پێشمەرگەکان: هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن.

لە کاتێکدا ئەکسیۆس نووسی کە ئەمریکا بە نهێنی و لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە گفتوگۆی لەگەڵ سوپای پاسداران کردووە و گوتیان کە “کاک نێچیرڤان نزیکەی هەموو کەسێک لە تاران و واشنتن دەناسێت؛ ئەو کەسێکە کە لە کاتی تەنگانەدا پەیوەندیی پێوە دەکرێت.”
وەک ئاگادارن، کاک نێچیرڤان بۆ پرسەی خامنەیی خوێنمژیش سەردانی تارانی کرد و لە نزیکەوە زۆربەی بەرپرسانی ئێرانی دی و بیرەوەرییەکیشی لەسەر خامنەیی سەبارەت بە باوکی نەمری، ئیدریس بارزانی، لە زمانی خامنەیییەوە گێڕایەوە کە میدیاکانی ئێران بە بەربڵاوی بڵاویان کردەوە.
هەروەها لە ٢٥ی گەلاوێژدا، یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ٨٠ ساڵەی لەدایکبوونی کاک مەسعود بارزانییە. ڕژێمی ئاخوندی لەبری نیشاندانی دۆستایەتی بەرامبەر کاک نێچیرڤان، پارتی و کاک مەسعود، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ٨ی ٢٠٢٦، لە کاتژمێر ٠٠:٢٨، ب دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی لە جۆری (حەدید-١١٠) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان (کاک مەسرور) و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کرد. خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.
لە خۆوە نیە لەم کاتە دا کە پارتی و بارزانی یادی 80 ساڵەی دەکاتەوە وەک دۆستایەتی هەوڵی تێرۆر کردنی کاک مەسرور دەدا، بەمە دەڵێن پەیامی دۆستایەتی نیزامی ئاخوندی ئێران لە کاتێکدا دەیان کەسایەتی جیهانی پەیامی پیرۆزباییان بۆ دەنێڕن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی ڕووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا بە ٩٨٢ درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا ٣٢ کەس شەهید بوون و ١٥٦ کەسیش بریندار بوون.
بۆیە دەبێت بڵێین کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز دۆستی برا کوردەکانمان لە باشووری کوردستان و بە تایبەت کورد بە گشتی نەبووە و نییە؛ شەڕی دژی ئەمریکای ڕاگرتووە، بەڵام دێت هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان بەردەوام دەکات. لەبەر ئەوە نابێت هەرگیز پشت بە دوژمن ببەستین، چونکە لەوەتەی حکومەتەکانی فارس، عەرەب و تورک هەن، دژی کورد و کوردستانن و بۆشیان جیاوازیی نییە لە کام بەشی کوردستان بێت.
کۆماری ئسلامی دوای ئەوەی زانی دەیان کەسایەتی حیزبەکان و دەوڵەتەکان ئەم کردەوەیان ئیدانە کرد، رایگەیاند کە ئەوان ئاگادار نین و ئەوان ئەو کارەیان نەکردوە، بۆشیان موهیم نیە درۆ بکەن.
ئەم ڕژێمە گڵۆڵەی کەوتووەتە لێژی و وەک ورچی برینداری لێ هاتووە بەڵام دژی کوردستان لە هەمان ئازاترە و ناوێڕی خۆی لە قەرەی ئەمریکا بدات.
وەک ماڵپەڕی پێشمەرگەکان ئەم هێرشە ناڕەوایانە بە توندی مەحکووم دەکەین، بە هیوای ڕوخانی ڕژێمی ئاخوندیی ئێران.
***
بەدواداچوونی رووداو؛ تائێستا بە 982 درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە تائێستا بە 982 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس شەهید بوون و 156 کەسیش بریندار بوونە.
تەنیا لەم مانگەدا بە 21 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، (10 درۆن و سێ مووشەک لە سنووری هەولێر و هەشت درۆنیش لە سنووری سلێمانی.)
هێرشەکانی ئەم مانگە:
– بەرەبەیانی 17ـی ئاب، بە دوو درۆن نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە قەزای پیرمام لە سنووری پارێزگای هەولێر کرایە ئامانج. دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، هێرشەکان زیانی گیانیان نەبووە.
– 14ـی ئاب کاژێر 02:17ـی بەرەبەیان، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنەکان تێکشکێندراون.
– 12ی ئاب، بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. هێرشەکان زیانی مادیان لێکەوتەوە.
– 11ی ئاب کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە سێ مووشەک لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کراون و دوو برینداریان هەبووە.
– 8ـی ئاب، بە دوو درۆن هێرشی کرایە سەر بانەگەورە نزیک زڕگوێز لە سلێمانی.
– 8ـی ئاب، بە دوو درۆن هێرشی کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
– 01ـی ئاب، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر نزیک ئەشکەوتی جاسەنە لە سلێمانی.
– 02ـی ئاب، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
– بەرەبەیانی 02ـی ئاب، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر نزیک تاسڵووجە لە سنووری سلێمانی.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، مانگی حەوت بە 88 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، 66 درۆن و دوو مووشەکیان لە پارێزگای هەولێر، هەروەها پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و نۆ درۆن هێرشی کراوەتە سەر و پارچەی مووشەکێک لە هەڵەبجە کەوتە خوارەوە. لە ئەنجامی هێرشەکانی مانگی حەوت دا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکە بریندار بوون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، مانگی شەش 16 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، 12 یان لە سنووری هەولێر، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دوو هێرش و دووانەکەی دیکەش لە سنووری قەزای ئاکرێ بوو لە پارێزگای دهۆک.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 17ـی ئابی 2026، هەرێمی کوردستان بە 982 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
– پارێزگای هەولێر: 676 هێرش
– پارێزگای سلێمانی: 272 هێرش
– پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
– پارێزگای هەڵەبجە: 3 هێرش
زیانی گیانیی هێرشەکان
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە لەنێویاندا حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. دووانەکەی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا و سەربازێکی ئەمریکا بوون لە هەولێر شەهید بوون.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29 پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، سێ کەس لە بۆردوومانەکەی تاسڵوجە لە سلێمانی و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکەش پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
****

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هێرشەکانی ئێران دژ بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، مەحکووم دەکا
26 گەلاوێژ 2726
بە پەلامارە درۆنییەکانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بارەگای ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان، دژایەتیی و پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێتیی و نەپرینگانەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە رەفتاری دوژمنکارانە دژی هەرێمی کوردستان، گەیشتە ئاستێکی دیکە. بەر لەوەش کۆمەڵێک دامەزراوەی لەشکریی و هەواڵگریی حکوومەتی هەرێم لە شاری سلێمانی، سەرەڕۆیانە و بێپاساو درانە بەر پەلاماری خەستی هاژەکیی و درۆنیی ئێران.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەڕی ئەمریکا-ئیسرایل و ئێران زیاتر لە ١٠٠٠ هێرشی لەو چەشنەی کراوەتە سەر کە نیوەی ئەو هێرشانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات و شوێنی نیشتەجێبوونی خاو و خێزانەکانیان بووە .
پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای لەم شەڕەدا هەڵوێستی بێلایەنی ڕاگەیاند و نەکەوتە بەرەی دژبەرانی ئێرانەوە. ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە دژایەتی کورد و شەڕفرۆشیی بە هەر کیان و قەوارە و ئیرادەیەکی خۆبڕیاردەریی کوردستانیی لە ناوچەکە؛ سیاسەتێکی بنچینەیی کۆماری ئیسلامییە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و داودەزگا حکوومیی و حیزبیی و مەدەنییەکانی مەحکووم دەکات و پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان دەردەبڕێ. هەروەها سەبارەت بەوەی ئەو دەسدرێژییانە لە ڕووی یاساییەوە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی عێراقە، داوای هەڵوێستی شیاو لە بەغدا دەکات. ئەزموون سەلماندوویە کە بێدەنگبوون بەرانبەر رەفتاری دوژمنکارانە و تێکدەرانەی ئێران و دانەنانی تێچوو بۆ ڕەفتارەکانی، دەرفەتی پەرەپێدان و هەڵکشانی هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی زیاتر بۆ دەخوڵقێنێ.
هاوپەیمانی کوردستانی داوا لە وڵاتانی خاوەن کۆنسولخانە و نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان دەکا کە بۆ پێشگرتن لەو هێرشانە و پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، تاران بخەنە ژێر گوشارەوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
