"an independent online kurdish website

ڕاگەیەندراو لەبارەی ئێعدام‌کرانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!

بە داخەوە چەند ڕۆژ دوای ڕاگەیەندراوی پێشووی حیزبی دێموکرات کە لەودا وڵاتان، کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە بەردەوامیی ئێعدامەکان لە ئێران وریا کرابوونەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانوییەی ٢٠٢٤)، پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لەگرتووخانەی قزل‌حەساری شاری کەرەج لەسێدارە دران.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا هەموو ئامرازێكی سەركوت و کوشتوبڕ و یەک لەوان ئێعدامی لە ئاستێکی بەرفراواندا و بە مەبەستی سەپاندنی کەشی ترس و تۆقان لە کۆمەڵگە و كپكردنی دەنگی ئازادیخوازانە ناڕەزایەتیی خەڵک بەکار هێناوە. بێگومان هەتا ئێعدامەکان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بۆ ئەو ڕێژیمە هەروا کەم تێچوو بێت، ڕێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی لەپێناو ڕاگرتنی دەسەڵاتە ناڕەواکەیدا هەروا لەسەریان بەردەوام دەبێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم‌کردنی ئێعدامی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییەی کورد و بەندکراوانی سیاسیی دیکەی ئەم‌دواییانە هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت. هاوکات پێویستە بە کۆماری ئیسلامی بگوترێتەوە کە خەڵکی مافخوازی کوردستان و ئێران بە ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی و سیاسەتی سەرکوت و کوشتوبڕ چاوترسێن نابن و خەبات و تێکۆشانیان بۆ بەچۆکداهێنانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەبێت.

هەروەها جارێکی دیکەش داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی، وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکات، بە چڕکردنەوەی گوشارە دیپڵۆماسییەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی و گرتنەبەری ڕێکاری بەکردەوەی وەڵامدەر پێشی بەردەوامیی جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە دەرحەق بە خەڵکی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بگرن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی

**

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە سەبارەت بە ئێعدامی ٤ پێشمەرگەی کۆمەڵە

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،

‎بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان،

‎بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە رایدەگەیەنین چوار رۆڵەی خۆتان، چوار لاوی ئازادیخواز، چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە و نیشتمان، هاوڕێیانمان پژمان فاتێحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار دوای ئەشکەنجە و ئازاری لە ڕادەبەدەر سەرەنجام لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی رێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی لە زیندانی قزڵحەسار ئێعدام کران.

‎کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی ئەو گیانبەختکردووانە، سەرجەم ریزەکانی کۆمەڵە و هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکات.

‎سەری ڕێز دادەنوێنین لە بەرانبەر خۆڕاگری و ورەی بەرزیان، ئەو هاوڕێیانە نیشانیان دا رێبوارانی راستەقینەی رێگای پیرۆزی هەزاران گیانبەختکروودی کۆمەڵە و گەلەکەیانن. کۆمەڵە و کوردستان سەریان بەرزە بە بوونی ڕۆڵەی ئاوا تێکۆشەر و قارەمان.

‎ هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لە ئاست ئەم جەنایەتەوە هەڵبڕن و نیشانی بدەن کە خاوەندارێتی لە رۆڵەکانی خۆیان دەکەن و رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان  بە مانگرتنی گشتیی و داخستنی دوکان و بازار و نەچوونەوە سەر کار لە سەراسەری کوردستان  ڕێز لە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی خۆیان بگرن.

بە مانگرتنێکی جەماوەری بە کۆماری سێدارە و هەموو جیهانی نیشان بدەین  کە پشتمان بە پشتی یەکەوەیە وهاواری ئازادیخوازی و مافخوازیمان دەبێ ببیسترێ.

هاونیشتمانیانی ئازیز،

لە بیری نەکەین کە نوێترین شەهیدانی کوردستان، هەژیر، وەفا، پژمان و موحسێن تێکۆشەری ئەو خاک و نیشتیمانە بوون، ژیان و هەموو تەمەنی لاویەتی خۆیان بۆ خزمەت بە کوردستان و کورد تەرخان کرد و سەرئەنجام گیانی ئازیزیشیان لەو ڕێگا پیرۆزە دا بەخت کرد.

ئەوان زانیبوویان کە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە ،بەڵام سەرەڕای ئەوە دوایین قسەیان خۆڕاگری و سەردانەنەواندن بوو

مەرگ‌و نەمان بۆ دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی

 سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد

‎کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

۹ی رێبەندانی ۱٤۰۲ی هەتاوی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی