(تلاشی نافرجام برای تشکیل “حزب آزادیخواهان” ایران) اسنادی از آرشیو حزب کمونیست آذربایجان شوروی’

برگردان از زبان روسی: کامران امینآوه
کتێبی “نەگوتراوەکانی مێژوو (تێکۆشانێکی بێئەنجام بۆ دامەزراندنی “حیزبی ئازادیخوازانی” ئێران)” لە ڕووسییەوە، لە لایەن کامران ئەمینئاوه – وە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی. ئەم کتێبە بەرهەمێکی بەڵگەیییە کە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە کەمناسراوترین و لە هەمان کاتدا کێشە لەسەرترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران. ئەم کتێبە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ئەرشیڤی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجانی سۆڤیەتیی ئامادە کراوە و ڕووداوەکانی دوای ڕووخانی حکوومەتی نیشتمانیی ئازەربایجان لە ساڵی ١٣٢٥ و کۆچی ڕێبەران و هێزەکانی “فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان” بۆ یەکیەتیی سۆڤیەتی، بە چاوێکی بەڵگەیییەوە تاوتوێ دەکات.
ئەم بەرهەمە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکان، تۆماری دانیشتنە ڕێکخراوەییەکان، نامەگۆڕینەوەکان و بەڵگە نهێنییەکانی پێوەندیدار بە ساڵی ١٣٢٦، وێنەیەکی ڕوون لە هەوڵە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی سەیدجەعفەر پیشەوەری، عەبدولسەمەد کامبەخش و غوڵامیەحیا دانشیان بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە فیداییەکان، دروستکردنی تۆڕی شاراوە لە ئێران و بەردەوامیی خەباتی سیاسی دژی دەسەڵاتی پەهلەوی پێشکەش دەکات.
بەڵگەکانی نێو کتێبەکە دەریدەخەن کە چۆن بەرنامەکان بۆ دامەزراندنی شانەی نهێنی، پێوەندیکردن بە هێزە چالاکەکانی نێوخۆی وڵات و تەنانەت ڕێکخستنی چالاکیی پارتیزانی لە ناوچە باکوورییەکانی ئێران داڕێژرابوون. یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی کتێبەکە، ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی پلانی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نهێنییە بە ناوی “ئازادیخوازان”؛ ڕێکخراوێک کە بڕیار بوو بە هاوکاریی ڕێبەرانی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان، بەشێک لە ڕێبەرایەتیی حیزبی توودەی ئێران و بە کەڵک وەرگرتن لە توانای هێزە پێشمەرگە کۆچبەرەکانی کورد لە یەکیەتیی سۆڤیەتی بە ڕێبەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، خەباتی سیاسی-چەکداریی خۆیان لە دۆخی پاش سەرکوتی بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە ئازەربایجان و کوردستان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ درێژە پێ بدەن.
هەروەها ئەم بەڵگەنامانە ڕۆڵی پێشبینیکراو بۆ کەسایەتییەک وەک “گرووپی جەعفەری” بە ڕێبەرایەتیی خسرۆ ڕوزبه، نوورەدین کیانووری، ئەنوەر خامەیی و ژمارەیەک لە ڕێبەرانی دیکەی حیزبی توودەی ئێران بە وردەکارییەوە شیدەکرێنەوە. یەکێک لە بەڵگە گرنگەکانی نێو ئەم کتێبە، نامەیەکی بڵاونەکراوەی پێنج کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی توودەی ئێرانە (ئیحسان تەبەری، نوورەدین کیانووری، ئەحمەد قاسمی، غوڵامحوسێن فرووتەن و ئەنوەر خامەیی) بۆ ڕێبەرایەتیی نیشتەجێی باکو؛ نامەیەک کە پەردە لەسەر دۆخی ناوخۆیی حیزب، ناکۆکییە جیددییەکانی نێوان ڕێبەران و لەقبوونی پێگەی ڕاستەقینەی ئەم حیزبە لە فەزای سیاسیی ئەو سەردەمەی ئێران لادەدات و وێنەیەکی ڕوونتر لە تەنگژە و قەیرانە ناوخۆییەکانی ئەم حیزبه پێشکەش دەکات.”نەگوتراوەکانی مێژوو” تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو نییە، بەڵکو هەوڵێکه بۆ ڕوونکردنەوەی لایەنە شاراوەکانی بڕیاردانی سیاسی، ناکۆکییە ناوخۆییەکان، ئاوات و شکستەکانی بزووتنەوەی چەپی ئێران لە نیوەی سەدەی بیستەمدا. پشتبەستنی کتێبەکە بە بەڵگەی سەرچاوەی یەکەم و کەمبڵاوکراوە، دەرفەتی چاوخشاندنێکی وردتر و بەڵگەمەندانە بۆ توێژەران و تامەزرۆیانی مێژووی بزووتنەوەی چەپی ئێران دەڕەخسێنێت.
کتێبی “نەگوتراوەکانی مێژوو (تێکۆشانێکی بێئەنجام بۆ دامەزراندنی حیزبی ئازادیخوازانی ئێران)” ئێستا لە ڕێگەی کتێبفرۆشیی “ئایدا” لە ئەڵمانیا:
http://www.aidabook.de/node/5033
و هەروەها لە ڕێگەی “دەزگای لولو Lulu ” لە ژێر عینوانی “Untold Aspects of History”
https://www.lulu.com/shop/kamran-aminave/untold-aspects-of-history/paperback/product-m2ed9vq.html?page=1&pageSize=4
یان بە شێوەی ئەلیکترۆنیی لە ئامازۆن:
بۆ هۆگرانی مێژوو لەبەردەستە.
