"an independent online kurdish website

ئەی نیشتمان من چیم بۆ نەکردیت    

گشت تەمەنی خۆمم پێشکەش کردیت

 

مناڵیم

لاویم

پیریم

وەک مۆم بۆ داگیرساندیت

لە قووڵایی دڵمدا لانەم بۆ کردیت

لە سۆمای چاوەکانمدا هەڵمگرتیت

لە توێی ڕۆحمدا پیاسەم پێ ئەکردیت

سەدان جار سنگم کرد بە قەڵغان بۆت

سەدان جار سووتام و هەڵقرچام بۆت

سەدان جار بریندار بووم و خوێنم ڕشت بۆت

بووم بە گۆرەوی پێت

بووم بە پێڵاوی پێت

بووم بە دەسڕی لووتت

بووم بە پژوێنی پشتت

بووم بە کڵاوی سەرت

بووم بە بەتانی و

بووم بە دۆشەکەو

بووم بە سەرین بۆت

من لە بەر خاتری چاوە جوانەکانی تۆ

بە چی نەبووم بۆت..؟

بووم بە گێل

بووم بە شێت

بووم بە قەرەج

بووم بە ئازیزترین هاوڕێی

شیعرو مەی

کەچی تۆ بۆ یەکجاریش

نەبووی بە کزەیەک فێنکم کەیتەوە

نەبووی بە بارانێک تەپوو تۆزی

سەرو ملم پاک کەیتەوە

نەبووی بە گەرمییەک

لە سەرمای شەوێ بمپارێزی

نەبووی بە قومێ ئاو

توینێتیم بشکێنی

نەبووی بە لەتێ نان

برسێتم لە بیر بەری

لە وەتی چاوەکانم

لە ئامێزە ساردو سڕەکەتدا هەڵهێناوە

تۆ خەفەت بوویت و

هاوار بوویت و

ئازار بوویت

من ئیتر لەم دوا دوایی تەمەنەو

بەم کۆچانی دەستمەوەو

بەم پشتی چەماومە

دڵم بە چی تۆ خۆشکەم

تۆ هەر ئاگری و ئەمسووتێنی

هەر هەوری و بێ ئومێدیم بۆ ئەبارێنی

هەر پاییزی و هەڵمئەوەرێنی

هەر مەرگی و ڕەشم پێ ئەپۆشی

من ئیتر وەڕەسم لێت

وەڕەسم لەم باڵاتەو

وەڕەسم لەم ئاڵاتەو

وەڕەسم لەم نیگاتەو

وەڕەسم لەم  ڕوومەتە

دایم گرەژەت وەڕەسم

بە قەد تەڵی مووەکانی قژم

بە قەد گەڵای گشت درەختکان

بە قەد چرکەی گشت سەعاتەکان

لێت وەڕەسم

وەڕەسم

وەڕەسم

ئیتر لەمڕۆوە

من و تۆ

دیدارمان کەوتە قیامەت

تا ئەبەد یەک نابینینەوە

یەک ناگرینەوە

من ئاشقێکی دووڕاو بووم و

تۆش مەعشووقێکی بێ وەفا

تۆ ئیتر لە بەر چاوم ون بەو بڕۆ

ئەتسپێرم بە چارەی خۆت و

بە دێزەیی خۆم و

بە بای بیر چوونەوە

منیش ئەڕۆم و جانتای سەرگەردانیم

پڕ ئەکەم لە یادگارییە تاڵەکانت و

لە گۆرانییە نەشازەکانت و

لە بۆنی جلە ڕەشکانت و

لە سوێری لێوەکانت و

بە گیانی  شەکەتم ئەیانپێچمەوەو

لە گەڵ خۆمدا ئەیانبەم

ئەیانکەم بە کورتە چیرۆک و

بە ڕۆمان و

بە شیعری درێژ درێژو

ئەیانگێڕمەوە بۆ نەوەکانی نوێ و

پێیان ئەڵێم

ئەم نیشتمانە بیسپێرن

بەو خوا

کوێرو کەڕو لاڵە

بەو خوایەی هەر نەهات و

هەر نایەت و

هەر ناشیەت بە هاواری کەسمانەوە

بیسپێرن بە نادیاری و

تووڕەیی غەردو

چەقۆی ژەهر

پێیان ئەڵێم

ئێوو قەرەجن

بێ نیشتمان و خاکن

کۆڵانە ساردەکان

شەقامە ساردەکان

وێستگەی پاسەکان

واگۆنەکان

نیشتمانی ئەبەدی ئێوەیە..!

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی