"an independent online kurdish website

سوغرا خانمی قازی ئەندامی لەمێژینە و بەوەفای حیزبی دێموکرات و هاوژینی بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

شەوی ١١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی خاتوو سوغرا قازی بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد و ئەمڕۆ ١٢ی بەفرانبار لە نێو ئاپۆڕای کەسوکار و ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و بەشێک لە ڕێبەرایەتی حیزب لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

خاتوو سوغرا لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٢٣ی هەتاوی لە شاری مەهاباد و لە نێو بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر چاوی ڕوو بە دنیای ڕوون هەڵێنا و هەر لە سەرەتای منداڵییەوە لەگەڵ وانەکانی دامەزرێنەری کۆمار واتە پێشەوا قازی محەممەد ئاشنا بوو و بەوانە گۆش کرا.

ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لەگەڵ هاوڕێی تێکۆشەر و دیاری نێو بزووتنەوەی میللی – دێموکراتیکی گەل، کاک حەسەن شەرەفی ژیانی هاوبەشی پێک هێنا کە بەرهەمی ئەم ژیانە دوو کوڕ بەناوەکانی کامران و کاروان و کچێک بەناوی سەیرانە.

لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ٥٧ەوە بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکرات و لە ڕێگەی حیزبیشەوە بووە ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە تەواوی ئەم ساڵانەدا تا دواساتەکانی ژیانی دڵپاکانە وەفادار مایەوە بە ئارمان و ئامانجەکانی حیزبەکەی.

پاش ئەوەیکە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان گۆڕانی بەسەردا هات و کاک حەسەن شەرەفی لە درێژەی خەبات، ڕێگای شاخی گرتە بەر، بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سوغرا خانمی هاوژینی ئەرکی سەرەپەرستی کردنی منداڵەکانی لە ئەستۆ گرت و وەک زۆرێک لە ژنانی ئازای نێو شۆڕش نەیهێشت بێباوکی بە منداڵەکانییەوە دیار بێ.

سوغرا خانمی قازی یەک لەو خاتوونانە بوو کە وێڕای سەختییەکانی شاخ، تەژی بوو لە نەجابەت، مێهرەبانی و فیداکاری بۆ گەرم‌ڕاگرتنی ناوەندی بنەماڵە و هاوڕێیەتی هاوژینەکەی و منداڵەکانی.

بەڕێزیان لەو ژنە خاوەن جەوهەرانە بوو کە، بەرلەوەی پەیوەستی شاخ بێ، ماڵ و ژیانی لەلایەن داگیرکەرەوە لە مەهاباد زەوت و دەستی بە سەردا گیرا. ئەمەش وای کرد کە سەختییەکانی ژیان لەڕووی ماددییەوە لەسەری کەڵەکە ببن بەڵام بەو حاڵەشەوە سوغرا خانم بۆ ئەوەی دوژمن بە خۆی خۆش نەکات و چاوی نەیارانی کوێر بکات، قەت نیشانی نەدا کە دەستکورت و نەدارە و هەمیشە پۆشتە و پاکوخاوێن خۆی دەردەخست، ساڵانێک ئاوا ژیا هەتا پەیوەستی شاخ بوو.

لە ماوەی ئەو دوازدە ساڵەدا گەلێ جاران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە خرایە ژێر گوشار و ئەشکەنجە و ئازاردان تاکوو بەمشێوەیە هەوڵ بدەن گوشار بۆ هاوژینەکەی واتە کاک حەسەن شەرەفی بهێنن و بەڕێزیان واز لە تێکۆشان بهێنێ بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوە ئیرادەی قایم و پتەوی سوغرا خانم بوو کە پیلانەکانی دوژمنی دەکردە بڵقی سەر ئاو.

لە پاش هاتنی بۆ شاخیش سوغرا خانم هەر پاڵپشت و پشتیوانی هاوسەرەکەی بوو و نەتەنیا نەیهێشت کەموکوڕی بە ماڵ و منداڵەکانییەوە دیار بێ بەڵکوو بەوپەڕی تواناوە هەوڵی بارهێنان و پەروەردەی منداڵەکانی دەدا و وەک ئەندامێکی حیزبیش ئامادەی ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبییەکان بوو.

لە تایبەتمەندییە بەرچاو و دیارەکانی سوغرا خانم دەتوانین ئاماژە بە ماندوویی‌نەناسبوونی، ئارام و لەسەرەخۆ و نەجیب‌بوونی بکەین کە ئەمانە بە شاهێدی هەموو ئەو کەسانەی لە دوور و نیزیکەوە دەیانناسی لە ئاکار و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیدا ڕەنگی دابوویەوە. سوغراخانم وەفادار بە هاوسەرەکەی، دڵسۆز بۆ منداڵەکانی و خەمخۆر بۆ حیزبەکەی بوو. هەر ئەمانەش بوون کە وایان کردبوو بتوانێ سەختییەکانی ژیانی شار و شاخ تەحەممووڵ بکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوون لە کۆچی دوایی سوغرا خانم، سەرەخۆشی لە کاک حەسەن شەرەفی و تێکڕای ئەندامانی بنەماڵەکەیان دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێ.

ڕۆحی سوغراخانم لە مەنزڵگەی خاکدا ئارام بگرێ و یادی بەڕێزەوە بکرێتەوە.

سەرچاوە: کوردستان میدیا

***

ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هاوڕێی خۆشەویست کاک حەسەن شەڕەفی و مناڵەکانی کاک کامڕان، کاروان و خوشکە سەیران و خزمانیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

روحی سوغرا خانم شاد بێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی