"an independent online kurdish website

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ شه‌ش حیزبی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ یادی شۆڕشی ژینادا  داوا له‌ هاوڵاتیانی رۆژهه‌ڵات ده‌كه‌ن مانگرتنی گشتی رابگه‌یه‌نن.

دەنگ

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی‌ حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

بانگه‌وازی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

بۆ مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خه‌رمانان

كۆمه‌ڵانی تێكۆشه‌ری خه‌ڵكی كوردستان!

خه‌باتكارانی سیاسی و مه‌ده‌نی!

٢٥ی خه‌رمانانی ١٤٠١، ژینا ئه‌مینی كچه‌ كوردی لاوی سه‌قزی له‌ شاری تاران و له‌ ئاكامی په‌لاماری هێزه‌ ده‌ست‌وه‌شێن و سه‌ركوتكه‌ره‌كانی رێژیمدا گیانی به‌خت كرد. ناوی (ژینا) وه‌ك له‌ سه‌ر گڵكۆكه‌ی نووسرا، بوو به‌ “ڕه‌مز”ی ڕاپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ریی به‌رین كه‌ له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ده‌ستی پێ كرد و زۆری نه‌خایاند سه‌رتاسه‌ری شار و ناوچه‌كانی ئێران و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشی گرته‌وه‌ و له‌ درێژه‌ی خۆیدا به‌ “شۆڕشی ژینا” و “شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی” ناوی ده‌ركرد.

شۆڕشی ژینا جه‌ماوه‌ریترین و درێژترین سه‌رهه‌ڵدان و ناڕه‌زایه‌تییه‌ كه‌ توانیویه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی بخاته‌ ژێر پرسیار و هه‌نگاو بۆ له‌ گۆڕنانی ئه‌م ڕێژیمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌ بنێ. له‌ ماوه‌ی یه‌ك‌ساڵی ڕابردوودا و له‌ ڕه‌وتی ئه‌م شۆڕشه‌دا بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئیران به‌گشتی و خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی دژبه‌ ڕێژیمی زاڵ به‌ سه‌ر ئێراندا، قۆناغی نوێ و جه‌ماوه‌ریی ئه‌زموون كردووه‌ و هه‌نگاوی لێبڕاوانه‌ی ناوه‌ كه‌ ڕاوه‌ستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نییه‌. ده‌وری به‌رچاوی ژنان له‌ پێشه‌نگایه‌تیی ئه‌و شۆڕشه‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ یه‌ك هه‌نگاوی گه‌وره‌ به‌ره‌و پێش بردووه‌ و ئاسۆی سه‌ركه‌وتنی روونتر كردووه‌ و لاوان له‌وپه‌ڕی گیانبازیدا بۆ ژیانێكی ئازاد و ئاره‌زوومه‌ند فیداكاریی كه‌م‌وێنه‌ ده‌كه‌ن.

له‌ ساڵوه‌گه‌ڕێ ده‌ستپێكی شۆڕشی ژینادا جێی خۆیه‌تی به‌ نیشانه‌ی به‌رزڕاگرتنی یاد و بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی ئه‌م شۆڕشه‌ نوێیه‌ و ڕێزلێنان له‌ قوربانیان و زیندانییان سیاسی و زیندووڕاگرتنی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی، به‌ شكۆوه‌ به‌ره‌وپیلی ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بچین. له‌م پێوه‌ندییه‌دا دوای چه‌ند جار دیدار و ڕاوێژی سیاسی، رۆژی چوارشه‌ممه‌، ١٥ی خه‌رمانانی ١٤٠٢ی هه‌تاوی، حیزبه‌ سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بریتی له‌:

– حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

– كۆمه‌ڵه‌ (ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)

– كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان

– پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)

– سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران

– پارتی ئازادیی كوردستان (پاك)

له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ رێكه‌وتن؛

١- پشتیوانی له‌ داخوازیی تێكۆشه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه سه‌ربه‌خۆكان بۆ ڕێزگرتن و به‌شداریی چالاكانه له ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

٢- ڕاگه‌یاندنی ڕۆژی ٢٥ی خه‌رمانان، وه‌ك ڕۆژی مانگرتنی گشتی له هه‌موو كوردستان. له‌م ڕۆژه‌دا هه‌موو دووكان و بازاڕ و ناوه‌نده‌كانی كار و ئیداره‌كان داده‌خرێن؛ سه‌ر له‌ به‌یانیی ئه‌و ڕۆژه (٢٥ی خه‌رمانان)، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان سه‌ردانی گڵكۆی ژینای جوانه‌مه‌رگ و سه‌رجه‌م شه‌هیدان و گیانبه‌ختكردووانی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” له شار و گونده‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن و چه‌پكه‌گوڵی ڕێز و خۆشه‌ویستی له‌سه‌ر مه‌زاره‌كانیان داده‌نێن و ڕێوڕه‌سمی ڕێزلێنانیان بۆ به‌ڕێوه ده‌به‌ن.

٣- داوا له‌سه‌رجه‌م خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێران (ژنان، لاوان، كرێكاران، مامۆستایان و خانه‌نشینان، ژینگه‌پارێزان و نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران ده‌كه‌ین؛ پشتیوانی له‌ مانگرتنی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن و به‌ مانگرتنی گشتی، به هه‌مووانی نیشان بده‌ن كه شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” تا گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه.‌

٤- داوا له هه‌موو تێكۆشه‌رانی خه‌باتكار، هێز و لایه‌نه پێشكه‌وتنخوازه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ین به هه‌موو شێوه‌یه‌‌ك پشتیوانی له مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خه‌رمانان بكه‌ن و له‌و ڕۆژه‌دا خۆپێشاندان و ڕێپێوانی جه‌ماوه‌ری به‌ڕێوه‌ به‌رن و سه‌رنجی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی مرۆڤدۆستی جیهان بۆ پشتیوانی له شۆڕشی ژینا ڕابكێشن.

٥- هه‌ركام له حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستانی به‌شدار له‌م دانیشتنه‌، پشتیوانی و به‌شداریی خۆیان له مانگرتنی ڕۆژی “٢٥ی خه‌رمانان” و ڕێوڕه‌سمه‌كانی سه‌ر گڵكۆی شه‌هیدان و گیانبه‌ختكردووان ڕاده‌گه‌یه‌نن.

١٥ی خه‌رمانانی ١٤٠٢ی هه‌تاوی

٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی