عەفرین شارەکەی چاو نەترسی کوردستان
دەستە ئەوین لە ملانەکەی کۆبانی
سەربەرز و ەکوو ئاگریی گەورە وبچوک
مەڵبەندی کچ و کوڕانی بەوەج و کێو ئاسا
شاری فرمێسک و ھیوا و شوێنی قەڵافەتی
کەڵە مرۆڤەکانی دوژمن تەزێن
مناڵە کانت کردە قوربانی بۆ زیندوو کردنەوەی
ھەموو دۆزی ڕەوای کوردستان و کورد
عەفرین تۆ و ھەموو شار و دێیەکان و دەشت و
چیاکانی کوردستان کەوتونەتە بەر داگیرکردن
لە لایەن چاو و گیرفان و بیر ومێشک برسی و
بە خوێنی کورد تینووەکان و ڕەگەزپەرەست و دوژمنە ناوچە و
دەرەکیەکانی ئەم زەنجیرە تاوانە مێژووییە کە
لە کۆنەوە ھەبووەو ھەیە و دەبێ .
بەڵام عەفرین خاکە سەرقافڵە رووسوورەکەن
وەک کۆبا نی و شنگال و ئامێد و سەردەشت
وەک ھەڵەبجە و سابڵاخ و سنەی خوێناوی
ئەتۆ ئەی عەفرین رەمزی بەرخۆدانی
شاری ھاوشانی ھۆلاکۆ بەزێنی نیشتمانیی کوردستانیانی
دەنگی وڵاتی یان کوردستان یان نەمانی
ڕەنگی ھەموو کرمانج وسۆران وگۆران و زازا و
ھەرکی وشکاک و کەڵھوڕ و بارزان و بادینان و
ھەورامان و گشت باکوور و باشوور و خۆرئاوا و
خۆرھەڵاتی کوردستانی.
عەفرین با بە ئەدەب و ڕێز و ناخ ھەژاوەکەم لە حاست گڵکۆی ھەموو ئەو
مناڵانەی کە بە گوللە و بۆمب و تۆپی داگیرکەرانی
کوردستان ،گیان وژیان و ژینگە و کتێب و قەڵەم و قوتابخانە و مامۆستایان پێ ڕەوا نەبینرا ،بەژنێخۆ بچەمینم.
عەفرین دەگری خوێن دەگری بەڵام بۆ ئازادی
کوردستان و کورد سەربەست و سەبەرز رۆڵەکەی
کەم دەژیی و کەڵ دەژیی.
حەمە حەریری