"an independent online kurdish website

پێشینان بە ڕەحمەت بن بۆ هەر بابەتێک پەندێکیان فەرمووە و بۆیە دەبێ بەڕێزە لە بەرچاویان بگری. بۆ وێنە بەو بەرپرسانەی خۆ لە شتی گێل دەکەن و گوێ نادەنە ئاگادار کرنەوە  وڕێنوێنی کردن فەرمویانە 🙁 بە خشە خشی نەت زانی گامێشە، بە مشە مشی نەت زانی گامێشە، بە شاخی زلیشی هەر نەتزانی؟!) ئـێـمە هـەتا شاخدارەکە زگمان نەدڕێ نازانین!!

ئـەوە حەوت مانگ بـە سەرهـەڵبژاردنـەکەی عـێڕاقـدا تێدەپەڕێ . نە سەر کۆمار هەڵبژێراوە و نە سەرۆک وەزیران دیاری کراوە. ئـەو حیزبـانەی لـە هـەڵبژاردندا دەنگیان هێناوەتەوە ناهێڵن و ناشتوانن ڕێکەوتنێک بکەن. بـوونەتە چەند بەرەی دژ بەیەک و هەریەکەی بە سازێک هەڵدەپەڕن. (١) بەرەی (سەدر) کە دەگەڵ پارتی و سونەکان پێکی هێناوە. (٢) بەرەی مالکی و عامیری و هـیتر کە ڕاسـتەوخـۆ ئێران ڕێبەریان دەکا. (٣) بە ناو سەربەخۆکان. کوردەکانیش بەداخەوە وەزعیان لەوان خراپترە و ئەو حیزبانەی وەک پارتی و یـەکیەتی کە بـەهـێزتـرین حیـزبـن لە باشور و لەوەتی هەشن هەر دژی یەک بوون و هەن و دەبن . واتە پارتی بارزانی و یەکیەتی تاڵەبانی مێژویان ڕونە و قەت بەڕاستی دۆست و هاوکاری یەکتر نەبوون و ناشبن! حیزبەکانی تری باشور کە لە ژێر سێبەری ئەواندا جێگای خۆیان کردۆتـەوە ناتوانن لە ژێر ئەو چەترە بچـنە دەرێ! وەک کووتـم ئـەو دو حیزبـە بـەقـەوەتـە! سەرەڕای کێشەی نـاو خۆیـان کەوتوونـە نـاو مـلملانەی شیعەکان و مافی بڕیاری سەربەخۆیان نەماوە. لە ڕاستیشدا حیزبە شیعەکان هـیچ کامـیان بـڕوایان بـە ماف و ئازادی و فدڕاڵی وهەرچی تر بڵێی، بۆ کورد نیانە. میژو نیشانی داوە کە بەردەوام دوژمنی سەرسەختی کورد و مافەکانی بوون و هەن. بـەڵام چـوونکە شـیعە ئەهلی (تەقیە) ن و لـە کاتی پێویستدا بـە واجبی دەزانن. یان باشتر بڵێم: هەلپەرستن ئەگەر هەلیان بۆ ڕەخسا لێ دەدەن و ئەگەر کەش و هەوا لەبار نـەبـوو دادەنوێنن و خۆی لێی مات دەکەن!! سەرئەنجام ئەو مشت و مڕەی شیعەکان بـە بـڕیاڕێکی (مەرجەعی تەقلید) دوایی دێو،  یەک دەگرن و هەموو پەیمان و بەڵێنیەکان هەڵدەوەشێن و (کورد و سوننەش ) کاڵەیان دەدڕێ و هـیچیان پـێنابڕێ!! پیلانی دژە کوردیش دەر دەکەوێ. بەڵگەشم بۆ قسەکەم ئەوەیە زیاتـر لە (٢٠) ساڵـە عێڕاق بـەنـاو فیدڕاڵە مافەکانی گەلی کوردیش بە زۆری لـە قانونی بنەڕەتی ئەو وڵاتە لە لایەن خەڵکەوە دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام من دەپرسم کامەیان بە دروستی جێ بـەجێ کراوە. کام سەرۆک وەزیری شیعە تەنانەت موچەی موچە خـۆرانی کوردی بـە تەواو بێ تەشقەڵە و کێشە و ململانە داوە؟! هەمـویـان تێکۆشاون و بەردەوامیشن هەمـو ئـەو بەنـدانـەی قـانـون کە ئـەو مافـانـەی بـە کورد داوە هەڵوەشێننەوە و لە کردەوەکانیشیان دەردەکەوێ هەروای چاو لێکراوە و ئۆتـۆنـۆمـیەکەی سـەدام بـۆ کورد لە نەزەر گیراوە!

پارتی و یەکیەتی هەرکامەیان خۆی بە لایەنێکی شیعەکان هـەڵپەساردوە و سەنگ و  بەهایان ئەوەندە نیە کە بتوانن جڵەوی ئەو کەشتیە شەقـ و شڕە بـە دەستەوە بـگرن و بەرەو لێواری نەجاتی بەرن! بـە داخەوە کەڵکی خراپ وەرگرتـن لە ئـازادی و ڕق و قین و دوبەرەکی کۆن و نوێی و لاسا کردنەوەی نـەزانـانـەی پـێشکەوتـنی دنیایـە وای لـێکردون هەریـەکەی بـە سازی یـەکێک هـەڵـدەپـەڕن. بە بڕوای من خراپ تێگەیشتن لە ئازادی و نەناسینی چەمکەکانی دێمۆکڕاسی بۆتە هۆی پاشا گەردانی و کەس لـەکەس . ئـەوە کاری کردۆتـە دینـەکەشـیان کە هـەر کەسە لـە بەر خۆیەوە فتوایەک دەدا، وایـان لێکردوە هەمـو شتێک ( هـەم حەرامـەو هەم حەڵاڵ !! ). ئەوەی سەیرە وجێگای سرنجیشە ئەوەیە هەمـو حیزبـە کوردیـەکان بەگشتی و بە تایبەتی باشوور کە هەرێمێکی سەربەخۆیە ، هەر دەڵێی مـێژویان نەخوێندۆتەوەو ئاگایان لە مەحمودی بێزەواد نیە و دەرسیان لەوهەمو قوربانیدان و بەسەرهاتە تاڵ ودلتەزێنانە وەر نەگرتوە، ڕوداوەکان هەڵناسەنگێنن و هـەروا لەگۆترە مل پێوە دەنێن و ڕێگەیەکیان گرتوە کە نازانن بەرەو هەڵدێرە . بمانەوێو نەمانەوێی بەئاوی خۆمان ئاشی دوژمن دەگێڕیـن. مخابـن ئێمە هـەر بـە دروشـم سیاست دەکەین نەک بەناوەرۆک و کردەوە . بە شێوەی عەشیرەتی دەجـوڵـێینەوە ناوی لێدەنێین دێمۆکڕاسی . دەسەڵاتدارەکانمـان ڕیگە ی هـەنـاسە هـەڵکێشان بـە چینی خوارەوەتر نادەن وهەر بە نەفەسی حیزبی کار دەکەن . زیاتـر لـە ( ٢٠ ) ساڵە لە باشورحکومەتی هەرێم هەیە ،کە چی هەربە پێوەری حیزبی کار دەکەن. پـارتی لـە هەولێر حاکمەو یـەکیەتی لـە سولەیـمانی و نـاوێشیان نـاوە حکومـەتی هەرێمی کوردستان. لافی خزمەتکاری گەل لێدەدەن ، کەچی مەودا بەنوێنەرانی گەل کەحکومەت و پاڕلمانە نادەن سەربە خۆ کار بکەن . لە ڕاستیدا تا ئێستاش کارەکان هـەربـە شێـوەی زۆر دارو بـێـزۆر ئـەنـجام دەدرێـن! دەبێ جـوان لـەوە تێبگەیـن زۆر دارو بێزۆر دەگەڵ زۆریـنەو کەمـینە فـەرقیان هەیـە . سەیـرکەن حیزبێک ئـەگـەر دەنـگی زۆریـنەی بـەدەست نـەهـێـنا ، لـە جیاتی ئـەوەی بـبـێتە ئۆپوزیسیۆن و چاوەدێری زۆرنیە بکا ، لـەڕێـوە دەست بـەکار دەبێ بـۆ ڕوخانی ئـەوحکومەتـە بـەبێ ئـەوەی بـزانێ چـیـدەکا ! یـان ڕونـتر بـڵـێم: ئـەوەندە بـەسە، ئـەگەر پـارتی بێ، یـەکیەتیەتی دەبێ بـیڕوخـێنێ ، پـێچەوانـەکـەشی هـەروایـە !! ڕاستە پێکەوە حکومەت پێک دێنن، بەڵام لەبنەوە خەریکی بنکۆڵ کردنن.ئەوەی من تێیگەیشتوم هیوادارم خراپی تێگەیبم سەربەخۆیی لە بڕیارەکانیاندا نابیندرێ و لە لایەکەوە دیکتە کراوە! هۆی ئەو هەمو دەردو ناڕەحەتیانە کێشەو ناکۆکی ناو خۆمانە .

لە دوایین قسەدا دەڵێم : ئەحزابی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان دەبێ بـەوردی سرنجی ئەو وەزع و بارو دۆخەیان دابێ کە لە باشور لە ئارادایـەو، ئـەو هـەمـوو هـەڵـە وپەڵانەیان لە بەر چاوبێ ، ڕابردوشیان لـە بیر نـە چوبێتەوە . دەبـێی زۆر بـاش لەوە تێگەیشتبن کە ڕاستە حیزب بە پێی بەرنامەی خۆی بۆ خزمەتی گەلە ،بەڵام چوار چێوەکەی تەسکەو ڕوبەری گەڵ زۆر لە حیزب گەورەترە و بـەرژەوەندی گشتی گەلێک لـە بـەرژەوەنـدی حێـزبێک پـیرۆزتـرو مەزنترە. بە خۆڕایی نیە کوتراوە ڕزگاری گەلێک قـوربـانی زۆر گەورەی دەوێی ، دەبێ حیزب بکرێتە قوربانی گەل. سۆڕشگێڕی وئازادیش هەر ئەوەندە نیە دیکتاتۆر بڕوخێنی .دەبێ پـێـش ڕوخـانی دەسـەڵاتی دژی گـەلی، بـەرنـامـەی ڕونـت هـە بـێی وگـەلـیـشی تێبگەێێنی . ئیمەی کوردی ڕۆژ هەڵات ئەو ئەزمونە بە نرخەمان لەبەر دەستەو ئـەو ڕابـردوە تـاڵـەشـمـان لـە بـیـر مـاوە، چـۆن شامـان دەرپـەڕانـد،بەڵام لەبەر بێبەرنامەیی ونەبونی هاوکاری چۆن لـە زێـدونیشتمانـیـان کردیـن! گەلـەکەمـان ئاگاهی سیاسی گەلێکەو پەزمەندەی زۆری لەو کەوتن وهەستانەوانە وەسەریەک ناوە . نابێی لە بیر چوبێتەوە بە یەکگرتویی شامان ڕاونا ، بـەڵام جـێگرەوەکەی لە سایەی نەبونی یەکگرتویی و بەرنامەی هاوبەشی گەلانی ئێران زیـاتـر لە چل ساڵە ئەوەی شا دەگەڵ کورد بۆی نەکرا ئەو چۆن ئەنجامی دەدا. بۆیە دەڵێم :پاش ئەو هەمو ئـەزمـون و ڕوداوانـە ئەگەر نەمان زانیبێ ، گەنگێ دەزانین ؟!

براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ١٨ بانەمەڕی ٢٧٢٢ کوردی

 ١٨ / ٥ / ٢٠٢٢ زیینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی