"an independent online kurdish website

ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ١٧.٤.٢٠٢٣ محەممەد فەقێ عەلی بەرپرسی بەشی پێوەندیە نێونەتەوەیی یەکانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش سەردانی خاتوون بێریوان ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی شاری ڤێیەنی لە حیزبی سەوزەکانی ئوتریش کرد.

لەو چاوپێکەوتنەدا کە ماوەی سەعاتێکی خایاند کاک محەممەد بە تێر و تەسەلی باسێکی لە سەر شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕێنی سەرانسەری خەڵکی کوردستان وەک دینامۆی ئەم شۆڕشە بەربڵاوە پێشکەش کرد. نوێنەری حیزب هەروەها لە پێوەندی لە گەل پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و هێرشی سیستماتێک و بەرنامەداڕێژراوی دار و دەستەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان بە مەوادی ژەهراوی و بریندار کردنی دەیان خوێندکاری كچ  و هێرش بە مووشەکی دوورمەودا و درۆن  بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان و جارێکی تر ئاوارە بوونی پەنابەران و وەزعی نالەباری ژیانی پەنابەران ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد.

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتی هاوکاری نێوان هەر دوو حیزب باس و وتوو و وێژ کرا و بەرنامەیەکی کاری هاوبەش بۆ داهاتوو دیاری کرا.

لە لای خۆیەوە خاتوون بێریوان ئەسڵانیش خۆشحاڵی خۆی لە سەردان و چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزب دەربڕێ و هیوای خواست کە لە داهاتوودا کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکان لە نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حێزبی سەوزەکانی ئوتریشدا لە پێناو بەرژەوەندی هەر دوو حیزب و بە تایبەت بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا پەرەی پێ بدرێت.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا نوێنەری حیزب وێڕای سوپاس لە خاتوون بێریوان بۆ خولقاندنی دەرفەتی چاوپێکەوتنەکە ئامادەیی حیزبی بۆ پەرەپێدانی پێوەندیەکان لە گەل حیزبی سەوزەکان و بە تایبەت خاتوون بێریوان وەک کوردێک لە ڕێزی سەوزەکاندا ڕاگەیاند و کۆبوونەوەکە پاش سەعاتێک بەو شێوەیە کۆتایی پێ هات

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی پێوەندیە نێونەتەوەیی یەکان لە وڵاتی توتریش

١٧.٤.٢٠٢٣

لە درێژەی سەردانەکانی نوێنەرایەتی حدکا لە وڵاتی ئوتریش،

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ٤ی ٢٠٢٣ محەممەدی فەقێ عەلی بەرپرسی ئەو بەشە، سەردانی دۆکتۆر راینهۆلد لۆپاتکا ی کرد لە شوێنی کاری خۆی لە پارلمانی ئوتریش.

دوکتۆر لۆپاتکا ئەندام پارلمان لە سەر لیستی دیمۆکرات مسیعەکان لە پارلمانی ئوتریش و سەرۆکی لیژنەی  کۆمیتەی ئوروپا هەروەها جێگری سەرۆکی کۆمیتەی دەرەوەی پارلمانە.

لەم دیدارەدا کە کاتژمێرێکی خایاند، سەرەتا دوکتۆر لۆپاتکا بەخێرهاتنی نوێنەری حدکا کرد و خۆشحاڵی خۆی لەو سەردانەی دەربڕی و داوای لیبوردنی کرد، کە نەیتوانیوە زووتر ئەم کاتە دیاری بکات.

نوێنەرایەتی حدکا بە نۆرەی خۆی سوپاسی لە دوکتۆر لۆپاتکا کرد بۆ ئەم دەرفەت و پێشوازیەی و پاشان باسێکی چڕو پڕ لە سەر شۆرشی ژینا لە کۆردستان بە تایبەتی و لە ئێران بەگشتی و کاردانەوەکانی تا ئێستای بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ئێران دا وهەروەها چاوەڕوانی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە دام و دەزگا نێونەتەوەییەکان و سیاسیکارانی ئەوروپا و یەک لەوان وڵاتی ئوتریش کرد.

بەشی پەیوەندیەکانی حیزب لە درێژەی باسەکەیدا، ئەو خەباتە شێلگیرانەیەی خەڵکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  کە بە درێژای ئەم  ٧٧ ساڵەی  بە ڕێبەرایەتی حدکا کردویانە و دەیکەن، وەک بنەمایەکی زۆر مرۆڤ دۆستانە و دیمۆکراسی خوازانە بۆ خانەخوێ ڕوون کردەوە و گوتی بە پێچەوانەی زۆربەی هەرە زۆری بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ڕێژیمەکانی پاشایەتی و مەلاکان، کە هەمیشە تەپڵی جودایخوازی و زۆرجاریش ترۆریستبونیان بۆ گەلی کورد و حیزبەکانیان لێداوە، ئەم خەبات و بەربەرەکانیەی کە کوردەکان لەوبەشە تا ئێستاش دەیکەن، یەکێک لەو شێوەخەباتانەیە کە زۆر لە خزمەتی ئینسانیەت و دیمۆکراسی و پێگەیشتن و خۆپاراستن لە ئاسیملەکردن دابوە. خەباتی نەتەوەیەکە بۆ مانەوەی هۆوییەتی نەتوەیی خۆی و دیارە کە بەرحەق و رەوایە، جوون ئێستا نەتیجەکەی لە شۆڕشی ژینا دا بۆ دۆست و دوژمن دەرکەوتوە، ئێستا تاران و و شارەگەورەکانن، کە زیاتر بە ئۆلگو وەرگرتن لە خەباتی کوردەکان بۆ دیمۆکراسی و ئازادی پابەندن، تا بە قسەی قەبە و نەگونجاوی میراتگرانی پەهلەوی و ئیسلامیەکانی ئێستا.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە سەر بنەماکانی مافی مرۆڤ پێداگری دەکاتەوە و ئەوەی زۆر بۆ گرینگە، کە ئێران وەک وڵاتێکی فرە نەتەوەی لە سەر ئاستی دنیا لە ئاخاوتنەکاندا دانی پێدابهێندرێت و چیدیکە ئەو ئیجازەیە بە پاوانخوازانی فاشیست نەدرێ، کە ئێران وەک میلەت و زمان و وڵاتێکی تەکنەتەوە ئەژمار بکەن و باقی نەتەوەکانی دیکە وەک قەوم و عشایر سەیر بکەن.

مافی دیاریکردنی چارەنوسی هەر میلەتێک بە دەست ئەو میلەتەیە و ئەو بەشێکە لە ئەجەندای مافە کانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا، دەبی ئەو مافانەش لە لایەن وڵاتانی ئەندام لەو ڕێکخراوەیەشدا زۆر بەجیددی بەدواداچونیان بۆ بکرێ و بۆ جیبەچێکردنیان هەوڵ بدرێت و کارێک بکەن کە لە ناو یاسا و ڕێساکانی ئەو وڵاتەدا جێگرتوو بن و بە کردەوەش پشتیوانیان لێبکرێت.

کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  بەڕێبەرایەتی حیزبە سیاسیەکانیش نە بە کۆمارێکی ئیسلامی و نە بە حکومەتێکی پاشایەتی، کە مەبەستی قۆرخ کردنی دەسەڵات بێ لە مەرکەز، ڕازی نیە و نابێت و خەبات بۆ گەیشتن بە دیمۆکراسی و ئازادیەکانی تا سەر درێژەی دەبێ، لە سەر ئەو باوەڕەیە کە فیدرالیزم لە سەر بنەمای نەتەوەی و چوارچێوەی جوغرافیای دیاری هەریەک لە نەتەوەکانی ناو ئێراندا دەبێ دەستەبەربکرێ ، بۆیە دەبێ هەمووی ئەو کەسانەی لە خەمی داهاتووی ئێران و نەتەوەکانی ناو چوارچێوەی ئەو جوغرافیایەدان، لە ئێستاوە دیمۆکراسی و ئازادیەکان نەک هەردەستەبەر بکەن، بەڵکو بۆ بە ئینستیتوت  کردن و پاراستنی ئەم چەمکانەی مافی مرۆڤ دابەشبوونی دەسەڵات هەوڵ بدەن و بیکەنە زەمانەتێکی نێونەتەوەی بۆ ئێرانێکی دیمۆکرات و ئاوەدان یەکگرتوو،  کە هەموو نەتەوەکان بە هی خۆیانی بزانن و ئامادەبن هەمو هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ خزمەت بەو پێکهاتە بخەنە گەڕ.

پاشان دوکتۆر لۆپاتکا وێراێ سوپاسی دووبارە بەڵێنی دا کە لەمەبەولاوە ئەو پێشنیارانەی، کە لە لایەن نوێنەری حدکاوە پێی کراوەن لە لێدوان و پەیوەندیەکانی دا کەڵکیان لێوەرگرێت وتا بۆی بکرێ وەبەرچاویان بگرێت. لەم بوارەشدا دەستخۆشانەی لە نوێنەرایەتی حدکا کرد و داوای لێبوردنیشی کرد کە بە هۆی کەمی کات کەمتر دەتوانێ لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی هێز و لایەنە کوردی و ئێرانیەکان لە وڵاتی ئوتریشدا بەشدار بێ.بەڵام داوای کرد، کە لە هەردەرفەتێک کە بۆی بخوڵقێت، حەتمەن خۆشحاڵ دەبێت، کە لە هەواڵ و بابەتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاگادار بکرێتەوە و بەیناو بەینیش دانیشتنێکی ڕاستەوخۆ هەبێت بۆ ئاڵ وێرکردنی بیر و ڕاو نەزەرات.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی پێوەندیە نێونەتەوەیی یەکان لە وڵاتی توتریش

١٨.٤.٢٠٢٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی