"an independent online kurdish website

لە دوای خنکانی هەڵەبجە  

سکاڵایەکی درێژم نوسی بۆ خوا  


بەر لە خەڵکی بۆ درەختێکم خوێندەوە

درەخت گریا

لە پەناوە باڵندەیەکی پۆستەچی

وتی باشە کێ بۆت دەبا؟

گەر بەتەمای منی بیبەم

من ناگەمە عەرشی خودا!

بۆ شەو درەنگ فریشتەی ڕەشپۆشی شیعرم

وتی تۆ هیچ خەمت نەبێ

من بۆت دەبەم هەتا سەرێ.. تا کەشکەڵان

بەڵام بەڵێنت نادەمێ خۆی نامەکەم لێ وەرگرێ

خۆت ئەیزانی خودای گەورە کێ ئەیبینێ!؟

وتم سوپاس… تۆ هەڵفرە

فریشتەی ئیلهام هەڵفری و لەگەڵ خۆیا سکاڵای برد

ڕۆژی دوایی کە هاتەوە..

سکرتێری پلە چواری نوسینگەی خوا..

عوبێد ناوێک

هەر لەسەر هەمان سکاڵا و لە دامێنا

بە عەرەبی بۆی نوسیبوم

گەوجە بیکە بە عەرەبی

کەس لێرە کوردی نازانێ و نایبەین بۆ خوا!

شێرکۆ بێکەس

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی