"an independent online kurdish website

رۆژێک دوای هێرشەکەی سەر ناوەندی کولتووریی کوردیی ئەحمەد کایا لە پاریس، شارەوانیی بازنەی 10ی شارەکە پرسە دەگێڕێت.

 وەکو رێزێک بۆ قوربانییانی هێرشەکە، ئاڵای کوردستان لە باڵەخانەی شارەوانیی بازنەی 10ی پاریس هەڵکرا، لە هەمان کاتدا ئاڵای فەرەنسا بۆ نیوە دابەزێنرا.

 شارەوانیی بازنەی 10ی پاریس و ئەلێکساندرا کۆردێباردی سەرۆکی شارەوانییەکە، رۆژی شەممە، لە هەژمارەکانیان لە تویتەر وێنەی ئاڵای کوردستانیان لە باڵەخانەی شارەوانییەکە بڵاوکردەوە.

 لە یەکێک لە وێنەکان، ئەلێکساندرا کۆردێبارد، لە بالکۆنی باڵەخانەی شارەوانییەکە، لەگەڵ ئاڵای کوردستان دەرکەوتووە، کە لە پاڵ ئاڵاکانی فەرەنسا و یەکێتیی ئەوروپا دانراوە.

 سەرۆکی شارەوانی و چەند بەرپرسێکی بازنەی 10ی پاریس، بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کورد، لە گۆڕەپانی کۆماریی بەشدارییان لە خۆپێشاندانی دژی هێرشەکەی هەینی کرد کە بووە هۆی کوژرانی سێ هاونیشتمانیی باکووری کوردستان و برینداربوونی سێی دیکە، دوای ئەوەی کە پیاوێکی تەمەن 69 ساڵانی فەرەنسی هێرشی کردە سەر ناوەندی کولتووریی کوردیی ئەحمەد کایا.

 ئەلێکساندرا کۆردێبارد لە تویتێکدا نووسیویەتی: “بەرپرسانی هەڵبژێردراوی بازنەی دەیەمی پاریس لە تەک کوردانی فەرەنسا دەوەستنەوە، کە ژمارەیەکی زۆریان هاتوون بۆ ئەوەی رێزی خۆیان بۆ قوربانییەکانی هێرشە نەژادپەرستەکەی دوێنێی شەقامی غو دۆنگیێ دەرببڕن.”

بژار زوبێر

رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی پاریس: ئەوەی کە لێرە کرا تاوان و کوشتنە و تووندوتیژییەکی بەویست بووە

تووڕەیی و هاتوهاواری هاونیشتمانییان لە فەرەنسا، رێگەی بە سەرۆک شارەوانیی پاریس نەدا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی کوردی قسە بۆ میدیاکان بکات. بەشێكی زۆری میدیای فەرەنسی و جیهان سەرنجیان چووەتە سەر ئەو ناوچەیەی پاریس کە تێیدا هێرش کرایەسەر ناوەندی کولتووریی کوردیی ئەحمەد کایا کە تێیدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

لۆر بیکیو، داواکاری گشتیی پاریس لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، “لە دوای ئەو کردە تاوانبارەی کە لێرە ئەنجامدرا، یەکەی تاوانەکانی پاریس ئەرکی لێکۆڵینەوەیان پێ راسپێردراوە. ئەوەی کە لێرە کرا تاوان و کوشتنە، توندوتیژییەکی بەویست بووە کە بە چەک ئەنجامدراوە”.

هێرشەکە لە سەرەتای رۆژی هەینی، 23ـی ئەم مانگە ئەنجامدرا. بە گوتەی میدیای فەرەنسی، هێرشبەرەکە ناوی وڵیەم ئێم ـه و تەمەنی 69 ساڵە، پێشتر شۆفێری هێڵی شەمەندەفەری پاریس بووە و ئێستا خانەنشینە. ئەو هێرشکارە بە پیاوێكی سپی پێست و درێژ و کەم کێش پێناسە کراوە.

وڵیەم بە چەک هێرشی کردووەتە سەر ناوەندی کولتووریی کوردیی ئەحمەد کایا کە دەکەوێتە گەڕەکی 10ـی باکووری پاریس. لە ئەنجامدا میر پەروەر، هونەرمەندی خەڵکی ناوچەی گمگمی سەر بە پارێزگای مووش، ئەمینە کارا، خەڵکی ناوچەی قلەبان سەر بە پارێزگای شرناخ و عەبدولڕەحمان قزل کە هێشتا نازانرێت خەڵکی چ شوێنێكی کوردستانە، گیانیان لەدەستدا.

پۆلیسی فەرەنسا هێشتا هێرشەکەی پۆڵێن نەکردووە ئایا کەسییە یان تیرۆیستی، بەڵام عەگید پۆلات، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا هێرشەکە بە “تیرۆریستی” ناودەبات.

عەگید پۆلات، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا دەڵێت، “ئەوەی کە روویدا هێرشێكی تیرۆریستییە کە لە دوای 10 ساڵ هات لە هێرشێكی دیکەی کوشندە کە تێیدا سێ چالاکڤانی کورد بوونە قوربانی. جارێكی دیکە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا گارانتی پاراستنی پێکهاتەیەکی ئێمەیان نەکرد کە ئەویش ناوەندی کولتووریی کورد، ئەحمەد کایا-یە. ئێمە دەزانین ئەمە هێرشێكی سیاسی و تیرۆریستییە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە رێکخراوە”.

دەیڤید ئاندیک، پارێزەری ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا باس لەوە دەکات، “ئەمڕۆ ساڵیادی هەزارەمین کردەی دڕندەیی دژ بە گەلی کوردە، کردەیەک کە لە ئێران، عێراق، سووریا و تورکیادا نەکراوە بەڵکو لە فەرەنسا، ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردی فەرەنسی تووڕە و ترساوە”.

ژان لوک میلۆنشۆن، سەرۆکی پارتی فەرەنسای نەچەماوە سەردانی ناوەندەکەی کرد و لێدوانیدا، رایگەیاند، “کاتێک کە بابەتەکە دێتە سەر تیرۆرکردنی چالاکڤان و سەرکردەکانی کورد لە پاریس، ئێمە ئیدی باوەڕ بەوە ناکەین کە رووداوەکان بە رێکەوت روویانداوە. 15 رۆژە دەسەڵات سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئێستا سێ کوژراومان هەن کە چالاکڤانی کوردن لە نێویاندا سەرکردەی ژنانی کورد لە فەرەنسا”.

تەقەکەرەکە، کە میدیای فەرەنسی دەڵێت، ناوی “ویلیام”ــە، چەکی هەبووە و پێشتر بەو تۆمەتە سزا دراوە و تەنیا 11 رۆژ پێش رووداوەکە بە کەفالەت ئازادکرابوو. بە گوێرەی سەرچاوەیەک، هێرشکارەکە 25 فیشەک و دوو یان سێ فەیشەکدانی پڕی پێبووە. چەکەکەی لە جۆری US Army Colt 1911 بووە.

چەکدارەکە کە پێشینەی لەگەڵ تووندڕەویی نەژادپەرستیدا هەیە، لە سەرەتادا هێرشیکردبووە سەر ناوەندی ئەحمەد کایا و دواتر سەرتاشخانەیەک، لە کاتی پڕکردنەوەی چەکەکەی، خەڵکی نێو سەرتاشخانەکە دەستگیریانکردووە و رادەستی پۆلیسیان کردووە.

سەرچاوە:  رووداو دیجیتاڵ

پێشمەرگەکان: لە 9ـی 1ی  2013 ساکینە جانسز کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و دوو هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانى فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە هێرشێکی چەکداریدا لە پاریس  لە لایەن میتی تورکیەوە تێرۆر کران.  پۆلیسی فەرەنسا کەسێکی بە ناوی عومەر گونەی بە تۆمەتی کوشتنی ئەو سێ ژنە چالاکڤانە کوردە دەستگیرکرد. لە 17ـى 12ی 2016، دوو رۆژر پێش دادگاییکردنی، بەرپرسانى فەرەنسا رایانگەیاند، کە عومەر گونەی لە زینداندا مردووە بەڵام پ ک ک پێی وایە نەمردووە  و هەروا لە ژیان دایە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی