"an independent online kurdish website

هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، لانی کەم ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە ٢٢١٢ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ١٥٥ کەسیان سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون یان بریندار کراون. هەروەها ١٢٨ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠٠ هاووڵاتی بریندار بوون. ٣٧ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ١٩ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ٥٥ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کرێکاریش لە سەر کارەکانی خۆیان دەرکراون.

ڕاپۆرتی تایبەت و وردەکاری زیاتر لە سەر هەر کام لەم بەشانە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە.

سێدارە

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ زایینی، لانی کەم سزای سێدارەی ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی فیرووز مووسالوو بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کراوە. لەو ژمارەیە ٣٤ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ١٥ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە جێبەجێکراوە.

کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا لانی کەم ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٤٦ کەسیان کوژراون و ٢٤٤ کەسیان بریندار بوون.

زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بوونەتە قوربانی کە ١٦٣ حاڵەت بووە.

هەروەها لە کۆی ئەو حاڵەتانە، ٢٠٦ کۆڵبەر و کاسبکار کە دەکاتە. ٧١. ٣ی کۆی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.

لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لانی کەم ٤ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە و ٧ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.

کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، لانی کەم ١٢٨ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ و هەروەها لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠٠ کەسیش بریندار بوون.

لە کۆی ئەو ١٢٨ کەسە کە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون ١١٦ کەسیان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا گیانیان بەخت کردووە و هەروەها ١٩ کەسیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان منداڵ بە هەژمار دێن. لە شۆڕشی ژینادا ١٠ بەندکراوی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخت کردووە کەو ١٠ کەسە لە بەشی دۆخی بەندکراوان هەژمار کراوە.

تەقینەوەی مین

لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانی کەم ٣٧ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی.

لەو ڕێژەیە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون.

دۆخی بەندیخانەکان

لە ساڵی ٢٠٢٢ زایینی لانی کەم ١٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ١٢ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و ١٠ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.

هەروەها، ٥ بەندکراو بە هۆی پێ ڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە و بەندکراوێک خۆی کوشتووە و هۆکاری گیان لە دەست دانی بەندکراوێک نەزانراوە.

دەستبەسەر کرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە

لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٧٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا ناسنامەی ٢٢١٢ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی بەشداری لە شۆڕشی ژینا، چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

هەروەها، لەو ژمارەیە ٢٣٧ کەسیان ژن و ١٨٠ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. زۆربەی دەستبەسەر کراوان خەڵکی پارێزگای سنە بوون کە ٨٦٥ حاڵەت بووە.

سەپاندنی سزا

لە ساڵی ٢٠٢٢ لانی کەم ١٥٥ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ١٤٩ هاووڵاتی سەرجەم سزای ٣٣٣ ساڵ و ١ مانگ بەندکران، ٦٦ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٢٢٢ قامچییان بەسەردا سەپاوە و ٤ سیاسی و هەروەها ٢ چالاکی بواری مافەکانی پەلکەزێڕینەکان سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

مافی کرێکاران

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانی کەم ٥٥ کرێکار لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و نەبوونی ئیمینی لە شوێنی کار گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئاسایشی کار لە سەر کارەکانیان دەرکراون.

هەنگاو؛ هەینی ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی