"an independent online kurdish website

زۆر بەداخەوە ئەوجارەیان دەستی تاوان گیانی هاوڕێی خۆشەویست و تێکۆشەری دێرین، کاک قادر قادری کردە ئامانج و شەهیدی کرد.

 پێویست بە خۆ ماندوو کردن ناکات و هەموو کەس دەزانێ دارێژەر و بەڕێوەبەری ئەو تێرۆرە کۆماری ئیسلامیە، بەڵام وەک زۆر کەس دەڵێن ئایا “ماشێنی تێرۆری” کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردۆتەوە؟

بە پێچەوانەی بیر و بۆچۆنی هەموو دۆستان، ئاشی تێرۆری کۆماری ئیسلامی هیچ کات تەنانەت بۆ ساتێکێش لە گەڕان و لە هاڕین نەوەستاوە بەتایبەت بۆ جەستەی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات.

زۆر بەداخەوە زۆر کەس تەنها پەڕپەڕ بوون و هەڵوەرینی گوڵەکان دەبینێ و کەس باسی ژاراوی بوونی کانیاوەکان ناکات!!

 کەس نیە باسی بڕین و قەڵت و بڕی داربەڕوەکان بکات!!

هیچ کەس نیە ئاوڕ لە سووتان و قەقنەس بوونی زەوی و دار و بەردی کوردستان بداتەوە!!

 کوشتنی کۆڵبەران بەردەوامە، جەستەی دایکی نیشتیمان تێرۆر کراوە، زمانی کوردی بڕدراوە، پەتی قەنارە بەردەوام بۆ تێکۆشەری کورد هەڵخراوە، بێکاری و گرانی بینەقاقای گەلی کوردی گرتووە، بۆمەلەرزە لێدراوەکان لە برسان و لە سەرمان ڕەق هەڵاتن، لێرەوارەکانی کوردستان بە ئانقەست دەسووتێندرێن.

زۆر کەس هەر ئەوە دەبینن کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە تێرۆری جەستەیی کردۆتەوە ئەگەر ئێران لەو ماوەیەدا کە وەک دەڵێن ماشێنی تێرۆری بە ئاشکرا خامۆش بوو بەڵام خەریکی تێرۆری سپی بوو، خەریکی ژێنۆسایدی لاوان و خەڵکی ڕۆژهەڵات خەریکی لەتکردن و پەرتەوازە کردنی هیزە سیاسیە ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵات بووە، ئەوە زیاتر لە ٢٥ ساڵە بە بێ کەمترین نرخ هەموو هێزە کوردیەکانی لە قەفەس کردوە.

هەرکاتێک دەستی ڕەشی  تێرۆری کۆماری ئیسلامی دەگاتە جەستەی عازیزێکمان و هەڵیدەوەرێنێ زۆرینەی خەڵک کێ بەرکێی ئەوەیانە کە کامەیان خێراتر هەواڵی شەهید بوونەکەی یان ئاگاداری ئەو لایەنە بڵاو کاتەوە کە خۆی بە خاوەنی شەهیدەکە دەزانێ، کەس نیە باس لە کاکڵی مەسەلەکە بکات!!

کەس نیە بە ڕێبەری ئەو حیزبانە بڵێ ئەویە ئاکامی دابڕینی هەڵۆ لە لۆتکە و نیشتەجێ کردنی لە نێو وێرانە و کەلاوەکاندا!!

کەس ناپرسێ بۆ دیسان لە دەست دانی عازیزێکی دیکە؟ بۆ کوێر بوونەوەی کانیاوێکی دیکە؟ بۆ بڕانەوەی داربەڕوویەکی دیکە؟ بۆ کووژانەوەی چرای ماڵێکی دیکە و شەقامێکی دیکە و بۆ ڕووخانی مەتەرێزێکی دیکە؟؟

کۆماری ئیسلامی کە بە بێ سڵ کردنەوە و بە بێ گوێدان ئەسپی تێرۆری خۆی سات بە سات تاو دەدات و بە کردوە جگە لە ئێران چەندین وڵاتی دیکە بۆ وێنە عێراق، سووریا، لوبنان،یەمەن و فەلەستین بەڕێوە دەبات و کلتوورەکەشی دیارە کوشتن و بڕین و تۆقاندنە، باشووری کوردستانیش هەر لە سەرەتای بەهاری ٩١ی زایینیەوە بەشێکی دانەبڕاو لە دەسەڵاتی ئێران بووە و هەیە و کەوابوو گلەیی لە کێ دەکەی؟؟

ئەوەی کە بەشێک لە خەڵکی باشوور مووچە خۆر و بەکرێگیراوی ئێرانن جێگای گۆمان نیە و جگە لەوەش بەشی زۆری ئەو خەڵکە بەزەیی بە خاک و کەس و کاری خۆی دانایەتەوە چۆن دەکرێ ئێمە چاوەڕوان بین بەزەییان بە ئێمەی ڕۆژهەڵات دابێتەوە؟

بەڕاستی بە بێ موبالەغە دەڵێم ئەوەی چاوەڕوانی هەبێ لە باشوور پارێزراو بێ و ئەمنیەتی هەبێ یان زۆر ساویلکەیە یان ئەلف و بێی سیاسەت نازانێ.

دڵنیام خەبات قوربانی و خوێنی دەوێ بەڵام ئەوە قوربانی دان نیە بەڵکە جۆرێک بە بەفیڕۆ دانی وزە و توانا و لێهاتوویە، ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات و هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات ئەوە زیاتر لە ٢٥ساڵی ڕەبەقە گیانی خۆیان و کادر و پێشمەرگە و عازیزانیان وەک هێلکە لە سەر لەپی دەست دانەوە و کردوویانە بە نێشانە بۆ کۆماری پەت و سێدارەی ئێران.

هێشتا تەرمی پیرۆزی شەهید سەباح سارد نەبۆتەوە کەچی دەبینین کاک قادر تەک و تەنها و بە سواری ماشێنێک لە کوێرە دێیەک دەکەوێتە داوی بە کرێگراوەکانی ئێران!!

 مەبەست لەو قسەیە بە هیچ جۆر کەمکردنەوەی ئەو تاوانە نیە، بەڵام بێ موبالاتی و خۆ بە کەم زانین هەتا کەی؟

کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا دەڵێ ئێمە شەڕی نەیار و دژبەرەکانی خۆمان لە دەرەوەی سنوورەکانمان دەکەین و بۆ ئەوە شەڕ بەردەگامان پێ نەگرێ لە شەقامەکانی دەمێشق و بەغدا و هەوڵێر دەیکەین، ئیدی لەوە ڕوونتر؟

 هەتا ئاور نەچێتە نێو دڵی کۆماری ئیسلامی  و هەتا هەناوی دەسەڵاتدارنی تاران هەڵنەقرچێت نەک لەوە باشتر نابێ بگرە هەزار ئەوەندە خراپتر دەبێ دەبێ و دووریش نیە کە هێزە کوردیەکانێ ڕۆژهەڵات بە دەردی موجاهیدین ببات.

بە گواستنەوەی سەنگەرەکان بۆ نێو دڵی ڕێژیم لەوانەیە ڕێژیم نەڕووخێ بەڵام ڕای گشتی نێو خۆی لێ وەزاڵە دێ و ئەوەش هەر ئەو شتەیە کە کۆماری ئیسلامی نزیک بە ٤٠ ساڵە لێی ترساوە و لێی دەترسێ و بەردەوام کاری بۆ دەکات و ئاورەکەی لە خۆی دوور ڕاگرتوە و شەڕی خۆی بردۆتە نێو ماڵی دەر و جیران.

هەموومان دەزانین کە سەردەمی ئێستا وەک دەیەکانی پێشوو واتا هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی نیە و ئێستا ئێران هەموو حەول و تەقەلایەتی بۆ ئەوە بە دنیا بڵێ لە ئێراندا کێشە نیە و ئێران وەک دووڕگەیەکی ئارام نیشانی ڕای گشتی دنیا بدات بۆ ئەوە هەرچی زیاتر ڕۆژئاوا و ئورووپایەکان ئەرخەیان بکات بۆ سەرمایەگوزاری کردنی زیاتر لە ئێراندا هەربۆیە بە دانیشتن لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان کە بەشێکە لە دەسەڵاتی ئێران و خۆ سپاردن بە سیاسەتی قەزا و قەدەر ، ئێران پشوو سواتر دەبێ و هەرچۆنێک حەز بکات و بە شیاو بزانێ هەڵس و کەوت دەکات.

زیاتر لە دوو دەیەیە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کورەدستان لە جیاتی گۆڕینی شێوازی خەبات، خەریکی گۆڕینی شێوازی باشتر و درێژخایەنانەتری نیشتەجێ بوون لە باشوورن و وای لێهاتوە ئینسان نازانێ خەبات دەکەن یان خەریکی دەوڵەتدارین!!

کارەسات ئەوەیە کە بە هەموو حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات خاوەنی بستێک خاکی ڕۆژهەڵات نین کەچی لە باشوور دام و دەزگای کارتۆنیان داناوە.

بابەتی پەیوەندی دار

بەداخەوە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێمۆکڕات قادر قادری لە باشووری کوردستان تێرۆر کرا، ساڵە نەڵۆسی

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی