لە شاری هەولێر تەقە لە موکری یەزدانپەنا، کوڕی سەرۆکی (پاک) کرا و لە ئەنجامدا بە سەختی بریندار بوو.

سێشەممە، 4ـی 8ـی 2026، بەیانیی لە شاری هەولێر، تەقە لە موکری یەزدانپەنا، کوڕی حوسێن یەزدانپەنا سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و هامنۆ خانم کرا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ناوبراو لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللەوە بە سەختی بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە تاوەکو چارەسەری پزیشکیی پێویست وەربگرێت. پاک کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار دەزانێ ، بەڵام تا ئیستا پاک رەسمەن هیچی لە سایتەکەی خۆی بڵاو نەکردۆتەوە.
ڕوونکردنەوەیەک لە پۆلیسی هەولێر
لە ڕێکەوتی ٣ی ئابی ٢٠٢٦، لە ئەنجامی ڕووداوێکی نەخوازراودا کەسێک بە ناوی (موکری حسێن یەزدان پەنا) بریندار بوو، دەستبەجێ تيمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی بەڵگەوتاوانی هەولێر، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. لە ئەنجامە بەراییەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو رووداوە کردەوەی تیرۆریستی نەبووە.
لێکۆڵينەوە لە ڕووداوەکە بەپێی ڕێکارە ياساييەکان بەردەوامە.
#ڕاگەياندنی_بەڕێوەبەرایەتی_پۆليسی_پارێزگای_هەولێر
٦ی ئابی ٢٠٢٦
پێشتر پاک لە راگەندراوێکدا رایگەیاند کە سۆران محەممەدزادە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان لە ڕێکخستنی گشتیی،تێرۆر کرا و خائین و کرێگرتەی خۆماڵیی دەستیان هەبووە.
دەقی راگەیاندراوەکە

راگەیەندراوی PAK سەبارەت بە تێرۆر و گیانبەختکردنی هەڤاڵ سۆران محەممەدزادە
شەوی پێنجشەممە لەسەر جومعەی پێشوو، مەکینەی تێرۆر و کورد کوژیی تاران، بە بەکارهێنانی خائین و کرێگرتەی خۆماڵیی، ڕۆڵەیەکی دیکەی نیشتمانی زامدارمان: سۆران محەممەدزادە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان لە ڕێکخستنی گشتیی،تێرۆر کرد.
ئەگەرچی هەر چەند سەعات پاش تاوانەکە ، چۆنییەتی ڕووداوەکەمان بۆ ڕوون بووەوە، بەڵام بۆ ئەوەی زیان بە بابەتەکانی پەڕاوێز و پێوەندییداری نەگات و داوودەزگای تێرۆریستیی ئێران کەڵکی لێوەرنەگرن؛ لە باس کردنی وردەکارییەکان خۆ دەبوێرین.
هەڤاڵی شەهید سۆران محەممەدزادە، لە لایان تیمێکی بەکرێگیراوی ئێرانەوە،دەست و تیری خەیانەت و جەنایەتی پێگەیشتووە.
تێرۆری ئەو ڕۆڵەی کوردستان، ئاڵقەیەکی دیکە لە جەنایەت و تاوان و کوردکوژیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانە کە بە درێژایی ١٠٠ ساڵی پێشوو لە لایان حکومەتەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییەوە، بەردەوام بووە.
ئەگەر چی لەو یەک سەدەیەدا ڕووبارێک خوێن لە مرۆڤی ئەم نیشتمانە داگیرکراوە هەڵبەستراوە، بەڵام کوردستان بەچۆکدا نەهاتووە و بەرەنگاریی لە بەستێنی جۆراوجۆردا لە گەڕدایە و سەرەنجام سەرکەوتن و ئەستاندنی سەروەریی و سەربەخۆیی، لە کەل هەڵدێ و ئاواتی شەهیدەکان دێنە دیی. پارتی ئازادیی کوردستان خوێن و تۆڵەی ڕۆڵەکانی نیشتمان لە ماکۆوە هەتا لوڕستانات لەبیر ناکات و هەمیشە وەک دەمارێکی ناسنامەی خەباتی، لەبەرچاویەتی.
تەرمی شەهید سۆران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەر شانی بەهێزی یەکەکانی سپای میللیی کوردستان، سپای تێکشکێنەری داعش و حەشدو پاسدارەوە، بە خاکی کوردستان سپێردرا.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
هەواڵگریی وئاسایش
11ی پووشپەڕی 2726 کوردی
2ی ژوولای 2026 زایینی
