زۆرم بەزەیی بەوەدا دێتەوە ساڵانی ساڵە، هەواڵ و زانیاری و مێژووی درۆ و ناڕاستی دەکرێت بە قوڕگی خەڵکانی بێ ئاگا و ئەوانەی بە رووکەش زوو تەفرە دەخۆن.
زانینی بنج و بناوان و راستییەکانی پشت هەر رووداوێک گرنگترین فاکتی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەقلانی و بڕیاردانی تەندروستە..
رۆژی 20/9/2026 لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی بوو. کۆمەڵێ پارتی وەک CDU,SPD,Die Grünen,Die Linke,FDP.. هتد تێیدا بەشدار بوون.
چەپەکان بۆ یەکەمین جار زۆرترین کورسییان بەدەست هێنا و سەرکەوتنێکی بەرچاوی بێ وێنەیان تۆمار کرد. ئەم چەپانە بەردەوام رێژەی دەنگ بەدەستهێنانیان ڕێژەی ئاسایی تەواو نەکردووە، تاوەکوو بتوانن تاقە کورسییەک بەدەست بهێنن و بچنە پەرلەمانەوە، یاخود ١ـ٢ کقرسییەکیان بەدەستهێناوە. ئایا خێرە ئێستا نزیکەی نیوەیان کورسییەکانیان بەدەست هێناوە؟!.
ئەوەی سەرکردایەتی ئەم سەرکەوتنەی بۆ چەپەکان کرد، خاتوو Elif Eralp کە بە ڕەچەڵەک تورکە و یاسای خوێندووە.
هەموو دروشمی ئەم پارتە چەپە یاخود دیارترینیان بریتی بوو لە:
«خانووبەرەی گونجاومان دەوێت، کرێکەیمان پێ بدرێت». ئەم بەڵێنانەی داویانە وەک بەڵێنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، دایان: مووچە بۆ هەموو کابانێک دەبڕینەوە، وایە.
هەڵبەت ئەگەر بتوانن خانووبەرەی هەرزان و گونجاو بۆ خەڵک دابین بکەن، مژدەیەکی خۆشە.. بەڵام هەرێمی بەرلین خۆی هەمیشە قەرزارە و بە کۆمەکی هەرێمەکانی تر و ناوەند دەچێت بەڕێوە.. لە لایەکی ترەوە زیاترین ژمارەی بێگانە لەم شارەدا دەژی و رادەی بێکاری بەرزە.. کۆمپانیا گەورەکان لە بەرلین نەماون و سیاسەتی دەوڵەت ئەوەیە رووخسارێکی زیاتر کولتووریی پایتەختی بداتێ.
لە لایەکی ترەوە، ئەگەر کوپێ قاوە پێش کۆرۆنا بە نزیکەی 1 یۆرۆ بوو بێت، ئێستا لە 3 یۆرۆ نزیک بۆتەوە، ئەی چۆن کرێی خانووی ژوورێک لە 300-350 یۆرۆ نابێتە 700 یۆرۆ و زیاتر؟.. دیارە ئەو بڕە پارە بۆ کرێی خانوو، زۆر بەرزە بەرامبەر بە داهاتی تاکێک لەم هەرێمەدا. ژیانی خەڵکی تەواو سەخت بووە بەتایبەت هەژاران.
ئەم پارتی چەپە ئاوڕی لە کێشەیەکی گەورە دایەوە، کە قەیران و کەمی خانووە، گرانی کرێیە. ئەم دیاردەیە ئێستا لە شاری بەرلین و زۆر شاری تری گەورە لە ئەڵمانیا و ئەوروپادا بەرچاوە.
ئیدی باس و داخوازی لە بواری ئابووری و ژینگە و پرۆژە و کێشەی خوێندن و نائارامی و نائاسایشی سیاسی و خانەنشینان و تەندروستی و دەیان کێشەی تر لە ئەجێندایاندا نەبوو. پێشتر لە پۆستی تردا باسم لەوە کردووە، چەپی ئەڵمان هەموو ئامانج و دروشم و تێکۆشانی خۆی خستۆتە خزمەتی غەزەوە نەک فەلەستین!.
لێرەدا تیشکێ دەخەمە سەر هۆکاری سەرکەوتنی چەپەکان و رۆڵی حەماس لەم بوارەدا..بەشێکی ئەو راستییە لە وتارێکی ئەمرۆی Der Tagesspiegel دا بڵاو کراوەتەوە.
بنەماڵەی یاخود عەشیرەتی( رەمۆ) کە پێدەچێت کوردی لوبنان بن، وەک گەورەترین بنەماڵەی عەرەبی لوبنانی لێرە ناسراون، سەرۆکەکەیان عیسا ڕەمۆ، بەشداری لە ئاهەنگی سەرکەوتنی پارتی چەپدا کردووە و دڵخۆشی خۆی بە سەرکەوتنیان دەربڕیوە. بەپێی زانیاری رێکخراوی democ ناوبراو بە یاوەری بەناوبانگترین و چالاکترین کەسی دژە جولەکە و دژە ئیسرائیل ئیبراهیم ئیبراهیمی هاتووە بۆ ئاهەنگەکە. کە هەروەها بەرپرسێکی دیاری چەپی سێکولاری تیرۆریست بەناوی « بەرەی گەل بۆ رزگاری فەلەستین »PFLP لە ئەڵمانیا و هاوکات نوێنەری کۆمیتەی نیشتمانی فەلەستین خۆی ناساند.ئەمانە بە پێی دەستووری ئەڵمانی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ناوزەد کراون کە لە ریزەکانیاندا ئەندامی تیرۆریستی حماس هەن.
عیسا رەمۆ، بە سەرکەوتنی چەپ خۆشحاڵ بووە و بە پەنجەی دەستی ئاماژەی بە سەرکەوتن داوە. ئیبراهیم لە چالاکییەکی چەپەکاندا دوای رووداوەکانی 7 ی ئۆکتۆبەر بە ناوی کۆمیتەی فەلەستینییەوە دوای بەرپرسی چەپ Ferat Koçak لە گەڕەکی نۆیکۆلنNeukölln وتاری داوە و ستایشی خۆڕاگری یەحیا سەنیوری کردووە.
رەمۆ بەم سەرکەوتنە زۆر زۆر دڵخۆشە و پێی وایە رۆڵی گەورەیشی لەسەرکەوتنەکەدا گێڕاوە.. ئەم تاوانبارە بە پێی دەستووری ئەڵمانی گەورەترین دزییان لە دوو مۆزەخانەی بەرلین و درێسن کردوە کە بە سەدان کیلۆ زێڕ مەزەنە دەکرێت. ئەم بنەماڵە و زۆر رێکخراوی تر لەژێر پەردەی جۆراوجۆردا سەرگەرمی کاری کرمیناڵین.
ئەم دزییانە لەسەر بنەماڵەی ڕەمۆ تۆمار کراوە:
# بڕینی بانکی Sparkasse لە گەڕەکی ماریندۆرف 2014 بایی 9,8 ملیۆن یۆرۆ.
# بڕینی مۆزەخانەی Bode Museum بایی 3,3 ملیۆن یۆرۆ.
# بڕینی قوتابخانە لە گەڕەکی بیسدۆرف 2019. بایی 80 هەزار یۆرۆ.
# بڕینی مۆزەخانە لە شاری Dresden بایی ملیۆنەها یۆرۆ.
زۆری شتی تریش..
ئامانجی چەپەکان ئەوەیە ئەوانەی دەوڵەمەند و خاوەن خانووی زۆرن لێیان بسەندرێت و دەستی بەسەردا بگرێت… لە کاتێکدا ساڵی 2018 دەست بەسەر 77 ماڵ و ڤیلای خودی بنەماڵەی رەمۆدا گیرا کە بە پارەی سپیکراوە کڕی بوویان.
