لە بنیادێکی خێرمەندان کارم دەکرد. زۆر کەس لە خێرخوازان پێش مردنیان کەلوپەلی نێو ماڵەکانیان پێشکەش بەم بنیاتانە دەکرد. کاتژمێر ٩بەیانی بوو، تەلەیفون زەنگی لێدا، بەپەلە چووم گوشی تەلەیفونەکەم هەڵگرت.
ژنێک لە پشتی تەلەیفونەوە بە دەنگێکی لەرزۆک خۆی ناساند:
– ’ماری ئادەم سۆن’ چەند وشەیەکی دەسەریەک کردەوە، بەڵام من بە سەرڕاستی لێی حاڵی نەبووم، پرسیم:
– ببوورە چت گوت؟
لەسەرەخۆ و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە گوتی:
– گوتم هێندێک جلوبەرگ و کەلوپەلی نێو ماڵم هەیە، وەرن بەخێر بیانبەن! ناوو نیشان ’شەقامی مەلەکە. ماڵی پیران. دیوی ژمارە١٢. ژمارەی تەلەیفونەکەشی دامێ. پاش ئەوەی خانمەکە گوشی تەلەیفونی دانا، لەپڕ تەمی خەم تەواوی جەستەی داگرتم! لەبەرئەوەی دەنگی ئەم ژنە زۆر لە دەنگی دایکم دەچوو! کە ساڵی ڕابردوو پاش چەندین ساڵ دووری لە ڕێگای دوورەوە بە دەنگی بێ هیزو پچڕپچڕەوە بەتەلەیفون قسەی لەگەڵ کردبووم.
چەند چرکە پێش کاتی دیاری کراو، ماشێنی باریم هەڵکرد و بەرەوماڵی پیران لێم خوڕی، ئەم شوێنە لەسەر گردێکی خۆش مەنزەر هەڵکەوتبوو کە بەسەر شار و دیمەنگای سروشت دا دەیڕوانی. هەرکە گەیشتمە جێ، ماشێنەکەم لە شۆێنێک پارک کرد. ئەوسا بە ئاسانسۆڕ بۆ قاتی سێیەم سەرکەوتم، لەوێشەوە هەنگاوم نایە ساڵۆنێکی درێژ و خاوێن، بە ژمارەی دیوەکان داهاتم تاکوو گەیشتمە دیوی ژمارە١٢، بەڵام پاش دیوی ناوبراو لە ئاخری ساڵۆنەکە هاڵێکی خشت و کەوانی جوان سرنجمی ڕاکێشا و بەحەزەوە بەرەو ژووری هاڵەکە هەنگاوم هەڵێنا.
هاڵەکە یەکجار دڵگرو خۆش بوو. چەند دەست قەنەفەی چەرمی بۆ دانیشتن لێ داندرابوو. ڕووکاری دەرەوەی هاڵەکە شووشە بەندێکی گردو کەوانی بوو. چووم لە پێش شوشەبەندەکە بۆ ماەیەکی کورت ڕاوەستام.
وەرزی پاییز و کاتی گەڵارێزان بوو. ئەوێ ڕۆژێ ئاسمان ساماڵ بوو. چیمەن، کاج و سنەوبەرەکان هێشتا سەوز بوون. بەشێک لە ڕەنگی گەڵای دارستان زەردی زەرد، بەشێکی تر سوورێکی کاڵ و ترشی بوون. خۆریش زۆر وەستایانە بەتیشکی زێڕینی تەواوی ئەو جوانییانەی خستبووە ژێر ڕووناکی خۆی و سەد ئەوەندەی دیکە سروشتی رازاندبووە.
من کە هەروا لە پێش شووشەبەندەکە چەقی بووم، بێ ئاگا لە ئەوەی بەدوای چ شتێکدا گەیشتبوومە ئەوێ، لەنەکاو دەنگی کرانەوەی دەرگایەک، تێکەڵ بە خشپەی پێیەکی بێ هێز وەخۆی هێنامەوە کە ئاوڕم دایەوە، دیتم:
پیرەژنێکی باریک ئەندامی تۆزقاڵێک کەڵەگەت کە مووی سەری بەوێنەی بەفری لانواڵان سپی بوو، لەحاڵێکدا چاوی لێڵ و کەم حوکمی دەمن بڕیبوو، بەشک و دوودڵییەوە پرسی:
– ڕەنگە تۆ هەمان ئەو کەسە بی بۆ بردنی کەلوپەلەکان هاتبی؟
منیش بەڕێزەوە وڵامم دایەوە:
– بەڵێ بۆخۆمم! ببورە ’خاتوو ماری’ لەبەر ئەوەی کەمێک لەبەر شووشەبەندی ئەم هاڵە ڕاوەستام، بۆیە وەدرەنگی کەوتم!
ئەویش بەدەم بزەیەکی سەر لێوانەوە گوتی:
– ئابەڵێ منیش وام هەست کرد، ڕەنگە ئێرەت بۆ نەدۆزرابێتەوە، بۆ ئەوەی یارمەتیم دابی، بۆیە هاتمەدەر.
لە ئەو ماوە کورتەدا کە لەگەڵ خاتوو ماری ڕووبەڕوو ببووم، تەنانەت بۆساتێک ڕووم لێ وەرنەگێڕا و چاوم لەسەر هەڵنەگرت، بەڵکوو بەتیشکی نێونگام ڕووانیمە سیمای پیربوو تێکشکاویی و لەقوڵایی دڵەوە گوێم لە دەنگی لەرزۆکی ڕاگرت. دیار بوو پیرێژن لە هەڕەتی جوانیدا زۆر شیرن و لەبەردڵان بووە. چونکە لەگەڵ ئەوەی زۆر ئیختیار و بەتەمەن ببوو، بەم حاڵەش دیسان پیرێکی جوان و خوێن شیرن دەهاتە بەرچاو. نازانم هەر لەخۆڕا هەستی خۆشەویستیم سەبارەت بە ئەم پیرەژنە وەک چرایەک لە دەرووندا هەڵگیرسا! ئەوە نەبێ ئەم هەستەی من شاراوە مابێتەوە، بەڵکوو دیار بوو خاتوو ماریش لە دڵدا هەستی بەسۆزی دەروونی من کردبوو. سابۆیە بەلەفزێکی مێهرەبان و ڕیزدارانەوە دەستی بۆلای دیوەکەی خۆی ڕاداشت و بە هێنانی ناوی کوڕەکەم، گوتی:
– من لەم هۆدەیەدا دەژیم! فەرموو با بچین شتەکانت پێ نیشان بدەم!
خاتووماری بەلەقەلەق لە پێشەوە، منیش بەدوایەوە چووینە ژوور و ڕاستەوخۆ چووە باڵکۆنی پێش دیوەکەی و ڕاوەستا. لەوێ سێ چوار دەست کۆت و شەڵواری خاوێن و چەند جووت پێڵاویی بریقەدار لەسەریەک داندرا بوون. لەحاڵێکدا خاتوو ماری نەیدەویست چاو بۆلای جلەکان هەڵبڕێ، بە قامک ئاماژەی بۆ لایان داو گوتی:
– یەکەم شت ئەم بەرگ و پێڵاوانەن!…
سا ئەوجار چووە دیویی خەوەکەی، دوو تەختی خەو لە تەنیشت یەک دانرابوون. هەر دووکیان ئانتیک و بایەخدار بوون. گوتی:
– دووهەمینیش هۆو تەختە خەوە بە دۆشگ و لێفەو سەرینەوەیە. تکایە بە هەر چۆنێک بۆت دەکرێ زوو لە پێش چاومیان ڕاگوێزە، چونکە چیتر توانای چاو لێکردنیانم نیە! بەدوای قسەکەیدا سووکێک لەسەر ئەم تەختە خەوەی بۆخۆی هێشتبووە دانیشت. پشت دەمن دەسرۆکەیەکی سپی لە گیرفان دەرهێنا و لەسەرەخۆ خەریکی سڕینەوەی فرمێسکی چاوی بوو.
منیش خەریکی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی تەختەخەوەکە و ڕاگواستنی جلوبەرگەکان بووم. ڕاست لەو کاتەدا کە دوایین شتم دەبردە نێو ساڵۆنەکە، دەنگی گریانی خاتووماری بەرز بووە. ئەویش چ گریانێکی غەریبانە و بە سۆز، بەڕاستی گریانەکەی ئەوەندە حەزن و خەمهێنەر بوو، لەجێ ڕەق رایگرتم.
پاش تاوێک وەرسووڕامەوەو بۆ چەند چرکەیەک بە پەرۆشی چاوم تێوەبڕی. خاتووماریش لەم دەمەدا ئاوڕێکی داوە کە منی بەو حاڵەوە دیت، بەپەلە فرمێسکی سڕییەوە، ئەوسا هەستایە سەرپێ، بە لۆژەلۆژ بۆلای من هات و گوتی:
– وادیارە بەتەنیا شتەکانت بۆ هەڵگێڕ وەرگێڕ ناکرێ! وا چاکە منیش بێم یارمەتیت بدەم؟
دیاربوو دڵی پێم سووتاوە، دەنا ئەو تاقەتی شتهەڵگرتن و یارمەتیدانی نەبوو، تەعاروف بوو دەیکرد. منیش بەدەم سوپاسەوە وەڵامم دایەوە:
– نا، خاتوون پێویست بەزەحمەتی تۆ ناکا! فەرموو ئەتو دانیشە، شتەکان سووکن دەتوانم بە تەنیا ڕایانگوێزم! بەڵام دیسانیش پێی چوونەدەرم نەبوو… وەنەبێ، ئەویش بەبێ ورتە و خەمبارانە چاوی تێوەبڕیبووم. لەم کاتەدا ئەوەندە خەم دایگرتبووم، نەمدەزانی چ قسەیەک بڵێم کە ببێتە هۆی دامرکاندنەوەی بڵێسەی ئەم ئاگرەی سەبارەت بەم خاتوونە لە دەروونمدا سەری هەڵدابوو. تەنیا توانیم ئەوەندە بڵێم:
– خاتووماری ژیان سەختە! مرۆڤەکان دەبێ لەبەرامبەر سەختییەکاندا خۆڕاگر بن و هەوڵ بدەن بە چۆک دانەیەن.
ئەویش بەم واتایە قسەکەم ڕاستە، چەند جار لەسەریەک سەری لەقاند، پاش تاوێک ڕامان دەستی درێژکرد بە محەبەتی دایکانە پەنجەکانی بەسەر کاکۆڵم داهێنا و گوتی:
– سوپاس کوڕە باشەکە! وا هەست دەکەم ، لەم ماوە کورتەی ئاشنایی ماندا، ئەم دڵەی من لەلای تۆوە هەستێکی تایبەتی پێ دەگا!؟ سا ئەگەر سەبارەت بەکارەکەت پەلەت نییە، پاش جێبەجێ کردنی شتەکان بگەرێوە، فینجانێک قاوەم لەلا بخۆوە؟ بەڕاستی بە گەڕانەوەکەت زۆر خۆشحاڵ دەبم! منیش بەدڵ داواکەیم سەلماند و بەڵێنم پێدا خێرا بگەڕێمەوە لای.
کەلوپەلەکانم بە ئاسانسۆڕدا بردە خوار. لەوێشەوە بەیارمەتی خێرخوازێک لە ماشێنم بارکردن. ئەوجار بەلەز گەڕامەوە، دیتم دەرگای دیوی خاتوو ماری هەروا ئاواڵەیە، بۆخۆشی دانیشتووە چاوەڕوانیم دەکا. چوومە ژوور لەسەر کورسێک ڕووبەڕووی دانیشتم.
خاتووماری لەپێشدا بەسەلیقەو کارجوانی سەرمیزی چێشتخانەی بەگوڵدانێکی پڕ لە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ، دەورێک شیرنی لەگەڵ دوو فینجان و چادانێک قاوە ڕازاندبووە. دەستی برد بە لەرزەلەرز قاوەیەک بۆمن یەکیشی بۆ خۆی تێکرد. من بێدەنگ بووم، چاوەڕوان بووم خاتوون سەری قسان دامەزرێنی. چونکە نەمدەویست بە هێندێک پرسیاری ناشارەزایانە دڵە ماندوو جەستە شەکەتەکەی بهەژێنم. یەکەم وشەی کە بەسەر زمانی داهات ناوی ’ئوڵف’ بوو. گوتی:
– من و ئوڵف پەنجا ساڵ بوو ژن و مێرد بووین. ئەو پیاوێکی ئاکادێمیک بوو. مەشرەف خۆش و مێهرەبان بوو. ئەو باوکێکی دڵسۆز بۆ منداڵەکان و شوویەکی بەوەفا بۆ من بوو. من وئوڵف لە زانستگا پێکەوە ئاشنا ببووین. زەماوەندی ژیانی هاوبەشیمان حەوتوویەک دوای جێژنی تەواو کردنی زانستگاکەمان بەڕێوەچوو… حەیف و مخابن بۆ ئەو رۆژە خۆشە لە دەست چووانە!… سەت داخ و کەسەر بۆ ئەوەی ناتوانم ئەو رۆژە دەگمەن و لەبیر نەچووانەی ڕابردوو جارێکی دیکە ببینمەوە!..
بەڵێ، شەوی زەماوەندەکەمان لە هۆتێلێک بە بەشداری خزم و ڕەفیق و ئاشنای هەردووک لامان بەڕێوە چوو. من ئەو شەوە لە نێو کۆڕی هاوڕێیاندا ئەوەندە سەرمەست بووم. بە تەواوی ئاگام لەوە بڕابوو کە من تازە بووکم! دەگەیشتمە لای هەر برادەرێکم پیاڵەم لە پیاڵە دەدا و سەرخۆشی بادە بووم.
خاتوو ماری پێکەنی، لەحاڵێکدا دەستی بەپێش دەمی گرتبوو، لە درێژەی قساندا گوتی؛
– شەوی بووکێنیەکەم بێ ئەوەی زاوا بەشوێنم بزانێ یان بۆخۆم ئاگام لەخۆ بوو بێ، بەسەرخۆشی ڕەگەڵ دەستەخوشکێکم کەوتبووم، رۆیشتبووم! لە هەموویان خۆشتر ئەوە بوو، دەستە خوشکەکەم لەبەر قۆشمەیان تاکوو رۆژی دوایی لای ئێوارەیەکی درەنگ وەخت، لە خەو هەڵی نەستاند بووم هیچ! هەواڵی منیشی بەئوڵف نەدابووە کە لەلای ئەوم! پاش ئەوەی وشیار بوومەوە، بە دەست و پێ تێکهاڵاوی و پەلەپەل، هەروا بەجلی بووکێنی یەوە سواری تاکسی بووم و گەڕامەوە ماڵ. هەرکە خۆم بە ژوور داکرد، دیتم:
– ئوڵف بەمووی ئاڵۆزو ڕیشی نەتاشراوەوە، تەلەیفون لەبەردەستدا و چەند رۆزنامەی رۆژانەش لە پێش، بەنیگەرانی خەریکە دەیان پشکنێ…
خاتوو ماری دیسان پێکەنی یەوە و گوتی:
– ئەم دۆست و ئاشنایانەی زیندوون ئێستاش کە ئێستایە وون بوونی شەوی زەماندەکەی منیان لەبیر نەچۆتەوە و زمان بەزمان بەگاڵتە دەیگێڕنەوە…
خاتوو ماری بۆ چەند چرکەیەک بێدەنگ بوو، لەماوەی ئەو بێ دەنگییەدا وام هەست کرد نایهەوێ چیتر نهێنییەکانی ژیانی لەلای منی غەوارە بدرکێنێ، بەڵام من بەدڵ حەزم دەکرد لە ڕازی دەروونی پڕ لەخەمی ئەم خاتوونە زیاتر تێ بگەم، ، هەر بۆیە ڕووم لێناو بە تکا لێم پرسی:
– دەی خاتووماری دوایە چی!؟ تکایە!
سەری هەڵێناو چاوێکی لە چاوم کردو بە نابەدڵی گوتی:
– دوایە چی! زۆری نەخایاند دووگیان بووم و کوڕێکم بوو. دووساڵ دواتریش کوڕێکی دیکەم بوو. بەدوای بوونی منداڵەکانماندا ئوڵف دەهات بە تەواوی من لەبیر بکا! چونکە ژیان و ژیاری ئەو ببوو بە منداڵەکانی و لە ڕادەبەدەر خۆشی دەویستن. حەق بڵێم لە بارەی منداڵاندا لە هەموو بارێکەوە یاریدەی دەدام. بەبێ ماندوو بوون تەرو ویشکی دەکردن، دەی لاواندن و دەی حاواندنەوە… سەیران و سینەما، پارک، باغچەی منداڵان، خلسکێن، ئیسکی و هەڵاتن و… هەر هەمووی وەئەستۆی خۆی گرتبوو. سەرئەنجام منداڵەکانمان گەورە کردن، پێمان گەیاندن. ئەوانیش وەک ئێمە بوون بە خاوەنی ژیانی سەربەخۆ و ژنیان هێنا و منداڵی ژیکەڵانەیان بوو.
من و ئوڵف لە ماوەی ژیانی هاوبەشیماندا ماڵ و دارایییەکی زۆرمان وەسەریەک نابوو، بێ نیاز لە هەموو شتێک بووین. چەند ساڵ پێش، ژن و مێرد هاتینە سەر ئەم باوەڕە تاکوو زیندووین هەرچی دارایی هەمانە بە کوڕ و بنەماڵەکانیان ببەخشین. بڕیارەکەمان بردە سەر و ساڵێک لە ماڵی خۆمان لە نێو کۆڕی بووک و کوڕو نەوەکانماندا بەرێزو حورمەتەوە دەرباز کرد، بەڵام دوای ئەم یەک ساڵە لە نەکاو دەور گۆڕا! کوڕو بنەماڵەکانیان لێمان هەڵگەڕانەوە و دەستیان بە ناسپاسی کرد! ئەوان بەو نیازە پەلەیان بوو کە هەرچی زووتر لەو کاخەی کە بەڕەنجی مێشک و شانمان بنیادمان نابوو، دەرمان پەڕێنن! جابۆیە دەرحەق بە ئێمەی پیر و بێ توانا دەستیان بەبێ حورمەتی کرد و هەر رۆژە بە بیانوویەکی بێ بنەما و پڕوپووچەوە ئازاریان دەداین و خەفەتیان لەسەر خەفەت دادەناین! ئاخرییەکەی ئێمەی ساویلکە و ڕەنجەڕۆ تاقەتمان بڕا و بە پێچەوانەی ویستی خۆمان ملمان بۆ داخوازی ئەوان ڕاکێشا و لە تەواوی ئەو هەموو ماڵ و داراییەی پێمان بەخشیبوون، تەنیا ئەم دوو تەختە خەوە و هێندێک حاجەتی بێ بایەخی بەردەستەی نێوماڵ نەبی، دەنا هیچ شتێکی دیکەیان نەداینێ! ئێمەی ژن و مێردیش ناچار بە دڵشکاویی و پژیوان ڕوومان کردە ئەم شوێنە، واتە خانەی ساڵمەندان و تەریک و دوورەپەرێز ماینەوە… لێرە… لێرە…ش… خاتووماری قسەکەی بڕی و کوڵی گریان لە ئەوکی داما. پاش چەند چرکە بێدەنگی سەرێکی ڕاوەشاند و گوتی:
– لەعنەت لە من! بۆچی بەم قسانە دڵی تۆ نارەحەت دەکەم!
منیش زوو وەجواب هاتم و گوتم:
– نا خاتوون! بەپێچەوانە بێتوو پاشماوەی دەردەدڵەکەی خۆتم بە تەواوی بۆ نەگێڕێیەوە، دەزانم دوایە دڵم ناحەسێتەوە و زیاتر بە پەرۆش دەمێنمەوە!
ئەویش پاش ئیستێک بێ دەنگی سەری هەڵێنا و چاوێکی بە خەمی لێکردم و گوتی:
– بەدوای مەرگی ئوڵف دا، ئەتۆ یەکەم کەسی وەک فریشتەیەک لێم پەیدا بووی و گوێ دەدەیە ئەم نەختە دەردە دڵەی من. هەرچەندەش وەبیر هێنانەوە و گێڕانەوەی ڕابردووی خۆم زۆر بەلاوە تاڵە، بەڵام پێموایە دەم بەستن لە ئاست ئەو مرۆڤانەی لە ژیاندا بەسەرڕاستی هەنگاو بەرز ناکەنەوە، هەڵوێستێکی ناڕەوایە و تەنانەت ئەو کەسە ناڕاستانە جگەرگۆشەی پیاویش بن! با ئەوەش زیاد کەم، من ئێستا ئەوانم لەبیر کردووە و تەنیا بیر لە مەرگی خۆشەویستەکەم ئوڵف دەکەمەوە کە ماوەیەک لەمەوبەر بە یەکجاری ماڵئاوایی لێکردم و لەم دیوەدا بە تەنیای هێشتمەوە…
دیسان خاتووماری خۆی بۆ ڕانەگیراو قسەکەی بڕی و بە دوایدا لە قوڵپی گریانی داوە. پاش تاوێک بەبێ هێزی و دەنگی لەرزۆکەوە گوتی:
– منیش دەمەوێ بەدوای ئوڵفدا بڕۆم! تازە محاڵە بتوانم بەبێ ئەو زیاتر بژیم! ئوڵف هەمووکەسی من بوو، هەمووکەس…! ژیان پاش ئەو بۆ من گورچووبڕ و کەم بایەخە، ئیدی چی دیکە نامەوێ لەسەر ئەم دنیایە بژیم! دیسان بێدەنگ بووە…
منیش لەحاڵێکدا هەروا بە مەبەستی هاودەردی چاوم تێ بڕیبوو، بە هێوڕی گوتم:
– خاتوو ماری خودا سێبووریت بدا! ژیانی مرۆڤایەتی پڕە لە هەوراز و نەوی و کەند و کۆسپ. ئینسانەکان قەت هەست بەوە ناکەن رۆژێک لە رۆژان ئەوانیش دەمرن! هەربۆیەشە هێندە ماڵپەرەست و چاوچنۆکن. ئەتۆ ئینسانێکی خوێندەوار و دنیا دیتووی، نابێ ئاوا خۆت لە پێ بخەی! تۆ دەبێ تا ئەوکاتەی زیندووی بەلێهاتوویی تەنگوچەڵمەکانی ژیان لەسەر ڕێی خۆت لابەری و ڕێگا بۆ پاشماوەی ژیانت خۆش بکەی. هەروەها بە ژیان بسەلمێنی بەبێ کوڕ و کچ و دەوروبەرێش دەتوانی خۆت بەڕێوەبەری. سا هەر لە ئێستاوە بە پاڕانەوە داوات لێدەکەم، ڕێگام بدەی لەکاتی بێکاریدا بێم وەک دایکی خۆم سەرت لێ بدەم. دڵنیابە! بێتوو لە هەر ساتەوەختێکدا تەلەیفونم بۆ بکەی، ئامادەم بەلەز بگەمە لات و هەر خزمەتێک لە دەستم بێ بە دڵ و گیان بۆت ئەنجام بدەم!
خاتووماری بەڕەزامەندێکی تەواو سەری هەڵێناو چاوێکی پڕ لە محەبەتی لێکردم و گوتی:
– کوڕم، من لە ناخەوە و بەبێ پسانەوە حەز بەدیتنت دەکەم، دەرگای ئەم کاولاشە بچکۆلانەیە لەگشت کات و ساتێکدا بەڕووی تۆدا ئاواڵەیە و بەخێر بێی! ئەوسا هەستام. ئەویش بەزەحمەت هەستا و هاتە پێش نێوچاوانمی ماچ کرد. من بە قەولی خۆم وەفا کرد. لەو رۆژەوە تاکوو دوێنێ بێ رۆژ بوێر لە دیویی ژمارە١٢دا سەرم لە خاتوو ماری هەڵێناوە و سەردانم کردووە، ئەوەندەی پێم کراوە پێداویستییەکانیم بۆ جێبەجێ کردووە. ئەویش لەبەرامبەردا بۆم پێکەنیوە، قاوەی بۆ لێناوم، بە لەفزێکی شیرن، بە روویەکی خۆش بیرەوەرییە تاڵ و شیرنەکانی ژیانی خۆی بۆ گێڕاومەوە. سەرەنجام رۆژی ڕابردوو، واتە دوێنێ نوێترین بەرگ و پێڵاوی خۆم دەبەرکرد. هەر وەک بۆ سەرداوەتی خاتووماری و ئاغای ئوڵف بچم، خۆم پۆشتە و ڕازاندەوە! چەپکێک گوڵی مێخەکی سووریش بەدەستەوە چوومە زیارەتی خاتوو ماری! بەڵام ئەم جارەیان نە لە دیویی ژمارە١٢، بەڵکوو لەماڵی یەکجارەکی و هەتاهەتایە! واتە خاتوو ماری بۆلای هەوارگەی ئەبەدی ئوڵفی ئازیزی باری کرد بوو. گەیشتمە جێ و دیتم:
– خاتووماری لەحاڵێکدا کوڵمەکانی بە بۆنەی ئەم کۆچەوە لەخۆشیان سوورسوور لە گوێن سیوێکی سوور هەڵگەڕاوە، بەبێ جووڵە چاوی وێکناوە و لە تەنیشت گڵکۆی ئوڵفی ئازیزی، دەنێو تابووتێکدا بێ خەم و خەیاڵ ڕاکشاوە.
چوومە پێش ڕاوەستام و بۆماوەیەک تێیەوەڕامام، ئەوسا داهاتمەوە بەرێز و حورمەتی تایبەتەوە دەسکەگوڵەکەم لەسەر سنگی دان او پاشەوپاش بەرەو دوا کشامەوە…
نووسینی: سیامەند شێخ ئاغایی
2015/11/04
***