Hoppa till innehåll
Hem » كێ لە یەكێتی جیادەبێتەوە؟، رێبوار كەریم وەلی

كێ لە یەكێتی جیادەبێتەوە؟، رێبوار كەریم وەلی

(1) كاتێك لە مانگی نیسانی ساڵی 2000، باوكی رووحیی جەلالیزم، ئیبراهیم ئەحمەد لە تاراوگە كۆچی دوایی كرد، مام جەلال وەك رێبەرێك كە شایستەی خەباتی ئەو بێت،rebwar_weli

تەرمەكەی هێنایەوە سلێمانی و لەوێ بەخاكی سپارد. ئەو رووداوە رەنگبێ زەنگێكی هۆشیاركەرەوە بووبێت بۆ مام جەلال كە ئەگەر ئەو نەبووایە كێ دەیتوانی ئەوە بۆ خەزووری بكات؟ ئایا خەڵكی دیكە هەمان مامەڵەیان لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد دەكرد و ئاوا شكۆدارانە بە خاكیان دەسپارد؟

 

لەو رۆژەوە، بۆچوونی مام جەلال سەبارەت بە كەسوكاری، بەشدارییان لەكاری سیاسی و وەرگرتنی پلەوپایە لە ناو یەكێتیدا گۆڕا (پێشتر بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوە بوو خزم و كەسەكانی پۆستیان هەبێ). وردە وردە كەسە نزیكەكانی تاڵەبانی هاتنە ناو بازنەی دەسەڵاتەوە و لە هەردوولاوە (ماڵی تاڵەبانی و ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد) كەسانێك كە پەیوەندیی خوێنیان هەبوو، لە هەرەمی دەسەڵاتدا جێگەی خۆیان گرت. بەو شێوەیە دوای پتر لە دوو دەیە، یەكێتیش هاتە سەر هەمان رێبازی پارتی و بووە حیزبی بنەماڵە.

 

 پێش نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دووركەوتنەوەی لە كاری سیاسی، دەسەڵاتەكانی ناو یەكێتی لە بازنەیەكی بچووكدا كۆبووەوە و ئەم بازنەیەش وەك دیفاكتۆیەك حوكمی یەكێتی دەكات، بەڵام توانای نوێنەرایەتیی سەنگ و پێگەی مێژوویی یەكێتیی نییە.

 

زۆر كەس كە لەسەر دۆخی یەكێتی دەدوێن، مەسەلەكە لەو لایەڕا تەماشا دەكەن كە جێگرانی سكرتێری گشتی یان باڵی ریفۆرم لە یەكێتی جودا دەبنەوە، بەڵام ئەگەر لە هەوڵ و تەقەلاكانی ئەو باڵە بۆ بەلاداخستنی كێشەكان بە رێگەی كۆنگرە و گفتوگۆوە بڕوانین، دەبینین ئەوە ئەوان نین كە لە یەكێتی جیادەبنەوە، بگرە باڵێك خۆی جیاكردووەتەوە و بەوانەش كە ناڕازین دەڵێ خوا حافیزتان بێت!

 

ئەگەر ئەمجارە جیابوونەوەیەك رووبدات، كە زۆر زەحمەتە یەكێتی بەرگەی ئەوەیان بگرێ، پتر لەوەی جیابوونەوە بێت، تەڕد و دەركردنە نەك جیابوونەوەیەكی ئاسایی. سەركردایەتی یەكێتیش دركیان بەوە كردووە كە باڵی ریفۆرم تەواو نائومێد بوونە و بیر لە دروستكردنی پلاتفۆرمی جیا دەكەنەوە (سەرەتا لەناو یەكێتی و رەنگبێ دواتر لە دەرەوەی یەكێتی).

 

لە ئەگەری دروستبوونی حیزب یان بزووتنەوەیەكی نوێ لەسەر دەستی دكتۆر بەرهەم و كۆسرەت رەسوڵدا، شتێك بەناوی یەكێتی نیشتمانی نامێنێ. مەعلوم نییە سەنگ و قورسایی حیزبەكە چەند و چۆن دەبێ، بەڵام لانیكەم ئەگەر وەك جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفاش نەبێ، لە هی ئەو كەمتر نابێت. ئەو رۆژەی گۆڕان جیابووەوە، مام جەلال و هاوپەیمانیی ستراتیژی بە هەموو هێزییەوە یەكێتییان پاراست. ئەمجارەیان كێ دەیپارێزێ؟

 

ئینجا ئەو حیزبە تازەیە لە كاتێكدا دروست دەبێت كە بەشێكی زۆری هەواداران و دەنگدەرانی گۆڕان و یەكێتی، لە دەرەوەی پارتی و حیزبە ئیسلامییەكان بەدوای ئاسۆیەكدا دەگەڕێن. ئەو حیزبە تازەیە دەتوانێ بە گوتارێك كە دووربێت لە پاشكۆیی یان دژایەتیكردنی پارتی، ببێتە مۆدێلێكی نوێ و چیتر گەنجانی وڵات لە داخی ئەم و ئەو نەكەونە نێو باوەشی پەكەكەوە.

 

كێ یەك دەگرێتەوە؟ 

(2) لە بەرامبەر ئەو واقیعەی كە پاشماوەی یەكێتیش خەریكە دەبێ بە دوو لەتەوە و هاوكات بۆ بەرگرتن بە هەژموونی پارتی بەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیدا، بەردەوام مەسەلەی یەكگرتنەوەی گۆڕان و یەكێتی دێتە ئاراوە و هەندێكجاریش وا بە گەرموگوڕی هێنراوەتە پێش كە وا بزانرێت دوو سێ رۆژی دیكە ئەو دوو حیزبە دەبنەوە بە یەك.

 

ئەگەر لە فاكتەر و هۆكارەكانی جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و دروستكردنی بزووتنەوەی گۆڕان بڕوانین، دەبینین ئەگەر بهاتبایە ئەو جیابوونەوەیە لەسەردەمی مام جەلالیش رووی نەدابا، ئێستا هەر رووی دەدا. چونكە گرفتی سەرەكیی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ مام جەلالدا ئەوە بوو كە دەسەڵات هەمووی لەیەك كەسدا كۆبووەتەوە و دەبێ دابەش بكرێت. دوای مام جەلالیش ئەو حاڵەتە هەر بەرقەرارە! كەواتا ئەگەر باڵی دەستڕۆیشتوو ئامادەیە دەسەڵات و بڕیارەكانی یەكێتی دابەش بكات، دەبێ پێشترێ لەناوخۆی خۆیدا دابەشی بكات (لەگەڵ باڵی ریفۆرم) نەك لەگەڵ دەرەوەی خۆی، سەرەتا رێگە لە پارچە پارچەبوونی زیاتر بگرێ و ئینجا بیر لە یەكگرتنەوە بكاتەوە.

 

بەشێكی زۆری سەركردایەتیی گۆڕان لە كەسانێك پێكدێ كە لەشەستەكانەوە لەگەڵ مام جەلالدا بوونە و باس و خواسی یەكگرتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لای ئەوان زۆر گەرمە. ئەوان پتر لە رووی عاتیفەی مێژووییان بۆ رابردوو سەیری مەسەلەكان دەكەن، بەڵام لە راستیدا بنكەی جەماوەرییان ئەگەر لەسەر هەندێك شتیش كۆك بن، جیاوازن. بۆیە لەئەگەری هەنگاوێكی ئاوادا (كە زۆر زەحمەتە)، تەنیا سەركردایەتییە كۆنەكەی یەكێتی و گۆڕانن كە یەكدەگرنەوە، ئەوەش بۆخۆی باسێكی دیكەیە كە یەكدەگرنەوە، تێكەڵ دەبنەوە یان حیزبێكی نوێ دروست دەكەن. لە خوارەوە و لای جەماوەرەكەیان، ئەوە وا بە ئاسانی روونادات و بگرە كوتلەیەكی ناڕازیی گەورەش پاڵ پێوەدەنێ بۆ دەرەوەی ئەو یەكگرتنە.

 

 

گرێكوێرەكە دەكرێتەوە؟ 

(3) سەردانی جەعفەر شێخ مستەفا بۆ لای نەوشیروان مستەفا و ئەو پەیامەی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئومێد بەخشە. دەكرێ سەردانەكە سەردانێكی ئاسایی و دۆستانە بێت، بەڵام لەهەمانكاتیشدا جۆرێك بێت لە نێوانگیری لە نێوان پارتی و گۆڕاندا. بە حوكمی ئەوەی كە پێگەی شێخ جەعفەر لای بارزانی بەرزە و خۆشەویستە، ترووسكاییەك بەدی دەكرێت كە ئەو پەیامەی نەوشیروان مستەفا، ئاماژەیەك بێت بۆ كرانەوەی دەرگای دیالۆگ و چارەسەری كێشەكان كە چەند مانگێكە بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی پەرلەمان.

 

رێكخەری گشتی لەو پەیامە زارەكییەدا، گەشبینانە دواوە و شتێكی جیاوازە لەو بڕیار و راسپاردانەی كە رۆژانی رابردوو جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەكەی حەددیانە مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە.

سەرچاوە: روداو