"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان: ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 2024/02/26ی زائینی کاک پۆڵای شۆرشگێڕ و شاعیر  دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە شاری ستۆکهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئێد لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک پۆڵا نانەوازادە کوڕی کەسایەتی دیاری شاری مەهاباد، حاجی هاشم نانەوازادەگان لە ساڵی ١٩٥٥ی زائینی لە دایک بوو، کاک پۆڵا وەک زۆربەی منداڵانی سەردەمی خۆی نێردراوەتە قوتابخانە و خوێندکارێکی زیرەک بووە و دواتر لە ڕشته‌ی سه‌نایعی شیمیایی(شووشه‌ سازی) دا لە شاری تاران درێژەی بە خوێندن داوە و لە هەمان کاتدا چالاکی بوارەکانی وەرزشی و هونەری بووە. کاک پۆڵا بێژەرێکی بە توانا و دەنگ خۆشی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێمۆکڕات بوو کە دواتر ریزی حدکای بەجێ هێشت و لە کاتی کۆچی دوایی دا ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستاندا بوو.

لە لایەن بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان سەرەخۆشی لە هاوژیانی و بنەماڵەی بەڕیزی دەکەین و روحی شاد بێ و ئاخرین خەمیان بێ.

 

کوردستان مێدیا: کاک پۆڵا نانەوازادە، کادری پێشووی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی کاک پۆڵا نانەوازادە، کادری پێشووی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد.

 پۆڵا نانەوازادە، کوڕی هاشم نانەوازادەی سابڵاغی، لە شاری مەهاباد و لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگی کوردپەروەر لەدایک بوو.

پۆڵا نانەوازادە لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی خەڵک دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی لە شاری مەهاباد ڕۆڵی هەبوو. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و وەگڕوتینکەوتنەوەی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، کاک پۆڵا ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتی هەڵبژارد و لە بەشی پەروەردە و تەبلیغیی حیزبدا چالاکانە درێژەی بە کارەکانی ‌دا.

دوای دامەزرانی ڕادیو دەنگی کوردستانی ئێران، کاک پۆڵا بە نووسین و بێژەریکردن، ڕۆڵی لە گەیاندنی دەنگی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌ گێڕا.

دوای پەڕیوەبوونی بۆ هەندەران و گیرسانەوەی لە وڵاتی سوید، تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە نووسینی بەرهەمی ئەدەبی و پێوەندیی چڕوپڕی لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دێرینی خۆی، وەفادار بە ئامانجەکانی خۆی مایەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک پۆڵا نانەوازادەوە، سەرەخۆشی لە هاوڕێ و هاوسەنگەران، هەروەها بنەماڵە و کەسوکاری دەکات.

****

بابەت لەم بارەوە وەرگیراو لە فەیسبووک و  …..

مەردان نانەوازادە: بابم ئەوشۆ کاتژمێر ١٩:٤٤دڵی مێهرەبان و جوانی لە لێدان کەوت و ئاخر هەناسەی هەلکێشا و دونیایەک خەم و پەژارەی بۆ بەجێ هێشتین.

بابم رۆڵەی گەلەکەی و پێشمەرگەی خاک و نیشتمان و دڵسۆزی نەتەوەکەی و شاعیرو نووسەری قەلەم رەنگینی دەرد و مەینەتی میللەتەکەی بوو.

لە هەموو کات و ساتێکدا لە هەموو شووێنێک لە شاخ و شار لە وناوخۆو دەرەوەی ولات گەورەترین خەمی دەرد و ژانی میللەتەکەی بوو و گەورەترین ئاواتیشی سەرکەوتن و یکگرتنی نەتەوەکەی بوو کە بە داخی گرانەوە نەیدیت .

بابم بە راستی دڵێکی گەورەی هەبوو رێزو حورمەتی چکۆلەو گەورەی لە بەر بوو هەر بۆیەش خۆشەویستی هەموو لایک بوو.

بابی من و دۆست و برای ئێوە بە دیمەن لە لامان نەماوە بەڵام دڵنیام ئاواتەکانی و وتەکان و شێعرە جوانەکانی بۆ هەتاهەتایە لە شاخ و شارو کۆرو کۆمەلی کوردستاندا دەنگ دەداتەوەو ورەی لاوان و دڵسۆزانی نەتەوەکەی بەرز رادەگرێت .

بابە گیان لە دڵماندای و قەت لە بیر ناکرێی و بە تۆوە سەربەرزین.

مەردان.

****

حەمەڕەسووڵ کەریمی: کۆچی دوایی ئەستێرەیەکی دیاری کوردایەتی و ئەدەبیاتی کوردی پۆڵا نانەوازادە

ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ٢٥ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٤ی زائینی کاک پۆڵا نانەوازادەگان دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆکهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئێد لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک پۆڵا نانەوازادە کوڕی کەسایەتی دیاری شاری مەهاباد، حاجی هاشم نانەوازادەگان لە ساڵی ١٩٥٥ی زائینی لە دایک بوو، کاک پۆڵا وەک زۆربەی منداڵانی سەردەمی خۆی نێردراوەتە قوتابخانە و خوێندکارێکی زیرەک بووە و دواتر لە ڕشته‌ی سه‌نایعی شیمیایی(شووشه‌ سازی) دا لە شاری تاران درێژەی بە خوێندن داوە و لە هەمان کاتدا چالاکی بوارەکانی وەرزشی و هونەری بووە.

کاک پۆڵا کاریگەری زۆری باوکی بە سەرەوە بووە، حاجی هاشم نانەوازادەگان باوکی کاک پۆڵا، کەسێکی دیاری شاری مەهاباد و دەوروبەری بوو، مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی بوو، بەرێزیان لە ژێر هێژموونی دەورانی کۆماری کوردستان دا گەلێک ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەسەریەک نابوون و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچە بوو و هەر لە سەردەمی کۆمار دا کاک هاشم و پۆلێک لە لاوانی دیکە لە لایەن شەهید پێشەوا و کۆماری کوردستانەوە بۆ خوێندن نێردرابوونە باکۆ. باوکی کاک پۆڵا شاعیرێکی بە توانا و ئاهەنگساز بووە و بەشێکی بەرچاو لە گۆرانی‌یەکانی هونەرمەندی نەمر کاک محەممەدی ماملێ، شێعر و ئاوازەکانی ئی حاجی هاشم نانەوازادە بوون، کاک پۆڵا لە ژێر کاریگەری هەڵس و کەوتی کوردانە و نیشتمانپەروەرانەی باوکی دا گەورە ببوو، هەر لە هەڕەتی لاوەتییەوە، لەگەڵ کەسە دیارەکانی مەهاباد هەستان و دانیشتنی هەبووە.

ئاشقی هونەر و گۆرانی و شێعر و جل‌وبەرگی کوردی بووە، بۆیە زۆربەی کاتەکان لەگەڵ هونەرمەندانی سەردەمی خۆی لە هاتووچۆ دابووە و باخەکانی دەوروبەری شار جێگەی دیدار و کارە هونەری‌یەکانی بووە.

لە یەکەم خۆپێشاندانی دژ بە شای ئێران و لە کاتی بە خاکسپاردنی گەورە تێکۆشەری کورد نەمر کاک عەزیز یوسفی دا، کاک پۆڵا نانەوازادە وەک کەسێکی دیاری نێو ئەو خۆپێشاندانە بەرینە دژی ڕژێمی شا لەگەڵ پۆلێک لە لاوان و کەسایەتییە دیارەکانی ئەو سەردەم دەگیرێ و شەش مانگ لە زیندان دا ڕادەگیرێ، لە یەکەم لێپرسینی دادگا فەرمایشییەکانی ڕژێم دا کاک پۆڵا و چەندین کەسی دیکە بە ئێعدام مەحکووم دەکرێن، بەڵام دواتر بە هەوڵ و هیممەتی کەسانی دیاری وەک نەمر شێخ عێزەدین حوسێنی و چەندین کەسایەتی دیکە حوکمی ئێعدایان لە سەر وەلا دەبن و دوای شەش مانگ لە گەرمەی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی دا هەر ١٦ کەسی گیراو ئازاد دەبن.

کاک پۆڵا لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان دا یەکێک لەو لاوە خوێن گەرم و ڕاپەریوانە بوو کە بە کەڵاشینکۆفی شانی و بە هاوڕێیەتی پۆلێک گەنجی دڵ پڕ لە هەستی نیشتمانپەروەری، توانیان دەست بە سەر بنکەی شارەبانی، کەلانتەری و هەنگی ژاندارمەری و دواتر پاسگای گوێچکەدەرێ دا بگرن و لە هەمووانیش دا کاک پۆڵا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی گێڕا بوو.

کاک پۆڵا وەک پێشمەرگەیەکی دیار و خۆشناو لە زۆربەی شوێنە هەستیارەکان و بەرەکانی شەڕی دەوروبەری شاری مەهاباد و نێو شاردا دیار بووە، لەگەڵ هێرشەکانی ڕژێمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو و خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی دا وێرای هەزاران پێشمەرگەی دیکە ڕوو لە چیا دەکەن و لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا خزمەت دەکەن.

کاک پۆڵا نانەوازادە چوار ساڵ وەک پێشمەرگە و کادر و وێژەری ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لە ئاستەم‌ترین کاتەکان دا خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و جێ پەنجەی بە یەکەم ڕادیۆی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چ لە باری نووسینی کوردی و فارسی و چ لە باری خوێندنەوە و وێژەری دا دیار بووە و لە دژوارەتین کاتەکانی پێشمەرگایەتی دا لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەر و هاوکارەکانی لە ڕاگوێزتن و دامەزراندنی ڕادیۆ و ئارشیوی ڕادیۆ دا ڕۆڵ و نەخشی سەرەکیان گێڕاوە.

کاک پۆڵا لە ساڵی ١٩٨٥ی هەتاوی دا بە ناچار ڕوو لە هەندەران و وڵاتی سوئێد دەکا. قۆناخی ژیانی لە وڵاتی سوئێد بەرز و نزمی جۆراوجۆری تێدا بووە، بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی و بە هۆی کۆمەڵایەتی بوونی کوردانی دیاسپۆرای لە هەر چوار بەشی کوردستان دەناسین و دۆستایەتی و هاورێیەتی زۆری لەگەڵ هەمووان هەبووە، مرۆڤێکی خەمخۆر، دڵسۆز و کوردێکی تا سەر ئێسقان نیشتمانپەروەر و سەخی و بەخشەندە بوو، لە ڕۆژە مێژووییەکانی گەلەکەی دا ، لە ڕۆژ و کارەساتە ناخۆشەکان دا هەمیشە پێشەنگی کارە هەرەوەزییەکانی دەکرد، لە کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپێشاندان و سمینارەکان دا کەسێکی دیار بوو، ساحەب هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو، خەمی گەلەکەی لە کۆڵ نابوو، بەردەوام خەباتی بۆ ڕزگاری گەلەکەی دەکرد و درووشمی سەربەخۆیخوازی لە لای کاک پۆڵا لە گرینگترین درووشمەکان بوو، هەوڵێکی زۆری بۆ یەکڕیزی و تەبایی دەدا و ڕۆڵێکی کاریگەری لە سەر کوردانی دانیشتووی سوئێد و بە تایبەت شاری ستۆکهۆڵم هەبوو.

قۆناخێکی دیکەی کاری نەمر کاک پۆڵا بەشداری کردنی لە کۆڕی ئەدیبان و هونەرمەندان دابوو، وەک هەمیشە لەگەڵ هاوسەری ژیانی خاتوو مریەم ماڵەکەیان ماڵی هەمووان بوو، لە کاتی کۆبوونەوەی هونەری و ئەدەبی و فەرهەنگی دا لە ڕیزی پێشەوەی کۆبوونەوەکان دا بوو، بۆ خۆی ساحەب هەستێکی ناسک و جوان بوو، شێعر و هۆنراوەکانی، نووسین و بابەتەکانی، گێرانەوەی بیرەوەری و بە سەرهاتی ژیانی هەموویان لە جوانییەکانی کاک پۆڵا بوون، جیا لە نووسینی شێعر و پەخشان، لە بواری نیگارکێشی دا کەسێکی دەست ڕەنگین بوو و دەیان تابلۆی جوانی لەگەڵ نووسین و کتێبەکانی وەک یادگاری بەجێ هێشتوون، شێعرەکانی ئاوێنەی باڵا نوێنی پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کوردن، جیا لەوانە لە پێکهێنانی شەوی کوردی، بۆ هونەرمەندەکان ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو.

بەداخ و پەژارەوە ماوەی چەندین ساڵ بوو ، بە دەست نەخۆشی شێرپەنجەوە دەیناڵاند، لەگەڵ ئەوەدا شێرپەنجە بە لەشی دا بڵاو ببۆوە، بەڵام هەر وەک جاران بە ورە و ئیرادە بوو، بە پێی توانا بەشداری لە خۆشی و ناخۆشی دۆست و هاورێیانی و بە گشتی ڕەوەندی کوردی دا دەکرد.

خزمەتەکانی دەورانی پێشمەرگایەتی و نووسین و کتێب و پەرتووکەکانی کاک پۆڵا وەک دیارییەکی بە نرخ بۆ هەمیشە دەمێننەوە، لەوە دڵنیاین کە یاد و ناوی هەردەم بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.

بە بۆنەی کۆچی دوایی و ناوەختی کاک پۆڵا نانەوازادە لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی خاتوو مریەم و کوڕ و کچ ، خوشک و براکانی ، کەس و کاری و خەڵکی کوردستان و گشت هونەرمەند و ئەدیبانی کوردستان دەکەین و هیوادارین کە نموونەی لە چەشنی کاک پۆڵا نانەوازادە لە نێو گەلەکەمان دا هەر لە زیادبوون دابێ.

ڕووح و ڕەوانی شاد و جێگەی بەهەشتی بەرین بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیاڕەنگ

٢٦ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٤ی زائینی

فیدام کرد هەرچی خۆشی بوو لە ژیانم

لە پێناو خاک و خەڵک و نیشتمانم

پەشیمانیش نەبووم تا دوا هەناسەم

ئەوەی کردم بە شانازی دەزانم

پۆڵا نانەوازادە

***

کۆچی دوایی تێکۆشەری ڕێبازی سەربەخۆیی و شاعیری نەتەوەیی، پۆڵا نانەوازادە

ڕاگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK

   بەداخ و کەسەری زۆرەوە، کۆچی دوایی تێکۆشەری رێبازی سەربەخۆیی کوردستان، شاعیر و ئەدیبی نەتەوەیی و  ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندیی پارتی ئازادیی کوردستان کاک پۆڵا نانەوازادە، ڕادەگەیەنین.

    پۆڵا نانەوازادە کوڕی هاشمی نانەوازادەی سابڵاغی، ساڵی ١٩٥٥ لە شاری مەهاباد لە خێزانی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری بە ناوبانگ لە دایک ببوو. لەسەر و بەندی سەرهەڵدانی خەباتی جەماوەریی دژی ڕژیمی پاشایەتی پەهلەویی، بەهۆی هەڵسووڕانی سیاسییەوە، لەلایان دەزگای تاوانباری ساواکەوە دەگیرێ و دەکەوێتە زیندانەوە.لاوی تێکۆشەر پۆڵا نانەوازادە، رۆژی ٢٢ ڕێبەندانی ١٩٧٩، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی هەڵمەت دەبەنە سەر شارەبانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە مەهاباد و سەرۆک و سەربازەکانی چەک دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن. ئیتر لەو کاتەوە ژیانی کاک پۆڵا تێکەڵ بە سەردەمی نوێی خەباتی ڕزگاریخوازیی و بەرنگاری نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە هێرشی تاران  و جیهادی خومەینی و هەوراز و نشێوە سیاسی و لەشکرییەکانی دەبێت.

   لەو ساوە تا ساتی مەرگی، تێکۆشانی سیاسیی و پێشمەرگانەی کاک پۆڵا نانەوازادە چەند بڕگە و سەردەم و چوارچێوەی ڕێکخراوەیی جیاواز لە خۆ دەگرێت.بەڵام ئەوەی وەک گەوهەری ژیان و خەباتی ئەو پیاوە دڵپاک و جوانچاکە تا دوا دەمی ژیانی بە نەگۆڕی مایەوە، خەم و خەونی سەربەخۆیی کوردستان بوو.

دوا وێستگە و بڕگەی ژیانی سیاسی و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی پۆڵا نانەوازادە ئەندامەتی لە ڕیزەکانی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستاندا بوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دەستی پێکرد و هەتا ساڵی ٢٠٢٠ و خانەنشینی و ماڵاوایی ڕوو سوورانەی لە تێکۆشانی سیاسیی و بەرپرسایەتی ڕێکخراوەیی بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەوە، درێژەی کێشا. ئیترلەوە بەولاوە تا ئەو کاتەی هێز و وزەی لەبەر بوو، پەیڤ و بەستە و ئەدەبیاتی سەربەخۆییخوازیی کردە چەکی بەردەوامیی لە تێکۆشان.

 مەخابن ئەمڕۆ کاک پۆڵا لە گەڵ ئاوابوونی دوا پرشنگی خۆر، دڵی پڕ سۆز و ئاواتی لە لێدان کەوت و بە سەفەری بێگەڕانەوەی ماتەمباری کردین.

کۆچی پۆڵا نانەوازادە خەسارێکی دیارە بۆ بیری کوردستانیەت و ڕێبازی سەربەخۆیی و کۆڕی یاران و هەڤاڵان و ئەویندارانی وشەی کوردیی.

پارتی ئازادیی کوردستان یاد و  بیرەوەریی ئەو هەڤاڵ و هاوئامانجە سەرڕاست وقەدرگرانە لەبیر ناکات؛ پرسە و سەرەخۆشی پێشکەشی هاوسەر و منداڵە نازلێشێواوەکانی و بنەماڵەی بەڕێزی نانەوازادە و هەموو هاواڵ و دۆستانی دەکات.

پارتی ئازادیی کوردستان PAK

۶ ڕەشەمەی ٢٧٢٣ کوردی

٢۵ فێوریەی ٢٠٢٤ زایینی

لینکی یادی نەمر عومەر قازی کە کاک پۆڵا وەک بەڕێوەبەر بەشدار بوو.

***

“چەندم داوا کرد”

هۆنراوە: پۆڵا نانەوازادە

کامێرا: شوان کەرکوکی و چەتۆ ساڵح

درۆن: لارە

مونتاژ: شوان کەرکووکی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی