هەڵبژاردنی تورکیا بۆ جاری دووەم، چەند سەعات پێش ئێستا کۆتاییهات. ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، گۆڕانی چاوەڕوانکراوی تێدا بوو. حزبی کوردان(هەدەپه) لە کەڕەتی دووەمدا بیست کورسی لە کیس چوو.
لە هەشتا کورسی را بووە شەست کورسی. کەچی حزبی ئهردۆغان (ئاک پارتی) شەست کورسی زیادەی بەدەستهێنا. لەو ژمارەیەی حزبەکەی ئهردۆغان، بیست کورسی حزبی کوردانی بۆخۆی راکێشا. چل کورسییەکەی تری لە حزبی مەهەپە راکێشا. ئێستا حزبی ئهردۆغان، بەبێ منەتی دەتوانێت کابینە پێکبێنێت و قانونی سەرۆکایەتیش بێنێتەوە بەر چاوان.
پرسیار ئەوەیە: ئایا کورد بە تێپەڕاندنی %10 بردووتییەوە؟ ئەو سەرکەوتنەی حزبی ئهردۆغان لە کوێوە دابین بوو؟
سەرکەوتنی هەدەپه لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی(80 کورسی) رابردوو، سەرکەوتنێکی گەورە بوو، بەڵام ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستای(60 کورسی)، شکستێکی گەورەیە. بەڵی کورد کارت داخڵبونی پەرلەمانی وەرگرت، بەڵام بەڵام ناتوانێت بە قوەتی جاران هەڵسوڕێت. لە هەڵبژاردنی پێشوو، حکومەتی تورکیا چاوی لە هاوکاری کوردان بوو.
کوردێش پێویستی بە گفتوگۆ و هێنانەدی ئامانجەکانی خۆی بوو. هەربۆیەش کۆمەڵگای کوردستان، بە هەموو توێژەکانییەوە، هەڵوێستێکی مێژووییان نواند و بۆ ئازادی دەنگیان بەخشییە هەدەپه. ئەوە جیا لە هۆکاری سیاسیی کاریگەر لە ناوچەکە، ئەوانەی دەستیان لە رەخساندنی بارودۆخی سەرکەوتنی هەدەپه و رام کردنی ئهردۆغان هەبوو. ئەو هۆکارە سیاسییانە بریتی بوون لە ئەمریکا، هەرێمی کوردستان(بارزانی)، هەڵوێستی دیاری ئۆجەڵان، یەکێتی ئەوروپا، بەرژەوەندییەکانی ئهردۆغان.
ئەگەر کورتی بکەمەوە، هەڵەی هەدەپه لە سیاسەتی هەڵە و وابەستەی پ ک کەوه دێت. قەندیل سیاسەتی خۆی بە ئێران گرێداوە و بە خواستی ئەو وڵاتەش سیاسەتێکی توندی گرتەبەر و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەدەپ، یەکلایەنە دەستی بە شەڕ کردەوە و پەلاماری چەند شارێکیدا. ئەو شەرە بۆ ئهردۆغان نیعمەت بوو، هەر بۆیەش لە سەرەتادا ڕیگایان شل کرد تا پ ک ک بە ئاسانی شەڕ بخاتە ناو چەند شارێک. بە کامیَرای زیندوو دیمەنەکانیان نیشاندەدا. بەمە هەدەپهی بێدەسەڵات کرد و پ ک کی بەدناوتر دەکرد. ئەوە بەتایبەتی لەناو کۆمەڵگای تورکدا کاریگەر بوو. هەروەها کوردیشی لە ئاشتی و کارامەیی هەدەپه بێ ئومێد کرد.
ئهردۆغان توانی کوردان لێکدی بترازێنێت، توندڕۆیی پ ک ک بقۆزیتەوە، شۆڤێنییەتی تورکان سەرکردەیی بکات، قەیرانەکان بە مل کوردان داببڕێت، لە کۆتاییدا دەنگەکانیان کۆبکاتەوە. لەملاوە پ ک ک یەکلایەنە شەڕی دەستپێکرد، بەبێ ئەوەی وەڵام بداتەوە بۆ وای کرد! یەکلایەنەش شکستی شەڕەکەی بەسەر کورداندا سەپاند و رایگرت، بەبێ ئەوەی بڵێ بۆچی دەستیپێکرد و بۆ کام ئامانج رایدەگرێت! ئەمەیە ئەنجامی سیاسەتی وابەستە. پ ک ک، حزبی هەدەپ و دەمیرتاشی نەک گەورە نەکردن، بەڵکو بچوکیشی کردنەوە. ئێستا دەمیرتاش دەتوانێت وەڵامێکی بە جورئەتانەی بۆ ئەم سەرلێشێواویە هەبێت؟ باوەڕناکەم.
پ ک ک بۆی هاتبوو بە ئاشتی، ئامانجەکانی کورد لە باکوور بێنێتەدی. ئهردۆغان ناچار بکات، بێتە ناو پڕۆسەی ئاشتی. کەچی بەدوای سیاسەتی شەڕخوازانەی ئهردۆغان کەوت! لەم سۆنگەیە دەڵێم ئەگەر لە کوردستانی سوریا، پ ی د عاقڵ نەبێت، بەدەست پ ک ک و ئێرانەوە، حاڵی لە هەدەپه شڕتر دەبێت. هەڵبەت هیوادارم وایان بەسەر نەیەت و کوردانی باکووریش دەرس لە شکستی خۆیان وەرگرن.
سەرچاوە: خەندان