بەشی دوهەم
4. گوشاری ڕێژیم بۆ سەر خەڵک بۆ پچراندنی پێوەندییەکانیان لە گەڵ بنەماڵەی پێشمەرگەکان
هەر وەک کە پێشتر باس کرا، کاربەدەستانی ڕێژیمی خومەینی لە سەرەتای دەسەڵاتداریی خۆیدا بە شێوەیەکی خاوەنی سیستمێکی ڕێکوپێک نەبوون و پاسداڕەکان و مەڵاکان زۆرتر بە شێوەی هەرەمەکی کاریان دەکرد. بەڵام دوای خۆیان رێکوپێک کرد و لە تەجروبەی کۆن و هەروەها لە ئەفرادی شارەزا و بە تایبەتی لە دەزگای سیخوریی سەردەمی پەهلەوی (ساواک) کەڵکیان وەرگرت بۆ پیلانگێری دژی بزاڤی کورد. با ئەوە بلێم کە ئێمەش وەک کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان تەجروبەی خەبات وبەرخوەدان بە شێوەی رێکخراو و ئۆرگانیزەکراومان نەبوو. کەسانی بە تەجروبە و پەروەردە کراو مان نەبوون. ئەوەی کە هەمانبوو، تەنیا فیداکاری و بیرو هزری کوردایەتی بۆ رزگاری کوردستان بوو. زۆر ئاگامان لە پیلانگێرییە نهێنییەکانی دوژمن نەبوو بە دژی بزووتنەی خۆمان. ئێمە زۆرتر لە بیرو هزری شەری رودەرروو دا بووین.
یەکێک لە پیلانەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە خەڵکی ناوچەکە بنەماڵە و کەسوکاری کادر و پێشمەرگەکان بایکۆت بکا و نابێ خەڵک هیچ هاوکاریی ئەوان بکا و یان لە خێر و خۆشییەکانییاندا بەشدار بن. ڕێژیم دەیەویست بەو کارە خەڵک و گەنجەکانی کوردستان بترسێنێ کە نەبنە پێشمەرگە و ئەگەرببنە پێشمەرگە ئەوە چارەنووسی بنەماڵەکانییان دەبێ. بەڵام خەڵکی قارەمانی کوردستان هەرزوو ئەم پیلانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کردە بڵقی سەر ئاو. خەڵک ئەگەر بە روواڵەتیش وایان نواندبێ کە پێوندی بە بنەماڵەی پێشمەرگەکانەوە ناگرن، بەڵام بە کردەوە بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتەی ڕێژیمیان هەنگاودەنا و بنەماڵە و کەسوکاری پێشـمەرگەکانیش ببوونە سەرچاوە و هێلی پێوەندیی نێوان خەڵک و خەباتگێڕانی کوردستان. حکومەت و کاربەدەستانی رێژیم زۆر زوو زانییان کە پیلانەکەیان نەک هەر ئامانجی خۆیی نەپێکاوە، بەلکوو ئاکامەکەی بە پێچەوانە بووەتەوە. بۆیە پیلانەکەیان گۆڕی.
5. خۆ نیزیککردنەوە لە بنەماڵە و کەسوکاری کادر و پێشمەرگەکان
دوای ئەوەی کە ڕێژیم نەگەییشتە ئاکامی دڵخوازی خۆی لە پێکهێنانی مەودا لە نێوان خەڵک و بنەماڵەی پێشـمەرگەکاندا، ڕێگایەکی دیکەی گرتە بەر و ئەمجارە بەرپرسان و مۆرەکانی دەزگا سیخوڕییەکانی رێژیم خۆیان لە بنەماڵە و کەسوکاری کادر و پێشمەرگەکان نێزیک کردەوە و جاروباریش لە کاتی دیاری کراو و لە بەر چاوی خەڵکدا سەردانی بنەماڵەکانییان دەکرد. هەروەها مۆرە اطلاعاتییەکان کەسوکاری کادر و پێشمەرگەکانیان سواری ماشینی خۆیان دەکرد و دەیانبردنەوە بۆ بنکەکانی سپای پاسداران و اطلاعات و یان لە جێگای قەرەبالغ و دیارەکانی ناوچە دەیانگێراندن و بۆ ئەوەی کە خەڵک بیانبینن. ئامانج ئەوە بوو کە وا بنوێنن کە گۆیا کەسوکاری پێشمەرگەکان بۆ خۆیان هاوکاریی ڕێژیم دەکەن و بەو شکڵە ترس و خۆفی خەڵک لە پاسداڕەکان بشکێنن و بێخەتەر نیشانیان بدەن. هەروەها لە رێگای دەست و پێوەندییەکانیانەوە لە ناو خەڵکدا شایعەیان بڵاو دەکردەوە کە بەشەکی زۆری بنەماڵەکانی کادر و پێشمەرگەکان لە گەڵ ڕێژیمن و لە منداڵەکانیان بێزان. دەیانەوسیت خەڵک لە بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکان مەشکوک بکەن و ئەو هاوکاری و خوشەویستییەی کە نێوان ئەوان و خەڵکدا هەبوو، کەم کەنەوە. رێژیم هەتا ئەندازەیەک لەو پیلانەی خۆیی دا سەرکەوتوو بوو و توانی هێندەک لە بنەماڵەکان بە دانی قەوڵوقرار و پوول و پارە بۆ لای خۆی راکێشێ و لە ئەوان بە دژی خەباتەکەمان کەڵک وەربگرێ. مخابن زۆر خەڵک ئەو کات دەهاتنە لای ئێمە و گلەیی و گازندەیان هەبوو و دەیانگۆت کە نابێ باوەڕ بە کەس بکەن، هەتا کەسوکاری خۆتان. لەو ئەوە دا دەر دەکەوت کە رێژیم بە ئەو پیلانەی خۆیی توانیەتی هێندەک بیرو هزری خەلک نسبەت بە بنەمالەی کادر و پێشمەرگەکان مەخشوش بکا.
6. دژایەتیی خەباتی خەڵکی کورد بە شێوازێکی رێکخراو و ئۆرگانیزەکراو وەک ئامانجێکی ستراتێژیک:
دوای ئەوەی کە ناوچە ئازادکراوەکان نەما و شەڕ و بەرخوەدانی کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان کەوتە قۆناخی پارتیزانی، دیسان کۆماری ئیسلامی هەر رۆژێ بە پیلانەکی تازەوە دەهاتە میدان بەدژی بزوتنەوەی کورد و کوردستان. هەر چی کات زیاتر تێدەپەڕی، ئەوان بە پیلانی دەقیقتر و خەتەرناکتر دەهاتنە میدان. لە بەر ئەوەی کە رۆژ لە دوای رۆژ رۆحیاتی خەڵکی کوردیان باشتردەناسی و تەجروبەی حکومەتەکانی ڕابردووشیان هەبوو. ئەوان لە کوردستان دا چەندین تیمیان هەبوو و هەر تیمەک کاری خۆی دەکرد. تیمی اطلاعاتی (کۆکردنەوەی زانیاری)، تیمی بڵاوکردنەوەی شایعە و درۆ بۆ بەلاڕێدابردنەوەی خەڵک، تیمی عەمەلیاتی، تیمی تەراحی و بڕیاردان. هەریەک لە ئەوانە ئەرک و کاری تایبەتیی خۆیان دەکرد.
لە قۆناخی شەرو بەرخوەدانی پارتیزانیدا جێگا و رێگای پێشمەرگەکان زۆر دیار و موشەخس نەبوون. رێژیم بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکانی کۆ دەکردەوە و پێیانی ڕادەگەیاند کە دەبێ بڕۆن و منداڵەکانی خۆیانیان کە لە گەڵ حیزبەکان بوون، بیانهێننەوە. ئەوانیش بە ناچار دەهاتن بۆ شاخ و ئەو جێگایانەی کە پێشمەرگەکان لێیبوون. پیداکردنی جێگای کادر و پێشمەرگەکان بۆ ئەندامانی بنەماڵەکانیان ئاسان بوو.چوونکە هەموو خەڵک هاوکار دەبوون و دەیانزانی کە ئەوانە کەسوکاری پێشمەرگەکانن بۆیە لە پێشاندانی جێگای پێشمەرگەکان بە ئەندامانی بنەماڵەکانیان هاوکارییان دەکرد. ئەگەر چی جاری واش هەبوو کە خەڵک ئامادە نەبوو هاوکارییان بکا و جێگای پێشمەرگەکانیان پێبلێن.
ئامانجی ڕێژیم لە ناردنی ئەندامانی بنەماڵەکانی کادر و پێشمەرگەکان بۆ لای ئەوان بێجگە لە کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر جێگا و رێگای پێشمەرگەکان و چونییەتیی وەزعی ئەوان، هەروەها بۆ گەیاندنی چەندین داواکاریی کاربەدەستانی ڕێژیمیش بوو. بەڵام داواکارییەکان هەموویان وەک یەک نەبوون. داواکارییەکان بە گوێرەی هەلومەرج، پلە و پایە و بەرپرسایەتیی هەر یەک لە کادر و پێشمەرگەکان ڕێکدەخران و تەنزیم دەکان. داواکارییەکان جاری ئەوەڵ زۆر سەرتایی و بێ قیمەت دەهاتنە بەرچاو. بەڵام بۆ وڵامی هەرداواکارییەک ئەگەر کەسێک بڵێی گۆتبا، تازە داواکارییەکان بە دوای یەکتر دا هەتا ئاخر رێز دەبوون. ئێمەی فەقیر و بێ ئەزموون لە رێژیمەکی ئاوەها هار و دڕندە بەرەوروو بووین.
بۆ نموونە داوای کاربەدەستانی ڕێژیم کە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەی پێشمەرگەکانەوە ئاراستە دەکران بەو شکڵە بوون:
یەکەم: نووسینی نامە: هەرهیچ نەبێ دەبێ نامەیەک بنووسێ و هەرچی پێیخۆشە، بۆمان بنووسێ. گرینگ ئەوایە نامەیەک بنووسێ. ( من لە کتێبی “ظهور و سقوط سلطنت پهلوی”دا کە بیرەوەرییەکانی حسین فردوست ، رەفقی شاە ئێران و بەرپرسی ساواکی سەردەمی شاە لە خۆی دەگرێتەوە، خوێندوومەوە کە لەوێدا نووسراوە کە ئەو کەسانەی کە پەروەردەی اطلاعات و ئێستخباراتییان هەیە، دەتوانن لە رووی نوسینی هەر کەسێکەوە هەتا هەشتا لە سەدی شێوەی ڕەفتار و کرداری بناسن. بۆیە منیش شکم لەوەدا نیە کە ڕێژیم بۆ مەسەلەکانی پێوەندیدار بە کۆکردنەوەی زانیاری و دەروونناسیی پێشمەرگەکان و ناسینی دەستنووسی ئەوان وەها داواکارییەکی دەکرد).
دوهەم : پێوەندی گرتن: پێوەندی لە گەل ئێمە (ڕێژیم) بگرێ و خەبەرمان بۆ بنێرێ.
سێهەم: ئەگەر ئەو پێشمەرگەیە خاوەنی پلەی بەرزتری رێکخراوەیی، فەرماندە و یان کادر، بوایە، داوا دەکرا کە ئەو پێشمەرگەیە ئەو سال نەچێتەوە بۆ ناوچە، یان لەو ناوچەیەدا عەمەلیات نەکە و بۆ دەرچوون لە ژێر باری ئەرکەکەی بیانۆیەک بدۆزێتەوە (بۆ نموونە خۆی بدات لە نەخوشی).
چهارم: با بێت تەسلیم بێ وئێمە هەموو ئیمکانات بۆی فەراهم دەکەین و دەیان داوا و خواستی دیکە. بەڵام با ئەوەش باس بکەم، جەوابی بەڵێ و ئەرێنی بە هەر کام لەو داخوازە بە رواڵەت ساکارانە، زۆرخواستی دیکەی بە دوای خۆیدا دەهێنا هەتا دەگەیشتە خەیانت و جنایەت دژی بزووتنەوەی کورد. ئەم شێوە کارو پیلانانە هەتا راپەرینی باشووری کوردستان بە شێوەی جوراوجور درێژەی هەبوو. بەڵام دوای راپەرینی باشووری کوردستان وبە دەسەڵات گەیشتنی حیزبەکانی کوردی بە گشتی و یەکیتی و پارتی وەک حکومەت بە تایبەتی وەزعەکە بە تەواوی گۆڕا.
گۆتارەک درێژەی هەیە.
****
پیلانەکانی ڕیژیم بە دژی ئێمە لە سەر بنەمای تەجربەی شەخسی
پیلانەکانی رێژیمی خومەینی دوای ڕاپەرێنی کورد لە باشووری کوردستان – دوورخستنەوەیان لە
سنوور تا پێشگرتن لە حزووری پێشمەرگەکان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتدا.
بەشی سێهەم.
لە بەر ئەوەی کە بنکە و جێگای مانەوەی رێبەری وکادر وپێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوو بوو، کۆماری ئیسلامی هەر زۆر زوو باشووری کوردستانی کردە میدانی رمبازێنی خۆی و بە کردەوە، بەڵام ناراستەخۆ، ئیدارەکردنی ئەو هەرێمەشی گرتەوە دەست. ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورد لە باشوور بیانویستبایە جارێک بە گوێی کاربەدەستانی ئێران نەکەن و یان قسەیەکیان بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی ئەوانیان کردبایە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستبەجێ لە تۆڵەی ئەو یەکەدا، لە باشووری کوردستاندا ئاژاوە و شەڕی نێوخۆیی هەلدەگیرساند.
ئێوە باش دەزانن کە کاتی خۆی بەشی هەرە زۆری دژبەرانی حکومەتی بەعسی عراق بە گشتی و کوردەکان بە تایبەتی لە ئێران دەمانەوە. لەبەر ئەوەی کە فاکتەری دەرەکی کاریگەریی سەرەکی لە سەر ڕاپەرینی باشوور و ئازادبوونی ئەو بەشەی کوردستان هەبوو و هێزەکانی باشوور سەرەڕای هەموو فیداکارییەک، ڕزگاربوونی باشووریان ئاکامی ئەو فیداکارییە و خەباتەیان نەدەزانی، پێیان وابوو کە دیسان دەسەڵاتدارانی بەعس دەگەڕێنەوە و دەست بە سەر باشووردا دەگرن و ئەوان سەر لە نوێ پەریوەی ئێران دەبن و چاویان لە دەستی ئێران دەبێ. بۆیە بە هیچ نرخێک حازر نەبوون کە سەرپێچی لە دەستوور و فەرمانەکانی “ولی نعمت”ی خۆیان بکەن و پردەکانی پشت سەریان بڕۆخێنن. دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێرانیش کە ئامانجی سەرەکییان زەربەلێدان و بێدەنگ کردنی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بوو کە لە دیوی باشوور دا جێگر بوون، لە ماوەیەکی کەمدا چەندسەد کادر و پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە ژێر سێبەری دەسەڵاتداریی برا کوردەکانی باشوور و لە ناو دڵی شار و گوندەکانی باشووری کوردستاندا بە ڕۆژی رۆناک شەهید کرد. لە حاڵی حازردا مەیدانی ڕاوکردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر بەرینتر و زەربەوەشاندن لە ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان کە لە باشوور دەمێنن ساناتر بووە. کاتێک کە بۆ کاربەدەستانی ڕێژیمی تیرۆستیی ئێران دەرکەوت کە هێزەکانی باشووری کوردستان بۆ مانەوە و دەسەڵاتداری خۆیان ئامادەی دانی هەر نرخێک و هەر شێوە هاوکارییەکن لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، تەماحی کاربەدەستانی ئێرانیش چووە سەرێ و بە پیلانەکی گەورەتر و ماڵوێرانکەرتر هاتنەتەوە مەیدان و بە تەمابوون هەموو پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات پێکەوە لە بەینبەرن. دوای تیرۆر و توپبارانی بنکەکانی پێشمەرگەکان، فشاریان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هێنا کە نابێ بنکەکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە نیزیک سنورەکانی دەستکردی باشوور و ڕۆژهەڵات بێ و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ بنکەکانیان بۆ قوڵایی هەرێمی کوردستان بکشێننەوە. ئەم پیلانەش لە روڵەتدا هەر وەک پیلانەکانی دیکەی رێژیمی ئاخوندی بە دژی بزوتنەوەی کورد زۆر سادە و کەم بایخ لێکدرا. کەم کەس هەیبوون کە لە کاتی گێڕانی ئەم پیلانەی کۆماری ئاخوندیدا، لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکی قوولی بۆ کردبێ. حەتا هەموو ئەو ڕێکارانەی کە دوکتۆر قاسملوو بۆ هەلومەرجێکی وەها ئێمەی لێی ئاگادارکردبوو و هوشداریی دابوونێ، پشت گوێ خران. زیادەڕەویم نەکردووە ئەگەر بڵێم کە هەموو قسەکانی دوکتور قاسملوودەبێ بە ئاوی زێرین بنوسرێن. چوونکە لە کاتی شەڕی ئێران وعێراق دا کە حکومەتی عێراق ئامادە بوو هەموو ئیمکانات بۆ بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات دابین بکا، بەڵام دوکتور قاسملوودەیفەرموو کە “هەتا پشتمان بە شاخەکانی کوردستانەوە بێ، دەتوانین سەربەخۆ بریار بدەین و لە سەر پێی خۆمان بین؛ دەتوانین کەڵێک لە ناکۆکیی نێوان داگیرکەران وەربگرین بە قازانجی بزووتنەوەی خۆمان. نابێ پشتمان بە حکومەت و لایەنی دیکە ببەستین. چوونکە سیاسەت لە سەربەرژەوەندی دادەرێژرێ و دەبێ ئێمەش هەموو کاتێک و لە هەر هەلومەرجێکدا بەرژەوەندی نەتەوەکەمان بپارێزین”. بەڵام مخابن کەسانی وەک ئێمە چەندین سال دوای واتای گۆتار وقسەکانی دوکتور قاسملوومان زانی. جێگای داخە ئەو کەسانەی کە بە ساڵان وەک دوکتور قاسملوو تەجروبەی خەباتییان هەبوو و ئەو هەمووە لە گەڵ قاسملوو هەستابوون و دانیشتبوون، چوون بوو کە ئەوەندە زوو تەسلیمی ئەم پیلانانە بوون!؟ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکەوت کە تەنیا بە تیرۆر و کۆشتنی کادر و پێشمەرگەکان ناتوانن خۆیان لە بەرامبەر زەبری خەباتگێڕانی کورد لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزن. هەربۆیە “ئوتاقی فەرمان و بڕیاری کۆماری ئیسلامی” زەختی زۆری خستە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان -یەکیتی و پارتی- کە نابێ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکان بن.
فشار و زەخت زۆرتر بە هۆی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە بوو و دەیانزانی کە ئەگەر حیزبی دێمۆکرات تەسلیمی ئەم خواستەی کاربەدەستانی ئێران بێ، هێزەکانی دیکەش ناچار دەبن کە بریارەکە جێبەجێ بکەن. لە دواییشدا هەر وای لێهات .بەڵێ، کۆماری ئیسلامی پیلانەکانی خۆی یەکبەدواییەکدا جێبەجێ کرد. داگیرکەرانی کوردستان هەمێشە بە بەرنامە کار دەکەن. ئەوان بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانی خۆیان بەرنامەی ڕۆژانەوە، مانگانە و ساڵانە و حەتا بگرە بە دەیان بەرنامەی کورتخایەن و درێژخایەنیان هەیە و هەنگاو بە هەنگاو لە پێناوی ئامانجەکانیاندا کار دەکەن. رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە خستنی فشار و زەخت لە سەر هێزەکانی باشوور کوردستان توانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکان بۆ قوڵایی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دوور بخاتەوە. ماوەیەک دوای جێبەجێ کردنی ئەم پیلانە، ئاکامەکانی ماڵوێرانکەری بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوت. هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا ئەو کاتە کە لە سەر شاخەکانی سنووری دەژیان، تا ڕادەیەکی باش لە سەر هەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانە و تێکۆشانی خۆیاندا کۆنترۆڵیان هەبوو. بەڵام دوای ئەم کەمپنشینییە، هەموو شتەک سەر و بن بوو، لە وەزعی ژیانی ڕۆژانەوە بگرە هەتا دەگاتە کۆنترۆڵی بنکە و هاتووچووی کادر و پێشمەرگەکان. لە سنوورەکاندا هێزەکانی ڕۆژهەڵات بۆ خۆیان سەروەریی خۆیان هەبوو و هیچ تێکەڵاوییەکیان لە گەل ژیانی خەڵکی ئاسایی نەبوو. هەروەها زۆرپێویستییان بە ئیمکانات بۆ خۆشبژێوی نەبوو (نەک ئەوەی کە مافیان نەبێ کە ژیانێکی ئاسوودەیان هەبێ، بەڵام بەو هۆیەوە کە ئەوان لە حاڵەتی خەباتدا بوون و خۆشییەکانی ژیانیان فیداکردبوو لە پێناوی خەبات بۆ ئازادی. لە لایەکی دیکەش سرووشتی ئەو ناوچە شاخاویانە وا بوو کە پێویستیان بە زۆر شتی ئیلیکتریکی وەک سارنج و … نەبوو). بەڵام دوای گواستنەوە بۆ قوڵایی باشوور، هەم بە هۆکاری سرووشتی (کە هەوا گەرم بوو) و هەم نیزیکبوون و تێکەڵاوبوون بە ژیانی خەڵکی ئاسایی، پێشـمەرگەکان مەجبوور بوون کە لە فکری دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ژیانی خۆیان و مناڵەکانیاندا بن. کۆماری ئیسلامی هەنگاو بە هەنگاو بە یارمەتی هێزەکانی باشوور دەچووە پێش و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لە میدانی خەبات دووردەخست و سنووری گەمارۆدانیان و کۆنترۆڵکردنیان دەگرتەوە دەست.
دوای جێبەجێ کردنی ئەم هەنگاوەی سەرەوە و دوورخستنی هێزەکان لە مەیدانی سەرەکیی تێکۆشانیان، هەڵگرتنی هەنگاوی دیکەش بۆ کۆماری ئیسلامی ئاسنتر بوون. چوونکە کۆماری ئیسلامی باش زانیبوو کە دەبێ کورد بە کورد بکۆژێ، دەبێ شەری کورد بە کورد بکا و کورد بە کورد مەجبوور بکا کە تەسلیم بێ. دوای جێبەجێکردنی ئەم پیلانە ماڵوێرانکەرەش، کادر و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات بۆ چەند ساڵێک، بۆ کار و خەبات دەچوونەوە ناوخویی وڵات و عەمەلیات و کار و خەباتەکی بەرچاوییان هەبوو و زەبری زۆر مەزنی سیاسی، ماڵی و چەکدارییان لە پەیکەری کۆماری ئیسلامییان دەدا. ئەوەش بە دەسەڵاتدارانی رێژیم تەحەمول نەکرا و ئەم جارە دیسان فشاریان بۆ هێزەکانی باشوور بە گشتی و بۆ یەکیتی نیشتمانی کوردستان بەتایبەتی هێنا کە نابێ ئیجازە بدەن هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بچنەوە بە قەوڵی خۆیان بۆ ناوخاکی ئێران. هەرچەند هێزەکانی ڕۆژهەڵات زۆر هەوڵیاندا کە ئەو هەنگاو و پیلانەی کۆماری ئیسلامی سەر نەگرێ، بەڵام ئەوان تازە دۆراندبوویان و لە شاخەکان هاتبوونەوە خوار. ئەوەی کە نەدەبوایە کرابا، کرابوو. ئەوەی دیکە تەنیا پەلەقاژە بوو و هیچیان بۆ نەدەکرا. چوونکە کۆنترۆڵی خۆیان لە دەستی خۆیاندا نەبوو و لە سەروەریان لە سەر چانووسی خۆیاندا نەبوو. هەرچی بە هێزەکانی باشووریان وت کە نابێ و ناکرێ ئێمە خەبات و چوونی خۆمان بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵات رابگرین، ئێمە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی حکومەت هەرێم و خەڵکی باشوور لە سنورەکان هاتینەوە خوار و ئێستاش ئەو داوایە لە ئێمە دەکەن، بەڵام هێزەکانی باشوور لە بەر شەری ناوخۆیی وا کەوتبوونەوە ژێر باندۆری کۆماری ئیسلامی، نەیاندەتوانی لە بەرامبەریدا هەڵوێست بگرن. ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی لە پیلانەکی هەوبەشدا هەماهەنگ کراو لە گەل بەشەک فەرماندە و رێبەرایەتی یەکیتی نیشتمانی کوردستان، بە سەدان کەس و بە سیلاحی قۆرسی وەک توپ و موشەکەوە هێرشی سەربنکەکانی حیزبی دێموکرات لە قووڵایی هەرێمی کوردستان دا-لە شاری کۆیە- کرد. بە ئەم زەخت و فشارانە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتییان ناچار کرد کە هێزەکانی خۆیان چی دیکە نەنێرنەوە بۆ ناوخۆیی وڵات.
گۆتارەکە درێژەی هەیە.
تێبینی: ئەوەی کە لەم گۆتارانە دا پێشکێشی ئێوە خۆێنەرانی بەرێز دەکرێ، تەجروبە و دیتنی خۆمن و تەنیا من وەک سلیمان لەکەشی لێ بەرپرسیارم.
هەر کەس و راگەیاندنێک پێ خۆش بێ دەتوانی بلاو بکا و هەر ئێستاوە سوپاسیان دەکەم.
سولەیمان کەلەشی ، دانمارک.
بابەتەکانی پەیوەندی دار
پیلانەکانی ڕیژیم بە دژی ئێمە لە سەر بنەمای تەجربەی شەخسی،بەشی1، سولەیمان کەلەشی