پیلانەکانی رێژیمی خومەینی دوای بە زۆرکەمپنیشین کردنی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەلات کوردستان هەتا انشعاب، لێک جیابوونەوە و دژبەری و بێ اعتمادی.
بەشی چهارم
بەڵێ هەر وەک لە بەشی پێشوو دا باسکرا، ئەم جارەش
کۆماری ئیسلامی بە هاوکاری هێزەکانی باشوور توانی هەنگاوێکی زۆر گرینگ دژی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بچێتە پێش و بەو چەشنەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن شەڕی پێشمەرگەکان بە دژی دادگیرکاری، لە کۆڵ خۆی بکاتەوە و هێزەکانی ڕۆژهەڵات بە تەواوی کەمپنشین و چالاکییەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر سنووردار بکا. تا جێبەجێکردنی ئەم پیلانەش، کادر و پێشمەرگەکان بە تەواوی کەمپنشین نەببوون. لە بەر ئەوەی کە کادر و پێشمەرگەکان لە ساڵدا لانی کەم شەش-حەوت مانگ هاتوچووی ناوچەیان هەبوو و کار و خەباتی سیاسی و نێزامییان دەکرد. لەو چەند مانگەش کە لە کەمپەکاندا دەمانەوە، خەریکی ئاموزش و پەروەردەکردنی خۆیان دەبوون و کەسیان مافی کار وکاسبی وەک خەڵکی سڤیلیان نەبوو و تەواووەخت لە خزمەتی جووڵانەوەکەیاندا بوون. هەموو بیر و هزری کادر و پێشمەرگەکان لەو چەند مانگەشدا هەر ئەوە بوو کە چوون خۆیان لە باری سیاسی و نێزامییەوە تەیار بکەن و کەی دەتوانن لە یەکمین دەرفەتدا دیسان بچنەوە بۆ ناو خەڵکی خۆیان و دژی دوژمن و داگیرکەر خەبات بکەن. بەڵام مخابن دوای نەچوونی کادر و پێشمەرگەکان بۆ ناوخۆیی وڵات و دژواریی ژیانی کەمپنشینی، ئیدی بێ هیوایی و بێ کاری دەستی پێکرد. ئەگەر ئێمە بۆ ساتێک دیمەنی ئەو کات بهێنینەوە بەر چاوی خۆمان کە ئەو هەموو کادرو پێشمەرگەیە گەنج و بە بیروباوەڕە کە بە هیوای رزگاریی گەل و نیشتمان چەکیان هەلگرتبوو و چەندین ساڵ وەک پالەوان و هەڵۆی بەرزەفرێ سەر چیاکانی کوردستان بە ئازادی ژیابوون و بڕیار لە سەر کار و خەباتیان بە دەستی خۆیانەوە بوو، کە چی ئێستا بێنی لە کەمپێکدا زیندانی و بێکاریان بکەی، بزانە چەندە ناخۆشە! بەڵێ، کۆماری ئیسلامی پێشتر هەموو ئەم حساباتانەی کرد بوو. ئەوەی ئەم حساباتانەی نەکردبوو، ئێمەی فەقیر وکورتبین بووین. لەو کاتانەدا بوو کە بێ-قاسملوویی و شەرەفکەندیبوون لە بزوتنەوەی ڕۆژهەڵاتدا زۆر دیار بوو و قسەکانی قاسملوو لە مێشکی مرۆڤدا دەزرنگایەوە کە دەیگۆت نابێ پشت بە کەس ببستین بێجگە لە شاخەکانی کوردستان. رێژیمی ئێران دوو هەنگاوی زۆر گرینگ چووە پێش و پیلانەکانی جێبەجێ کرد و خۆی لە شەڕێکی زۆر سەختی لە گەڵ هێزی پێشمەرگە رزگار کرد.
دوای ئەم دوو هەنگاوە، ژووری فکری و هەموو تیمەکانی عەمەلیاتی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەوە بۆ هەنگاوەکانی دیکەی دژی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەر هەتا دوێنێ زۆرترین پیلانەکان دژی هێزی پێشمەرگە و رێبەرانی بزوتنەوەی کوردستان بوو، بەڵام دوای کەمپنیشینی و تیرۆری بە کۆمەڵی پێشمەرگەکان، ئەو جاردەستیان بە جێبەجێکردنی چەند خاڵی زۆر خەتەرناک و ستراتێژیک کرد. ئەوان بە باشی ئاگاداری وەزعی دەروونیی پێشـمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لە نێوخۆی کەمپەکان لە باشووردا بوون و دەیانزانی چی لە کەمپەکاندا دەگوزرێ. بۆیە دەستییان کرد بە پێوەندی ناراستەخۆ لە گەل کادر و پێشمەرگەکان و پێشنیارەکانی: ١. لە ناو حیزبدا هەر بێمێنە و بۆ ئێمە کار بکا، ٢. یان ئەگەر پێشمەرگە نامێنی، لە باشوور دابنیشە و هاوکاری ئێمە بکە و ۳. یان برۆ بۆ ئورووپا لە جیاتی ئەوەی کە خۆت بۆ فلان کەس یان بەرپرس بە کوشتن بدەی. بەڵام بێجگە لە ئەم پیلانانە و دەیان پیلانی ڕەنگاوڕەنگی ئەگریمەنتیی وەک ئەوانە، بۆ بە قەناعەتگەیاندنی کادر و پێشمەرگەکان دەیان شایعەیان ساز دەکرد و یان ئیدعایان دەکرد کە گۆیا “هەموو بەرپرسانی حیزبەکان لە گەڵ ڕێژیمن و پارە وەردەگرن”. ئامانجیان ئەوە بوو کە بتوانن بە رۆخاندنی رووحیە پێشمەرگەکان و تێکدانی باری سایکۆلۆژیی ئەوان، بە یەکێک لەو ئالترناتیڤانە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ڕازیان بکەن و یان لەو ڕێگەیەوە لە نێوان کادر و پێشمەرگەکان و کادر و پێشمەرگە لە گەل رێبەرایەتی ناکۆکی ساز بکەن و بە چاندنی تۆی دووبەرەکی، بەرامبەر یەکتر ڕەشبین و بێهیوایان بکا تا کو کەس بە کەس بڕوا و متمانەی نەبێ و هەموو بیرو هزرییان خەریکی ناکۆکییەکانی نێوخۆیی بێ و کەس مەجالی بیرکردنەوەی لە سەر خەبات و رێگا دوزینەوە نەبێ بە دژی کۆماری ئیسلامی و چوونەوە بۆ ناوخۆیی وڵات. بەو هەنگاوەش بەشێک لە باشترین و چالاکترین کادرو پێشمەگەکان روویان لە هەندەران کرد و یان لە باشوور دانیشتن. ئەوانەش کە مان بۆ درێژەدانی خەبات ، کە هەمێشە جێگای شانازین، بەڵام مخابن ئەوانیش بێجگە لە ئەو هەلومرجەی دژوارەی ژیان و خەباتەی کە تێکەوتبوون، زۆرتر کەوتنە گیانی یەکتر و هەتا جێگایەک چوونەوە پێش کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتییان تووشی چەند دەستەیی و لە ئاکامدا جیابوونەوە کرد. بە چەشنێک کە ئیستا دەیبینین، کەمتر هێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە “انشعاب” و جیابونەوە تێیدا رووینەدابێ. ئەو جیابوونەوە و انشعاباتانەش زۆر قەڵس و توند بوون و لە ئاکامدا کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە گرینگترین ئامانجەکانی ستراتێژیکیی خۆی کە پرش و بڵاوکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بوو، گەییشت. پێشتر کۆماری ئیسلامی زۆر جار پرووپاگاندای شوومی دژی هێزەکانی ڕۆژهەڵات کرد بوو و دەیکرد، بەڵام هیچ کات خەڵکی کوردستان ئەم تەبیلغاتەی کۆماری ئیسلامییان قەبووڵ نەکردبوو و هەمێشە ئەم هێزانەی ڕۆژهەڵاتیان بە هێزی شۆڕشگێڕ و پارێزڤانی خۆی دەزانی. بەڵام دوای کە ئەو هێزانە جیابوونەوەیان تێکەوت و گۆتار و قسەکانی لایەنەکانی جیابووەوە دژی یەکتر بۆ ئەوەی کە ڕەوایی و بەرحەقبوونی خۆیان بەرامبەر لایەنی دیکە بسەلمێنن، زۆر پرسیار بۆ خەڵکی کورد و ئەویندارانی ئازادی کوردستان هێنا پێش و متمانەیان بەرامبەر ئەو هێزانە لاوازکرد. ئەوا راستییەکە کە ئەو بڕوا و متمانەیەیەی کە پێشتر خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات بە هێزەکان هەیبوو، بەو جیابوونەوەیانە لەکەدار بوو. ئەو ئامانجە بۆ کۆماری تیرۆریستیی ئێران ئەوەندە ستراتێژیک و گرینگ بوو کە قەت بەو هەموو تیرۆر و پیلانانەی کە پێشتر بە دژی بزووتنەوەی ڕۆژهەلات گێڕابوو، قابلی لەبەریەکدانان و موقایسە نیە. ڕێژیم بە ساڵان کاری دەکرد کە ئەو “اعتماد”، باوەڕی وپێوەندییەی کە لە نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و خەڵکی کوردستاندا هەبوو، سڕ و سارد بکا. هەرکات باوەڕی و “اعتماد” بە یەکتر نەما، هەر کات خەڵک و پێشمەرگە باوەڕی و “اعتماد”یان بە رێبەر و پێشڕەوی خۆیی نەما، هەر کات باوەڕی و “اعتماد” لە نێوان هاوکار و هاوخەباتاندا نەما، بەو واتایەیە کە دوژمن لە پیلانەکانیدا سەرکەتووە و سانایی خەبات ئیدی ناچێتە پێش و سەرناکەوێ. ئەگەر لە سەردەمی ساڵانی سەختی خەباتی چەکداری دا، ئێمە لە سەر هێزی ئەهریمەنی پڕچەک و پوشتە و پەرداخی داگیرکەرانی کوردستاندا سەردەکەوتین، نە بە زەبری هێزی چەک بوو، بەلکوو بە هێزی بیر و باوەڕ و بڕوابەخۆبوون و بڕوا و متمانە بە ئارمانجەکان و رێبەریی جووڵانەوە بوو. هەموومان دەزانین هیچ کات دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان نەیانتوانیە نە بە تیڕۆڕی ڕێبەرانمان، نە بە کوشتن و گرتنی خەڵک و نە بە شەهید و تیڕۆڕکردنی سەدان و هزاران کادر و پێمشمەرگەی کوردستان پێشی خەباتی بەرحەقی ئێمە بگرن و ئیرادە و هەنگاوەکانی ئێمە لە خەباتدا شڵ بکەن. دوژمن و داگیرکەران باش دەزانن تەنیا و تەنیا لە رێگای سازکردنی شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوخۆیی و نانەوەی دووبەرەکییەوەیە کە دەتوانن نفرەت و بێزایی ئێمە لە یەکتر زیاد بکەن و کار بگەیێننە جێگایەک کە زۆر کەسی وڵاتپارێز و خەباتکاریش نفرەت لە مێژوو و کوردایەتیمان بکەن. کردەوەکانی نابەرپرسانە و ناژیرانەی ئێمە بەرامبەر بە یەکتر هۆکارێکی سەرەکیە بۆ ئەوەی کە حیزب و رێکخراوەکانمان نەتوانن ڕۆحی لێبوردەیی گەشە پێبدەن، لە یەکتر نیزیک ببنەوە و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی رێکخراوەیی بپارێزن. ئەو یەکەش بووەتە کۆسپێکی گەورە و دەردە کوردی بێدەرمان لە پرۆسەی خەباتی ئێمەدا بۆ ئازادیی گەل و نیشتمانەکەمان.
ئەم گۆتارە درێژەی هەیە.
سلیمان کەلەشی. دانمارک
بابەتەکانی پەیوەندی دار
پیلانەکانی ڕیژیم بە دژی ئێمە لە سەر بنەمای تەجربەی شەخسی، بەشی 2و3 ، سولەیمان کەلەشی
پیلانەکانی ڕیژیم بە دژی ئێمە لە سەر بنەمای تەجربەی شەخسی،بەشی1، سولەیمان کەلەشی