باوک و دایک، خۆشک و برا، خاڵ و مام و پوور و پوورزا و ….. خۆشه‌ویستن، به‌ڵام له ناو ئه‌وانه‌دا یه‌کێکیان خۆشه‌ویستره.
ساڵی (1992) له ترسی ده‌وڵه‌تی ئێران گه‌یشتمه سوید، پاش ماویه‌ک نامه‌یه‌کم له‌لایه‌ن باوکمه‌وه به ده‌ست گه‌یشت، پاش چاکوچۆنی نووسیبووی:
کاکه سه‌عی، وادیاره زۆر گه‌وره بوویی بۆیه ئێمه‌ت فەرامۆش کردووه.
به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و رسته زانیم باوکم دڵی ره‌نجاوه.
نازانم هۆکه‌ی چییه، بۆ من باوکم له لایه‌ک و (دایک و خۆشک و برا، خاڵ و مام و پوور و پوورزا و …..) له لایه‌کیتر بووه و هه‌یه و باوکیشم هه‌ستی به‌وه کردبوو، چه‌ن جارێ که دووبه‌دوو بووین پێی وتم ئه‌و جیاوازییه باش نییه، به‌ڵام هه‌وڵ و ته‌قالا و ئامۆژگارییه‌کانی سه‌باره‌ت به‌و باسه بێسوود بوو.
پاش خوێندنه‌وه‌ی رسته‌ی: کاکه سه‌عی، وادیاره زۆر گه‌وره بوویی بۆیه ئێمه‌ت فەرامۆش کردووه.
نامه‌یه‌کم بۆ نووسی و هۆکاری ئه‌وه‌ی بۆچ نامه‌مم نه‌نووسیوه باس کرد و به‌و چه‌ن رسته گه‌یانمه کۆتایی:
**
باوکم
من عیسا نیم خوا باوكم بێ
من باوكم، خوامه!
سه‌فا و مه‌روای ده‌وری ئه‌وم
پیرۆزترین مه‌رامه.
**
به پۆست‌دا ره‌وانه‌م کرت بۆ سه‌قز، پاش ماوه‌یه‌ک نامه‌یه‌کی باوکم له رێگای پۆسته‌وه وه‌رگرت، پاش باسی ژیانی خۆی و خزمو‌که‌س و دۆست و ئاشنایان، نووسیبووی رۆڵه گیان جارێکی دیکه (تاوانی وه‌ها گه‌وره نه‌که‌ی!)
مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو که نووسیومه (من باوکم خوامه)
منیش نامه‌یه‌کی دیکه‌م نووسی، له نامه‌که‌دا نووسیم من (تاوانم) نه‌کردووه، تۆ (هه‌ڵه‌ت) کردووه و نووسیوته (منت) فرامۆش کردووه.
پاش چه‌ن ساڵ به ته‌له‌فۆن ئاگادار کرام که باوکم مردووه، به بیستی ئه‌و هه‌واڵه نامه‌یه‌کم نووسیی و چوومه ناو ژیانی باوکمه‌وه که به (هه‌ژاری و نه‌داری)، به‌ڵام به‌و په‌ڕی خۆشه‌ویستییه‌وه چۆن ئێمه‌ی په‌روه‌رده کرد و ئه‌و چه‌ن دێڕه‌ی خواره‌وه‌یشم کرد به پاشکۆی نامه‌که:
**
به بۆنه‌ی مردنی باوكمه‌وه
له جهانێكدا كه درۆ سوڵتانه
رییا دادگه‌رێكی به ویژدانه
سه‌روه‌ت و سامان كێش و پێوانه
ده‌مێ ساڵه تۆ
به هه‌ناسه‌ی سارد،
به ره‌نجی بێداد داپۆشراوی!
زۆر له مێژه له گۆڕێكی نادیارا نێژراوی!
ماڵی تازه‌ت لێ پیرۆز،
كه ئێستا له كۆڕی مرۆڤدۆستان
به باده‌ی خۆشه‌ویستی مه‌ست كراوی.
منیش، منیش ئێستا سكۆڵ ئه‌ڵێم به دۆستانم
له شادی ئازادییه‌كه‌ت هه‌ر به ته‌نیا چۆپییه‌وانم!
**
سكۆڵ: سویدیه‌كان له كاتی خواردنه‌وه‌ی (مه‌ی) ئێژن: سكۆڵ- واته به‌خۆشیت.
تێبینی: دوو حه‌وتوو پێش به بۆنه‌ی رۆژی باوه‌که‌وه ئه‌و چه‌ن دێڕه‌ی (باوک) و (به بۆنه‌ی مردنی باوکمه‌وه) له فه‌یسبووکه‌که‌ی خۆمدا بڵا کرده‌وه، به‌ڵام باسی نامه‌که‌ی باوکم و نامه‌کانی خۆم نه‌کردووه.
1/12/2015