەى خۆى لە ناو حیزبەکانى کوردستان.

 

10-ڕژێمى ئێران و ڕواندنى سیخوڕانى خۆى لە ناو دامودەزگاکانى حکومەت بەتایبەت لە ناو دامودەزگاکانى ئاسایشى هەرێم دا، کە لە ماوەى ڕابردو، بڵاوکراوەکانى هەرێم ئاماژەیان بەوە دا کە چەندین کەس لە ناو ئاسایش دەستگیرکراون، کە کاریان بۆ ئێران کردووە، کەچى دواتر بابەتەکە شاردرایەوە.

11-ڕژێمى ئێران و تەقاندنەوەى پەیکەر و ئارامگاى کوردناسان و ڕوناکبیر مەزنەکانى کورد لە خاکى باشور دا، هەروەک تەقاندنەوەى پەیکەرى (مادام دانیەل میتەران) لە لایەن گروپێکى سەر بە ئێرانەوە لە هەڵەبجە و، فەرمانى تیرۆرکردن بۆ شاعیرى مەزنى کورد (شێرکۆ بێکەس) و، سەدان کارى تیرۆریستى ترى لەم شێوازە!

 

12-ڕژێمى ئێران و گرتنەوەى ئەو ڕوبارە سروشتیانەى کە دەڕژێنە هەرێمى کوردستان و، حساب نەکردن بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان، کە لە ڕابردوو دا چەندین جار  ئاوى هەردوو ڕوبارى (زێى بچوک و سیروان)ى گرتۆتەوە و، بەتایبەت لە سنورى خانەقین ئاوى (ئەڵوەن)ى گرتۆتەوە. ئاشکرایە گرتنەوەى ئەم ڕوبارە سروشتییانە و حساب نەکردن بۆ ڕێکەوتنەکانى ئەم بوارە، لە ساتێکیش دا بووە کە گورزى کاریگەر بەر هاوڵاتیان و ئاسایشى (ئاو)ى هەرێم بگەیەنێت. بەتایبەت لە وەرزى گەرماى هاوین و وەرزى هاتنە بەرهەمى کشتوکاڵ دا (بە پیلانەوە) ئەم ڕوبارە سروشتیانەى گرتوەتەوە بۆ ئەوەى کێڵە کشتوکاڵیەکانى هەرێم وشک ببن. ئاشکرایە چەندین خۆپیشاندان و داواکارى نێودەوڵەتى لە ئێران کراوە، بۆ ئەوەى ئەو ڕەفتارانە بەرانبەر هەرێم نەگرێتەبەر و ڕەچاوى یاسا نێودەوڵەتیەکان بکات، بەڵام ئێران هیچ بایەخى بەو داوایانەش نەداوە و بە ئارەزوى خۆى مامەڵەى لەگەڵ ئەو کەیسەش دا کردووە.

13-ڕژێمى ئێران ئەندازیارى بڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانە، چونکە حکومەتەکەى (نورى مالیکى) کە بەم کارە هەستا، راستەوخۆ لە لایەن ڕاوێژکارانى ئێرانییەوە بەڕێوە دەبرا و پیلانى بۆ دادەنرا.

14-ڕژێمى ئێران و ڕواندنى دەیان (بەناو) ڕۆژنامەنوس و نوسەر و (شەهادەپێدراو!) لە ناو ڕۆژنامە و تی ڤى و زانکۆکانى کوردستان. ئەمەش بە جۆرێک لە زیادبووندان، کە زۆرجار ڕاستەوخۆ گوێبیستى لێدوان و خوێنەرى بابەتەکانى ئەم کەسانەش دەبین لە دژى ئۆپۆزسیۆنى ئازادیخوازى ئێران. ئیتر با ئەوەش بوەستێت کە چەندان تەلەفزیۆن و بلاوکراوە لە لایەن ئێرانەوە هاوکارى پەخشیان بۆ دابین دەرێت، وەک تەلەفزیۆنى پەیام و هتد.

15-ڕژێمى ئێران و ئاگرتێبەردانى سنورەکان و، دەشت و کێوەکان و، ڕەز و باخەکانى هەرێمى کوردستان، کە سەدانجار ئەم کارە نامرۆڤانەیەى ئەنجام داوە، بەتایبەت لە وەرزى هاوین دا بۆ وشککردنى ڕەز و باخاتەکانى هەرێم و، سوتماککردنى لەوەڕگاکانى کوردستان.

16-ڕژێمى ئێران و تۆپبارانکردن و بۆمبارانکردنى سنورەکان و ناوچەکانى هەرێمى کوردستان، کە تائێستا چەندان هاوڵاتى مەدەنى شەهید و کەم ئەندام بوون.

 

17-ڕژێمى ئێران و هێنانى لەشکر و سوپا بۆ قوڵایى خاکى کوردستان.

 

18-ڕژێمى ئێران و گۆڕینى ئاڕاستەى خۆپیشاندانەکانى هەرێمى کوردستان، کە چەندینجار سەلماوە کە ئێران لە ڕێى سیخوڕ و وابەستەکانى خۆیەوە کەسانێکى لە ناو خۆپیشاندانەکان دا ڕوواندووە کە تەقە بکەن هەم لە هاوڵاتیان لە لایەک و، هەم لە بارەگا حیزبیەکان لە لایەکى ترەوە ، بۆ ئەوەى پیلانى ئاژاوەنانەوە و لێکترازانى کۆمەڵگاى هەرێمى کوردستانى لێ بکەوێتەوە!

 

19-ڕژێمى ئێران و دروستکردنى میلیشیا بۆ ئەوەى هەمیشە هەڕەشەى بەردەوام بن بۆسەر خاکى هەرێکى کوردستان و، پیلانى داگیرکردنى خاکى هەرێم، کە ڕژێمى ئێران لە ڕێى میلیشیاکانیەوە ڕاستەوخۆ لە %51 ى خاکى هەرێمى کوردستانى داگیرکردووە و، بە ئاشکراش قاسمى سولەیمانى بەشدارى لە ئۆپەراسیۆنى داگیرکردنى کەرکوک دا کرد و، لەوکاتەوە تا ئێستا وێنەى خومەینى و خامنەى لە کەرکوک و دوزخورماتو هەڵ کراون!

ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکارى تر دەیسەلمێنن کە ئەجێنداکانى ڕژێمى ئێران لە دژى ئاسایشى نەتەوەیى باشورى کوردستان، ترسناکترین و خەتەرناکترین ئەجێندا و پیلانن.

ئیدى با سەدان پیلانى دڕندانە بوەستێت کە ڕژێمى ئێران لە ناوخۆ دا دژى کوردانى خۆرهەڵات گرتویەتییەبەر، بەمەش ڕژێمى ئێران دەبێتە پڕ-مەترسیترین و خەتەرناکترین هێزى داگیرکار دژى باشور و خۆرهەڵاتى کوردستان و، هەمو تاکێکى کورد بەگشتیى.

کەوابو پێویستە  هەمو ئەکادیمیستێکى شەرەفمەند  و نوسەرێکى ئازادیخواز و نەتەوەیى، سڵ نەکاتەوە لە هەڵماڵینى پیلانە تیرۆریستیە دژە مرۆڤایەتیەکانى ڕژێمى ئێران.

گەر ئەکادیمیستان و نوسەران لە باشورى کوردستان، بە یەکگرتوویى بتوانن دژى کردە و پیلانە تیرۆریستییەکانى ئێران لە خاکى هەرێم دا هەڵوێست دەرببڕن، نە ڕژێمى ئێران دەتوانێ بەردەوامیى بەو کارە تیرۆریستانەى لێرە بدا و، نە دادگاکانى هەرێمیش تا سەر (دەستە وەستاو) دەبن لە ئاست پیلانى تیرۆریستەکانى ڕژێمى ئێران لە خاکى باشور دا.

 

سیخوڕ و شوێنکەوتەکانى ڕژێمى (کۆمارى تیرۆر و سێدارەى ئێران) لە خاکى هەرێم دەبێت زۆرباش ئەو حەقیقەتە بەرجەستەبێت لایان: ئەوەى (هەرگیز-هەرگیز-هەرگیز) کە (شەریف هەژارى) کۆڵى لێ نادات، تاودان و بڵاوکردنەوەى (بیریى ڕزگاریخوازانە)یە دژى دەوڵەتانى داگیرکەرى بەشەکانى خاکى کوردستان و هەمو پیلانێکى تیرۆریستیى. تا هەتاشە تەواوى کردەوە (تیرۆریستیى و ئاژاوەنانەوەکانى ڕژێمى ئێران) و هەمو بیرێکى تیرۆریستى دیکە، هەڵ دەماڵم، تا ڕاماڵین و هەڵتەکاندنى بیریى ئەو ڕژێمە کوردکوژ و ئازادیخواز کوژە و، هەمو ئایدیایەکى تەنگەتیلەى  تیرۆریستیى دیکە!

ڕژێمى ئێران وەک داینەمۆى تیرۆر لە خاکى باشورى کوردستان: دەبێت ئەو حەقیقەتە زۆرباش بزانێت کە بیریى ئازادیخوازیى (من)، لە بنەڕەت دا خولقاوە بۆ (ڕاماڵینى بیریى تەنگەتیلەى تیرۆر و داگیرکارى سەر خاکى کوردستان). کەوابو ئیدى چۆن (بیریى من) لە تیرۆرى جەستەیى (خۆم) دەترسێ!؟

 

چۆن منى ئەکادیمیستى نەتەوەیى، بتوانم فرمێسکى سەدان دایک کە کوڕەکانیان ڕۆژانە لە کۆڵبەریى دا پاسدار دەیانکوژێ، سەدان خوشک کە ئەتک ئەکرێن لە زیندانە دڕندەییەکانى ڕژێمى ئێران، سەدان دایکى ئاوارە کە ڕۆڵەکانیان لە باشورى کوردستان بە دەستى (ئیتلاعات) تیرۆر کراون و دەکرێن، لە یاد بکەم و، هەڵوێستم نەبێت لە بارەى یەک بە یەکیانەوە!؟

 

ئەوەى لە باشور و (بەتایبەت) لە زۆنى سلێمانى دژى ئەو ئەکادیمیست و نوسەرانە دەکرێت کە ئایدیاکانیان بۆ ئازادى و ڕزگاریى گەلانى ژێر چەپۆکى ڕژێمى ئێرانە، لە ڕاستیدا هەم تیرۆرى فکرییە و، هەم تیرۆرى جەستەییشە!

 

یەکەم: تیرۆرە لە ڕوى فکرییەوە، چونکە ئیتلاعات و سیخوڕەکانى سەر بە ئێران خۆیان خزاندۆتە ناو (ڕۆژنامە و گۆڤار و وێبسایت)ەکانەوە و، دەیانەوێت (کلتور)ێک بهێننە کایەوە کە (عەیب و غەریب) بێت ئەکادیمیستێک یاخود نوسەرێک باسى دڕندەیى (کۆمارى تیرۆر و سێدارەى ئێران) بکات و، پیلانەکانى هەڵ بماڵێت!

ئیدى با ئەوەش بوەستێت کە زۆرینەى (ڕۆژنامە و گۆڤار و وێبسایت)ەکانى زۆنى سلێمانى زۆر بە دەگمەن کردەوە تیرۆریستیەکانى ئێران لە خاکى هەرێم باس دەکەن و ئاماژە بە ئەنجام دەرەکەى دەکەن!! زۆر بە دەگمەنیش باس لە (ئەشکەنجە و ئازار و کوشتوبڕییەکانى کوردانى خۆرهەڵات) لە ژێر چەپۆکى ئەم ڕژێمە ترسناکەدا دەکەن! ئەگەر ڕژێمى ئێران ڕاستەوخۆ دەستى سیخوڕانەى لە ناو ئەم (ڕۆژنامە و گۆڤار و وێبسایت)انەدا نییە، ئەى ئیتر بۆچى وایە!؟

دووەم: تیرۆریشە لە ڕوى جەستەییەوە، چونکە دەیان مرۆڤى ئازادیخواز لەم زۆنەدا بە دەستى تیرۆریستەکانى سەر بە ڕژێمى ئێران تیرۆرکراون و، تیرۆریستەکانیش بە هیچ سزایەک نەگەشتون لە خاکى هەرێم دا!!

 

کەوابو، دەیانەوێت وات لێ بکەن کە هەم لە ڕوى فکرییەوە زیندانیى بیى و، هەم لە ڕوى جەستەیشەوە دیل بى و نەتوانى ئازادانە بچیتە هەر شوێن و پنتێکى باشور کە دەتەوێ سەردانى بکەى، کێ لە هێنانە کایەى هەمو ئەم دۆخانە لە خاکى باشورى کوردستان دا، بەرپرسیارە!؟

جێى ئاماژەیە لە پاش 16 ى ئۆکتۆبەرى 2017، کە ڕژێمى ئێران و میلیشیاکانى لە %51 خاکى باشورى کوردستانیان داگیرکرد و، دواى ڕوداوى زنجیرە خۆپیشاندانەکانى ناو خاکى ئێران کە سەرەتاى باهۆزى ڕاماڵینى ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە هەستى پێ کرا، لەو ساتەوە، ڕژێمى ئێران زۆر ترسناکتر هەوڵ دەدات، پیلان و کردەوەى تیرۆریستى دژى شۆڕشگێڕانى کوردى خۆرهەڵات لە خاکى باشورى کوردستان دا چڕ بکاتەوە، بۆ نمونە تەنها لە ماوەى مانگێک دا لە (30-12-2017 تا 30-1-2018)، بە لایەنى کەمەوە ڕژێمى ئێران ئەم کارە تیرۆریستیانەى لە خاکى باشورى کوردستان ئەنجام داوە:

رۆزى 30-12-2017 ئیران چەندین کارى تیرۆریستى تەقاندنەوەى لە زرگویزەلە دانا.

 

شەوى 31-12-2017 لە هەوڵێکى ڕفاندنى تیرۆریستانى سەر بە ئێران، شێلگیرانە ڕزگارم بوو! (شایت حاڵ هەن و، بەڵگەکانیش بۆ دادگا خراونەتەڕو!).

 

رۆزى 7-1-2018، وەزیرى ئیتلاعاتى ئیران هەرەشەى لەو هێزە ئۆبۆزسیۆنانەى خۆرهەلاتى کوردستان کرد کە لە خاکى باشور دان، کە هەمو کارێک لە دژیان دەگرنەبەر!

 

رۆزى 19-1-2018 سوپاى ئیران هاتە ناو سنورى کیلێ ى باشورى کوردستانەوە و، بەبێ حسابکردن بۆ یاسا نێودەوڵەتیەکان، دەستى بەسەر چەندین شوێنى باشور دا گرت!

 

هەروەها لە کۆتایى مانگى دوانزەى 2017 ەوە تا کۆتاى مانگى یەکى 2018، میلیشیاکانى سەر بە ڕژێمى ئێران دەیان کردەوەى تیرۆرکردنیان دژى هاوڵاتیانى کورد لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان ئەنجام داوە. سەدان ماڵى کوردیان لەو ناوچانە سوتاندووە. دەیان کردەوەى ڕفاندن و ئەشکەنجەدانیان ئەنجام داوە و،چەندان کردەوەى (نامۆراڵی) وەک ئەتکى خوشکەکانمانیان لەو ناوچانەدا گرتۆتەبەر.

 –

لە کۆتاییدا، هیوادارم کە دادگا بتوانێت تیرۆریستەکانى کەیسەکەى من  ئاشکرا بکات و سزاى یاساییان بدات!

 

با زەمەن ئاوها بێ و کەشێک خولقابێت کە چەندان سیخوڕى وەک (ن،ک)، کە سێ ساڵ لە هەڵەبجە شۆفێرى ئۆتۆمبێلە (میک-زەمینى)یەکەى قەرارگاى ڕەمەزان بو و، دەستى لە چەندان کردەوەى سیخوڕى-تیرۆریستى دا هەبوە، چاودێرى من بکات!! ڕونە کە من هەرگیز لە دەربڕینى بیریى ئازادیخوازانەم سڵ ناکەمەوە و، ئەم ڕژێمە تیرۆریستییەى ناو ئێرانیش ناتوانێت تا سەر لەسەر کار بمێنێتەوە!! بەم دوو نیوە دێڕەش کۆتایى بەم بابەتەم دێنم:

 

لە کوردستانى ئازاد، هەى داد و بێ داد،

ئەمن دیلم، (ئیتلاعات)یش سەربەست و ئازاد!

 

شەریف هەژارى: مامۆستاى زانکۆى سلێمانى

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی