رۆژی (13/1/2024) له ستۆکهۆڵم کۆڕێ بۆ ناساندن و گفتوگۆ و فرۆشتنی کتێبی {(سێبه‌ری قه‌له‌به‌رد) به پێنووسی به‌ڕێز مه‌له‌که مسته‌فاسوڵتانی} له لایه‌ن خودی نووسه‌ر و به‌ڕێزان (ئارێز محه‌ممه‌دی و ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌ندری) به‌ڕێوه برا.
به‌رنامه‌که به کامێرای ته‌له‌ڤیزیۆنی وێنه ئه‌گیرا و جاروبار لاپه‌ڕه‌یه‌کی کتێبه‌که له سه‌ر دیواری ساڵۆنه‌که پیشان ئه‌درا و بۆ به‌شدارانی کۆڕه‌که شی ئه‌کراوه که باسی چی ئه‌کات.
یه‌کێ له‌و لاپه‌ڕانه که له سه‌ر دیواری ساڵۆنه‌که پیشاندرا، لاپه‌ڕه‌ی (199) بوو که باسی بوخچه‌ی ئه‌کرد، با له‌و چه‌ن دێڕه بڕوانین:
*{(ئاوایی هه‌جمنه له‌م به‌ر و ئه‌وبه‌ری دۆڵێک هه‌ڵکه‌وتووه. مقه‌ڕی کۆمه‌ڵه به‌رانبه‌ر به‌و رێگایه هه‌ڵکه‌وتبوو که کاروانه‌که‌مان پێیدا ده‌چوو. چه‌ن که‌س له به‌رپرسان له‌به‌ر مقه‌ڕه‌که وێستابوون و له به‌ر چاوی خه‌ڵکی دێیه‌که به ده‌نگی به‌رز شۆخی نه‌گونجاویان ده‌کرد و به ئێمه پێده‌که‌نین. ئه‌ده‌م کۆڵه‌پشتی و شتی وا نه‌بوو و ژنه‌کان که‌لوپه‌ل و شته شه‌خسییه‌کانیان ده‌خسته ناو بۆخچه‌وه. بۆخچه بووبووه ڕازێک بۆ هێندێ که‌س. حه‌زیان ده‌کرد بزانن که چی تێدایه، هه‌ر بۆیه ده‌یانکرده شۆخی و گاڵته. ئه‌وان تێنه‌ده‌گه‌یشتن که جه‌سته و له‌شی ژن له‌گه‌ڵ پیاو فه‌رقی هه‌یه. دیار بوو که زانیاری ئه‌وه‌یان نه‌بوو که ژنان سووڕی مانگانه‌یان هه‌یه و هه‌ر بۆیه پێویستییان به جل و وه‌سایلی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه. ئه‌م که‌سانه به ڕاستی فامی ئه‌وه‌یان نه‌بوو که له‌وه حاڵی بن ئه‌گه‌ر ژنێک بۆ شوێنێک بچێ و بوخچه‌یه‌کی به کۆڵه‌وه بێ، ئه‌وه شتێکی ئاساییه و هه‌رگیز نیشانه‌یه‌ک نییه له ناشۆڕشگێڕی ئه‌و که‌سه.}*
ئه‌و باسه و ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وه جێگه‌ی داخه، دیاره هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک هه‌وڵ ئه‌دات که‌موکووڕییه‌کانی خۆی چاره‌سه‌ر بکات.
بوخچه:
بوخچه، پارچه یا قوماشێکی یه‌ک میتری یا که‌متر له (میترێ) که (زیاتر) ژنان بۆ هه‌ڵگرتنی شتومه‌کی خۆیان سوودی لێئه‌به‌ن.
پێشمه‌رگه ژنه‌کان و بوخچه
کاتێ که ژننان له کۆمه‌ڵه چه‌کدار کران، یا درست‌تر بێژم چه‌کیان کرده شان. بوخچه‌یش ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ردا هات و به جۆرێکی جوانتر هاته ئاراوه. له‌و باره‌وه با له‌و چه‌ن دێڕه بڕوانین:
به‌داخه‌وه ساڵه‌که‌یم له یاد نییه، کۆمه‌ڵێ پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه ئه‌ڕۆنه‌وه بۆ ده‌وروبه‌ری بانه و سه‌قز، منیش یه‌کێ له‌وان بووم. به هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران هه‌موو ناوچه‌کانی داگیر کردبوو به‌ناچار به شه‌و هاتووچوو ئه‌کرا. شه‌وێ گه‌یشتینه سه‌ر چه‌مێ، ئاوی چه‌مه‌که زۆر بوو به بێ که‌وش و گۆره‌وی و پانتۆڵه‌وه دامان له چه‌م، ئه‌و شه‌و تا ده‌مه‌وبه‌یان رۆیشتین و له ده‌مه‌وبه‌یانا چوونه ناو دارستانێ که تا ئێواره تاریک دابێ و دووباره رێکه‌وینه‌وه. جگه له چه‌ن پێشمه‌رگه وه‌ک چاو‌دێر هه‌موو نووستین، پاش ئه‌وه‌ی له خه‌و هه‌ستاین و که‌مێ نانمان خوارد، بینیم یه‌کێ له پێشمه‌رگه‌کان به‌ناوی (حسین نه‌جه‌فی) که خه‌ڵکی سه‌قز بوو تاکه‌وشێکی هه‌یه.
وتم ئه‌ی داکه‌شه‌که‌یترت کوا؟
وتی: شه‌و له چه‌مه‌که ئاو بردی.
کاتێ ئه‌وه‌م بیست زۆر خه‌مبار بووم، که‌سێ یه‌کشه‌و به تاریکی و به تاکه‌وشێکه‌وه به‌ناو (دار و ده‌ون)، به‌ناو (به‌رد و زیخدا) بڕوات ئه‌بێ چ ئازارێکی چه‌شتبێت!
که‌وتمه بیری ئه‌وه ئه‌بێ تاکه‌وشێکی بۆ ساز که‌م. خۆشبه‌ختان کۆمه‌ڵێ پێشمه‌رگه‌ی (ژن) له‌و کاروانه بوون، ئه‌وان جگه له‌وه‌ی وه‌ک پێشمه‌رگه پیاوه‌کان چه‌ن خه‌شاب(مه‌غزه‌نی)پڕیان پێ‌بوو، هه‌رکام دوو {جێ خه‌شاب(مه‌غزه‌نی)} خاڵیشیان پێ‌بوو، که شتومه‌کی پێویستی خۆیانی تێدا بوو.
چووم به (6) که‌سیانم وت: من پێویستم به (6) جێ خه‌شاب هه‌یه، تکایه بمده‌نێ.
هه‌موویان وتیان شتومه‌که‌ی خۆمانی تێدایه و (ناتوانین) بده‌ین!
وتم ئه‌زانم شتومه‌که‌ی خۆتانی تێدایه، من ئه‌وانه‌م بۆ خۆم ناوێت، ده‌ستم بۆ لای کاک (حسین نه‌جه‌فی) درێژ کرد، وتم ئه‌و که‌سه ئه‌مشه‌و به یه‌ک تاکه‌وشه‌وه رێگای بڕێوه و ئه‌بێ تاکه‌وشێکی بۆ دروست که‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م وت خێرا (6) جێ خه‌شابیان پێدام.
من خۆم هه‌میشه بڕێ شتی پێویست وه‌ک (ده‌رزی و دره‌وشی چکۆله) – (مێخ- بزمار و پێنس) – (کشته‌ک …)م که بۆ بڕێ کار له کاتی خۆیدا پێویستن پێ‌بوو، خێرا به‌و جێ خه‌شابانه (2) تاکه‌وشم به یه‌ک جۆر دروست کرد و دامن به کاک (حسین).
به‌داخه‌وه کاک حسین هه‌ر له‌و ده‌وره‌دا به‌دس ده‌وڵه‌تی خوێنڕێژی ئیران کوژرا. کاک (حسین) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که به (ته‌من) له زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌کان بچوکتر بوو، به‌ڵام هه‌ڵسوکه‌وت و بیکردنه‌وه‌ی زۆر مه‌زن و ئینسان دۆستانه بوو! لێره‌دا له‌م بابه‌ته کورته‌دا به‌باشم زانی یادێ له کاک حسین و کاک حسینه‌کانی خانه‌واده هه‌ژاره‌کان بکه‌م، که فه‌رامۆش کراون!
*
سپاس بۆ سایتی (گیانبه‌ختکردوانی کۆمه‌ڵه) که وێنه‌ی کاک (حسین نه‌جه‌فی)یان بۆ ناردم!
28/2/2024 سه‌عی سه‌قزی Sai.saqzi@gmail.com