ساڵە نەڵۆسی: هاوڕێ تاهیر سۆفی کادر و فەرماندەی دێرینی حدکا، دوای بەشداری لە زماوەندی کوڕی هاوڕێیەکی خۆی، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە شاری ئیسکیلستوونای سوید بەداخەوە بە سەکتەی دڵ ماڵئاوایی لە بنەماڵە و هاوڕێیانی کرد.
کاک تاهیر لە نۆروێژ دەژیا و لە گەڵ هاوژینەکەی بۆ زەماوەندەکە هاتبوون و بەداخەوە هاوژین و مناڵەکانی بە جێ هێشت. کاک تاهیر کەسێکی قارەمان و ناسراوی سێمالی کوردستان بوو.
لەم بارەوە بە کورتی لە گەڵ 3 هاوڕێ قسەم کردووە و دەیخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس کار و هاوڕێیانی هاوڕێ تاهیر دەکەم .
بابەتی پەیوەندی دار
تاهیر سۆفی تێکۆشەرێکی ڕێبازی ٢٥ی گەلاوێژ، کاووس عەزیزی
کوردستان میدیا: ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشكیلاتی ئاشكرای حیزبی دێموكرات سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک تاهیر سۆفی
18:05 – 19 جۆزەردان 2725
خەڵكی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری كوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزب
بە داخەوە ڕادەگەیەنین كە بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٨ی ژووئیەی ٢٠٢٥ی زایینی، كاک تاهیر سۆفی پێشمەرگەی دێرین و تێكۆشەری ناسراوی حیزبەكەمان لە تەمەنی شەست ساڵیدا بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لە شاری ئیسكلستوونای وڵاتی سوید كۆچی دوایی كرد و درێژەی ڕێگای خەباتەكەی بە هاوڕێبازان و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموكرات سپارد.
تاهیر سۆفی کوڕی خوالێخۆشبوو عەزیز خەڵکی ئاوایی مەحمووداوێی گەلی قاسملوو سەر بە شاری ورمێیە کە هەر دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەو حیزبە ئاشنا دەبێ و کاتێک کە لە قۆناخی دواناوەندی خوێندن دەبێت دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی بە فەرمی لە هێزی شەهید (نحۆ)ی ئەوکاتی ورمێدا دەبێتە پێشمەرگە .
كاک تاهیر پێشمەرگەیەكی ئازا و بەجەرگ، فەرماندەیەكی بە بەرنامە و دووربین و بەورە بوو، كادرێكی تەشكیلاتیی جێی باوەڕ و متمانەی ناوچەكانی دەشتەبێڵ، مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ بەتایبەتی و دەڤەری ورمێ بە گشتی بوو.
لە دەیان داستانی قارەمانانە و چالاكیی چەكدارییدا لە ناوچەكانی سەر بە شاری ورمێ و شنۆدا دژ بە دوژمنی داگیركەری كوردستان بەشداری كردووە و ڕۆڵێكی كاریگەر و بەرچاوی لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی هێزەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبووە.
كاک تاهیر وێڕای ڕابردووی پڕ لە شانازی و سەروەرییەكەی لە قۆناخی خەباتی توندوتیژی داسەپاو بەسەر گەلەكەماندا هاوكات دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی وەک پەنابەری سیاسیی لە وڵاتی نۆروێژ وەردەگیردرێت، بێ دوودڵی و بەبێ وچانگرتن بەشداری سەرجەم چالاكییە حیزبی و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كردووە و بەوپەڕی دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە وەفادار بە ڕێبازی دێموكرات و ڕێبوارێكی ڕاستەقینەی ڕێگای ڕێبەرانی شەهیدمان قازی و قاسملوو و شەرەفكەندی بوو.
لە ناوەندی تەشكیلاتی ئاشكرای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە وێڕای بەداخبوونمان بۆ لەدەستچوونی ئەو تێكۆشەرە دێرینەی حیزبەكەمان، هاوخەمی و هاودەردیی خۆمان دەگەیەنین بە بنەماڵەی سەربەرزی كاک تاهیر سۆفی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بەتایبەتی و تێكڕای ئەندامانی حیزب و خەڵكی نیشتمانپەروەری دەڤەری ورمێ بە گشتی.
هیوای سەبووری و سەرساخی بۆ هاوژین و منداڵەكانی كاک تاهیر دەخوازین.
ڕۆحی شاد و یادی هەرمان
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرا
١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤
بۆ کاک #تاهیر_سۆفی – پارتیزانێک لە شاخەکانی #کوردستان – دەنگێک لە ناخی نەتەوە
سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٨/٦/٢٠٢٥ جارێ چێژی شادی و خۆشییەکانی شەوی ڕابردوو لە زەماوەندی کورە پێشمەرگەیەک لە دیاسپۆرا لە هزرماندا دەچریکایەوە، هەوالێکی قورس هەوری ڕەشی خستە سەر هەموو شادییەکانی شەوی پێشتر. کاک تاهیر سۆفی بۆ هەتا هەتایە ماڵاوایی لێ کردین. پیاوێک زیاتر لەوەی ناوی لە سەر زمانەکان بمێنێتەوە، جێگەی لە ناو دڵی ئەویندارانی ئازادی و سەربەستی کوردستان خاڵی دەمێنێتەوە.
کاک تاهیر لەدایکبووی خاکێک بوو کە هەزاران هەزار چیرۆکی نەنووسراوی لە دڵی خۆیدا ڕاگرتووە. لە گوندی مەحمووداوا لە دڵی شاخەکانی ورمێی دڵی کوردستان، لە ناوچەیەک کە دڵی بە درێژایی مێژوو بۆ ئازادی و پێکەوە ژیان لە لیداندا بووە. لە سەردەمێک کە خەڵکی کوردستان دەستیان بە شۆرش کرد بۆ ئەوەی مێژووی خۆیان بۆخۆیان بنووسنەوە کاک تاهیریش تێکەڵ بە ڕیزی قارەمانانی ئەو چیرۆکە بوو و بوو بە پێشمەرگە. ئەو لاوێک بوو بە دڵێکی گەورە، بە زمانێکی شیرین و رۆحێک کە نە ترسی لە زیندان بوو، نە مەرگ و نەش سنوورە دەستکردەکان.
کاتێک لە ساڵی ١٣٦٦ وەک مێرمناڵێک شانازی ئەوەم هەبوو تێکەڵی ریزی پێشمەرگەکان بم، کاک تاهیر کادرێکی چالاک و بە ئەزموونی کوردستان بوو. بەڵێ تاهیر سۆفی پێشمەرگە بوو، بەڵام تەنیا خەباتکارێکی سادە نەبوو. ئەو هاورێ بوو، دۆست و برا بوو. پێکەنینێک بوو لە دڵی شاخە ماندووەکانی کوردستان و پەنایەک لە باهۆزی شۆرش. کاتێک وەک هەواڵدەر هەواڵەکانی بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستان دەنارد، تەنیا هەواڵی عەمەلیاتی پێشمەرگە نەبوو بۆ خوێندنی ”سەرنج بدەن! سەرنج بدەن!”ی ئەحمەدی شێربەگی …” بەڵکوو دەنگی هەموومان بوو، دەنگی ئەو ماڵەسووتاوەکانی ژێر هێرشی وێرانکارانەی رژێمی ئێران بۆ لەناو بردنی خەلکی کوردستان بوو، دەنگی ئەو دایکانەی چاویان بە رێگەی ڕۆڵەکانیان بوو، دەنگی ئەو شاخانە بوو کە پێشمەرگەیان لە باوەش گرتبوو.
وەک فەرماندەیەک و کادرێکی بەوەج لەو ساڵانەی کە خەباتی بەرگری چەکدارانە بەرێوە دەچوو، ئەو دەیزانی چۆن بۆ تیمی پێشمەرگە کەرەسە و پێویستییەکانیان وەدی بێنێت و هەستی سەرکەوتن لە دڵی ئەواندا بخوڵقێنێت. تاهیر سۆفی دەیزانی کە خەبات تەنیا کەمین دانان بۆ دوژمن نیە، بەڵکوو پێکەوە بوونە، ئاگاداری یەکتر بوون، بیستنی دەنگی هاورێی و ڕاگرتنی هیوا بە داهاتوو.
لە ماڵپەری پێشمەرگەکاندا، پێشمەرگەی دێرین و کادری خۆشناوی دەڤەری ورمێ کاک کاووس عەزیزی دەگێرێتەوە: سەرلەبەیانی ڕۆژێکی پاییزی کاتێک لە گەڵ موزەفەر ئیبراهیمی لە شوێنێک لە گوندێکی ناوچەی ورمێ خەوتبوون، لەناکاو پاسدار و چڵکاو خۆرەکانی رژێمی ئێران دێنە سەریان و دەیانگرن. بەڵام تاهیر لەو مرۆڤانە بوو کە تەنانەت کاتێک دەستەکانیشی بەسترابوون و بەرەو مەرگ دەبرا، مێشکی کراوە بوو. ئەو توانی لە کاتێکدا کە دەستەکانی بەسترا بوو ڕابکات، بریندار بێت، بەڵام زیندوو بمێنێتەوە. چونکە جارێ کاک تاهیر کارێکی زۆری مابوو بۆ ئەنجام دان.
ساڵەکان تێپەرین، تەمەنی کاک تاهیریش بە سەر چوو، ڕیشی سپی، تاڵ بە تاڵی قژی سەری نیشانی ئەزموونێک بوو لە ڕابردوو. بەڵام چاوەکانی هەروا گەش بوون. کاتێک ڕۆژی شەممە ٧/٦/٢٠٢٥، کاک تاهیرم بۆ دواجار بینی، پێکەنینی سادە و کەسایەتی خاکیی ئەو هەر وەک ساڵی ١٣٦٦ بوو. تەنانەت لە دیاسپۆرا، لە نۆروێژی ساردیشدا، دڵی هەروا لە شاخەکانی کوردستان بوو، ئەو هیچکات لەو ماوەیەی کە لێرەبوو نەیتوانی ببێتە ”خارج نشین” بەڵکوو تەنانەت هەڵسوکەتی ژیانی دەرەوەییش هەر هەڵسوکەوتی تاهیر سۆفیی پێشمەرگەبوو.
تاهیر سۆفی لەو جۆرە مرۆڤانە بوو کەکاتێک کۆچی دوایی دەکەن، شتێک لە جیهان دەگۆرێت. نە لەبەر ئەو کارانەی کە ئەنجامی دا، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی کە چۆن مرۆڤێک بوو. مرۆڤێکی دلۆڤان، پێشمەرگەیەکی بەرپرس، دۆستێکی بەوەفا، فەرماندەیەکی پێشمەرگە. ئەو هێمای نەوەیەکی خۆڕاگر، ئەزموونێک بۆ نەوەی داهاتوو و بۆ مێژوو بوو. چیرۆکێک کە دەبێ بوترێتەوە.
خۆزگە دەبوو تۆمارەکانی دەنگی کاک تاهیر کاتێک بە بێسیمی ”ڕاکاڵ” پەیامی دەدا ببیسرێت، کاتێک هیوای لە شاخەکانی کوردستان دەچراند. خۆزگە دەبوو دیسان لە گەڵ کاک تاهیر لە گوندی ”بێشە” یان لە ”وارگەنم” دادەنیشتین و بیرەوەریەکان و خەونەکانی پێشمەرگایەتیمان بگێرایەوە یان چیرۆکی کاتی شەهید بوونی شەهید فاخر ڕەحمانی لە ”دۆڵی بێنار”. بەڵام ئەو کۆچی کرد، ئارام، بێ دەنگ، رێک وەک شاخەکان، تەنانەت کاتێک لەناوماندا نیە.
کاک تاهیری خۆشەویست، یادت هەتا هەتایە لە دلماندا زیندووە، رێگەی ڕزگاری کوردستان ڕووناکە، یادت بەرز و ناوت مانا بێت.
مەجید حەقی
8-6-2025