"an independent online kurdish website

زۆر کەس هەن لە ناو گردەلوول و گێژەڵووکەی شەڕدا لە ناو هێرش و تۆپبارانی دوژمن کە بە قورستین چەک و چۆڵی سەردەم دێنە سەریان شەهید نابن،

کاتێک گوێت لە بەسەرهاتەکانیان دەبێ سەرت سوڕ دەمێنی کە چۆن ئەوانە دەژیاندا ماون، بەڵام پاشان دەبینی لە وڵاتێکی ئەمن و ئارام و هەزاران کیلۆمیتر دوور لە شەڕ و تەقینەوە و ئیعدام و گوللەباران بە رووداوێکی بچووک گیان لەدەست دەدەن و خەموو حەسرەت بۆ بنەماڵە وهاوسەنگەرانیان بجێ دێڵن.

کاک محەممەدی بوستانی و کاک عومەری رەحمانی دوو هاوڕێن لەو نموونانە، من ئەگەر بڵێم دەتوانم لەسەر ڕابوردووی ئەو دوو پێشمەرگە ئازایە، لێکدانەوە بکەم و لەسەریان بنووسم بێگومان بێ کەمکۆڕی نابێ، بۆ ئەو کەسانەی بەجێ دەهێڵم کە لەکاتی پێشمەرگایەتیدا پێکەوە ئەرکەکانی پێشمەرگایەتیان تێپەڕاندوە و لەسەنگەری شەڕەف و بەرگری لە نیشتمان پێکەوە کاریان کردوە.

محەممەد بوستانی کادری ناو ریزی پێشمەرگەکانی هێزی شەهید عەزیز یوسفی لە مەڵبەندی سەقز بوو کە بەو پەڕی لێهاتوویی ئەرکی خۆی بەجێ دەهێنا، تا ئەو کاتەی بریندار بوو  و پەنجەکانی لاقێکی لەدەستدا. کەمئەندامی رێگای تێکۆشانی لە کاک محەممەد نەگرت و بەڵکوو لە جاران شێلگیرتر لەسەر مافی گەلەکەی سوورتر بوو، سەنگەری پێشمەرگایەتی گوێستەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش و لەوێ بۆ یارمەتی برینداران و کەمئەندامانی شەری داسەپاوی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر گەلی کورد درێژەی بە خەباتدا، سەرەڕای کە خۆی کەمئەندام بوو بەڵام بۆ چاک کردنی دەست و لاقی دەستکرد یارمەتی دەری کادر و پێشمەرگەکانی ئەو نەخۆشخانەی حیزب بوو.

لەساڵی ١٩٨٥ی زایینی محەممەد بوستانی دەگەڵ تیمێک لە بریندار و کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات بۆ وڵاتی سوێد بەڕێکرا، لە یەکەم مانگی هاتنی بۆ سوێد درێژەی بە خەباتە رەوایەکەی دایەوە، بوو بە هاوکارێکی بەهێزی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە. لە ساڵی١٩٨٦ی زایینی بەڕێوەبەری مەراسیمی ٢ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بوو، پارچە هۆنراوەیەکی ناوبراو بە نێوی” لاوەکان” لەو مەراسیمەدا ئێستاش لەناو هاوسەنگەرانیدا یادگارێکی لەبیر نەکراوە, کە کاتی خۆی لە لایەن کاک حامید چاپ و بڵاو کرایەوە. پێکهێنانی یەکیەتی کەمئەندامانی کورد لە وڵاتی سوێد و لێک کۆکردنەوەیان لە دەوری یەکتر یەکێکی ترن لە شاکارەکانی ئەو نەمرەن.

کادرێکی دیکەی روناکبیر و پێگەیشتوو “عومەر رەحمانی” لە ریزی پێشمەرگەکانی هێزی بەیان لە بۆکان ئەرکی پێشمەرگایەتی بەجێ هێنابوو، کاک عومەر لە هێزەکانی دیکەی حیزبی دێمۆکڕاتیش وەک کادری تەداروکاتی لە کومیتە شارستانی مەریوان لە ھێزی زرێبار، لە ناوەندی ئاژوان، سەرشیوی سەقز ئەرکی پێشمەرگایەتی بەجێهێناوە، کاک عومەر دەگەڵ ئەوەش کە خەڵکی بۆکان بوو بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا بوو بەکادریکی زۆر خۆشەویست و جێگای ڕێزی کادر و پێشمەرگەکان لە هێزەکانی دیکەی حیزب، پاشان لە سازماندەهی تازەی حیزب لە دوای کۆنگرەی حەوتی حیزب و پێکهاتنی مەڵبەند و تێکڵاو کردنی ھێزەکان و پێکھێنانی ھێزی زاگرۆس زیاتر بە سیمای دێموکراتیکی ڕاستەقینە و ھەڵسۆڕ و تێکۆشەر عومەر رەحمانی بوو. خزمەتێکی دیکەی کاک عومەر لە بەشی تەداروکات و بەشی ماڵی بوو، ھەتا بڵێی کەسیکی دەست و داوێن پاک و خۆش مەشرەف و کەسایەتیکی بەرزی کۆمەڵایەتی ھەبوو، لە بۆواری سیاسیش کاک عومەر خاون ڕاوبۆچوونی سیاسی تایبەت و ئاگاداری زۆری ھەبوو، زۆر جار بۆ کۆبۆنەوەکانی مەڵبەند بانگهێشتن دەکرا بۆ کەڵک وەرگرتن لە ڕاوبۆچوونەکانی وتێبینیەکانی ئەو.

 لە بەهاری ساڵی ۱۳٦۷ دەچێتە شیمالی کوردستان و لەوێش وەک بەرپرسی ماڵی دیاری دەکرێ، لەو ئەرکەشدا زۆر سەرکەوتوو دەبێ، هەر لەو ساڵەدا لە مانگی پووشپەڕ دەچێتە ماڵی کاک مەحموود دەشتی کە لە چادرێک دابوون، خێزانی کاک مەحموود دەڵێ: ئەو نامەیە بۆ مەحموود  هاتووە، کاک عومەریش نامەکە دەکاتەوە کە کاسێتێکی زەبت دەبێ و بە داخەوە لە دەستی دا دەتەقێتەوە چاوێک و دەستێک لە دەست دەدات و دەستەکەی دیکەشی تەنیا دوو قامکی پێوە مابوو. دوای ئەو  کردەوە تێرۆریستەی کۆماری ئیسلامی ئێران،  نەمر عومەر لە تێکۆشان نەوەستا و دوای ساڵێک چارەسەری،  کەمێک چاک بوونەوەی لە ساڵی ۱۳٦۸ لە ئۆرگانی یەکێتی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران درێژە بە ئەرکە پیرۆزەکەی دەدات، لەوێش لە زۆر بوار دا یەگجار سەرکەوتوو دەبێ، بەشداری کردنی لە کلاسی سیاسی پێشمەرگەکان و نووسینی گەلێک بابەتی بە پێز بۆ گۆڤاری یەکێتی لاوان نەخشی گرینگی ئەو رۆڵە بە ورەی حیزب دەبێ.

کاک عومەر دەگەڵ تیمێکی دە کەسی لە کەمئەندام و بریندارەکانی حیزب لە ڕێکەوتی ١٩٩٠/٧/١٦ بۆ وڵاتی سوید بەڕێ کرا و لە کەمپی ” هاڵستاهاممار” وەرگیران، بەرپرسی کۆمیتەی ئەو کاتی حیزبی دێمۆکڕات  نەمر “برایم جۆرابچی” پەیوەندی پێوە کردم ووتی: دە پێشمەرگەی بریندار هاتوون و بڕۆ سەردانیان بکە، وتی: بریندارێکی هێزی ئاوارەیان بە نێوی ساڵە نەڵۆسی دەگەڵە، من و خێزانم زۆر بەپەلە چووین بۆ بەخێر هێنانیان، زۆریش موشتاقی دیتنی کاک ساڵە بووم کە لە مەڵبەندی پیرانشار پێکەوە کاری حیزبین کرد بوو. لەناو کەمپەکە بە بریندارەکان شادبوینەوە و چووین بۆ دیوەکەی ساڵە نەلۆسی، لە دیوەکەی ئەوان ساڵە نەلۆسی، عومەر رەحمانی، حامید نەسیری، سەید عەلی سەجادی پێکەوە دەژیان، یەکەم جارم بوو بە کاک عومەر ئاشنا بووم، پاشان کۆمۆنی شارەکەی ئێمە” لیندسبێری” کاک عومەری وەرگرت، هەروەک کوردستان کاک عومەر لێرەش دەستی بە تێکۆشانی حیزب کردەوە و ئێمەی بە ئەزموونە لە بێژنیگ دراوەکەی زیاتر دەوڵەمەند کرد.

بەڵام داخی گرانم مەرگ مەودای نەدا کە لە ئەزموون و ڕابوردووی پڕ لە شانازی محەممەد بوستانی و عومەر رەحمانی زیاتر کەڵک وەرگرین، لە رێکەوتی ١٩٩١/٧/٥ ی زایینی لە نەخۆشخانەی شاری ئوپسالا پەیوەندیان بە ئێمە لە شاری لیندسبێری کە سەد کیلۆمیترێک لەوێ دوور بوو گیرا و وتیان دوو نەفەرتان بەو ناوانە بە رووداوی ماشێن لێرەن، ئێمەش فەوری لەگەڵ “حامید درودی، حوسێن ئەحمەدی و محەممەدە ڕیشە” کە میوانی کاک حوسێن بوو چووین بۆ نەخۆشخانەی شاری سالا، کە گەیشتینە ئەوێ کاک محەممەد گیانی دەبەردا مابوو کە بەداخەوە کەمێک دواتر کۆچی دوایی کرد، بەڵام کاک عومەر تەواو ببوو، پەیوەندیمان بە بەرپرسی کۆمیتەی ئەو کاتی حیزب کاک برایم جۆرابچی یەوە گرت و ئەویش هات بۆ لامان.

هەموو بریندار و کەمئەندامان و ئەندامانی حیزب لە وڵاتی سوێد بە رێز لێنانێکی تایبەتی لە گۆڕستانی شاری ئوپسالا لە تەنیشت یەک بە خاکمان ئەسپاردن. من و کاک حامید پەیوەندیمان بە دەفتەری حیزب لە فەرانسە گرت، بۆ ئەوەی چی بکەین لە شتومەتی شەخسی ئەو دوو نەمرە، کاک میرۆ عەلیار لە ئوتریشەوە هات و دوو سێ شەو لامان بوو، رانکوچۆغە و  شتەکانی شەخسی و ئەو شتانەی حیزب کە لە لایان بوو بە لیستە ناوەکانمان نووسین و تەحویلی کاک میرۆمان دا بۆ ئەوەی کە شتەکانی شەخسیان وەک یادگاریەکی پێشمەرگایەتی بۆ بنەماڵەکانیان بنێرنەوە.

محەممەد بوستانی لە جێژنی 2ی رێبەندان 

سڵاو لە گیانی پاکی کاک محەممەد وکاک عومەر

سەید عەلی هاشمی ٢٠٢١/١٢/١٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی