"an independent online kurdish website

حوسێن ئال‌عەلی، خۆپیشاندەرێکی تەمەن31 ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە هێرشی کرایە سەر و لە نهۆمی چوارەمەوە فڕێ درایە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

هێزەکانی ئیتلاعات هەفتەی ڕابردوو هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی حوسێن ئال‌عەلی لە بەندەرعەباس و لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەکەیەوە فڕێیان دایە خوارەوە و پاش یەک هەفتە کە لە کۆما و لەژێر چاودێریی پزشکی لە نەخۆشخانەوە بوو، لە 21ی مارس گیانی لە دەست دا.

ئال‌عەلی یەکێک بوو لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”. بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی بنەماڵەی ئال‌عەلی، ناوبراو لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ڕژیم چالاکی هەبووە و لەبەر ئەوە هێزەکانی ئیتلاعات بەدوایدا گەڕاون کە دەستبەسەری بکەن، بەو هۆیەوە دوو مانگی کۆتاییی ساڵی ١٤٠١ بەنهێنی ژیاوە.

حوسێن ئال‌عەلی هاووڵاتییەکی خەڵکی شیراز بووە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە بەندەرعەباس ژیاوە و خاوەنی کافێ بووە لەم شارە.

ڕژیمی بێشەرمی ئاخوندی، بە مەرجێک تەرمی  خۆپیشاندەران دەداتەوە بنەماڵەیان کە ئەوان ئاماژە بەوە بکەن کە منداڵەکەیان ئەندامی بەسیج بووە.

ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی حوسێن ئال‌عەلی ڕۆژی پێنجشەممە 24ی مارس لە گۆڕستانی سەعدی شیراز بەڕێوە چوو.

ڕژیمی کۆماری جینایەت، پێشتریش خۆپیشاندەرانی لە بەرزاییەوە فڕێ داوەتە خوارەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانیان. بۆ نموونە هەر لە خۆپیشاندانی ژینا، کەسانێک وەک نیکا شاکەرەمی، ئایدا ڕۆستەمی و… بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئایدا ڕۆستەمی پزیشکێکی تارانی بوو کە یارمەتیی پزیشکی دەگەیاندە خۆپیشاندەران و برینەکانیانی دەرمان دەکرد بەڵام پاش ئەوەی دەستدرێژییان کردە سەری، چاوی چەپیان دەرهاورد و لە پردێکی بەرز فڕێیان دایە خوارەوە.

هاوکات بەرپرسانی هێزی پۆلیسی ڕژیم کە هۆکاری گیانلەدەستدانی بەشێک لە کوژراوان ڕادەگەیەنن بەبێشەرمی وا دەڵێن کە:

– تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون.

– لە بەرزاییەوە فڕێ دراون.

– بەهۆی گەستنی سەگ گیانیان لەدەست داوە.

– بەهۆی ئەوەی کە تووشی خنکانی غاز بوون، خنکاون و مردوون.

– بەهۆی خواردنی خۆراکی کونسێروی، ژەهراوی بوون.

– زیادەڕۆییان لە خواردنەوەی ماددە هۆشبەر و کحولییەکان کردووە.

– و…

ڕژیم بەردەوامە لە جینایەتەکانی بەڵام سەرکەوتن نزیک و ئاسۆ ڕوونە. ڕووخان و مەرگ و نەمان بۆ کۆماری جینایەت.

ـــــــــــــــــــــــــــــ

ئیدریس هاشمی Edris Hashemi

سوید/ 25-03-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی