بەپێی ئەزمونی دوورو درێژی ژیانی پڕ لە کەندوکۆسپ و ئاڵوگۆڕ، بینین و بەشداریکردنم لە ڕوداوەکانی ئەو ماوەی ژیانمدا، بۆم ڕون بۆتەوە و ئەزمون پێم دەڵێ: هەموو کێشە وئاڵۆزی و کوشتن و وێرانکردنەکان هەموویان لە ژێر ناوی ئایدە و ئایینەکاندا یەخەی ئەو خەڵکەیان گردتووە.
ئەوانە پێکەوە جیاوازیان هەیە و دژی یەکن. لە ناوخۆشیاندا، هەریەکەیان چەندین لق و پۆپیان لێ دروست کراوە، کە سنوری شەڕ و کوشتنیان تێپەڕاندووە.
لە حاڵێکدا، مەعمووریەت و فەلسەفەی وەدیهێنانی مرۆڤ و بوونی ئەو گشت عیلم و زانستە هەمووی بۆ ئاوەدانی وڵات و بەختەوەری مرۆڤە، کەچی خراپە، فەرمانی زۆرینەی ئەو ئایدە و ئایینانە بۆتە کوشتن و وێرانی و دەربەدەری مرۆڤەکان. لە هەموشی خراپتر، لەناوبردنی ژن و منداڵ و پێرەژن و پیرە پیاوە بێتاوانەکانە بەستە زمانە!
من خۆم ئایینم هەیە و ڕێزیشم بۆ گشت ئایدە و ئایینەکان. ئەوەندەی تێگەیشتوم، ئەو ئایدە و ئایینانە بۆ ئەوانەی بڕوایان پێیەتی پیرۆزن، بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو کەس پیرۆز بن. ئوسوڵەن، ڕەخنەگرتن و تەنانەت قبوڵنەکردنیان نەکوفرە و نە پێچەوانەی ئازادی بیروباوەڕە. وشەی کوفر تەنیا بۆ ئەوانە بەکار دەهێنرێت کە ئینکاری خوا دەکەن. مرۆڤ دەبێت تێبگات و بەخۆی بسەلمێنێت کە مافی ئەوەی نییە بێحورمەتی بە ئایین و ئایدەی کەسانی تر بکات. ئەو پاراستنی حورمەتە خۆی دەبێتە هۆی لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن، و لێکتریان نزیک دەکاتەوە.
ئەو ڕۆژانە، کۆر بەندێکی گەورە لە ژێر ناوی ڕۆژی نزای نیشتمانی خاوەنی ئایینە جیاوازەکانی لێک کۆ کردبووەوە کە کەوتە بەر تەوس و پڵاو و ڕەخنە و گازاندنێکی توند. هەندێک بە تەواوی ڕەتیان کردەوە. بیرکردنەوەیەکی هەڵە، تێگەیشتنێکی سەقەف، لێکدانەوەیەکی بەراوەژێ، هەندێک ڕوناکبیری چاوبەستراو، هەندێک لێکۆڵەری چەواشەکراو، هەندێک پێشەنگی ڕێگە لێ ونبوون، ڕای هەندێک مامۆستای ئایینی هەتڵەبوو، ناو و ناتۆری زۆریان بۆ دروستکرد.
لە دنیای ئەمڕۆدا، هەر کۆبوونەوەیەکی لەو بابەتە و هەڵسوکەوتەکان ڕواڵەتێک و پشتی پەردەیەکی هەیە. کەم واهەیە مەبەستە ئەسڵیەکە بگوترێت. بەڵام خۆ ئێمە غەیبزان نین و هەر ڕواڵەت دەبینین، ناشزانین لە دەرونی مرۆڤەکاندا چی هەیە. بەپێی یاسای قەزاییش، مرۆڤ لە سەر دانپێدانانی خۆی حوکم بۆ دەردەچێت و پاداشت یان سزای دەدرێت!
لێرەدا پرسیارەکەم ئەوەیە: ئەگەر خاوەنی بیروڕای جیاوازەکان لە کەشێکی لەباردا لە دەوری یەک کۆببنەوە، بیروڕا دەگەڵ یەکتر بگۆڕنەوە، لەسەر مەسەلەکان هەڵوێست بگرن و ڕاوێژ بکەن، و بتوانن بە شێوەیەکی زانستیانە لەسەر هەندێک بابەت ساغ بنەوە، یەکتر بناسن، دەگەڵ یەک ئاشنا بن و ڕاگەیاندنی هاوبەشیان دەربکەن بۆ خراپە و بۆ تاوانە؟!
ئەوەنە خواش فەرموویە: ”وەشارۆنهوم فِی الأَمْر” (ڕاوێژ لەگەڵیان بکە). ئاخر نابینن دنیا بەو هەموو زانست و ئامرازی پێشکەوتنە و بە خیالی عەقڵ و تێگەیشتنە، هەردەم لە گۆشەیەک خەریکی وێرانکردن و ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتە کوشتنە بۆ؟! مەگەر خوا مرۆڤ بۆ کوشتن و وێرانی دروست کردووە، یان بۆ خزمەت و ئاوەدانکردنە؟!
ئەوانەی دژی یەکڕیزی و یەکترناسین و ڕاوێژکردنن، بەڕای من یان لە دین و مەنتیق و زانست و عەقڵ تێنەگەیشتوون، یان بەرچاو تەنگ و ئیرەیی بەرن و لە خۆیان زیاتر کەس نابینن، یان بە کرێگیراو و قین لە زگ و چەواشەکراون و جڵەویان بەدەستی کەسانی ترەوەیە و حەز لە ناسین و یەکگرتن ناکەن. بگرە وەک فارسەکان ئەو باوەڕیانە: ”تفرقە بیانداز و حکومت بکە” — دروشم و بەرنامەیانە.
من دڵنیام هەتا ئەو ڕۆژەی گەلانی دنیا زانستیانە یەکتر نەگرن و ئەرک و مافی خۆیان و خەڵک وەک مرۆڤایەتی پێیدان نەناسن، نە دنیا ئارامی دەبینێ و نە ویژدانی سالم ئاسودەیە. ئەو شەڕ و ململانێ نەرێنیە هەردەم دەمێنێتەوە. هەتا گەلان نەتوانن یەکتر قبوڵ بکەن، ناتوانن ڕۆی ئاسودەیی بەخۆیانەوە ببینن. تام و چێژی ڕاستەقینە لە ژیان ناچێژن.
تەنیا خاڵی گرنگی مرۆڤەکان بە نێر و مێیەوە مرۆڤبوونە و لەو مافانەی بە مرۆڤ دراون شەریکن. لەوێیەوە بەڵاوە، جیاوازیان زۆرە. عەقڵی سەلامەت و بەرژەوەندی هاوبەش دەتوانێ بیانکاتە هاوڕا و هاوڕێی بەیەکەوە ژیان. هەموو مرۆڤەکان قەت ناتوانن ببنە پەیرەوی یەک دین یان یەک ئایدە، بەڵکو وەک کتێبخانە، ئایین و ئایدەی لێکجیاواز و دژی یەک زۆرن. تەنیا پێکەوە دانیشتن و باسکردن و لێک تێگەیشتن و هاریکاری یەکترکردن تاکە ڕێگایە کە پێش بەو هەموو تاوان و ناعەدالەتیە بگرێت.
ئێمە کە دەکەوینە قسە و باس، هەموومان شارەزا و یاسازانین، بەڵام کە دەکەوینە گۆڕەپانی کردەوە، نەهیچ دەزانین و نەهیچ دەتوانین! هەربۆیە دەڕۆین هەتا لەسەرکەوتن نزیک دەبینەوە، بێ ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت، بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە. قسەش ئەگەر هەر کورتەو نەدرا، زیان بە ئەعتیداری کەس و کەسانیش دەگەیەنێ.
ئێمە نەتەوەیەکین، ناومان کوردە، بە زمان و فەرهەنگ و کلتوری جیاواز لە نەتەوەکانی تر. نیشتمانێکمان هەیە بە داگیرکراویش، ناوی کوردستانە. خراپە، هەندێک کەسی دڵچکۆلەی دەمدەمی (دەکرێ بڵێم: چاوچنۆک و ترسنۆک) ئەوەندەیان خۆ چکۆڵە کردووەتەوە کە زۆر شت بەخۆمانەوە ڕەوا نابینین. نیشتمان و گەلیان وەلا نەوە. من هەر ئەوەندەیان لێدەپرسم: ئەگەر کورد و کوردستان نین، کێین و کوێین؟!
نەتەوە و نیشتمان و زمان پێناسەمانن. ئەگەر ئەوانەمان نەبێت، چۆن خۆمان دەناسینەوە؟ هەرکەس دەبێ لە پێشدا خۆی بناسێت، بزانێت سەنگ و بەهای چەندە، چی لە جاندا هەیە و چۆن دەتوانێ بەشی خەڵکی تر لێ بدات!
ئەگەر مێژووی ڕابردوومان دەخوێنینەوە، هەردەم ئەوە نەبووە هەموو شتێک وەک خۆی بنوسرێت. لە ژێر دەسەڵاتی دوژمناندا نوسراوە، تا ئێستاش بێلایەن و زانستیانە هەڵنەسەنگێندراوە. بەڵام بوێری و ئازایەتی و لەخۆبەردەیی و سەداقەت و ئازادیخوازی کورد هەروەها لاپەرەکانی تەنانەت مێژووی دوژمنیش سەبت کردووە. بۆیە نابێت بیانکەیتە پاشەرکی هیچ ئایدە و ئایینێک.
ئایدە و ئایین تیپی تایبەتن، بەڵام کوردایەتی ئەرکی سەرەکی گشت کوردانە، بە هەموو ئایین و ئایدە جیاوازەکانیشەوە. دین و ئایدە هەڵبژاردنن دوای دروستبوون و باڵغبوونی مرۆڤ، بەڵام کوردبوونمان دەگەڵ بوون و خوێن و گۆشتە. دەبێ لە ژێر ناوی پێشکەوتن و دوواکەوتنی گەلەکەمان لێک نەکەینە دوژمن. دەبێ هێندە خۆمان چوکە نەکەینەوە کە وەک بەرچاو نەیەین، بەسیە تاکەنگێ شەرمێ لەوانە بکەین کە لە مانای گەورە و چوکەیی هەر نازانن.
براتان: مەلا برایم مەجیدپوور
١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ی کوردی
٨/٦/٢٠٢٥ی زایینی