"an independent online kurdish website

کاک فایەق مەقسوودی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری وێسترۆس‌ لە وڵاتی سوئید، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کاک فایەق مەقسوودی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی “سوئید” لە شاری وێسترۆس، بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان و ڕێبازی حیزبەکەی کرد، کاک فایەق لە ساڵی  ١٣٤٢ی هەتاوی لە سنە لەدایک بووە و وەک لاوێکی شۆڕشگێر هەستی بە زوڵم و زۆری داگیرکەران کرد و ڕێگای خەبات لە دژی داگیرکەرانی کوردستانی هەڵبژارد.

کاک فایەق وەک ڕۆڵەیەکی چاونەترس و بە بیر و باوەڕ هەردەم ئامادە بووە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی حیزبی و لە ساڵی ١٣٦٨دا لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە سەرشیوی سەقز بە سەختی بریندار بووە و بۆ ماوەیکی زۆر لە نەخۆشخانەی حیزبدا لە ژێر چاوەدێریی پزشکیدا بووە، بەڵام لەبەر قووڵیی برینەکەی کەمئەندام بووە و بەو حاڵەش هیچکات ورەی بەر نەداوە و درێژەی بە ئەرکەکانی داوە.

کاک فایەق لە ساڵی ١٩٩٨‌ زایینی، چووەتە دەرەوەی وڵات و لە وڵاتی سوئید گیرساوەتەوە و وەک ئەندامێکی چالاک لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکان بەشداریی کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک فایەق پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبرا دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

سەرچاوە: کوردستان میدیا

ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی هاوڕێمان کاک فایق و خزمانیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

روحی کاک فایق شاد بێ.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی