"an independent online kurdish website

شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانە لە شاری سەقزەوە دەستی پێ کرد و بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو بە هەموو کوردستاندا تێپەڕی و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە.

ژینا (مەهسا) ئەمینی، ژن بوو، کورد بوو، لە تاران غەریب بوو، مرۆڤێکی بوێر بوو کە بەدەستی “گەشتی ئیرشاد” کوژرا. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە و ڕێوڕەسمی زۆر بوێرانە و شایستەی ناشتنەکەی لە سەقز، دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی تاوانەکە کاردانەوەی برووسکەئاسای هەبوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەمانە ڕۆڵیان هەبوو لەوەدا کە ئێستا ژیناکەی سەقز و کوردستان بووەتە هێمایەک لە ئاستی جیهاندا.

ژینا لەسەر ئەوە گیرا و گیانی بەخت کرد کە گوایە حیجابەکەی کامڵ نەبوو، هەر بۆیە لە ڕۆژی ناشتنەکەیەوە لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، دروشمی ژن ژیان ئازادی بەخێراییەکی سەرسووڕهێنەرەوە بە هەموو لایەکدا بڵاو بووەوە. مانگرتنی خەڵکی شارەکانی کوردستان لەسەر داوای حیزبە سیاسییەکان زۆر زوو سەلماندی کە ئەم سەرهەڵدانە ڕیشەی لە خەباتی دەیان ساڵەی گەلی کورددایە کە بەتایبەت لە پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتییەوە، بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوام لە هەڵسوکەوتدا بووە. لەگەڵ ئەوەدا کە پاش کوژرانی ژینا، تاران و زۆرێک لە شارەکانی تری ئێران هاتنە سەر خەت، هاوخەباتی و هاودەنگییان لەگەڵ دروشمەکەی شۆڕشی ژینا ڕاگەیاند، بەڵام زۆر زوو دەرکەوت کە ڕژیم دەیهەوێت ئەم هاوخەباتییە لەبار بەرێت.

بۆ ئەو مەبەستە دەستیان کرد بە جموجۆڵ لە کوردستان. وردە وردە شارەکانیان میلیتاریزە کرد، گوتیان مەبەستی جوداییخوازان ئەوەیە یەکپارچەیی وڵات تێک بدەن! هەڵوێستی ژیرانەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان کە زۆر زوو هەڵوێستیان گرت و گوتیان ڕێگا نادەن ڕژیم خەباتی سیاسی – مەدەنی خەڵک بەرەو شەڕ و پێکدادانی چەکداریی ڕابکێشێت، کاردانەوەی زۆر باش و ئەرێنی هەبوو. لە ئاستی ئێرانیشدا ئەم هەڵوێستەی ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان بەرز نرخێندرا. ڕژیم هەوڵی دا بە کاری تێکدەرانە و دژەمرۆڤانە وەکوو هێرش کردنە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستان لە باشوور – کە بەداخەوە بووە هۆی گیانبەختکردنی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادی کوردستان – هەم گوشارێکی زیاتر بخاتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەم بە خەیاڵی خۆی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بورووژێنێت کە جوابی چەکدارانە بدەنەوە و سەرنجی ڕای گشتی لە خەباتی سیاسی کۆمەڵانی خەڵکەوە بۆ ئەو دیوی سنوورەکان ڕابکێشێت. ڕژیم لەو بوارەشدا سەری دای لە بەرد و سەرکەوتوو نەبوو.

لێرەدا پێویستە بگوترێ کۆماری ئیسلامی ئێجگار بەوە تەنگەتاو بوو کە ئەم جارە بەپێچەوانەی ڕووداوەکانی پێشووتر لە کوردستان، بۆ یەکەم جار ڕووداوێکی وەکوو گیانبەختکردنی ژینا و ناشتنەکەی لە کوردستان لەگەڵ ئەو شەپۆلە گەورەیە لە هاوخەمیی، پشتیوانیی و بەدەنگەوەهاتن بەرەوڕوو دەبووەوە. لە ڕاستییدا پریشکی ئاگری ئەم شۆڕشەی ئێستای ئێران لە کوردستانەوە سەری هەڵدا. ئەمە هەم مایەی شانازییە و هەم شیاوی ئەوەیە وەکوو دیاردەیەکی گرینگ چاوی لێ بکرێت.