ئەم بنەماڵەیە زۆربەیان کار ناکەن و خاوەنی جوانترین و گرانترین ئۆتۆمبیل و ڤیلا و حاڵ و ماڵن.. دزی گەورە گەورە و کاری مافیایی کاروپیشەیانە.. گەنجەکانیان خستۆتە ناو کچ و ژنی ئەڵمانەوە و بەناوی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی و پێشکەشکردنی یارمەتی و دابینکردنی مادەی هۆشبەر و دەرمان و شتی ترەوە دەیان خەڵەتێنن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و پشتیوانی سیاسی و یاسایی.. کاتێکیش دەگیرێن هەر بە زەبری پارەدانی زۆر بە چەندین پارێزەر لە بری یەک پارێزەر یان هەڕەشەی کوشتن خۆیان دەرباز دەکەن. چەپەکان ئامانجێکی تری هەستیاریان هەیە، لەم کاتەدا کە کرمینالیتێت و کوشتن و کاری تیرۆر زیادی کردووە و خەڵک پێویستی بە ئاسایش و ئارامییە و داوا دەکەن دەوڵەت دەبێت بیانپارێزێت، ئەوان دەیانەوێ ژمارەی پۆلیس زۆر کەم بکەنەوە.. لە ئەگەرێکی وادا ئەوکات رەمۆئاساکان زیاتر ئەرزیان بۆ تەخت دەبێت و بە ئارەزووی خۆیان بەردەوام دەبن لەسەر کارە مافیاییەکانیان و بە سانایی پەلوپۆ دەهاوێژن و کەس نامێنێت، رێگرییان لێ بکات.. ئەمانە وڵاتی بێ یاسا و پۆلیسیان دەوێ و تا گۆمەکە بشڵەقێ باشتر مەلەی خۆیان دەکەن..هەربۆیە رەمۆ لەمەشدا هاوکارە و دڵخۆشە بەم دروشم و داوا و سیاسەتەی چەپەکان. دیسان پێش چەند ساڵێک کاتێ دەوڵەت هەڵمەتی گرتنی ئەم مافیایانەی دا ویستی ستراکچەرەکەیان تێک بشکێنێ چەپەکان دژی دەوڵەت وەستانەوە.
سەرۆکی شارەوانی یاخود پارێزگاری ئێستای بەرلین Kai Wagner، دەنووسێ: لەکاتێکدا چارەنووسی ئەم شارە دەکەوێتە دەست چەپەکان، دەبێت هەڵوێستیان روون و دیار بێت بەرامبەر بەم جۆرە رێکخراوە مافیا و کریمینالانە.. ئەوەی بەرلین بەڕێوە دەبات دەبێت بەرپرس بێت لەم شارە و دەوڵەتی یاسا بپارێزێت..
هاوسەرۆک و قسەکەری پارتی سەوزەکانیش خاتوو Nina Stahr بە توندی دژی بەشداری رەمۆ بوو ، داوای روونکردنەوە لە چەپەکان دەکات. لەمەڕ دیاردەی دژەجولەکە/ ئەنتیسیمیتیموس لە گەرەکی نیویکۆلن کە زۆرینەی رەهای عەرەبە دەڵێ: دەبێت پێش پێکهێنانی حکومەت ئەو پرسەش روون بکرێتەوە. ئەمە دژی ئازادی
..
ئەوەی سەیر و سەمەرە و جێی پرسیارە پۆلیس هیچ لەمەڕ بەشداری رەمۆ و ئەندامانی بنەماڵەی لە ئاهەنگی چەپەکاندا ناڵێت؟.. دوور نییە تەڵەیەک بێت بۆ چەپەکان نرابێتەوە. ئیتر کەس لە سیاسەتی ئەم وڵاتە تێ ناگات؟!، ئەم بنەماڵەیە یەکە بە یەکەیان بە عەشیرەتی کرمینالەکان ئەوانەی کاری تاوان ئەنجام دەدەن ناویان تۆمار کراوە. ئەوە هەندێ کەسایەتی سیاسی و رۆژنامەنووسە پرسەکەیان گەورە کردووە.
دوێنێ رۆژی 22.9.2026 چاتکرنێکی نێوان Feret Koçak پەرلەمەنتاری چەپەکان لە گەڕەکی نیوکۆلن و کوڕێکی رەمۆ ئاشکرا بوو و هەراکەی خۆشتر کرد. فەرات داوای شت لە رەمۆ دەکات. کاتێ تێلەکۆم ئەم چاتەی ئاشکرا کرد فەرات کەوتە تەنگەتیلەییەوە، سەرەتا نکۆڵی کرد، دوایی وتی: نازانم لەگەڵ کێ چاتم Chat م کردووە و من پەیوەندیم بەو بنەماڵەیەوە نییە.
بەڵام ئەوەی لە نێوان فەرات و فراسدا باسکراوە، هەردوولا سوپاسی یەکتریان کردووە.. داواکراوە یەکتر ببینن لە نوسینگە و فەرات ڤیدیۆیەکی بۆ فراس ناردووە کە وتارێکی خۆیەتی لە پەرلەمان سەبارەت بەو پەلامارانەی بۆ سەر بنەماڵەکان دەکرێت و بە کارێکی راسیستی و نەشیاو باسی کردووە. داوا لە فراس دەکات بە هەموو ئەندامان و دۆستانی بنەماڵەکەیدا بڵاوی بکاتەوە.
ئێستا فەرات دانی بە هەڵەکەیدا ناوە، چونکە خۆی و حیزبەکەی خستۆتە ژێر گوشارێکی زۆری حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی ترەوە. هیچ گومان لەوەدا نییە ئەمە بە پلان کراوە و دوور نییە ڕێکەوتنێک نەکرا بێت لە نێوان چەپ و بنەماڵەی رەمۆدا؟!.. ئایندەش زۆر شتی تریش ئاکرا دەکات.
پارتە سیاسییەکان لەوە دەترسن ئەم گرووپە مافیایی و تیرۆریستییانە بگەنە ناوەندە نهێنییەکانی حکومەت و شوێنە هەستیارەکانی بڕیاردان.
بە کورتی:
چەپەکان بە دەنگی ئیسلامییەکان دەرچوون و خۆیان ئەو بنکە جەماوەرییە بەهێزەیان نییە . ئەو ڕێکخراوانەی وەک حماس و حیزبووڵا و کۆمەڵێ رێکخراوی تری فەلەستینی و عەرەبییەوە کە لە بەرلین دروست کراون و چەپەکان دۆست و هاوکاریانن، رۆڵیان گێڕاوە لەسەرکەوتنی چەپەکان.. چەپەکان جەژنی 1ی ئایاری ئەمساڵیان ناونا(غەزە).. وەک هەرچی پرۆلیتاریای دنیایە لە غەزە لە ریزەکانی حماسدا کۆبووبنەوە؟!..ئەمە باشترین بەڵگەی کاریگەری ئەوانە لەسەر چەپەکان.
چ کارەسات و بەڵا و سەرلێشێواوی و شپرزەییەکی فکری و سیاسییە؟! سەردەمێکی پڕ لە پڕوپووچییە!.
دیارە موسڵمانی نەتەوەکانی تریش بە تایبەت تورکی ئەردۆغانی و ئەوانی تر لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپای رۆژهەڵات هاوسۆزی پرسی ئیسلام و فەلەستینن و زۆرینەیان دەنگیان بە چەپ داوە.ئەمانە بە نزیکەی نیو ملیۆن مەزەنە دەکرێن..
بە واتایەکی تر، کابرا ئیسلامییە، نوێژ و رۆژ و دەکات و بە پارەی سۆشیال – ئەمەیان حەرام نییە وەری بگرن!- لێرەوە دەچێت بۆ عەمرە و حەج، کەچی بۆ پرسی سیاسی دەنگ بە چەپ دەدات.. ئەمەش کەسایەتییەکی دووفاقی لێ دروست کردوون . کەواتە ئەم جۆرە کەسانە لەگەڵ گەردوو لادا درۆ دەکەن . دەنا حیزبوڵا و حەماس خۆیان سەری کۆمۆنیستی وڵاتی خۆیان پان دەکەنەوە، خێرە لە ئەوروپا دەبنە هاوپەیمانی ( علنی و مخفی) چەپەکان؟؟!!..
ئەم دیاردەیە زۆر ترسناکە.
خاڵێکی تر کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە، ئەم گرووپە عەرەبی و ئیسلامییانە، بەشێکی زۆریان دەنگیان داوە بە پارتی ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا، AFD کە راستڕەوە و بەچکە نازین و دووەم دەنگیان هێناوە. ئەمەشیان بۆ ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پارتە کردووە تاوەکوو جێگە و پێگەی خۆیان مسۆگەر بکەن.
بەڵێ، ئەم حیزبە ئیسلامی و عروبەییانە بەم پێوەرانە کار دەکەن. پێوەرگەلێک لەگەڵ هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و ئەرزی و ئاسمانیدا جووت نایەتەوە.
برالەی چەپ و کۆمۆنیست و موسڵمان..
بە ئەمەک و دڵسۆزییەوە بەردەوام بە لەسەر ڕێبازی خۆت، بەس ئەوەندە بزانە زۆرن ئەوانەی هەردوو ئایدۆلۆژیا و ئاین بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و سیاسی خۆیان بەکار دێنن. مێژوو تژییە لە نموونەی جۆراوجۆر و داگیرکەرانی کوردستانیش لە پێشەنگی ئەو دەوڵەت و میللەتانەن کە پەیڕەوی ئەم سیاسەتە دەکەن..
تۆش هەڵگری هەرچی بوویت، نەتەوە و نیشتمانی خۆت لەبیر نەچێت و ئەو شتانە وەک ئامڕاز بۆ خزمەت بەکار بهێننە.. رزگارکردنی خاک و نەتەوەیەک لە کوێرەوەریی بندەستی و ستەمکاریی گەورەترین خزمەتە بە مرۆڤایەتی..
دواجار پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە بەرلین سەخت دەبێت و ئێستا دەنگی ناڕەزایی زۆر لەسەر هەڵوێستی چەپەکان بەرز بۆتەوە. چەپەکان هەر دۆستی ئەم گرووپە رادیکال و تیرۆریست و جیهادی و لە یاسادەرچووانە نین، بەڵکوو هاوپەیمانێکی بە ئەمەکی پۆتین و رووسیان و تەنانەت گومان دەکرێت، وابەستەیی و پێکەوە کارکردنیان هەبێت.
بە واتای ئەوەی هیچ شتێکیان بۆ ئەڵمانیا لە هەگبەدا نییە و پاشکۆ ئەجێندای دەرەکین.ئاخر ساتەوەختێ ئایدۆلۆژی و گوایە خەباتی دژە کاپیتالیستی ئەمەریکا هێزە وزەبەخش و ستراتیژ بێت،ئەوە راستییەکان فەرامۆش دەکرێن و مرۆ بەر شەوارە دەکەوێت. دەنا لە ئەڵمانیادا هێندە کێشە و گرفت هەیە، دەیان پارتی چەپ و کۆمۆنیستی لە عۆدەیان نایەت چارەسەریان بکات.. کەواتە ئەی خێرە تۆی چەپ بوویتە سوورەی بەرلەشکری غەزە و مۆسکۆ؟!؟
هاوڕێی !! ئەمە پاشخانی سەرکەوتنی هاوڕێ چەپەکانتانە لە بەرلین، لە وڵاتی مارکس..
ئیماندارەکان!! ئەوە هاوباوەڕەکانتانە دەنگ بە چەپ و کۆمۆنیست دەدەن بۆ پەیداکردنی ڕەوایەتی زیاتر لە پێناوی کارە قێزەونەکانیاندا..
بەڵێ ئەمانە ئاوا، ئەمەش چیرۆکە ڕاستەقینەکەیە،کە ئەوانە خەبات و تێکۆشانیان بەم شێوەیە کردووە و هەردەم دەکەن.
گرنگ بوو ئاگاری ئەم چیرۆکەش بن، بۆ ئەزموونێکی نوێ.
هەڵۆ بەرزنجەیی. ٢٠٢٦/٩/٢٣.
