"an independent online kurdish website

لە 15ی خەرمانانی 1365 هەتاوی (1365/06/15) لە گوندی خەراپە ناوچەی لاجانی پیرانشار لە بەر دەرگای ماڵی عەلی مام عەزیزی ( عایز گۆپکی) بە توندی بریندار بووم.

شوێنی 5 گوللەم بە جەستەیەوە دیارە . لەم ڕوداوە دا دەستم شکا و لاقم عەسەبی زەربەی خوارد و کە ئێستاش دوای 37 ساڵ لاقم شەوانە خەوم لێ تێک دەدا و نا هێڵی شەوانە بێ ئازار ببم.

من لە ساڵی 1359 بۆ ساڵی 1360 هەتاوی وەک مامۆستای شۆڕش هاتمە ناو ڕیزەکانی شۆڕش دوای 3 ساڵ مامۆستایەتی شۆڕش لە هاوینی 1363ی هەتاوی ناوەندی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەوتە دەست دوژمنانی ئازادی و داگیرکەران و کاری مامۆستایی منیش لە دێهاتی کوردستان کۆتایی هات. پێش داگیرکردنی ناوەندی کوردستان چووبووم بۆ بەشداری لە دەورەی مامۆستایەتی شۆڕش، کادر و مودیریەت لە زانکۆی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە گەڵالە، باشووری کوردستان. لە پاییزی ساڵی 1363 گەڕامەوە کۆمیتە شارستانی پیرانشار و وەک کادر بە ئەرکی جۆراوجۆر دەستم بە کار کرد. درێژترین کارم جێگری بەشی ماڵی کۆمیتە شارستانی پیڕانشار بوو.

لە بەهاری ساڵی 1365ی هەتاوی درام بە کۆمیتەی ناوچەی لاجان و لە کۆتایی بەهاردا، تیمەکەمان بریتی بوون لە بەرپرسی کۆمیتەی لاجان، محەممەد ڕەسوڵی و کادرەکان، ساڵە نەڵۆسی، محەممەد حەسەنە ڕەش، حەسەن ئەبروزەنی و حوسێن بارام لە گەڵ هاوڕێیانی لکی 4ی هێزی قەندیل (ئاوارە) بە فەرماندەیی شەهید مەلا قادر کوردستانی و کۆمیتەی پیرانان و لکی 3، دوای هەڵگرتنی فیشەکی زیادی و خواردەمەنی ڕێگا و زۆریش باو بوو کە خورمامان پێ بێ، دەیان کووت بۆ ڕێگای دوور باشە. کاتی لەت کردنی خورماش تەورێکم لە قامکی گەورەی دەستی چەپم دا کە ئێستاش جێگەی دیارە. ئێمە بەرەو لاجان و ئەوان بەرەو پیرانان بە قەندیلی سەربەرزدا وەڕێ کەوتین.

وسەر کەوتنی قەندیل زۆر ئاسان نەبوو بەڵام ورە و هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە و بڕوا بە خەبات دژی دا گیر کارانی کوردستان، ڕوحیەکی تایبەتی بە کادر و پێشمەرگەکان دابوو کە کێوی قەندیل نەیتوانی پێشیان پێ بگرێت. کە گەیشتینە سەر بستووی قەندیل، وەک ئەوە وابوو کە گەیشتووینەتەوە ناوچە.

بۆ شەوەکەی گەیشتینە کانیاوی ئەشکەوتی سێوکێ نزیک دۆڵی نازاوایە لەوێ ڕۆژەکەی حەساینەوە و بۆ هێوارەکەی تووشی کچان و کوڕانی پیرانان بووین کە بۆ گیای بەهاری هاتبوون و لە گۆڕێ دیلانان کە دڕوانێتە سەر دەشتە جوانەکەی ناوچەی پیرانان، دوای ئەوەی هاوڕێ لوقمان مێهفەر بڕەکی قسە بۆ کردن، بوو بە داوەتێکی ڕەشبەڵەک تا بوڵێڵ داهات و ئەوان بەرەو گوندی نمنجێ وەڕێ کەوتن. هێشتا کچان و کوڕان زۆر دوور نەببوونەوە کە پێشمەرگەش بە دوایان دا بەرەو نەمنجێ کەوتنە ڕێ. هێندەک لە کچەکان زۆر دەترسان و پێیان وابوو، ئێستا دەکەونە بەر هێرشی تۆپخانەکانی ڕێژیم و تا هێزیان هەبوو دەیان قیژاند، هێندێک کەوشەکانیان یان بە دەستەوە گرتبوو یان بە جێیان هیشتبوون. هەموومان پەلەمان بوو زوو بگەینە گوندی نمنجێ. بە خۆشییەوە بێ کێشە هەموومان خۆمان گەیاندە ناو دێ .

خەڵکی نەمنجێ کە ماوەی چەند مانگێک بوو هاوڕێیانیان نەدیبوو، پێشوازیەکی گەرمیان لێ کردین.

لکی 3 و کۆمیتەی پیرانان، ناوچەی خۆیان بوو و بەڵام ئێمە دەبا هەرچی زووە بەرەو لاجان وەڕێ کەوین. دەمانزانی بە پێیان نایگەینێ و ناشتوانین لە چۆمی ئاوەژەڕۆیە و چۆمی لاوێنی کە تێکەڵ دەبوونەوە بپەڕینەوە، بە هاوکاری کومیتەی پیرانان دوو تراکتۆرمان بە ترێلیەوە پەیدا کرد و بە نزیک پێگەی دژی گەلیەکان لە گردیمخانەی دا بێ هەڵکردنی چرا وەڕێکەوتین. سەرووی 40 کەسێک دەبووین. کاتێک کە گەیشتینە سەر چۆمی ئاوەژەڕۆیە تراکتۆری یەکەم کە خاوەن ماڵ خۆی لێی دەخوڕی بێ کێشە پەڕیەوە بەڵام تراکتۆری ئێمە لە چۆمی سێگرکان، کە لاوێکی خۆ بەش بوو بە شۆفیرمان بە ناوی ڕەسوڵ مستە (نەک ڕەسوڵ مستەی فەرماندە لک، ڕوحی شاد بێ) بەڵام هەر خزمی وی بوو کە دوایی بوو بە پێشمەرگە و وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و چووە ناو خۆ، پێم وایە لە ژیاندا نەماوە، ڕوحی شاد. زۆر بە توندی تراکتۆرەکەی لە کەنداڵی قەراخ چوومەکەی دا، تەگەرێکی پێشی تراکتۆرکە شکا و ئاو بردی و ئێمەش بە زەحمەتێکی زۆر چووینە وشکایی بەینی دوو شەتان. شانس یاوەرمان بوو کە لە چۆمی گەورەی لاوێن و ئاوەژەڕۆیە وامان لێ نەهات، ئەگەرنا لە خنکان نەجاتمان نەدەبوو.

بە هەرجوڕێک بوو، هاوڕێیانی کە پەریبوونەوە، تراکتۆرکەی تریان بۆ ناردینەوە، هەرچەند کابرای شۆفیر زۆری پێ ناخۆش بوو، چوونکە ئاوەکە زۆر خەتەر بوو کە بەو تاریکە شەوە تووشی ڕوداو بێ.

دوای پەڕینەوە، خاوەن تراکتۆرمان بۆ گوندی ڕکاوێ بەڕێ کرد و کاک ڕەسوڵیشمان لە گەڵ نارد و تراکتۆرەکەی ترمان لە چۆمی ئاوەژەڕۆیە بە ناچاری بەجێ هێشت، زۆرمان پێ ناخۆش بوو وای لێ هات بەڵام لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو.

خۆشمان بە پێیان بەرەو گوندی ڕکاوێ کە پێگەی دوژمنی لێ بوو وەڕێکەوتین، لە چەند ماڵی دێ نان و چامان خوارد، ئیسراحەتێکمان کرد و چەند بارگینمان لە خەڵک وەرگرت و کۆڵەپشتی و فیشەکی زیادیمان دا بە وان و بەرەو گوندی تووژەڵێ وەرێکەوتین کە بارانێکی باشمان وێکەوت و ڕێگای قوڕی ئەو ڕێگایەش هێزی لێ بڕی بووین و بە شەکەتی گەیشتینە دێ و بۆ ڕۆژەکەی لە پشتی ئاوایی ماینەوە.

4 مانگێک بوو لە ناوچەی لاجان، خەریکی کاری حیزبی و سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و لکی 4ی وەک هەمیشە پشتیوانی ئێمە کومیتەی لاجان بوون، زەربە لێدان لە دوژمنیش بەردەوام بوو. وەک گرتنی پێگەی گرداسێ، ئاگردانی ماشێن لە نێوان پەسوێ و گردکشانەی، لە نێوان پەسوێ و خورینج، چەندین شەڕی تر لە کوێستانەکانی قوڕوچاوێ، چوونە ناو شاری پیرانشار هتد.. ، کە دەیان کەس لە دوژمن کوژرا و بەداخەوە چەندین شەهیدمان دا کە من ناوی هەموویانم لە یاد نیە. (ڕەسوڵ کانی بداغی لە گرتنی پێگەی گرداسێ شەهید بوو، ئەبووبەکر محەممەد سووری و ڕەحمان کامەلا کە لە گوندی زەنگیاوێ لە کەمین کەوتن و شەهید ڕەحمان بە برینداری خۆی حەشار دابوو، بەداخەوە بۆ بەیانی کەوتە دەست دوژمن و زۆر بێ بەزەیانە بە ئەشکەنجە شەهیدیان کرد. ، ڕەسوڵ موقەدەم و محەممەدە چووکە لە گوندی گردەبن لە ماڵێکدا ئاشکرا بوون و دوای شەڕێکی قارەمانانە شەهید کران و ڕەحمان سەیدزادە جێگری لک لە شێلمجاڕان لە کەمین کەوت و شەهید بوو) کە هەموویان کوڕانی زۆر قارەمان و ڕوح سووک بوون.

ئەوە بە کورتی گەڕانەوە بۆ ناوچەی ژیانم بوو کە ئێستاش بیری دەکەم، بێمەوە سەر بریندار بوونەکەم.

شەوێک پێش بریندار بوونی من پێشمەرگەکان بوون بە دوو تیم، تیمی ئێمە سەردانێکی شێلمجاڕانمان کرد و تا درەنگانیی شەو لە وێ بووین. کاک حەمەدەمین خەراپە بەرپرسی ئەم تیمە پێشمەرگەیە بوو کە لە گەڵ کومیتەی لاجان وێگڕا بووین بڕیاریان دا کە بۆ ڕۆژەکەی بچن لە بن گوندی خەراپەی، لە شوێنەک بە ناوی شێوران، کە دەوروبەری شاخێکی ڕوتەنە و 10 تا 15 دەقەی پێیان لە دێ و پێگەی دوژمن کە لە پێش ماڵی خەراپەی بوو بمێنینەوە، بۆ شوێنی مانەوە یان شوێنی شەڕ نەدەبوو، ئەوانەی ناوچەکە بەڵەدن دەزانن چواردەوەری بە ئاسانی دوژمن دەتوانێ بە ماشێن بێتە سەری، لە پێگەکانی دایەشێخی، خەراپە و زەنگیاوێ و پادەگانەکانی پەسوێ و پیرانشار نزیکە. بەگشتی ناوچەی لاجان شوێنی مانەوەی زۆر کەمە و زۆریش ناوچەیەکی حەساسە. هەموو ئەو شوێنانەی لێی دەماینەوە، بێجگە لە کوێستانی قڕوچاوێ بۆ مانەوە و هێزی پارتیزان نابێت. ئەوە بڕوا بە خەڵک و حیزبی دیموکرات و خەبات بۆ ئازادی بوو کە ورەی بە ئێمەی پێشمەرگە دەدا. نام هەوێ لێرە شوێنەکان بنووسم، چوونکە شۆڕش و خەبات هەروا بەردەوامە.

20 تا 25 پێشمەرگە دەبووین، لای بەیانی گەیشتینە شوێنی مەبەست و فەوری یەک یا دوو پێشمەرگەیان ناردە سەر تەپۆڵکەیەک کە چاودێڕی پێگەی دوژمن لە گوندی خەراپەی و دەوروبەر بکات. ڕۆژەکەی لەوێ ماینەوە و زۆربەی کاتەکەمان بە خەوتن بردە سەر، هەرچەند لە ژێر گەرمای هەتاودا خەوتن ئاسان نەبوو، لە دێی خەراپە ڕا خواردنمان بۆ هات و دەوروبەریشمان زۆر ئاوەدان بوو، خەڵک خەریکی کاری ڕۆژانەی خۆیان بوون. بە خۆشییەوە کەسانی خۆفرۆش یان نەبوون، ئەگەریش هەبا زۆر کەم بوون.

بۆ تاریکی هێواڕێ هاوڕێیان نەفەریان لە ناو گوند ڕاسپاردبوو کە هەرکات ئەوان بە عەلەتریک (چرا قووە) ئیشارەتیان دا، ئەو جار ئێمە بەرەو دێ بچین. زۆر چاوەڕوان بووین خەبەر نەبوو، نیشانەش ئەوە بوو ئەگەر ئەوان ئاگادارمان نەکەنەوە، دوژمن ئیمکانی هەیە لە پێگەکەی بێتە دەرەوە و کەمینمان بۆ دابنێتەوە. بەڵام بەرپرسان گوێیان پێ نەدان و بەرەو دێ وەڕێکەوتین کە هەموو 10 دەقیقەیەک دەبوو. کە چووینە ناو دێ، کوڕەکان پێیان وتین و خۆشمان دەمانزانی کە هەرکات دوژمن چراکانی پێگەکەی کوژاندەوە، ئەوە دێن بۆ کەمین، یان هاتوون. کاک حەمەدەمینیش ماڵی باوکی و خێزانی لە وێ بوون، زۆری بۆ موهیم نەبوو چ دەبێت. ئێمەش نەمان دەتوانی گلەیی بکەین، دەیان وت ئێ ئەوە دەترسێی.

من کە کادری ماڵی بووم، کاک محەممەد وتی تۆ بڕۆ کاری ماڵی خۆت بکە، منیش وتم باشە دەچم، ئای کێ لە گەڵ من دێ، وتی ئەو نیە پێشمەرگە لە ناو دێیە، منیش وتم ناکرێت تەنیا ببم و بە تەنیا ناچم، دوای ئەوەی من ئامادە نەبووم تەنیا بڕۆم، دوو پێشمەرگەیان لە گەڵ ناردم کە تازە هاتبوونە ناو ڕیزی شۆڕش.

سەردانی شووڕای ئاواییم کرد و لیستی زەکاتم لێ وەرگرت، ئەو کات، ئێمە لە گەڵ مەلای ئاوایی بۆ زەکات دەبووینە شەریک، نیوە بە نیوە. دوای وەرگرتنی ناوی ماڵەکان، چووین بۆ ماڵی عەلی مام عەزیزی (ڕوحی شاد بێ)، ماڵەکەیان سەر پەڕ و عوسمانمان کردە نیگابان، من و عەلیش چووینە ژورێ وەک لە بیرم بێ کاک عەلی مام عەزیزی 2000 تمەنی پێدام و ڕەسیدم دایە. (کاک عەلی مامی شەهید ڕەحمان سەیدزادەی جێگری لکی 4 بوو و ئەو شەوە لە گەڵ ئێمە نەبوو، بەداخەوە 5 ڕۆژ دواتر لە شێلمجاڕان شەهید بوو، ڕوحی شاد بێ) کاک عەلی زۆری هەوڵدا زیادتر دابنیشین بەڵام من وتم دەبێت لەم ماوە کەمەی لێرەین هەموو ماڵەکان بچین.

لە ماڵی کاک عەلی هاتینە دەر، دیتم کاک عوسمان زۆر نزیک لە دەرگا ڕاوەستاوە و وەک ئەوەی هەستی بە شتێک کردبێ، جێگەی ئێمە بە هۆی چرای ماڵی کاک عەلی زۆر ڕوناک و بەر دەرگایان پۆلە دارێکی لێ بوو. کە چوومە دەرێ بە عەلی و عوسمانیم وت من ئەوە دەڕۆم ئێوە بڕێک دوور لە من وەرن، خۆمان بۆ ڕوداوی نەخوازراو ئامادە کردبوو. من چەند قەدەم ڕۆیشتم و هێشتا حەوشەکەم بە جێ نەهێشتبوو، کەوتمە بەر دەستڕێژی گوللە، من هیچم پێ نەکرا و کەوتمە خوار، کەوتنە خوارێکی زۆر توند و وەک فەنەر لاقی ڕاستم نیشت و شڵپەم لە عەرزی هێنا. تەنیا ئاگری تفەنگەکانم بینی و بەس. من کە تفەنگەکەم بە دەستی ڕاستم هەڵگرتبوو، دوو مەتر لە خۆم دوورتر کەوت و ئیمکانی گەیشتنم پێی نەبوو. دەستم لە خۆم دا هەموو گیانم شەڵالی خوێن و دەستی ڕاستم شکاوە و لاقم لە کار کەوتووە و ڕانم بریندار بووە. خۆم حازر کرد بۆ مردن، لەم کاتەدا بیرم دەکردەوە دەبێت مردن چۆن بێ، ئەگەر بکەومە دەست دوژمن چیم لێ دەکەن و دەیان خەیاڵی تر. گوێم تازە لە دەنگی تەقە دەبوو و بێ دەسەڵات کەوتووم. دیار بوو عەلی تەقەی لە پاسدارەکان کردبوو و ئەوان کشابوونەوە و کەمێک تەقە بێدەنگ بوو، عەلی و عوسمان هاتنە سەرم، عوسمان وتی تفەنگەکەم گیری کرد، منیش وتم تفەنگی من هەڵگرە، عەلیش هات و وتی من چی بکەم، وتم کۆڵەپشتیەکەم ناوی خەڵک و کەمێک بەڵگە و پوڵی حیزبی تێدایە، بیبەن و بڕۆن من تازە ناژیم و برینەکەم قورسە. عەلی زۆر بە ورەوە وتی من بەجێت ناهێڵم، زۆرم پێ خۆش بوو، کە وا بە ورەم دیت. وتم دەی باشە وەرە هەڵمگرە، عەلی کەسێکی بە توانا بوو، منی بە ڕەخت و کۆڵەپشتیەوە بە کۆڵ دادا، ئەگەر ئەو بریندار ببا لە توانای من دا نەدەبوو هەڵیگرم و منیش ڕێگاکەم پێشاندا کە پێی دا هاتبووینە ناو ئاوایی. هەر بە وێدا بەرەو دەرەوەی ئاوایی ڕۆیشتین. دیسان پاسدارەکان دەستیان بە تەقەکردن کردەوە لێمان، عەلیش کە منی بە کۆڵێ وەبوو، جارێکی تر تەقەی لێکردنەوە. ئێمە کەوتبووینە تاریکایی و داوام لە عەلی کرد، هەرچی زووە من ببات بۆ دەرەوەی دێ و پێویست ناکات تەقە بکات. دەستی ڕاستم کە کەوتبووە پێش سینگی عەلی، بێ کۆنتڕۆل دەهات و دەچوو. زۆر نیگەران بووم دەستەکەم لێ بە جێ بمێنێت و یەکجاری لێ بێتەوە. گووللەش زۆر دەهاتن چاوەڕوان بووم گووللەیەکی تریشم لە سەر پشتی عەلی وێکەوێ، کە ئێمە شوێنی کەمینەکەمان بە جێ هێشت، پێشمەرگەکانی ناو دێ، تەقەیان لە شوێنی کەمینەکە کردبوو و ئەو جار پێگەکەش بە خۆمپارە و نوورهاوێژ، دەوروبەری ئاوایی داگرت .

عەلی منی بردە دەرەوەی ئاوایی، کە دەستم لە خۆمدا ڕانی ڕاستم 2 گووڵلە، بەدەنم شوێنی حەساس 2 گووللە و دەستی ڕاستم شکا بوو. بە پشتێندەکەم دەستی بۆ هەڵبەستم بەڵام بۆ ڕانم هێچمان پێ نەبوو.

شەهید مستەفا بەگم قەڵایی، بەستە یەکی حەبی B12 پێدا بووم، پێی وتبووم ئەگەر بریندار بووم بیان خۆم بە شەرتێک سکم نەبێ، لە تاریکاییدا و پێش ئەوەی گەروم ئیشک بێ، چەند دانەیەکم خواردن. کارم بە باشی و خراپ یەکەی نەبوو، هیوام بە ژیان هەبوو بەڵام نەم دەزانی داهاتووم بەرەو کوێ دەڕوا.

عەلی ماندوو بوو، منیش وەک کەلاکێک ئاسان نەبوو زۆرترم ببات، گەورەترین هەڵەشم کرد، داوام لێ کرد بچێت بارگینە بۆرمان کە لە مێشەکەی نزیک ئاوایی بەستووە بهێنێت، نوورهاوێژەکان کە دەهاوێژران مێشەکە دەردەکەوت. عوسمان بە تەنیا نەیوێرا بچێت. عەلی و عوسمان ڕۆیشتن بارگینە بۆر بهێنن بۆ بردنی من بۆ ئەو شوێنەی کە قەرار بوو لە گەڵ هاورێیانی تر لەوێ کۆ ببینەوە (هەمیشە لە دەرەوەی دێ شوێنێک دەست نیشان دەکرا بۆ ئەوەی لە کاتی شەڕ یان ڕوداوێکدا لەوێ یەک بگرینەوە). ئەوان ڕۆیشتن و منیش تەنیا مامەوە و هەر چاوەڕوان بووم یان خۆمپارەیەکم وێکەوێ یان عەلی و عوسمان بە بارگینەوە بێن و بم بەن. نزیک 3 تا 4 سەعات تەنیا بووم، چاوم لە سەعاتەکەی دەستم بوو، کە دڵخۆشی خۆم دەدایەوە کە کات ماوە بۆ ئەوەی بکەومە دەست دوژمن و پێم ناخۆش بوو کە کاتەکە بەرەو 1 ی شەو دەڕوا و عوسمان و عەلی هەر خەبەریان نیە.

لە نیو ئاوایی هات و هاواری ژن و منداڵ و دەنگی پاسدارەکان دەهات کە هاواریان دەکرد وەرە تەسلیم بە، وا ترسابوون هەر هات و هاواریان بوو، هەموو شوێنێکیان لێ ببووە پێشمەرگە. پێم وا بوو پێشمەرگەکانی تر لە ناو ماڵەکاندا دەوریان گیراوە و شەڕە و بڕوا بکەن لە سەر خۆم ڕا خەمی ئەوانم بوو. بڵێی شەهید و بریندارمان هەبێ.

لەم خەیاڵەدا بووم، هاوڕێم عوسمان عەبدی، فەرماندەی ئازا و قارەمان، کە ماوەی یەک تا دوو هەفتە بوو، لە سەردەستەی پێشمەرگەکان لە لکی 4 وازی هێنا بوو، وەک هاوکاری کادر هاتبووە کومیتەی لاجان و ئەو شەوەش بە خۆشییەوە لە گەڵ ئێمە بوو، بێ ترس لە دوژمن و بێ ئەوەی بزانێت دوژمن هەر هەیە، تا هێزی هەبوو بانگی منی دەکرد، دەنگی دەگەیشتە مۆڵگەی دوژمن و زۆریش شۆخی دەکرد، مەلا سالیح، مامۆستا سالیح و ساڵە ( لە گردکپسیان شوێنی لە دایک بوونم هەر بە مەلا ساڵە بانگیان دەکردم) ، نیگەران بووم وتم نەکا کاک عوسمان بە بارمتەکرابێ. کە جارێکی تر بانگی کردم، وڵامم دایەوە، وتی ورە لە سەر تۆ ڕاوەستاوین، وتم تۆ وەرە من ناتوانم، کە هات وتم هەموو گیانم برینە، ئای عەلی و عوسمان، ئەوان چوونە بارگینەکە بهێنن. زوو بانگی کوڕەکانی تری کرد و بارگینە بۆرەی کە من زیادتر لە 3 تا 4 سەعات بوو چاوەڕوانیم دەکرد، هات و منیان خستە سەری و بەرەو گوندی زینوینجیانیان بردم لە وێ لە ماڵێکی دڵسۆز، هەر عوسمان عەبدی خۆی دەستی کرد بە دڕاندنی لیباسەکانم، خوێنی برینەکانم پێیان وە ڕەق هەڵاتبوو نەدەکرا دایان کەنی.

عوسمان و سەرجەم بنەماڵەکە و هاوڕێیانی پێشمەرگە لە دەورم بوون، ڕووتیان کردمەوە بۆ ئەوەی بزانن، کوێم بریندارە، زۆرم شەرم دەکرد، عوسمان دوای لێدانی دەرزییەک و کەمێک پانسمان، وتی چیت پێخۆشە بتدەینێ، وتم چ خۆشە بمدەنێ، لێی کردمە شۆخی و وتی بە پێکەنینەوە وتی وایان لێ نەکردووی شتی خۆشت بدەنێ.

شانسی من عوسمان عەبدی دەورەی سەرەتایی دەرمانی دیتبوو و شەهید حوسێنیش کۆڵەپشتیە دەرمانەکەی لە گەڵ خۆی نەبردبووە ناو دێ. کادری دەرمانیمان شەهید حوسێن فەتحوڵڵایی بوو، لە کاتی هاتنە دەر لە گوندی خەراپەی لە گەڵ مرادی سۆفی هەڵبرا بوون و چوو بوون بۆ لای گردئاشەوانی و بۆ ڕۆژی دواتر لکی 3 ئاگاداریان کردینەوە کە سەلامەتن.

لە ماڵە خانە خوێ پانتۆڵیک و کراسێکیان دامێ و کاتی ڕۆیشتن لە دێ هاوڕێیان وتیان دەڵێیت چی لە ناو دێ بەجێت بهێڵین و هێوارێ بێن بت بەین. منیش وتم کەیفی خۆتانە، بەڵام نارجۆکێکم بدەنێ بۆ خۆکوژی نەکا سبەی بێن و ماڵان بگەڕێن. نارنجۆکەکەیان دامێ و خستمە ناو پانتۆڵەکەم و سواری بارگینە بۆریان کردم بۆ حەساری ئەو ماڵەی کە دەیان هەویست منی لێ بە جێ بهێڵن بەڵام ماڵەکە بە ژن و منداڵەوە دەستیان بە پاڕانەوە کرد کە من بە جێ نەهێڵن و ئامادەن بۆ سبەی هەرچی بریندارەکە و پێشمەرگەکان پێویستیان بێ بۆمان بێنن و دیارە ماڵیان ئاوەدان بێ، هەر واشیان کرد و ئێمەش بۆ ڕوناکایی بەیانی لە شوێنی مەبەست.

عەلی و عوسمانیش کە بارگینەکەیان نەدۆزیبۆوە، پێیان وابووە پێشمەرگەکان منیان بردووە، ئەوانیش بۆ لای نیوەڕۆ بە هاوکاری شوانێک هاتنەوە لای خۆمان، منیش دڵم حەساوە کە هیچیان لێ نەهاتووە.

ئەگەر عەلی لە دێ هەڵی نەگرتبام و عوسمانیش بانگ و دەرمانی نەکردبام، ئێستا دوای 37 ساڵ ئەم چەند دێرەم نەدەنووسی.

ڕۆیشتن بۆ خەستەخانە لە باشووری کوردستان

ئێمە ئەو ڕۆژە تا تاریک داهات ماینەوە، ئیمکانی ڕۆیشتن بە ڕۆژ نەبوو، ناوچەکە ڕۆژانە لە ژێر چاودێری دوژمن دابوو، ڕێگاکان هەمووی نەفەری بۆ دادەنرا (تەئمینی جادە)، من زۆرم ئازار و گەرمام بوو، نەم دەتوانی خۆم بجووڵێنم و لە سەر پشت درێژیان کردبووم و دواتر کەپەنکێکی شوانیان بۆ دانام، خەوم نەبوو، چەند جارێک بێهۆش بووم، کە وەهۆش هاتمەوە باسی شەهید بوونی من بوو، منیش چاوم هەڵینا و وتم نا من ماوم، جارێ کاتم نیە شەهید بم. هاوڕێیان بزەیان کەوتە سەر لێوان. شۆخێکمان هەبوو هەرکەس بریندار با، دەیان کووت دۆستەکەت کێیە بە ئێمەی بسپێرە، لەم کاتەتدا لێیان دەپرسیم دۆستت کێیە، ناوی چیە، منیش کە کەسم نەبوو تا ناوەکەی بڵێم. دیارە ئەگەر شەهید بام ئەرکیان سووکتر دەبوو. هێوارە داهات و بوو بە باس کە کێ ساڵەی بەرێ بۆ خەستەخانەی. لە لاجانەوە بۆ گۆرتیسوێ لەو دیوی قەندیل (باشووری کوردستان)، زۆر کەس ئامادە نەبوو، ڕێگەیەکی دوور، خەتەر. لە کۆتایی دا دیسان هاوڕێ عوسمان عەبدی وتی من ئامادەم و لە پێشەوەش دەڕۆم کەمینەکان دەشکێنم ئەگەر هەبن. لە کومیتەش هاوڕێ حەسەن ئەبروزەنی ئامادە بوو و عەلی کە پشتی هەروا خوێنی منی پێوە بوو و عوسمان کە لە دێ لە گەڵمان دابوو و هاوڕێیەکی تر ناوەکەم لە یاد نیە بە سواری بارگینە بۆری کە نەم هێشت لە بارگینەکەش قایمم کەن، وەڕێکەوتین بۆ لای قەندیلی. ڕێگایەکی دوور و تاقت پرۆکێن. بە خڕێ بەردشان، بەرکەمران و …. نمنجێ و بۆ گۆری دیلانان، لە هیچ گوندێک لامان نەدا و بە قەراخ گوندەکاندا ڕۆیشتین. ڕۆیشتنیش بە قەراخ گوندەکاندا لە بەر زەوی و زار زۆر ئاسان نەبوو بەڵام چار نەبوو. بۆ لای بەیانی گەیشتینە کانیاوی ئەشکەوتی سێوکێ نزیک دۆڵی نازاوایە دوای گوڕێ دیلانان کە کاتی ڕۆیشنیش بۆ ناوچە لەوێ شەومان کردبۆوە. هاوڕێیان بۆی خەوتن، من کە زۆر هیلاک بووم، نازانم لە بەر ژانی برینەکانم خەوم لێ کەوت یان نا. بەیانی گەرما بێزاری کردم و هاوارم لێ هەستا و بڕەکیان بردمە بەر نیسێیە. لە ڕێگادا هەر شوێنێک خوڕەی ئاو هاتبا، قدوو نایلۆنێکی ساندیسم پێ بوو، حەسەن ئەبروزەنی دوو جنێوی پێ دەدام و بۆی پڕ دەکردمەوە تا دەگەیشتینە کانیاوێکی تر.

زۆر جار دەڵێن نابێت بریندار ئاوی پێ بدرێت، من ئاویان پێ نەدابام دوو سەعاتیش خۆم پێ نەدەگیرا، گەروم وشک بوو، ئاوەکە هیزی نەفەس کێشانی پێ دەبەخشیم. ئاو نەبا خنکابووم.

دوای حەسانەوەیەکی باش، دیسان دەستمان بە ڕۆیشتن کردەوە، گەیشتێنە دەرەوە سپێ، لە بناری قەندیل و هاوڕێم مستەفا بەگم قەڵایی لە وێ بەرپرسی گۆمرگ بوو، ڕوحی شاد ئاخرین دیدارمان بوو، هەر ئەو ساڵە لە نەمنجێ بە دەستکیسی خۆفرۆش ئەبووبەکر ئەحمەدی لە گوندی نمنجێ شەهید کرا. فەوری نان و شووتی و چای بۆ هاوڕێیان دانا بەڵام من هێز و ئیشتیهای خواردنم نەبوو، بێجگە لە ئاو. دوای حەسانەوە، دیسان وەڕێکەوتین، عوسمان عەبدی وەک هەمیشە وەپێش کەوت و لێمان ون بوو، حەسەن ئەبروزەنیش لە تەواوی ڕێگا کە ئاگای لە من بوو بە دەست منەوە پێوە بووبوو و. هەر ماندوو بام منی دەهێنا خوارەوە و دەیبردمەوە سەر بارگینە بۆری و هەموو جارێکیش دوو جنێوی پێدەدام، منیش ئەوە نەبوو بێ وڵام ببم. حەسەن بۆ بارکردن و کۆنترۆڵی بارگین زۆر زیرەک بوو، چوونکە پێش ئەوەی ببێتە پێشمەرگە کاری قاچاخچییەتی کردبوو.

ڕێگای نێوان دەروە سپی و سەوەی زۆری گوێنی هەبوو، منیش کە کۆنتڕۆڵم بە سەر لاقی ڕاستم دا نەبوو، بێجگە لە ئازاری برینەکەم، ئازاری دڕوانیشی هاتە سەر. هەموو پشتی پەنجەم دەتگوت پشیلە ڕنیویەتی.

لە سەوەی تێپەڕین و شۆڕ بووینەوە بۆ گۆڕتیسوێ، هەورازەکە زۆر زۆر ڕژد و پێچ پێچە، وەک لە دیوارێک بێ یە خوارەوە. داوام لە حەسەن کرد لێم گەڕێ لێرە ببم تا بەیانی ڕوناک دا دێ، نەم باتە خوارەوە، بارگینەکە و من هەڵدەدێرێین. وتی هەر دەت بەمە خوارەوە تۆ زۆر زمان درێژی دەکەیت برینداری وا زامان درێژم نەدیوە. وتم حەسەن من بە ساغی نەمتوانیوە بە سواری بارگین بێرەدا بڕۆم، چۆن ئێستا خۆم بگرم بەم شەوە تاریکەی. بە قسە نەکردم، کوتی خۆت بگرە و زۆری مەڵێ. دوو پێچ ڕۆیشتین خەریک بوو هەموومان هەڵدێرێین، حەسەن ترسا، منی هێنایە خوارەوە و پەتۆیەکی پڵینگیمان لە گومرگ ڕا هێنابوو بۆی ڕاخستم و لە لام دانیشت، نازانم من خەوم لێ کەوت یان نا، دەنگ دەنگ پەیدا بوو. دیتمان هاوڕێ عوسمان عەبدی گەیشتۆتە کۆمیتە شارستانی پیرانشار لە گۆرتیسوێ، چەند پێشمەرگە و کادری دەرمانی و هێسترێکیان هێناوە. کادری دەرمانی، کاک عوسمان تابناک کە کادرێکی دەرمانی بە توانا بوو، بیرم نایە لەوێ پانسمانی کردم یان نا، سواری هێسترەیان کردم و شەهید سولەیمان چکردەش، ڕوحی شاد زۆر بە تاقەت بوو. لە هێسترەکەیان قایم کردم و لە هەر شوێنێک خەتەر با شەهید سولەیمان کلکی هێستر و ئەوانی تریش ڕەشمەی هێستریان دەگرت تا گەیشتینە کۆمیتە شارستان کە لە خێوەت دا بوون. ئەگەر لە بیرم بێ سەعات 4ی بەیانی کاری بچووکم هەبوو، چاوم هەڵێنا هەموو دەوروبەرم تاریک بوو، هەستم کرد کەسم لە لا نەماوە، یەک بە خۆم بانگی حەسەنیم کرد. زۆر ترسا وتی چ بووە، قدوویەکی بۆ هێنام و حەسامەوە و خەوەکەشم لە وی تێکدا.

بۆ سبەی بەیانی بێ سیمیان بۆ بنکەی قەڵادزێ کرد، لای سەعات 11ی نیوەڕۆیە منیان گەیاندە بستووی ئەستێرۆکان کە کاک یۆسف چاوجوان چاوڕوانمان بوو.

گەیشتینە قەلادزێ وتیان خەستەخانەی شۆڕشی حیزب، دکتۆری لێ نیە و منیان بردە خەستەخانەی عەسکەری ڕانیە کە زۆر خراپ و ناخۆش و پێراگەیشتنیان باش نەبوو و لێشیان حاڵی نەدەبووم. یەک دوو برینداری تریشان هێنا، کە هاوڕێی خۆم بوون، جەهانگیر و خالید مەناف. من و خالیدیان هەر یەکەو لەسەر تەختێکی دانابوو بۆ پانسمان، ژانمان زۆر بوو، من پێم عەیب بوو هاوار بکەم. بێ سڕکردن کەوتنە گیانم، زۆر لە بریندار بوونەکە ناخۆشتر بوو. گەچیان دە دەستیشم گرت. دوای 7 ڕۆژ من و جەهانگیریان بە زیلێکی عەسکەری کە وەک ترێلی تراکتۆر ناخۆش بوو لە گەڵ عەڕەبێکی نەخۆش برد بۆ بیمارستانی عەسکەری کەرکوک کە زۆر گەورە بوو. لەوێ گەچەکەی دەستمیان لێ کردەوە و وتیان خراپ تێگیراوە. وەرگێڕەکە کارمەندێکی کوردی خەستەخانەکە بوو. زۆریان ئازار دام دەستت برین بێ و بیکێشن بۆ ئەوەی ڕاست بێ، بێ سڕ کردن و بێ نەهایەت ناخۆش بوو. 3 جاریش لەوێ گەچیان تێگرت و دوای وێنەگرتن دەریان هێنایەوە، هەر خراپ دەردەچوو، ئێستاش هەر خواری گرتۆتەوە. لە کەرکوک دڵخۆشیمان ئەو کوردانە بوون کە لەوێ کاریان دەکرد و بە ڕاست زۆریان ڕێز لێ دەگرتین.

دوای 4 ڕۆژ مانەوە، هەر چاوەڕوان بووم کە بەرپرسانی حیزبی دیموکرات لێم بپرسنەوە بەڵام خەبەریان نەبوو. دکتۆرێکی نیزامی هات و زۆر بێ بەزەیانە پانسمانی ڕانمی لێ کردەوە کە خوێن فێچقەی کرد و زۆری ئازار پێگەیاندم لە خەستەخانە ئازادیان کردم. منیان لە ئەمبوڵانسێکی ناخۆش نا و پێیان وا بوو حیزب دێمۆکڕات بنکەی لە کەرکوک هەیە، هەر دەیان وت موعارەزە، نەیان دەزانی حیزبی دیموکرات چ حیزبێکە. زۆریان گێڕام 4 تا 5 سەعات لە ناوی گەرمای کەرکوک، زۆر ئیدارە چوون، من لێیان حاڵی نەدەبووم. دواتر بردیانم بۆ لای موجاهیدین و بە ئایفۆنی دەرگا بە کابرام وت من پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتم و من موجاهید نیم و با تەحویلی حدکام بدەن من نایەمە لای ئێوە، ئەو کات هەر لە گەڵ موجاهیدین نێوانمان خۆش نەبوو. دیارە بوو کابرا ڕێنوێنی کردبوون، بردیانم پێم وایە بۆ موخابەراتی عێراقی و دواتر بۆ فندەق سەنووبەر و لە وێڕا بنکەی سولەیمانیەیان ئاگادار کردەوە. زۆرم برسی بوو کوتیان چ دەخۆیت، 10 دینارم پێ بوو، بە یەک دینار یەک مریشکی برژاویان بۆ هێنام و بۆ لای 7 ی ئێوارە کاک حاجی ئاشپەز هات و ڕۆژی دواتر چووینەوە سولەیمانیە و دواتر ناردیانمەوە خەستەخانەی 25 ی گەلاوێژ.

گەیشتمە خەستەخانەی گەلاوێژ، وەک ئەوە وابوو چوومەتەوە ماڵە خۆمان، زۆرم ژان هەبوو بەڵام هەستم بە ئاسوودەیی دەکرد. خەستەخانەی ڕانیە و کەرکووک زۆر ناخۆش بوون لەوە ناخۆشتر کەسی خۆمان قەت سەردانیان نەدەکردی و کەس نەبوو ئاگای لێت بێ.

دوای ماوەیەک نازانم چەند ڕۆژ بوو، ناردیانم بۆ بەشی کۆمەڵایەتی کە کاک حەسەن ڕەستگار بەرپرس بوو و سەکینە جەوانمەردیش کادری وێ بوو. کووتی سەکین بۆی بنووسە بۆ ئاسایشگا، منیش وتم کاک حەسەن ناچم بۆ ئاسایشگا، ئەوان ماشێنیان نیە، من هەموو ڕۆژێ دەبێت بچم بۆ دەرمان کردن. وتی ئای کوێت دەوێت، وتم لە میوانخانەی دەفتەر دەبم. کووتی سەکین بۆی بنووسە با بچێت بۆ میوانخانە. ماوەی یەک مانگ لە گەڵ کەریم کەژاڵ (ڕوحی شاد) و سەرهەنگ لە میوانخانە بووم و تەواو حەسامەوە و ڕۆژانەش دەچووم  بۆ دەرمان کردنی برینەکانم.

دوای ئەو مانگە جارێک ناردیانم بۆ بەغدا کە هیچ سوودی نەبوو و دواتر ناردیانم بۆ خەستەخانەی شۆڕش و 4 تا 5 مانگێک لە وێ بووم و 2 جار دەستم عەمەل کرا کە هەردوکیان سەرکەوتوو بوون.

نزیکەی 2 مانگ دەستم لە گەچ دابوو، کە نەم توانی بوو، حەمامێک بکەم. بن گەچەکەش زۆر دەخورا، وەک کوڕەکانی تر بە شیشەی کەڵاشینکۆف بن گەچەکەمان دەخوراند. ڕۆژێک دەریان هێنا و بردیانم وێنەیەکیان لێگرت و دکتۆر وتی نابێت، چاک نەبۆتەوە، دەبێت گەچی تێ بگرینەوە. زۆرم پێ ناخۆش بوو، لێی پاڕامەوە کە ئامادەم نەیجوڵێنم تا چاک دەبێتەوە، هەر واشم کرد.

کە گەچەکیان دەرهێنا، زۆر چڵکن بووم، لە گەڵ هاوڕێیەکی پێشمەرگە ، فەتاح عەبدوڵڵاهی کە ئەو چاکتر بۆبووە، چووینە حەمام، هاوکاری کردم، هەرچی چڵکی بە دەست و پشتم وەبوو لێمان کردەوە . یانی دوای 2 مانگ یەکەم جار بوو دەمتوانی هەموو گیانم بشۆم کە هەستێکی زۆر خۆشی هەبوو و لە خۆ خوراندن نەجاتیم بوو.

کادرەکانی خەستەخانەکانی حیزب زۆر زۆریان خزمەتی بریندارەکان دەکرد و زۆر ماندوو بوون. لێرەوە سوپاسی یەک یەکیان دەکەم. سوپاسی دکتۆرانی بێسنوور دەکەم کە لە سەختترین شەرایت دا خزمەتی ئێمەیان دەکرد . ئێمە هەموو قەرزداری ئەوانین.

تێبینی: بەداخەوە ئەو شەوە کە من بریندار بووم، کاک عەلی مام عەزیزیش وا دەزانێت کە پێشمەرگەی خۆمانن و خۆمان لێکمان داوە، دێتە دەرێ و گووللەیەکی وەلاقی دەکەوێت. دوای چەند مانگێک لاقی چڵک دەکات، پێشمەرگەکان داوای لێ دەکەن و هاوکاری دەکەن کە بچێت بۆ خەستەخانەی حدکا لە باشوور بەڵام ناوێرێت و بەداخەوە کۆچی دوایی دەکات.

سڵاو لە ڕوحی کاک عەلی و هەموو شەهیدانی کوردستان

سوپاس بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لاجان کە زۆریان خزمەتی ئێمەی پێشمەرگە کرد.

وتووێژێکی کورتم لە گەڵ کاک عوسمان کردوە و فەرموون

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی