"an independent online kurdish website
کاتێک دایکە گەیشتەوە لامان و دڵنیا بوو کە ئەوە هەمان ئەو کەسانەن کە قەرارە ببنە قوربانیی پیلانێكی دوژمن، بە گریانەوە گوتی: مالا من بۆ ڤە خرابە ، هندە نەمابوو هوون بگەژنە ناو کەمینێ، ئەوە دوو شەوە حەتا سبێ کەمین لێرە هەیە. بە دەست ئیشارەتی بە پاسدارەکان کرد کە لە کەمین دابوون . بەدڵنیاییەوە پاسدارەکان ئەو شەوە خۆشحاڵ و ئەرخایین بوو کە بە بێ دەستکەوت ناگەڕێنەوە. پیلانەکە وادانرابوو کە بە بێ خەساری چەند کەسمان مەحاڵ بوو کۆتایی بێ.

دایکە لەگەلمان هاتەوە لای کاک سولێمان و باقی هاوڕێیان و دوای ئەوەی هەم لە ترسان و هەم لە خۆشحاڵیان کە لە ئەرکەکەی دا سەرکەوتوو ببوو و نەیهێشتبوو بکەوینە کەمینەوە زوو زوو فرمێسکی دەسڕی یەوە و دەیگوت: خودێ زۆر شوکور! ئێمە سوپاسی دایکە دڵسۆزەکەمان کرد و گەڕاینەوە دواوە و دایکەش گەڕایەوە ناو دێ کە بە خودی کەمینەکەیان دا دەبا بچێ کە چوو. بەداخەوە نازانم ئەو دایکە لە ژیان دا ماوە یان نا ؟
ئەوە بوو وازمان هێنا لە فیشەک و ئیدی دڵنیاش بووین کە ئەو کەسە دوو لایەنە کار دەکا و پیلان لە ژێر سەری ئەو دایە. بەڵام وەک ئەوەی کە هیچمان نەزانیوە و بێ خەبەرین وڵاممان نارد و گوتمان زۆر سوپاس زەحمەت مەکێشە بۆ ئەمانەتیەکان و جارێ پێویستمان نیە . (لە بەشەکانی دیکە دا بە وردی باسی ئەو کەسە و پیلانگێڕی و چارەنووسەکەی دەکەم).
ئێمە درێژەی مەئمووریەتمان دا و کۆمیتە لە سەر ئەوە ساغ بوویەوە کە بەرلەوەی هێز و مەڵبەند بێنە لامان، ئێمە جەولەیەکی تەشکیلاتی لە سۆما، برادۆست، شپیران ، سەڵماس ، ئەنزەل و کەناربەڕۆژ بکەین. ئێمە ٩ کە س بووین و بەداخەوە کادری دڵسۆزمان کاک جەمشید بەدەڵی ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ لە بۆزیی سینا شەهید ببوو و تیمی ئەنزەل و کەناربەڕۆژ کەسێکیان کەم بوو، واتە کاک عەسکەر عەلیزادە و کاک سادق باقری مابوونەوە.
تیمێک پێکهاتبوو لە: کاک سەڵمان کووهی(ڕووحی شاد) وەک بەرپرس ، کاک فەرهاد میرۆزادە و کاک ئەنوەر کۆهەنساڵ کە هەم ئەرکی تەشکیلاتیان هەبوو ، هەمیش ئیجازەی کاروباری ماڵیان هەبوو دەبا جارێ لە ناوچەی سۆما خەریکی کاروباری حیزبی بن ، و دەبا کاک محمد ساڵح قادری و کاک فەیسەڵ مەزیدی دوو کەسی بچنەوە ناوچەکانی سەڵماس و شپیران. تیمی ئەنزەل و کەناربەڕۆژیش کە دوو کەس بوون و ناوچەکەیان هیندێك حەساستر بوو، بڕیار درا کاک سولێمانیش وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستان لەگەل ئەو تیمە بێ . بەتایبیەتیش لە ئەنزەل بوونی کاک سولێمان زۆر گرینگ بوو. بەڵام دەبا دووبارە و دوای ماوەیەک بگەڕێتەوە ناوچەی سۆما تا مەڵبەند و هێز دێنەوە و هاوکارییان بکا. بۆ ئەوەش بڕیار درا من لەگەل کاک سولێمان بڕۆمە ئەو مەئمووریەتە و لەگەل ئەو بم تا دوای ئەوەی کە تیمی ئەنزەل و کەناربەڕۆژ دەگەیشتنەوە ناوچەکەیان و هیندێك کاروباریان دەست پێ دەکەن، من و کاک سولێمان بگەڕێینەوە سۆما. یانی دەبا ببینە ٣ تیمی ٢ کەسی و تیمێکی ٣ کەسی.
ئێوارەیەک لە چیای سەرکەش کاتی جیا بوونەوە هاتبوو . چایەکمان خواردەوە و تیمی سەڵمان و فەرهاد و ئەنوەر خواحافیزیان لێکردین و گەڕانەوە . ئێمەش دەبا تا سەعاتی پینجی ئێوارە پەیوەندییەکمان لەگەل مەڵبەند گرتباوە و کاک محمد ساڵح و کاک فەیسەڵیش دەبا بڕۆنەوە شپیران سەڵماس و ئەو چوارەکەسەی دیکەشمان بەرەو دەشتی سۆما شۆڕ بینەوە.
لە بیرمە من و کاک سلێمان کەمێك زووتر لە هاوڕێێانی دیکە بەرەو لووتکەی شاخی سەرکەش ڕۆیشتین تا بتوانین لەگەل تەڕگەوەڕ کە مەڵبەندی لێ بوو پەیوەندی بگرین. کە سەرکەوتینە سەرکەش و ناوەڕاستی شاری ئۆرمیە و لەولاش شاری سەڵماس مان لێ دیار بوو، لەولای تریش تا نیزیک باشقەڵای باکوور دیار بوو. بە گشتی بەشی هەرە زۆری شیمالی کوردستانمان لێدیار بوو. سەعات گەیشتەوە پێنج و کە بێسیمەکەمان کردەوە کاک تەیموور لە سەر خەت بوو. دیار بوو لە پشتی کاولان لەگەل هێزەکانی دوژمن دەرگیر ببوون و دوژمنیان ڕاونابوو . کاک تەیموور بە ڕەمز کاک سولێمانی ئاگادار کردەوە کە ئەوە بەرەو ئێوە دێین و لە فکری تەداروکات دابن بۆ پێشمەرگەکان. کاک سولێمان بۆی باس کرد کە ئەوە خەریکە واریدی ناوچە دەبین، بەڵام کاک تەیموور گوتی بگەڕێنەوە و بۆ ٣ ڕۆژی دیکە لای ئێوەین. ڕێسەکەمان لێ بوو بە خوری و زۆر بە نابەدڵی گەڕاینەوە و بەرەو ئەو نوقتەیە چووین کە قەرار بوو لەگەل هێز و مەڵبەند یەک بگرینەوە.
بە زووی توانیمان بەشی چەند ڕۆژێك تەداروکات ئامادە بکەین و هاوڕێیان هاتنەوە و ماندوو بوون. ژمارەیەک چادرمان هەبوو لە لای خەڵک دانرابوون ، ناردمان دوو دانەیان هێنا بۆ بنکەی هێز و مەڵبەند و چەند ڕۆژێک پێکەوە بووین . ئێمە لەو فاسیلەیە دا سەردانێکی ناوچەی سۆما مان کرد و دە هەوڵی ئەوە دابووین کە چەند جێگایەک بۆ عەمەڵیات بیخەینە ئیختیاری هێز. بەتایبەتیش کاک سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی تازە ئەو ساڵە وەک فەرماندەری هێز هاتبووە هێزی ئاگری، پێویستیی بە زانیاریی زۆرتر لە سەر ناوچە و مەوقعیەتی ناوچەکان هەبوو بۆ چالاکیی نیزامی.
دوای ٢٥ی گەلاوێژ مەڵبەند کۆبوونەوەیان کرد و کاک سولێمان ئێمەی وەک تیمی تەشکیلاتی بانگ کرد و گوتی ئێمە وەک مەڵبەند بڕیارمان داوە جەولەیەکی سیاسی نیزامی لە ناوچەی شپیران بکەین. ئێوە وەک تیم دەبێ بڕۆن هەم لە سەر جم و جۆڵەکانی دوژمن لە ناوچە، هەم دەست نیشان کردنی هیندێك نوقتە بۆ عەمەڵیات و هەمیش کاتێک ئاگادارمان کردنەوە تەداروکات ئامادە بکەن لەو شوینەی کە دەبێ یەک بگرینەوە. هەر ئەو ڕۆژە ئێمە ٣ کەسی حەرەکەتمان کرد و بەرەو شپیران کەوتینە ڕێ.
درێژەی هەیە……..

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی