"an independent online kurdish website

 21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی جینۆساید لە كوردستان و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵكی كوردستان رۆژێكی گرنگ بوو,


رۆژی دەسپێكی دادگاییكردنی تاوانبارانی جینۆساید بوو لە كوردستان, كە یەكەمجار بوو لە مێژووی ئەم گەلە كەسانێكی تۆمەتبار بە تاوانی گەورە بچنە بەردەم  دادگا لەو پایتەختەی كە بڕیاری كۆمەڵكوژییەكەی لێوە دەرچووە, پرۆسەی دادگاكە لە 21-8-2006 بە دادگاییكردنی تۆمەتبارانی  كەیسی ئەنفال دەستی پێكرد, دادگاكە هەرچەندە ناوخۆیی بوو و پڕ بوو لە كەماسی و لە ئاستی مەزنی تاوانەكاندا نەبوو و لە روی ناساندنی تاوانەكان لە ئاستی جیهانی بێ بەرهەم بوو  وەلێ زۆر بڕیاری گرنگی دا , 4 كەیسی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستانی بە جینۆساید ناساند, بەڵام مەخابن بڕیارەكانی دادگا لە دادگاییكردنی تاوانباران بە تایبەت تاوانبارانی ئەنفال لە كوردستان نەك جێ بە جێ نەكران , بگرە پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران  بە شێوازی جۆراو جۆر دەیانپارێزن و هەندێك جار دەسەڵاتداران پۆستی گرنگیشیان پێ دەدەن, تەنانەت لە حكومەتی ناوەندی و شاری بەغداش كە بڕیاری دەستگیركردنەكەیانی لێوە دەرچووە, ئەمەش وایكردووە لە سەنگ و گرنگی بڕیارەكانی دادگا كەمبكاتەوە, كەس و كاری قوربانیانیش نەك  نەیانتوانیوە سزای ئەو پارت و لایەنانە بدەن كە تاوانباران دەپارێزن,  بگرە  زۆر جار  لە گەڵیاندا سەردانی ئەو لایەنانە دەكەن , ئێمە لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستان (21-8) , كە رۆژێكی گرنگ و پڕە بەهایە بۆ دادپەروەری لە كوردستان داواكارین :

1- تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال و كەیسەكانی دیكەدا هاتووە, بە زوترین كات دەستگیر بكرێن و دادگای بكرێن, وە لە كوردستان وەك تۆمەتباری هەڵاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بكرێت.

2- هاوكات لیستەكانیان بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول , بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە وڵاتانی دەرەوە بگرترێن و دادگایی بكرێن.

3- لە وڵاتێكدا رۆژی دادپەروەری ناچەسپێت كە یاسا سەروەر نەبێت و دەزگای دادوەری و رێكخراوی مافی مرۆڤ بەهێز و دەزگای تایبەتمەندی بەهێزی چاودێریكەر نەبێت, پێویستە هەمووان ملكەچی یاسا بن و تاوانباران لە سزا رزگاریان نەبێت بەرامبەر ئەو تاوانە زەقانەی لە رابردوودا ئەنجامیان داوە, بە تایبەتیش تاوانبارانی تاوانە نێودەوڵەتییە گەورەكانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی .

 

رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید ( Kurdistan without genocide )

تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی (374 رێكخراو( –Koncicc

تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو قەدەغەكردنی چەكی ناوكی(123 رێكخراو( – Ican – Kurdistan

 

21-8-2018

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی