"an independent online kurdish website

چەند پەیڤێکی پێویست:   ئەم چاوپێکەوتنە، بۆیەکەمجار  بەر لە زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لە گۆڤاری خوێندکاری کورد دا بڵاوکراوەتەوە. گۆڤاری ناوبراو، بەهۆی کەم دەرامەتییەوە بە تیراژێکی کەم دەردەچوو و بڵاودەکرایەوە.


لەم سۆنگەیەوە باوەڕم وایە بەشێکی زۆری خوێنەری کورد و بگرە دۆستانی کاک کوردۆش چاویان پێنەکەوتووە. بۆ یادی ئەم ساڵی کۆچی دوایی گیانی پاک و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و خزمەتی وشەی کوردیی هاوبیر کوردۆ ( ١٩٥٠ ـ ٢٠١٦)، بەچاکم زانی جارێکی تر بێ هەڵە و کەمووکوڕی تایپی بکەمەوە و پێشکەش بە ئێوەی ئازیزی بکەم.

چاوپێکەوتنەکە تێروتەسەلە و لەگەلێ ڕەهەندی مێژوویی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە و تیشکێکی هەمەلایەن دەخاتە سەر  کۆمەڵێ بابەت و باسی جۆراوجۆر.

  هەڵۆ بەرزنجەیی ١٤/١٢/٢٠١٨ بەرلین

 

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ د. کوردۆ عەلی دا

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

١  با لە پرسیارە نەریت و باوەکەوە، بەکردنەوەی دەروازەی خۆناساندنتان بە کورتی بە خوێنەر دەست پێ بکەین.

نەریت و باو وایە لە کن منیش خۆشتر دەبوو، گەر ئێوە ئەو ئەرکەتان کێشابا و وەک میوانێک بە خوێنەرانتان ناساندبام ، تا بواری ئەوەم نەبێت بۆخۆم بکەومە خۆھەڵکێشان و بەخۆدا ھەڵگوتن. لێ کە ئێوە نەیکەن، ناچارم خۆم بێمەگۆ. بەر لەھەرشت دەبێت بەوە دەستپێبکەم و بڵێم:
ھێندەی بیرم بڕ بکات و لەو دەمەوە، خۆم ناسیوە، ھەر نێوم (سەروەت محەمەد ئەمین) بووە. دیارە خۆم یادم نییە، لێ لە زاری داک و بابم بیستووە، گوایە شەوی بەفرەزۆرەکەی ساڵی پەنجا، لەگەڕەکی سەرچاوەی زەردیاوا(قەرەداغ) واقەواقم خستۆتە نێو ماڵە جوتێرێکی ڕووت و برسییەوە. پاشان دەرکەوت ئەو شەوە دەکاتە،٢٠/٢/١٩٥٠  لێ ھەر لەودەمەوە، بێ ئەوەی کەس پرسێک بە خۆم بکات، سێ تەوقیان بەتۆپزی لەگەردن ئاڵاندووم: تەنیا بەوەوە نەوەستاون کەبێ پرس و ڕازیبوونی خۆم کردوویانمە عێراقییش و موسڵمانیش، بەڵکە ڕۆژی لەدایکبوونی ئاسایی خۆشم پێڕەوا نەدیتراوە، یەکێکی قەڵب و ساختەیان بەسەردا ساخکردوومەوە. وەک صەدان ھەزار ھاوتەمەنی ھاودەردم ،٧/١ کراوەتە تۆماری ئەو ڕۆژە خەماوییەی تێیدا چاوم بەژیانی کۆیلەیەتی و پڕ چەرمەسەریی نەتەوە داماوەکەمدا ھەڵھێناوە.
پاشان قەدەر بەرەو جیھانی بەرینی نووسینی ڕاپێچکردم، بۆ شوێن ونکێ، نێوی (کوردۆ عەلی) م بۆ خۆ ھەڵبژارد، کە دوور لە ئێستە، نێوی نھێنی سەردەمی حیزب حیزبێنەم بوو. ئێستا ئەم نێوەیانم زاڵترە و زۆر هەن تەنها بەو  نێوەوە دەمناسن.لەسەردانەوەی (هەواری دڵان)مدا،ڕێک کەوتووە،کۆنە هاوڕێ و کۆنە ناسیاوی خۆم، دۆستی خۆیان ڕاسپاردووە،(کوردۆ عەلی) یان پێبناسێنێت،نەیانزانیوە (کوردۆ) هەمان(سەروەتە چاوشین)ەکەی کۆنە دۆست و ناسیاریانە.

٢ـ سەرەتای خۆدۆزینەوەتان لە بواری خوێندنەوە و نووسیندا لە کوێوە دەست پێدەکات؟

ناتوانم تەواو تەواو داوی تاوی سەرەتای دەستدانە خوێندنەوەم دەستنیشان بکەم. ئەوە پرۆسێسێکی دوورودرێژە و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. کۆمەڵێک هۆکار، چەند برایەکی دڵسۆز، پەلکێشیان کردووم و بەو ڕێڕەوەیاندا بردووم. ئەوەی لێرەدا پێویستە پێیلێ بنێم و ئاشکرا دانی پێدا بنێم ئەوەیە کە من سەرەتای هەرزەکاری و لاوی، لەگێژاوی هەڵەشەیی و بزێوی و تەممەڵی و سەرلێشێواویدا، گێنگڵم دەدا. سەرتاسەری ساڵانی قوتابخانەم هەتا بەدەرنرام، یەکێک بووم لە قوتابییە خراپەکان. لە گشت وانەکاندا کۆڵەوار بووم، لێ لە داڕشتن و ڕێزماندا لە گشتیان کۆڵەوارتر ، ئیدی ڕێزمانی هەر زمانێک دەبا،با ببا. بۆیە نەبەخەیاڵی خۆمدا دەهات و نە بەبیری کەسدا، کە من ڕۆژێک لە ڕۆژان ببمە نووسەریش و دکتۆریش لە زمانەوانیدا.

دەگەڕێمەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکەتان. هێندەی یادم بێت، چێژی شیعری کوردیی و شەیداییم بۆ خوێندنەوە و عەوداڵ بوونم بەدووی ئەدەبدا، لە جوامێریی دووکەسەوە چەکەرە و شکۆفەی کرد:

١ـ کوڕێکی قۆشمەی قسە قیتی هەمیشە دەم بە خەندە بووە هاوڕێم، یادی بەخێر نێوی مامۆستا (عەبدوڵڵا ڕەمەزان)بوو. کەشکۆڵێکی نایابی شیعری  کوردیی بۆ خۆی نووسیبووەوە، تەنها بەوە لێمڕازیی نەدەبوو کە کەشکۆڵەکەی وەخوێنم، بەڵکە بە کام و تامیشەوە، هۆنراوە پڕ چێژەکانی بۆ لێکدەدامەوە و گەلەکجاریش بەدەم لاسایی (شوکروڵڵای بابان) ەوە بۆی دەخوێندمەوە:

بەداوە، گرژ و خاوە، یەعنی ئاڵۆزاوە زوڵفەینی

دوو تاوە، دوو سییان و شێوەکەی شێواوە زوڵفەینی

نەک هەر ئەوە، بەڵکە بە تۆپزی ناچاری شەڕشیعریشی کردم و بۆیەکەمجار بۆ تۆڵە و لە داشۆرینی خۆیدا،
شیعرم ڕێکخست، لێ دیارە شیعری بێچێژ و هەرزەکارانە.

٢ـ پورزایەکم کە نێوی (حاجی عەباس) ە،کتێبخانەیەکی ئاوەدانی هەبوو. سەرجەمی دیوانەکانی(قانیع) ی لە تاقە بەرگێکدا جەززوبەند کردبوو، زوو زوو لێم قەرز دەکرد و چێژێکی سەیرم لێدەچەشت و هەرگیز لێی تێر نەدەبووم، تایبەت شیعرە کاریکاتێرەکانی،ئێستاش زۆربەیانم هەر لە بیرە. جگەلەوە هەموو ژمارەی گۆڤارەکانی (پەیام)و(تووتن)و ڕۆژنامەکانی (ژین)و(ژیانەوە)م، هەر لەوماڵە ئاوەدانەدا چنگ کەوت و گشت لە گشتیانم خوێندنەوە.

 

پێموایە ئەو دوو برا جوامێرە، بێ ئەوەی بەخۆبزانن، یەکەم مامۆستای ئەدەبیم بوون و هەر ئەوان بە شیری ئەدەب و زانست مەڵاشوویان هەڵدامەوە و فرچکیاندام و پاشان بڕێک برای دڵسۆزی دیکەش، ئەو ئارەزووە تازە چرۆیەیان تیفتیفە دام. من لە بوونمدا وەکی ئەمەی هەم، سا ئیدی چاکبم، یا خراپ، دروستکراوی دەستی کۆمەڵێک برای بەنرخ و دڵسۆزی خۆمم. هەتا هەم، منەتبار و قەرزارباریانم، بێ ئەوان و کۆمەك و دەستگیرۆیی ئەوان، ئەستەم بوو توانیبام ئاوها چێژ لە ژیان وەربگرم و خۆ بدۆزمەوە و خزمەتێک بە نەتەوەکەم بکەم، دیارە لە حاڵەتێکدا گەر ئەو کەمە نووسینانەم، بپەژێردرێن و بە خزمەتێک لێم قبوڵکرێن.

٣ـ خولیای گەورەتان لە خوێندنەوەدا چییە؟

گەر مەبەستتان لە خولیا، ئارەزوو و چەشی خوێندنەوە بێت، ئەوا لەودەمەوە کە دەستم داوەتە خوێندنەوە، بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیوم و هەر قۆناغەش خولیا و ئارەزوویەکی جوداوازم هەبووە. وەک پێشان گوتم ،سەرەتا لە شیعرەوە تێهەڵچوم، تا زانستگەشم تەواوکرد، زۆربەی کاتەکەمم بە شیعر خوێندنەوە دەبردەسەر و کام شیعر باشبا، بەخۆی دەچووە بەرم. یادمە ساڵانی پاش هەرەسە ئەژنۆشکێن و هیوا هەڵتەکێنەکە، کە برای زێدە ئازیز و مامۆستای هێژام، کاکە شێرکۆ بێکەس لە یەخسیریی و دەستبەسەریی عەجاج و سەبوون و سەرابەکەی ناحیەی (بەغدادی) بەسەردان دەگەڕایەوە،من شایی لە دڵمدا دەگەڕا. زوو زوو سەیران و کۆڕی دانیشتنی سەر کانی و ئاوەکەی (قووڵەڕەش) ی پشت ئەزمەڕمان ڕێکدەخست، ئەو نوێترین شیعری شیرینی خۆی دەکردە لاوک و لانک و خەم و ژان و ئازارە بێکۆتاییەکانی زادەی هەرەسی ڕادەژەنین و دەیلاواندنەوە، بەو دەنگە بەسۆز و هەستهەژێنەی خۆی کۆچ و خەوی چەند ساڵە و بڵباس و دەیان شاکاری دیکەی بۆ دەخوێندینەوە و منیش بەدیارییەوە هەڵدەتووتام و پڕ بە ڕۆح و هەستم چێژی ئەو گەوهەرە نرخدارانەم هەڵدەمشت و ساوائاسایی دەگریام و هۆن هۆن فرمێسکم هەڵدەڕشت.

لێ ئێستەکە بەروبووی شیعر هێندە بۆرکراوە، کە گەلەکجار لە ڕۆژنامەکاندا، لەتەک لاپەڕەی وەرزشدا، لاپەڕەی شیعریش تەرکدەکەم. لەسەروەختی  هاتنە ئەوروپامەوە و لەو دەمەوە دەستمکردە خوێندن و سیاسەتم وەک تەرخانی دووەم هەڵبژارد، ئیدی خوێندنەوەی سەرچاوە سیاسییەکان، بەتایبەت و پلەی یەکەم ڕەخنە لە بیر و ڕێبازی خز و هەڵدێری مارکسیزم لینینزم، بوونە خولیای هەمیشەییم و هەتا هەرەس و ئاشبەتاڵی بیر و بزووتنەوەی کۆمۆنیزم هەرەسی بەدەستمایەی ڕۆشنبیرییم نەهێنا، من بۆ ئەو بیر و بزووتنەوەیە بەئەمەک مامەوە و قەت لە ڕەخنە و نوقورچی ڕەوا بێبەشم نەکرد. هەرچەندە ئێستەکە هەستێکی دوو فاقانەم بەرامبەر بەو بیر و ڕێبازە لەکن ڕسکاوە، لەناخەوە خەمبار و دڵتەنگم بە داڕمانی، چونکە فەرمایشتی وڵاتانی سەرمایەدار و بەرژەوەندپەرستی ئەوروپا سەرکەوت و مەیدانیان بۆ چۆڵ بوو، تا بەکامی دڵ تەراتێنی تێدا بکەن. لە قوڵایی دڵەوە شادم بە داڕمان و هەرەس و ئاشبەتاڵی ، چونکە بیرێکی تۆتالیتێری، مرۆڤ چەوسێنەری، خوێنڕێژی، دەستبڕ، سەرنگرێ بوو، هیچ قسەی بۆ مارکسپەرسست و کۆمۆنیستی مەلابەزێنی کورد نەهێشتەوە و لەدەست فەتوای بێتام و وەڕستکەریان ڕزگارمان بوو.

لەپاڵ سیاسەت و ئەدەبدا، چێژێکی زۆر لە فەلسەفەش دەچێژم، جگە لە فەلسەفەی گریکی کۆن، شەیدایەکی سەوداسەریی بیروبۆچوونە فەلسەفییە بەنرخەکانی سێر(کارل پۆپە)م.

٤ ـ چ نوسەرێکی کورد کاری تێکردوون؟

باشتر وایە بفەرموون چ نووسەرێک کاری تێنەکردوویت! بەبڕوای من مرۆ هەرچی دەخوێنێتەوە، کەم تا زۆر، کاری تێدەکات، بەڵام دوو جۆر کارتێکردن هەن، چاک و خراپ. بۆ نموونە هەیە لە قۆناغێکی تەمەن و بیر و ژیانمدا، بە مامۆستای خۆمم زانیوە و زۆریش کاری تێکردووم، لێ کارێکی نەرێتی، چونکە زێتر جوێن و تەسکبینی و تەنگەتیلکەیی لێوە فێربووم. ئەوەش کارتێکردنە، بەڵام بەبارە دزێو و بەد و خراپەکەیاندا. هەشن گەلەک شتیان لێوە فێربووم، گەر لیستەی نێویان ڕێکبخەم ڕەنگە زۆر درێژە بکێشێت. ئەوانەی بەتامەزرۆییەوە نووسینم خوێندونەوە و چێژ و سوودی زۆرم لێوەرگرتوون، بە پلەی یەکەم ئەم مامۆستا هێژایانەن:

مەسعود محەمەد، هەژار، هێمن، هەردی، شێرکۆ بێکەش، شوکور مستەفا، عەزیز گەردی، سەعید ناکام، عەوڵای حەسەنزادە، عەوڵا پەشێو، کەمال مەزهەر، عەبدولرەقیب یوسف و گەلێکی دی. هەڵبەت دەستڕەنگینی و کارتێکردنی نووسەر، بە کەموزۆری بەرهەمی نییە، بەڵکە بە شێواز و چەشن و زمانی نووسینەکەیەتی. هەر بۆ نموونە شەهید ڕەوف زوهدی تەنها بە تاقە شاکارێ( بۆ لە هەقە کەوتنە تەقە؟)، لە کن من هێندەی تر خۆشەویست و پایە بڵند بوو.

٥ـ خۆتان لە چ خانەیەکی فیکریی و جیھانبینی فەلسەفی دا دەبیننەوە؟


من لایەنی کەم لەم قۆناغەی ژیانم و بەدواوە، ھیچ ڕێباز و فەلسەفەیەک لەخۆ ناکەم بە تەوق و بەتاقە ڕێبازێکی فەلسەفی قنیات ناکەم. جیھان لای من باخچەیەکی ڕەنگینی ھێجگار فراوانی پڕ لە گوڵە، گەرەکمە بەکامی دڵ، تێرتێر پڕ بە سیپەلکەکانم ، بۆنی خۆشی تاقە تاقەی جوانترین گوڵ ھەڵمژم. بە باوەڕ و قەناعەتی من، سەردەمی قۆرخکردن و لەسەرخۆکردنە ماڵی ، تاقە ئیدیۆلۆژییەک، بەسەرچوو. ھیچ ڕێبازێکی فیکری خۆی بەتاک و تەنھا ناتوانێت ببێتە ڕەچەتەی چارەی دەرد و ئازاری میللەتان و گشت زامەکانیان ساڕێژکات. دەروێشگەریی و دەرگە و پەنجەرەی ئیدیۆلۆژی لەسەرخۆ داخستن و ھەڵکوڕمان لەسەرتاقە ڕێچکە و تاقە ڕێبازێکی فەلسەفی، سەرکڵۆمکردنی دەرگا و گرتنی شنەی ھەوای پاقژ و بواری کەشێکی ئازاد و فرەچەشن لەخۆ، بیرەکە کرمەڕێز دەکات. ئەو ئەستێرکەی چیدی جۆگە ئاوی نەڕژێتەسەر، لیخن دەبێت و قەوزە دەگرێت و پاشان بۆگەن دەکات.

نووسین و خوێندنەوەی مێژوو، بۆ پەند و عیبرەت وەرگرتنە لە ھەڵە و ھەڵەشەیی خۆ و کەسان و لایەنەکانی دی. پێموایە چارەنووسی تاڵ و ماڵی وێرانی کۆمۆنیستان ، زایەڵەی زەنگی خەتەر بێت، بۆئەو لایەن و کەسانەی لەخەوی غەفڵەت وەخەبەر نایەنەوە و ھێشتا ھەر دووی تراویلکە کەوتوون.
ئەمە نابێت بە ڕاڕایی و سەرلێشێواوی لێکبدرێتەوە، چونکە من باوەڕم وایە، ھەرچی بیر و فەلسەفەی کەڵکگرە، دەبێت بخرێتە خزمەتی مەسەلەی ڕەوای نەتەوەکەمانەوە. بەر لەھەر شت دێموکراسێتی و کەشێکی ئازاد، وەکی ھەوا و خۆراک بۆ میللەتەکەمان پێویستن. کوردکوشتەی دەستی دیکتاتۆرانە، بۆیە دەبێت لەگشت میللەتێکی دی زێتر دژە دیکتاتۆر و پاسەوانی دێموکراسێتی بێت، چونکە تەنھا لەسایەی دێموکراسێتیدا تروسکەی ھیوایەک بۆ کورد ھەیە. من لە قەناعەتەوە باوەڕم بە دێموکراسێتی ھەیە و پێموایە تەنھا سیستەمێکە کە دەتوانێت کۆتایی بە بەدبەختیی میللەتەکەمان بھێنێت، لێ دیارە مەبەستم دێموکراسێتییەکی ڕاستەقینەی بێ غەل و غەشە، دێموکراسییەکی ماقوول، کە نە لێی داقەپێندرێت و نەبگاتە ڕادەی بەڕەڵایی و ببێتە گاڵتەجاڕیی.


٦باری ڕۆشنبیریی کوردیی، چ لە وڵات و چ لە ھەندەران لە چ پلەیەکدا دەبین؟.

لەو ھەڤپەیڤینەدا کە ڕۆژنامەی «ئاڵای ئازادیی» ھاوینی ١٩٩٦ لە سلێمانی دەگەڵی کردم، باری ڕۆشنبیریی ئەم سەردەم و قۆناغەم بەو سەردەمە شوبھاندووە کە لە مێژوودا بەسەدەمی تاریکی « الفترە المظلمە» نێودەبرێت. لە مێژووی نوێی کورد دا، قەت کورد: « دیارە مەبەستم کوردی باشوورە» ھێندە بواری ئازادانەی نەبووە، بەڵام ئاخ بەدەست مرۆڤەوە بایە، بەدەستی کەسانێکەوە بایە کە سەریان لە سیاسەت، لە خوێندەواریی، لە ڕۆشنبیریی، لە سەدەی ئەتۆم و ساتەلیت و گەیشتنە ئەستێرەکانی دی، دەرکردبا، ئەلیرەم عەقڵ و ئیگرەم بێژرەم ویژدانیان ھەبایە و چیدی ئەو میللەتە بەدبەختەیان نەکردبا ئامڕاز بۆ گەیشتنە ئارمانجی لێڵ و گڵاویان. ئەو پووڵەی بە فیشەک و بۆمبا و تۆقتۆقەی دەدەن و بەسکی برسیی و بەسنگی ڕووت و داچەکاوی ڕۆڵەی کوردییەوە دەنێن، بە نان و قەڵەم و گوڵ و کاغەزیان دابا و منداڵانی بێبەشی کوردیان پێ فێرەخوێندن و خوێندنەوە کردبا و بە شیری کوردایەتی فرچکیان دابان و تۆوی خۆشەویستی و کوردپەروەرییان لە نێودا وەشاندبان، نەک خۆخۆیی و خۆخۆریی و تاقم تاقمێنە . چش لە ژیانی ئەم ھەموو وەچە خێرنەدیتووەی ئەوڕۆ، بەزەییەکیان بەحاڵی وەچەکانی داھاتوودا ھاتبایەوە. لێ صەد حەیف و مەخابن، ئەوانە خەون و ئاواتی پەتی و دوورەدەستن و ھاتنەدییان لەم حاڵ و بارەدا و لەسایەی ئەو دەستە و تاقمانەدا، زۆر ئەستەمە.

دەربارەی باری ڕۆشنبیریی لە کوردستانی خواروودا ، تاڵانفرۆشکردنی ئەو ھەموو کتێبخانە ناوازانەی ئەو خەڵکانەی دەیان ساڵە کتێب کۆدەکەنەوە، قات و قڕیی کتێبی نوێ و نەبوونی گۆڤارێک، ڕۆژنامەیەکی ماقوول، کە نەبووبێتە سەکۆ و بڵندگۆی شەڕەجوێنی حیزبانە، بەدبەختی و نەھامەتییەکە ئاشکرا دەکەن. نووسەران و ڕۆشنبیران، ئەوانەیان کە ویژدان و قەڵەمی خۆیان بە گەنجی قاروون نافرۆشن و نابنە فیقەنەی ئەم تاقمە سیاسییە، یاخود ئەو تاقمەی دی، لانەواز و برسی و نەدارن و دەبێت لە ھەڵپەی بژێو پەیداکردندا بن و سەرقاڵی گیرخستنی کوتەنانێکی بێمنەت بن. لەبارودۆخی ئاوھادا، نووسەری برسیی ھەژبەسەر، چۆن بیپەرژێتە سەر خوێندنەوە و نووسین. تروسکەی کامەھیوا، وزەو تین و گوڕ بەدڵ و ھەستی ناسکی ببەخشێت.

 

لێ لە ئەوروپاشا ھێند گۆڤار و ڕۆژنانە و کتێبی کوردی زۆربوون، کە مرۆ پێڕاناگات گشتیان بکڕێت و وەیانخوێبێت. دیارە لە ڕووی بابەتەوە زۆربەیان لاوازن و نێوەڕۆکێکی بێ پێزو بێ ھێزیان ھەیە.سەرەڕای ئەوەش لە سایەی چاوی زیتی ژەندرمە و یاساوڵی سنوورە سەپێندراوەکاندا، ژمارەیەکی کەمیان لێدەگەنەوە وڵات و ئەوەشی دەگاتەوە، دیارییە و بۆ فرۆشتن دەست نادات، کێ کتێبی گرانبەهای چاپی ئەوروپای پێدەکڕدریت؟ گۆڤار و ڕۆژنامەکان ، کۆششی مەردانەی تاکە کەسانن. بۆیە زۆربەیان میکانیزمی بەردەوامی و خۆڕاگریی و ھەناسەی درێژیان نییە، چۆن پەیدابوون، بەهەمان شێوازی خێرا سەریان تێدەچێت.


٧دیاردەی پەرش و بڵاوی و ژمارە زۆریی ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی ئەوروپا، بەسوود بەخش یاخود زیان بەخش دەبینن؟


بەرلەھەرشت دەمەوێت جەختی ئەو ڕاستییە بکەم و بڵێم دیاردەی ئەو ژمارە زۆریی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییانە لەئەوروپادا، بەشتێکی زۆر سروشتی و ئاسایی دەبینم. ئەمیش قۆناغێکە و تەجرەبەیەک لەژیانی ڕۆشنبیریی و دوورە وڵاتیی. پاش ئەو ھەموو ساڵانەی کپکردن و خامۆشکردن و کلیلەدانی گشت زار و دەنگێکی ئازاد ، لەگشت کوتەکانی نیشتمانە ژێردەستەکەماندا، شتێکی ئاسییە گەر مێرخاسە بەتەنگەوە ھاتووە دڵ پڕ لەژانەکانی نەتەوەکەمان، ئازاری پەنگخواردووی ھەناویان بە ڕۆژنامەیەک گۆڤارێکی تایبەت بەخۆ، دەربڕن و ھەرچی دڵیان دەخوازێت ھەڵیڕێژن.

ھەڵبەت ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەمن ئەو پاشاگەردانی و ھەرکەس بۆخۆییەم پێباشە، نەخێر ؛ دەگەڵ ئەوەشدا کە پێموایە شتێکی سروشتییە و بمانەوێت و نەمانەوێت قۆناغێکە و ھەر دەبێت بیبڕین، لێ گەر بەمن بایە بەدڵ تامەزرۆم گشت ھێز و توانا و بەھرە ژێھاتووەکان یەکخرابان و پێکڕا لایەنی کەم ھەفتەنامەیەکی، سەربەخۆی ، کوردانە و گۆڤارێکی ئازادی ڕێکوپێکی مانگانەمان ھەبایە. زۆری و فرەچەشنیی خۆی لە خۆیدا دیاردە و ئاکامێکی چاکە، بەومەرجەی توخم و چەشنەکانی چاک بن. لێ کورد ھەر بە تەبییەت دژی« زۆر بێ و بۆر بێ» بووە.

نابێت ئەوەش لەیادبکەین کە لەنێو ئەو لێشاوەدا، کۆمەڵێک ئەستێرەی گەشیش ھەڵکەوتوون و ھێشتا ھەر جریوەیان دێت و گەشگەش دەرەوشێتەوە و بڕێکیان مێژوویەک نێوێکیان بۆخۆیان دروستکردووە و ھەقە ھەموومان شانازییان پێوە بکەین و دەستخۆشانەیان لێبکەین، لەوانە ھەر بۆنموونە: مامۆستای کورد، یەکگرتن« کەئێستا بە ھیممەتی چەند ڕۆشنبیرێکی ژێھاتوو لە بەرگ و شێوازێکی ڕێکوپێکتردا بە نێوی ڕەھەند ەوە بڵاودەبێتەوە». ڕابوون، ھەڵوێست و پەیف و ھەنگاو و ھەتاو و گزنگ و گەلێکی دی.
ھەرچەندە بەداخەوە زۆربەی ئەو ھەوڵانە ھیممەتی تاکەکەسیان لە پشتەوەیە و بەھۆی تەنیا باڵیی و پێڕانەگەیشتنی سەرنووسەرەکانیانەوە، پشووکورتیلە و کەم تەمەنن، لێ بێسوود نەبوون و ھەریەکەیان بەشیخۆی و بە پێی توانای خۆی خزمەتی مەسەلەکەیان کردووە، دەنا با بیرێک لە باخچەی ڕۆشنبیریی کوردیی، بێ لەو گوڵیڵکانە بکەینەوە، ئەودەمە دەبینین چەند بێ ڕەنگ و بۆ و چەند سیس و ژاکاو دەنوێنێت.



٨گەلێکت لەو بەرھەمانەی بە زمانی ئەڵمانی لەسەر کورد نووسراون، لەباش و خراپ خوێندووتنەوە. بەدیدی ئێوە ئاڵەمان تا چڕادەیەک لە دۆزی کورد تێگەیشتووە؟

من ئەو نووسینانە دەکەمە دوو دەستەوە: لێکۆڵینەوەکان لە گەشتنامەکان جودا دەکەمەوە گوتارەکانیش لە کتێبەکان. دەمێنێتەوە سەرئەوەی کێ ئەو گوتارە، یاخود ئەو کتێبەی نووسیوە و بە چ مەبەستێک؟ چونکە زڕەزانستکار ھەن بەمز و فەرمانی داگیرکەرانی کوردستان کتێبیان نووسیوە و ڕاستییەکانیان بە ئاشکرا شیواندووە، شاکارەکەی ئەم دوایتەی پرۆفیسۆر فیگل نموونەیەکە بۆ بێویژدانیی و بەکرێگێراوێتی بڕێک لەو زڕە زانستکارانە.

دەنا ھەرچی بە مەبەستی تێکدان و شێواندن و بۆ دڵڕازیکردنی دوژمنانمان نەنووسرابن بوونییان بە باش و سوودبەخش دەزانم، بێ ئەو کتێب و گوتارانە، کێشەی گەورەترین میللەتی بێدەوڵەتی ئەم تۆپی زەوییە، کەنتر دەناسرا و کەمتر لای لێدەکرایەوە. با کارل مای صەد و ھێندەساڵ لەمەوبەر «بەنێوکوردستانی دڕندە» یدا نە نووسیبا، ئێستا کام ئاڵەمان کورد و کوردستانی دەناسی؟.

بە شێوەیەکی گشتیی زۆربەی زۆری ئەو نووسینانەی دەربارەی کورد نوسراون دەچنەخانەی گەشتنامەکانەوە، ئەوانەش کەمترزانیاریی و ھەڵشێلانی بابەتانە و زانستانە دەگرنەخۆ. دیارە گشتیان وەک ھەواڵنامەکەی مۆلتکە و لێکۆڵینەوەکەی ئۆسکارمان و ھەڵشێلانەکەی گیونتەر دێشنەر نیین. جگە لەوانە زۆربەی ئاڵەمانزمانیش خوێندەواری ڕەشۆکین و خەریکی کار و بژێو پەیداکردنی خۆیانن و نایانپەرژێت و نایانەوێت بچنە بنج و بناوانی زۆر مەسەلەی ئالۆزەوە.

خوێندنەوە لای زۆربەیان بۆ خۆخڵافاندن و کات بەسەربردنە. سەرچاوەی زانیارییان دەربارەی ژیان و گەردوون، ڕۆژنامە تووڕەھاتە بێ سەروبەرەکانە و ئەوانیش زێتر هەواڵی ڕۆژانەی پڕوو و پووچ و بێبایەخ  بە شێوازێکی سادە و ساکار و کورت و کلک و گوێکراو ، ڕادەگەیەنن.

ئەوروپی بە گشتی و ئاڵەمان بەتایبەت، کەمتر مەیل و ئارەزووی خۆخەریککردنیان بە مەسەلەیەکەوە ھەیە کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە خۆیان و بەرژەوەندییانەوە نەبێت . بەداخەوە لە تەجرەبەی ئەم بیست ساڵەف ژیانی کولەمەرگیی ئەوروپامدا، بەدەگمەن کەسێکم تووشھاتووە وەکی پێویست، کوردی ناسیبێت، زۆربەی ھەرە زۆری ئەوانەی نێوی کوردیان بیستووە و دەزانن میللەتێکیش بە نێوی کوردەوە ھەیە، قەرزارباری « کارل مای» ن.


٩  سیاسەت بە گشتیی تەوەری ھەرەسەرەکیی نووسینەکانت دەگرێتەوە، نووسەری دوور لە سیاسەت تا چ ئەندازەیەک سەدکەتووە لە جێبەجێکردنی ئەدکی و بەجێگەیاندنی پەیامەکەی؟ ئیلتیزامی فیکری تا چ ڕادەیەک بۆ نووسەر پێویستە؟


کورد بە ڕۆشنبیر و ڕەشۆکییەوە، بە نووسەران و خوێندەوار و نەخوێندەوارانییەوە، سیاسەت بۆتە چارەنووسیان و بە زۆری زۆرداری بەسەریاندا سەپێندراوە، چونکە بواری بێلایەنییان بۆ نەھێڵدراوەتەوە و تێوەگلێندراون . کە جوتێرێکی ھەناسەسارد لە ئاشیانەکەی دەردەپەڕێندرێت و ماڵی کاولدەکرێت، یاخود تفەنگێکی بەزۆر دەدرێتێ و دەکرێتە جاش و پاسەوانی گوندەکان، یانی ھەڵبژاردەی بۆ نەھێڵدرێتەوە و بە تۆپزیی سیاسەتاوی کرا.

ئێمە ھەر کاممان دەگریت، ھەر لەمنداڵییەوە پێوەبووین و نەمانتوانیوە تەنھا تەماشاچی ڕووداوەکان بین و دوورەپەرێز ڕاوەستین، ھیچ نەبێت لە دڵی خۆماندا بەسەرکەوتنی پێشمەرگە و بە بەزاندنی داگیرکەرەکە، دڵشاد و کەیفخۆشبووین. ئەوە کەمترین ڕادەی تێکەڵبوونە بە سیاسەت. نووسەرەکانیشمان ڕۆڵەی ئەو میللەتەن و بە حسێب دەبێت ڕۆشنبیرترین دەستە و تاقمی بن، چما دەشێت ئەوان دوورەپەرێز و دوورە سیاسەتبن؟ دیارە دەبێت ئەوان لە گشت کەس زێتر تێکەڵی سیاسەت بن، ھەتا ئەو ڕادەیەی دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی میللەتەکە و ویژدانی زیندوویی و ڕەقیب بەسەر کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانەوە و ئافەرین و دەستخۆشانە لە ڕەفتاری چاکیان و نەفرەت لەھەڵە و ھەڵنووتانیان دەکەن.
من پێموایە نووسەری نامولتەزیم وەک سەربازێ بێ چەکی بەرەی جەنگ وایە. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: چۆن ئیلتیزامێک و ئیلتیزام بە چییەوە؟ بە بڕوای من نووسەر، گەر نووسەری ڕاسرەقینە بێت، دەبێت ئیلتیزامی یەکەمی بە خامەکسیەوە بێت و خامەکەشی ئیلتیزامێکی پتەوی بە ویژدان و ھەست و ھۆشییەوە ھەیە.

دیارە بەحوکمی کارەکەی و بەزەبری ئاستی بەرزی بیر و ھۆشی پلەوپایەی ڕۆشنبیریی و ئاسۆی فراوانی ھەستی ، دەبێت ئیلتیزامی یەکەمی بە بەھا مرۆڤایەتییەکانەوە بێت و پاڵپشت و پشتگیریکەرێکی شێڵگیری داد و ھەق و ڕاستی و ڕەوایی بێت، پشتیوانی گشت لاواز و غەدرلێکراو و ماف پێشێلکراو و لێقەوماوێک بێت. ئیدی ئەو ماف پێشێلکراوە، کوردی نێودەنێیت، یادەعبایەکی دی، چ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت. گرنگ ئەوەیە نووسەر، نووسەری راستەقینە بێت، پەیامبەری قۆناغەکەی خۆی بێت و پێش کات و سەردەمەکەی خۆی بکەوێتەوە و بەهەستی ناسکی پێشبینی ڕووداوەکان بکات و ڕێبەر و چاوساغی میللەتەکەی بێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا بەشدارییەکی چالاک و ڕاستەوخۆیە لە سیاسەت دا و بەجێگەیاندنی پەیامەکەیەتی بە شێوازێکی ماقوول و سەرکەوتووانە. کەواتە من ئیلتیزامی فیکری بۆ نووسەر بە پێویست دەزانم، گوتم ئیلتیزامی فیکری، نەک ئیلتیزامی حیزبی، لایەنی کەم لەم کات و سەردەمی بارە سیاسییە ئاڵۆز و شێواوەی کورددا، دەنا لەبازنەی نووسەری میللەتەوە، گەوێک دێتەخوار و دەبێتە عەرزوحاڵنووسی حیزبێک و بڵندگۆی لایەنێک و برغوویەک لە ئامێری ئەو ئاشەی بە خوێنی کورد دەگەڕێت.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی