"an independent online kurdish website

لە رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٧.١٠.٢٢ لە لایەن ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە لە شاری ویەن خۆپێشاندانێک بە مەبەستی شەرمەزارکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم دوایی یانەدا وەک کوشتنی ژینا ئەمینی،

کچێکی بێتاوانی کورد، بۆردمان کردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردساتنی ئێران لە باشووری کوردستان و کوشتن و بریندار کردنی دەیان ژن و منداڵی بێتاوان و کاول کردنی ماڵ و حاڵیان و هەروەها دژ بە ‌هێرشی دڕندانەی پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خۆپیشاندەران لە سەرانسەری ئێران و گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەران پ‌‌ێک هات.

لە سەرەتای خۆپێشاندانەکەدا کاک حوسەین خاڵخاڵ پاش بە خێر هاتنی بەشداران سوپاسی بەشداریانی کرد، پاشان سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب پێشکەش کرا ، پاش سروودی ئەی ڕەقیب خۆڵەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیان پاکی شەهیدانی  کورد و کوردستان بە تایبەت شەهیدانی بۆمبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگیرا

پاشان لە لایەن دوکتور جەزا ساڵحی یەوە پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا، لە پەیامەکەدا سەرەڕای چاوخشاندنێک بە کارنامەی جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵ تەمەنی پڕ لە شوورەییدا   کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن گەشتی ئیرشاد  بۆمبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانیەکان و شەهید و بریندار کردنی دەیان کەسی بێتاوان وهەروەها شەهید کردنی دەیان کەس لە خۆپیشاندەران لە ناوخۆی وڵات شەرمەزار کرابوو و هەروەها لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتی ئوتریش  داوا کرابوو کە پاڵپشتی خۆپیشاندەران بکەن، دەست لە هاوکاری لە گەل کۆماری ئیسلامی هەڵبگرن و دەست بە سەر سەرمایەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و ماڵ و منداڵەکانیان لە بانکەکانی ئورووپا دا بگرن و لەوە زیاتر ڕێگا بە تاڵان بردنی قووتی خەڵک لە لایەن مافیاکانی کۆماری ئیسلامیەوە نەدەن.

پاشان لە لایەن کاک موحەممەد فەقێ عەلییەوە لە سەر ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و شەرمەزارکردنی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لە گەل کوژرانی ژینا ئەمینی و پەلاماردانی بنکە و بارەگای حیزبە کوردستانیەکان و خۆپیشانددانەکانی سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی کوردی وتارێک پێشکەش کرا

هەروەها کاک نزار مووسا بە نوێنەرایەتی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وتارێکی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد و سەرەڕای پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزب جینایەتەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار کرد و ئامادەیی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ هەر چەشنە یارمەتیەک ڕاگەیاند

لە خۆپیشاندانەکەدا هەروەها نوێنەری زۆربەی حیزبە کوردستانیەکان وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، پارتی یەکیەتی کوردستانی سووریە، ماڵی کورد، پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریە، کۆمەڵەی یارسان و ڕەوەندی کوردستان بەشدار بوون

شایانی باسە بەشداران وێنەی شەهیدانی ئەم دوایییانە، هەر لە وێنەی شەهیدی سەمبولیکی ڕاپەڕینی نوێ ژینا ئەمینی یەوە بگرە تا شەهیدانی لە خوێندا شەڵالی بۆردمانی ٢٨ی سپتامبر و شەهیدە سەربەرزەکانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە زر ڕاگرتبوو بە  دەنگی بەزز دروشمی بڕووخی کۆماری ئیسلامی و دەیان دروشمی تریان دووپات دەکردەوە و  هەروەها چەند سروودێکی نیشتمانی و سروودی ئەی شەهیدانیش وەک کۆتایی پرۆگرامی خۆپیشاندانەکە پێشکەش کرا و پاش دوو سەعات خۆپیشاندن کۆتایی پێ هات، لە لایەن ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە لە گەلمان بەشدار بوون و هاودەردیان لە گەل کردین.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی