Hoppa till innehåll

سروە پوورموحەممەدی، ئەندامی ڕێکخراوی نۆژین، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای پێنج ساڵ زیندانی, پەیامێکی بڵاوکردەوە.

” ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ سڕینەوەی ئازادییە لە ڕۆحمانا ”

دڵشاد جەمشیدی:  شار دەبوو بەرگری ئازادی ڕۆڵەکانی بکات ،  شۆڕش و کورد بوون و نیشتمانپەروەری نابێت لە نەورۆز و هەڵپەرکێ و وەرزێک و ئەکتێکدا کورت بکرێتەوە. یەک لە گرینگترین نیشانە و فاکتەکانی هوشیاری و پێگەیشتووی کۆمەڵگا، یەکگرتن و بەرگری کردنی جەمعییە لە کەسایەتییەکانی لە کات و ساتی هێرشی دوژمندا (فاشیزم و داگیرکەر).

بە هەزاران سنەیی و کورد دەبوو لەم کات و ساتەدا کە سروە موحەممەدی بۆ زیندان دەچێت (زوڵمی لێ دەکرێت و باجی کورد بوون ئەدات) ئامادە بووایەتن.

دەبوو بۆ بەندیخانە ڕۆیشتنی سروە (کچێکی شۆڕشگێری کورد) شەقامەکانی هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی بە تایبەت سنەی پڕ کردبایە لە هاواری نارەزایەتی خەڵک.

زوڵمی داگیرکەر ئەبێت تێچووی بۆی هەبێت.

#سروە_محمدی #کوردستان #نۆژین

***

هەڵوێستی زاراکان و سروەکان لە گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە ، قادر وریا ٢٠٢٥/٠٤/٢٠

کاک ئاگری ئیسماعیلزادە Agiri Esmailnazhad  لە پۆستێکی نوێی خۆیدا لە گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە، ڕوانیویەتە دژکردەوەی مامۆستایان  زارا محەمەدی  و سروە محەمەدپوور بەرامبەر ” دەزگای داد  و زیندان”ی ڕێژیمی توتالیتێری ئێران. من بەم چەند دێڕە دەستحۆشیم لە نووسینەکەی کردووە:

دەستت خۆش کاک ئاگری! ئاماژەت بە خاڵێکی زۆر گرنگ کردووە. نموونەکانی وەک موژگان و زارا و سیروان و سروە، لەجیاتی سەردانەواندنێکی مەزلوومانە بۆ  بڕیارێکی زاڵمانە، بوێرانە و سەربەرزانە شانازی بە ”تاوان”ەکەی خۆیان دەکەن، دەزگای بێدادی ئەو ڕێژیمە و زیندانەکەی و خودی ڕێژیمەکەش سووک و ڕیسوا دەکەن و بەم جۆرە، نەریتێکی بەرز لە بەچۆکداهێنانی تاریکی بەهۆی ڕووناکی، زۆردار بەهۆی زۆرلێکراو، ترس و وەحشەت بەهۆی ورە و باوەڕ دەخەنە ڕوو. بەڕاستی ئەم ڕۆڵە سەبەرزانەی کوردستان، نەک هەر لە فێرکردن و پاراستنی زمانی کوردیدا، بەڵکوو لە فێرگەی ژیان و بەرخۆدانیشدا، مامۆستای هاونەتەوەکانیانن.

نووسینەکەی کاک ئاگری:

ئاگری ئیسماعیلزادە: ”یەکێ لە هێماکانی هێژمۆنی دەسەڵاتی تۆتالیتێر «دەزگای داد و زیندان»ە دەسەڵاتی تۆتالیتێر بە ڕێگای دەزگای دادەکەی ڕواڵەتی توندوتیژییەکەی خۆی دادەپۆشێ و پاساوی دەدا و بە ئامرازی زیندان پێکهاتەی خۆف و خۆسانسۆری بەسەر کۆمەڵگادا دادەسەپێنێ هەڵبەت زیندان یەکێ لە ئامرازەکانە!

خۆسانسۆری وا دەکات کە کۆمەڵگا بێدەنگ بێ! لە بێدەنگیدا، ڕوونە دەسەڵاتی تۆتالیتێر،  کۆمەڵگای ژێرچۆکی زیاتر و زیاتر پەڕاوێز دەخات و زیاتر بەروئاراستەی دڵخوازی خۆی دەیبات!

شێوەی چوونی زیندانی سروە پوور محەمەدی و زارا محەمەدی وا دەکات کە

١: دەسەڵاتی دادیی پێکهاتەی تۆتالیتێر پێگەی دادپەروەری و ڕەوایی لاواز بێت و ڕوخساری ڕاستی دەرکەوێت.

٢: پێکهاتەی ترس کە زیندان یەکێ لە ئامرازەکانییەتی لاواز بێت و مرۆڤ چیتر لەترسی زیندان خۆی سانسۆر نەکات!

٣: کۆمەڵگا لەبەرانبەر حوکمی دەزگای داد بێدەنگ نەبێ و بێدەنگ نەبوونی بەمانایی هەوڵ بۆ دەرخستنی دیوی ڕاستی ڕواڵەتی دەزگای دادی پێکهاتەی تۆتالیتێرە.”

سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەران