Hoppa till innehåll
Hem » میدیای باشور دەوێرێ بڵێ ھەڵبژاردن لە ئێران فۆڕمالیتەیە؟ محەمەد چاوشین

میدیای باشور دەوێرێ بڵێ ھەڵبژاردن لە ئێران فۆڕمالیتەیە؟ محەمەد چاوشین

 

لەکورتە پۆستێکی فەیسبووکدا ، باسی میدیا و حیزبی باشوری کوردستانم کرد کە چەند بایەخ بە ھەڵبژاردنەکانی تورکیا دەدەن و چەند بانگەشە بۆ  هەدەپ دەکەن، بەڵام لەکاتی ھەڵبژاردنەکانی ئێراندا ، لەلای حیزب و میدیاکانی باشور ، کوردی ڕۆژھەڵات چەند بێ پشت و پەنا و تەریک کراوە!.

دیارە لەلای بەشێک لەmihemmed_chawshini
 دۆستان خراپ لێک تێگەیشتنێک ھەبوو ، بۆیە ویستم لێرەدا زیاتر مەبەستەکەم ڕوون بکەمەوە.

 

پێشتر گوتم کە ڕاگەیاندنەکانی باشوور بە چەپ و ڕاستیانەوە بانگەشەیەکی زۆریان بۆ”پاتی دێموکراتیکی گەلان”( HDP) کرد و بوونە بەشێک لە ئەجێندای سیاسی ئەو پارتە کە کارێکی باشیان کرد و دەستیان خۆش بێ.

چونکە وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقی ، نەتەوەیی و نیشتیمانی ، پێویستە ھاوکار و ھاوسۆزی ھەرھێزێکی کوردستانی بین لە ھەرپارچەیەکی کوردستاندا.

 

ئاماژەم بەوەشدا کە ئەگەر سبەی لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵبژاردن بکرێ، (کەلە مانگی رەشەمە، واتا سەرەتاکانی مانگی مارس هەڵبژاردنی پارلەمان-مەجلس-ی ئێران بەرێوە دەچێت)، )ئەو ڕاگەیاندنانە”دەچنەوە ناو قاوغی خۆیان و متەقیان لێوەنایەت و تەنانەت ناتوانن وەکوو میدیاکانی کۆماری ئیسلامیش باسی ھەڵبژاردنەکان و کورد لەو جوغرافیایەدا بکەن؛ کە ئەوانیش نەتەوەیەکی بن دەستن و وەکوو گەلی کورد لەباکور ، بەدەست ڕژێمی ڕەفتارفاشی و دیکتاتۆری مەزھەبییەوە دەناڵێنن!”.

 

گوتیشم کە قسەکردن لەسەر دۆخی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا ”جورئەتی سیاسی” دەوێ. کە من ئەمڕۆکە ئەو جورئەتە سیاسیە لە حیزب و میدیاکانی باشوردا نابینم.

 

لەڕاستیدا ئەمن باوەڕم بەوە ھەیە کە ھەرپارچەیەکی کوردستان ھەلومەرجی تایبەتی خۆی ھەیە، چونکە نیزامی جیاواز بەسەریاندا حاکمە. بەڵام  حیزب و ڕاگەیاندنەکانی باشور حەساسیەتی زۆریان بەرامبەر بە ”ڕۆژھەڵاتی کوردستان”ھەیە و لە بەرنامەکانی خۆیاندا کەمتر ئاوڕ لە مێژووی سیاسی و چەوساندنەوەی نەتەوەیی ئەو پارچەیەی کوردستان دەدەنەوە.

 

ئەوەی کە ئێستا حیزب و میدیای کوردی لە باشور پەیوەست بە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە قسەی لەبارەوە دەکات ، زیاتر بابەتە فەرھەنگی و کۆمەڵایەتییەکانە. بۆنموونە : شانۆی سەرشەقام لە مەریوان ، خۆسووتاندنی ژنێک لە مەھاباد ، ووشک بوونی گۆلی ورمێ و ھتد… دیارە ئەو شتانەش بەرلەھەموان ، میدیای کۆماری ئیسلامی باسیان دەکا و میدیای باشوریش وەکوو سەرچاوە بەکاریان دێنێ.

 

لەڕوانگەی منەوە فاکتەرەکانی ئەو حەساسیەتەی حیزب و ڕاگەیاندنەکانی باشور دیارن ، پێش ھەمووشتێک بە ئاشکرایی و بێ پەردە دەیڵێم کە پەیوەندی ئاڵۆز و  وابەستەیی سیاسی میدیا و حیزبەکانی باشورە بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

 

بەشێک لەدۆستان دەڵێن ”ئەو ئازادییەی لە تورکیادا ھەیە لە کۆماری ئیسلامی دا بەدی ناکرێت”. باشە خۆ ئەو میدیایانەی کە ھەنووکە ئەو کارەی بۆ ( HDP) لە تورکیا دەی کەن ، با بەپێچەوانەوە بڵێن :

”ئەی گەلی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ، نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران نیزامێکی دیکتاتۆری مەزھەبییە ، لەسایەی ئەو نیزامەشدا ، بەڕێوەچوونی ھەر ھەڵبژاردنێک تەواو نمایشی و فۆڕمالیتەیە و بەشداری تیادا مەکەن”.

 

لەو نێوەشدا حیزب و میدیای باشوری کوردستان ،کەرەستە و ھێزی مرۆیی و مادی گونجاوی لەبەردەستدایە کە بتوانێ بەو کارە ھەڵبستێ و ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات.

بەڵام :

بەو ناسینەی کە من  لەسەر حیزب و ڕاگەیاندنەکانی باشوور ھەمە ، ھیچ لایەن و میدیایەک بایی ئەوەندە ”جورئەتی سیاسی” تێدانییە ئەو قسەیە یان پێچەوانەکەی بڵێت. چونکە بەشێکی زۆری ئەو میدیا و حیزبانەی کە  موزایەدەی سیاسی بە باکوری کوردستانەوە دەکەن و سینگ دەردەپەڕێنن و ”ھەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی”مان پێدەفرۆشنەوە ، لەڕاستیدا وەکوو گەمەیەکی شەتڕەنجی وان کە دەستێک لە”تاران”ەوە دەیان جوڵێنێ.

 

بەڵێ ، ئێستاش دەیڵێم :

قسەکردن لەسەر چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ڕیسواکردنی ڕەفتارە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی ، ”جورئەتی سیاسی”گەرەکە کە لە میدیا و حیزبی باشوری کوردستاندا نایبینم!.