شیاوی سەرنجە کە سەرەڕای ئەوەی خەباتی گەلی کورد، چالاکییەکانی شارە کوردییەکان و شۆڕشی ژینا بووەتە مایەی ڕێز و لە ئاستی ئێران و دەرەوەیشدا پەسنی خەڵکی کوردستان دراوە، هێندێک دەنگ و لێکدانەوەی جیاواز و تا ڕادەیەکیش نەیار دەرکەوتوون. لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا و لە ڕیزی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و چالاکانی سیاسی و توێژەرانی میدیا فارسی زمانەکاندا، چەمکی “جوادییخوازیی” و “تەواوەتیی خاکی ئێران” لێرە و لەوێ دەبیسترا و بەردەوام لە لایەن بێژەرانەوە دڵنیایی دەدرا کە کوردەکان جوادییخواز نین! ئەمە ئەوەندە چووە پێش کە ئیتر باسی ئەوە نەدەکرا ئەی کوردەکان “چی‌خوازن؟” و داواکارییەکانیان کامانەن. کورد کە بەم گەرموگوڕێیەوە هاتووەتە مەیدان، پاش ئەو هەموو قوربانیی دان و تێکۆشانە چ بەرنامە، چاوەڕوانیی و داخوازییگەلێکی هەیە لەو حکوومەتەی دواتر دێتە سەرکار. وێدەچێت بەلای هێندێک کەس و لایەنەوە ڕووخانی ڕژیم و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نوێ لە ئێران، یەکسان بێت لەگەڵ گەیشتنی گەلی کوردیش بە ماف و داخوازییەکانی خۆی! بە واتایەکی تر بە گەلی کورد دەڵێن کە هەموو هێز و توانای خۆتان بخاتە گەڕ بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، جا پاش ڕووخانەکە وەرنە تاران لەگەڵتان دابنیشین و گفتوگۆبکەین بزانین چیتان دەوێت!

لە ڕوانگەی یەکسانیخوازیی و بەرابەریی مافی ژن و پیاوەوە، ئەمە ڕێک هەر ئەو بۆچوونەیە کە دەڵێ پەلە مەکەن با سەرکەوتن بەدەست بهێنین جا پاشان بە دڵنیاییەوە باسێکیش لە مافی ژنان دەکەین. لەم شۆڕشەدا بەخۆشییەوە ژنان هەروەکوو نیشانیان داوە و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەریدەخات، لە ئێستاوە دەیانهەوێت دڵنیا بن کە لە دواڕۆژی ڕووخانی ئەم ڕژیمەدا ئەوان بە مافی خۆیان دەگەن و بەشیان لە دەسەڵاتی سیاسییدا پارێزراوە. بۆ کوردستانیش هەر ڕێک ئەو بەڵگەهێنانەوە دروستە و دەبێ هەر لە ئێستاوە بزانین گەلی کورد چی دەست دەکەوێت.

سەردەمی ڕووخانی ڕژیمی شا لە ساڵی ١٩٧٩دا زۆر جیاوازە لەوەی ئێستا دەیبینین. نە ڕژیمەکە، نە هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەو ساڵە بەراورد ناکرێن. ئەو جەوانانەی کووچە و کۆڵانەکانیان بە خوێنی خۆیان سوور کردووە و بەشدارن لەم سەرهەڵدان و شۆڕشەدا بە دیارییکراویی نوێنەرایەتی هیچ سەرۆک و لایەنێکی سیاسی ناکەن. هەر ئەمە دەکرێ وەکوو دیاردەیەکی ئەرێنی بەراورد بکرێت. درێژە پەیداکردنی ئەم سەرهەڵدانانە لە ڕەوتی خۆیدا وردە وردە وادەکات، ڕێکخستنی سیاسی دەرکەوێت، ڕێبەر و ڕێنیشاندەری ئەم شۆڕشە گەشەبکەن و سەرهەڵێنن.

بەخۆشییەوە هەبوونی نەریتی حیزبایەتیی و ڕیکخستنی سیاسی لە کوردستان زەمینەیەکی لەبارە بۆ دڵنیابوون لە داهاتوو. گەلی کورد ئەزموونێکی باشی هەیە لە گەڵاڵەکردن و پێشکەشکردنی داخوازییەکانی خۆی بۆ پێکەوە ژیانێکی ئازادانە و دوور لە ستەمی میللی و هەڵاواردن. ئەم ڕێگایەمان بەتایبەت لە سەردەمی ڕووخانی ڕژیمی شادا تاقی کردووەتەوە و بەباشی بەڵگەمەند کراوە.

کاتێک شا ڕووخا، پاش یەک هەفتە دەستەیەک لە لایەن دەوڵەتەوە هاتنە مەهاباد و یەکەم دانووستاندنی گەلی کورد لەگەڵ ئەو نوێنەرانە بەڕێوە چوو و داخوازییەکانی گەلی کورد پێشکەش کرا. دواتر لانی کەم چوار داخوازیینامەی دیکەیش بە نوێنەران و بەرپرسانی تاران درا. بەتایبەت پاش پێکهاتنی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد، گەڵاڵەیەکی زۆر ڕێکوپێک بەناوی “گەڵاڵەی ٢٦ خاڵی” ئامادەکرا کە بە تێکڕای دەنگی نوێنەرانی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی، حیزبی دیموکرات، کۆمەڵە و ڕێکخراوی چریکی فیدایی پەسند کرا. ئەم گەڵاڵەیە بۆیە گرینگە کە یاساناس و پارێزەری زانا و بەناوبانگ صارم‌الدین صادق وەزیری و دوو پارێزەر و یاساناسی چالاک یەدوڵڵا بیگلەری (کۆمەڵە) و عەزیز ماملێ (حیزبی دیموکرات) یاریدەدەری صارم خان بوون. ئەوان دوای ماندووبوونێکی زۆر و بە ڕاوێژ لەگەڵ هەر چوار لایەنەکەی ناو دەستەی نوێنەرایەتی و بە شارەزابوونیان لە بارودۆخی ئێران و کوردستان گەڵاڵەیان ئامادە کردبوو.

ئەو گەڵالەیە پێداگریی دەکات لە دامەزراندنی دیموکراسی و ئازادی لە ئێران، نەهێشتنی ستەمی میللی لەسەر گەلی کورد، دابەش کردنی داهات و سامانی وڵات بەسەر هەموو ناوچە جۆراوجۆرەکاندا بەجۆرێک کە قەرەبووی بەپاشکەوتوویی هێشتنەوەی کوردستان بکرێتەوە و ژێرخانی ئابووری کوردستان بگەشێتەوە. ڕەچاوکردنی مافی یەکسان بۆ ژنان بەشێوەیەکی بەرجەستە لە هەموو داخوازییەکانی گەلی کورددا و لە ڕەوتی هەموو گفتوگۆکاندا دەبینرێت. هەروەها پێداگریی کراوە لەسەر ڕێزگرتن لە ئازادیی چاپەمەنی، ڕاگەیاندن، ڕادەربڕین، کۆبوونەوە و پێکهێنانی ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی. لەو گەڵاڵەیەدا بەوردیی و بە شێوەیەکی ڕوون ئاماژەکراوە کە ئێمە بەکوێ دەڵێین کوردستان و پێویستە زمانی کوردی چ پێگەیەکی هەبێت.

ئەوەندەی من ئاگادارم حیزبەکانی کوردستان هەتا ئەم کاتەیش بە وردیی هیچ گەڵاڵە و پێشنیارێکی دیارییکراویان بڵاونەکردووەتەوە کە بزانرێت لایەنی بەرامبەر لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران چۆن وەڵام دەداتەوە. سەبارەت بە زمانی کوردی، ماوەیەک لەمەوبەر ڕەزا پەهلەوی (کوڕی شای پێشوو) گوتی “چۆن دەکرێت لە وڵاتێک موهەندیسێکی خەڵکی تەورێز کە بە زمانی تورکی بڕوانامەی وەرگرتووە، یەکێکی خەڵکی کرماشان کە بە زمانی کوردی بڕوانامەی هەیە و یەکێکی تر بە زمانی فارسی، بیانهەوێت پردێک لە شوێنێکی ئێران دروست بکەن و بە سێ زمانی جیاواز قسە بکەن!! خۆ ئەوانە لێک تێناگەن!” سەیرە کوڕی شای پێشووی وڵات چۆن هەوڵ دەدات پرسی زمان لە وڵاتێکی فرە نەتەوەی وەکوو ئێران بەو شێوەیە بەلاڕێدا ببات. وەک ئەوەی هیچ ئاگای لە دیاردەگەلی وەکوو زمانکوژیی و هەڵاواردنی زمان نەبووبێت. لەلایەکی ترەوە رضا تقی‌زادە یەکێک لەو کەسانەی کە شاخوازە و زۆر لە کانالە فارسییەکاندا دەردەکەوێت لە کلیپێکدا دەڵێ: “ئەگەر فڵانکەس دایکی فارسی تێ ناگات، دەیجا با بیبات فێری فارسی بێت!! ئێمە لە ئێران یەک زمانی ڕەسمیی‌مان دەبێت و ڕێزیش دەگرین لە دوو سەد زمانی مەحەللی.” سەیر ئەوە بوو کە هەموو ئامادەبوانی کۆڕەکە لە ئاڵمان چەپڵەیان بۆ لێ دا! بەپێی ئەم لێدوانەی ئاغای تەقی‌زادە زمانی کوردی یەکێکە لە “دوو سەد زمانی مەحەللی” لە ئێران.

ڕۆژی ١٣ی دیسامبر ڕاگەیاندنێک لە لایەن “دبیرخانه شورای مدیریت گذار” و هەروەها “هیئت مدیره شورای ملی تصمیم” بڵاوکراوەتەوە کە وادیارە بەروە یەکگرتن هەنگاو دەنێن. بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە یەکەم ئامانج ئەوەیە: ” پاراستنی دەسەڵاتدارەتیی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی ئێران، . .”. باسی دیموکراسی پارلەمانی و جودایی دین و دەوڵەت و ئەوانەش دەکات، وەلێ هیچ خۆی لە قەرەی پرسی کورد و ستەمی میللی نادات. تەنها دەڵێ “هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هەرچەشنە هەڵاواردنێک”! ئەم دوو لایەنە کە ڕاگەیاندنەکەیان واژۆ کردووە نێوانیان لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی خۆشە.

هەتا ئێستا هیچ گەڵاڵە و پێشنیارێک بۆ پرسە گرینگەکانی گەلی کورد لە لایەنە ئێرانییەکانەوە نەبیستراوە بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران. بەڵام لە چەندین شوێن بە وردیی باسی ئەرکە خێراکانی دەوڵەتی کاتی کراوە بۆ ئێران پاش ڕووخانی ئەم ڕژیمە، بەبێ هیچ ئاوڕدانەوەیەک لەسەر کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە ئەم لایەنانە بەردەوام پەسنی گەلی کوردیان داوە، دەڵێن “کوردستان چشم و چراغ ایران” و خۆشحاڵن لەوەی کوردەکان جیاوازییخواز نین. ئەوەی کە کورد وەکوو لایەنێکی پێشکەوتنخواز ئاڵاهەڵگری دیموکراسی و ئازادی بێت بۆ ناوچەکە مایەی شانازییە و هەڵبەت دەبێ بەردەوام بین لەسەر ئەو ڕێبازە. بەڵام ئەرکی سەرشانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە کە هەر لە ئێستاوە کوردستان دڵنیا بکەنەوە کە مافەکانیان دەپارێزرێت و ئەرکی ئێمەیشە بە وردی چاودێری بکەین کە وانەزانن کورد تەنها چاوەڕوانی قسەی خۆشە، بەتایبەت ئێستا کە هێشتا نەگەیشتوونەتە دەسەڵات.

کێشەکە لەوەدایە کە ڕێبەرانی حیزبە کوردییەکان بەڕوونی و بەئاشکرا داخوازییەکانیان ڕانەگەیاندووە. من مەبەستم ئەوە نییە لە کۆڕ و دانیشتنەکان بە زمانی کوردی نەیانگوتووە! نەخێر، لەوەدا هەتا ڕادەیەکی زۆر باسیان لێوە کردووە. بەڵام بە زمانی فارسی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و لە میدیا فارسی زمانەکانەوە ئەو دەربڕینانە نەبیستراوە. هەروەکوو ئەوان بە ئاشکرا دەڵێن پاش ڕووخانی ڕژیم چۆن دەکەن و کێ و کێ دەبنە بەرپرسی شورای کاتی و ئەو شتانە، پێویستە نوێنەرانی کوردستانیش سەبارەت بە داواکارییەکانی گەلی کورد بەو شێوەیە بدوێن و ڕاشکاوانە داخوازییەکانی کوردستان بەرجەستە بکەنەوە. ٤٣ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە پێشکەوتنخوازەکانی ئێرانەوە هەڵەیەک کرا و وەڵامی “وحدت کلمە”ی خومەینی درایەوە. مرۆڤی ژیر نابێ بهێڵێت لە کونێکەوە دوو جار بیگەزن.

بەڵێ ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرکێکی خێرا و زۆر گرینگە لەبەردەم گەلی کورد و هەموو گەلانی ئێراندا، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لە بەرچاو بێت کە پاش ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە، ئیتر ڕێبەرانی تازە پێگەیشتوو خێرا دەکەونە پتەوکردنی پێگەی خۆیان و لە کورد قبووڵ ناکەن بکەونە پەلە پەل کردن! حەوت ڕۆژ پاش ڕووخانی ڕژیمی شا، هێشتا بەتەواوەتی تارانیش لە ژێر کۆنتڕۆڵیاندا نەبوو، بە فڕۆکەی جەنگی هاتنە سەرمان و لە سەر شار و گوندەکانی کوردستان دیواری دەنگیان بەزاند! کێ دەڵێ ئەرتەشی ئێران و پاشماوەی سپای پاسداران، پاش ڕووخانی ئەم ڕژیمە دەبێتە دۆستی کورد. ئەو کات نە پێشمەرگە دیار بوو، نە حیزبە سیاسییەکان بەتەواویی ناسراوبوون. ئێستا ناکرێ یەک یان چەند کورد کە لە داهاتوودا دەبنە خاوەنی کورسییەک لە پەنای دەسەڵاتداران، لە تارانەوە پەیام بنێرێن و بڵێن پەلە مەکەن و چاوەڕوان بن، خۆمان لێرەین و پارێزگاری لە مافی گەلی کورد دەکەین.

بەرپرسایەتی بەرامبەر بە خەڵک

پێویستە خەڵکی کوردستان نەک لە ڕێگای میدیای دەرەوەی وڵات، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بە ڕەسمیی ئاگادار بکرێنەوە لە ڕەوتی ڕووداوەکان، دیدارەکان، ڕێککەوتنەکان و ئەگەرەکانی داهاتوو. ئێستا دەرکەوتووە کە سەرەتای هاوینی ڕابردوو لە پاریس چوار ڕێبەری چوار حیزبەکەی ناوەندی هاوکاریی (دوو حیزبی دیموکرات و دوو کۆمەڵە، کە ئێستا بوونەتە دوو حیزب) بەیاننامەیەکیان بە زمانی ئینگلیسی ئیمزا کردووە بە ناوی “بەیاننامەی پاریس”. لە ناو دەقەکەدا کە ڕۆژی ٢٦ی مانگی شەشی ٢٠٢٢ ئیمزا کراوە، ئاماژە بە کۆبوونەوەیەک دەکرێ کە پێشتر، لە ڕۆژەکانی ١١ و ١٢ی مانگی چوار کراوە و ئەم بەیاننامەیە ئاکامەکەیەتی. هەتا ئێستا هیچ شتێکی ڕەسمی بە خەڵک ڕانەگەیەندراوە. دەقەکە و وەرگێڕانێکی لاواز بە کوردیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوبووەتەوە. ئەم دەقە کە وادیارە لە زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتووە، خاڵەکانی زۆر گشتیین و بە دیاریکراویی هیچ شتێکی تایبەتی بۆ کوردستان تێدا نییە.

مرۆڤ دەتوانێ لەخۆی بپرسێت گەلۆ لەبەرچی ناوەندی هاوکاری کەڵکیان وەرنەگرتووە لەو گەڵاڵە و داخوازییانەی ساڵەکانی سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی کە لەلایەن نوێنەرانی کوردستانەوە دراوە بە دەوڵەت؟ بۆ نموونە گەڵاڵەی ٢٦ خاڵی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێ کرا، دەتوانێ چوارچێوەیەکی گونجاو بێت بۆ ئەو مەبەستە. گەڵاڵە و بەیاننامەکانی ئەو سەردەمە لە ئاکامی گفتوگۆی چڕوپڕی پسپۆڕان و چالاکانی بەئەزموونی کوردستان ئامادەکراون، لە هەلومەرجی هەستیاری سیاسییدا پشتیوانی جەماوەری خەڵکی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە و ناوەرۆکی خاڵ و بڕگەکانی بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا و ڕوونن.

لەوانەیە کەسانێک بڵێن ئەو داخوازییانە لانی زۆری داواکارییەکانە و ئەبێتە هۆی ئەوەی هێز و لایەنە ئێرانییەکان هەڵبەزنەوە و ئامادە نەبن قبووڵی بکەن. ڕەزا پەهلەوی لە دوایین لیدوانی خۆیدا دەڵێ “ئێستا کاتی کێبڕکێ و ململانێ نییە، سەردەمی هاوکاری و ئیئتیلافە”. واتە باسی داخوازی تایبەتی خۆتان مەکەن، ئەوانە دابنێن بۆ دوایە! لێرەدا پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٠دا کە کەمپەینی هەڵبژاردنی یەکەم سەرەککۆماری ئێران دەستی پێ کرد، مەسعوود ڕەجەوی سەرۆکی موجاهدینی خەلق ئامادە بوو بە مەرجێک کوردستان پشتیوانی لێ بکات و دەنگی پێ بدەن، ئەو ڕایدەگەیەنێ کە گەڵاڵەی ٢٦ خاڵی چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێران. هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد ئەوەی قبووڵ کرد. دواتر کە ڕێگایان نەدا ڕەجەویی وەکوو کاندید بمێنێتەوە، کوردیش بەشداریی نەکرد لە هەڵبژاردندا. ئێستا کە ئێمەی کورد پێگەیەکی بەهێزمان هەیە، خەڵکی کوردستان ئامادەی فیداکاری و خەباتن و تا ڕادەیەکی زۆریش پشتیوانی بیروڕای گشتی ئێرانمان لەگەڵە، با بە متمانە بەخۆ و لە پێگەیەکی پتەوەوە بچینە پێش. با داوا بکەین لایەنی بەرامبەرمان بێن و بیروڕای خۆیان لەوبارەیەوە دەرببڕن.

دۆخی خوازراو بۆ کورد ئەوەیە کە “ناوەندی هاوکاری” لە لایەک و ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی لە دەرەوەی ناوەندن، لە لایەکی ترەوە پێکەوە هەوڵ بدەن پلاتفۆرمێک ئامادە بکەن و لەسەر لانیکەمی داخوازییە هاوبەشەکان ڕێک بکەون. بەم کارەیان دەتوانن پێگەی کوردستان لەم شۆڕشەدا زۆر بەهێز بکەن و هاوکات ڕێگریی دەکەن لە پشتگوێ خستنی داخوازییەکانی گەلی کورد لە لایەن هێزە ئێرانییەکانەوە. ئەم کاری هێزە سیاسییەکان هیچ لەوە ناگۆڕێت کە پێویستە ڕێز لە فرەچەشنی کۆمەڵگای کوردستان و جیاوازیی هەڵوێستی سیاسی و بیروبۆچوون و هەروەها سەربەخۆیی حیزب و ڕێکخراوەکان بگیرێت.

سەبارەت بە بەشداربوونی کورد لەو قەوارە سیاسییە کاتییەی بۆ سەردەمی گواستنەوە دیاریی دەکرێت، دەبێ بگوترێ کە پێش هەموو شت پێویستە گرینگی بدرێت بە ناوەرۆکی بەرنامەی ئەو قەوارەیە. گرینگ ئەوەیە لە پێشدا لەسەر خاڵگەلێکی دیارییکراو ڕێکەوتن هەبێت، جا ئەو کات بەو پێیە ڕێکخراوی گونجاو پێک بهێندرێت و لەلایەن گەلی کوردەوە ئەندامی بۆ دابین بکرێت. واتە پلان و سیاسەت بە پلەی یەکەم دێت و جا دوایە باس لەوەی چۆن و لە لایەن چ کەسانێکەوە کارەکە بچێتە پێشەوە. خۆبەستنەوە بەوەی کە گرینگترین ئەرک ڕووخانی ئەم ڕژیمەیە و دانانی پلان و پێشکەش کردنی داخوازییەکان دابنێین بۆ دواتر، وەکوو ئەوە وایە وەرەقەی سپییمان ئیمزا کردبێت بۆ دەسەڵاتدارانی داهاتووی ئێران. ئەزموونی ڕابردووی خۆمان، لە بەشەکانی تری کوردستانیش و هەروەها مێژوویش پێمان دەڵێن ئەوە ڕێگایەکە پەشیمانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ژنان، کوردستان و حیزبەکان

ئەوە ڕاستە کە ژنانی کوردستان تێکۆشەرن، شۆڕشگێرن و بەتایبەت لەم شۆڕشی ژینادا جێپەنجەیان زۆر بە ڕوونی دیارە. ئەوە ڕاستە کە ژنانێکی خەباتکار گیانیان بەختکردووە و کەم نین ئەو ژن و کچانەی لە زینداندان. ئەوە ڕاستە کە ژنانی کورد وەکوو تێکۆشەرانی شار و لە بواری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ژینگە و هی دیکەیشدا بەشدارییەکی گەرموگوڕیان هەبووە. ئەوە ڕاستە کە ژنانێکی زۆر چ وەکوو پێشمەرگەی دلێر، چ وەکوو کادر و پێشەنگی بوێر، لە ڕیزی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا چالاک بوون. بەڵام ئەوە شانازییەک نییە ڕێبەرانی حیزبە سیاسییەکان لە میدیا و لە سێمینار و کۆبوونەوە حیزبییەکاندا بیکەن بە مەدالیایەک و لە یەخەی خۆیانی بدەن.

دەبوو ڕەنگدانەوەی ئەو هەموو ڕەنج و ماندووبوون و قوربانییدانە لە قەوارەی ڕێکخراوە سیاسییەکاندا خۆی بنواندایە. دەبوو ئەو هەموو کۆبوونەوە “پیاوانە” یەک لە دوای یەکە کۆتایی پێ هێندرابایە. بەڵام جێگای دڵخۆشییە کە ژنانی ئازا و تێکۆشەر چاوەڕوان نەماونەتەوە، لە هەر شوێنێک دەرفەتێکیان دەست کەوتبێت کەوتوونەتە هەڵسووڕان و لە کردەوەدا، کارامەیی، لێوەشاوەیی و تواناییەکانی خۆیان نیشان داوە. هەڵەیەکی گەورەیە بڵێین ژنان خۆیان هەوڵیان نەداوە، نایەنە پێشەوە و ئامادە نین بەرپرسیارەتی وەربگرن! زۆرێک لە خانمانی چالاکی ناو ڕیزەکانی حیزب و ڕێکخراوەکان ویستوویانە، تواناییشیان هەبووە، بەڵام ڕێگایان پێ نەدراوە ئەزموونی خۆیان تاقی بکەنەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا ئەوان چۆن بتوانن خۆیان بخەنە بەر ئەزموونی وەرگرتنی بەرپرسیارەتیی و تاقیکردنەوە.

نەبوونی تاقە یەک سەرۆکی ژن لە کوردستان، دەرنەکەوتنی ژنان لە کۆبوونەوە گرینگەکانی حیزبە سیاسییەکان، ڕێگانەدان بە گەشەی کەسایەتی و داخستنی ڕێگای بەرەوپێشچوونی ژنان لە ڕیزەکانی ڕێکخراوەکاندا، وەها وێنەیەک دەنەخشێنێت کە شیاوی پێگەی ژن لە ژیانی سیاسیی کوردستاندا نییە. ئەوە نابێ لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ئەم شۆڕشەدا چیدی ڕوالەتی ڕاستەقینەی کوردستانێکی یەکسانیخواز و پێشکەوتوو بێت. ئێمە ناتوانین خۆمان بە خاوەنی شۆڕشێک بزانین کە پێناسەکەی ناوی ژینای ئازا و بوێری کوردە، بەڵام لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسیی ڕێکخراوەکانماندا جێگە و پێگەی ژنان نادیار بێت.

ژن، ژیان، ئازادی

سەرچاوە: ئاوێنە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی