"an independent online kurdish website

یەکەم زیقەی ،  

مناڵێکی لە دایک بووی   

پاش کارەساتی هەڵەبجە  

تێی گەیاندم ؛  

عومری زوڵم کەم دەوام تر ،

لە تەمەنی مێلاقەیە !

••

من لە وڵاتی خەزان و

کوێستانی قین و نەفرەت و

پێدەشتەکانی بێزاری ، بۆتان دەڵێم

لەو مەڵبەندە‌ی لە پڕێکا ،

هێندەی فوو لە چایەک دەکەی

زەماوەند ئەبێ بە پرسە و

قاقا دەبێتە گریان و

ژیان دەبێ بە مردن و

چۆپی دەبێ بە چەمەرو

ڕۆژ دەبێتە تاریکایی و

شەونەم دەبێ بە شۆکەران!

••

بەلای چۆڵگەی غەریبیما،

گوزەر مەکەن!

ئێرە پڕە،

لەئێسک و پروسکی زۆر نازدار

وشیار نەبن کەللە سەرێ،

ئێسقانی بازوو و مەچەکێ

قوڵکەی چاوو چەنەگەیێ ،

پێشێل دەکەن !

••

بەلای چۆڵگەی غەریبیما

گوزەر مەکەن!

ئێرە پڕە ؛

لەچاو ڕەش وگەردەن کێل و

لەش ناسک و لێوبە خەندە!

ئاگانەبن ،

نێرەوە عەشقێکی تووش و

پێدەشتێکی ڕەمز و ڕاز و

مەڵۆیەکی سرتە و چپە و

مەشتێ نیگا و

کۆگایەکی غەمزەو ناز و

خەرمان لۆخێ خۆشەویستی

پێشێل دەکەن !

••

ئێستاش هاوار و سروودی

نەتەوەی نوێی هەڵەبجە هەر ئازادیە :

ئەی ئازادی !

بووکی هیوای گەلەکەم تۆی !

خەڵکی دەڵێن:

گەر وڵاتێك،

شاباشی خوێنت بۆ نەکا ،

لەوێ دەڕۆی !

ئەی لە بەرچی،

لە گەڵ وڵاتی من نامۆی ؟!

 

لەم وڵاتە ، خۆ رۆژ نیە

سەردارێکمان نەچتە سەر دار

خۆ ساڵ نیە؛

تەخت‌نەکرێن ،

چەند‌گوندو شار!

لێرە ؛

هەر زامی گوللەیە

رۆژی سەد جار دەکولێتەوە

لێرە، هەر بارانەی خوێنە‌

نەخشەکانمان دەسڕێتەوە !

 

وەک چۆن دایک

بە کۆرپەوە حەساوەیە ،

وەک چۆن بەهار

بە گوڵەوە ڕازاوەیە ،

وەک چۆن جیهان

لە ئاشتیا

دەبێتە جێی خۆشی وشادی،

کوردستانی جوانی منیش؛

دڵگیرترە بە ئازادی

شیرین ترە بە ئازادی!

 

ک.د.ئازاد

وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی