سەرەتا رێگام بدەن به بۆنه‌ی ٢٦ ی سه‌رماوه‌ز ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان جوانترین پیرۆزبایی خۆم و بنەماڵەکەم پێشکەش بە پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان و به تایبه‌ت پێشمه‌رگه قاره‌مان و گیان له سه‌ر ده‌سته‌کانی نێو سه‌نگه‌ری خه‌بات
و به‌رخودانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵە سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و هەموو دڵسوزانی گەلەکەمان بکەم. سڵاو له هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگانه، ئه‌و مرۆڤانه‌ی که بۆ ئازادی نیشتمان و وڵات له هیچ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌یه‌ک ناسڵه‌مێنه‌وه باشترین سەرمایەی ژیانیان کە گیانیانە لە خزمەت گەل ونیشتمانەکەیان ناوە. من جەمشید خوسرەوی، لە دایک بووی گوندی بازگر گۆران لە ناوچەی داڵەهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، یەکەم پێوەندیم لەگەڵ حیزبی دیموکرتی کوردستانی ئێران دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٣٦٢ لەئوردوگای رۆمادی،کە لە رێگای کادری کۆمیتەی داڵەهۆ کە بۆ کاری تەشکیلات سەردانی ئوردوگای رومادی کرد لە گەڵ ٢ کەسی دیکە سازمان دراین ولە شانەی ٣ کەسی دەستمان بە کار حیزبی کرد.
بیرەوەری ژیانی حیزبیم پرە لە خۆشی و ناخۆشی، یەکی لە بیرەوەیە خوشەکانم ئەو رۆژانەیە کە لە ئوردوگای رۆمادی لە شانەیه‌کی حیزبی سازمان درام و شەرەفی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیرانم وەر گرت و بەو پەری دڵ گەرمی و دڵسوزیه‌وە و هەست بە مەسئولیەت لە بەرانبەر حیزب و گەلەکەم، تا ئەو جێگایەی لە توانام دا بوو لە خزمەت کردن بە گەل ونیشتمانەکەم ئەرکەکانی حیزبیم جێ بە جێ دەکرد.
مانای ڕۆژی پێشمەرگە لای من ئەوەیە کە مێژوویش نیشانی‌داوه و پێشمه‌رگه‌ش سه‌لماندوویه‌تی كه ڕۆژی ئەو مروڤە به‌هێزو بە توانایه‌یە کە لە هەموو قۆناغه جۆراوجۆره‌كانی شورشدا بە ئیمکاناتی کەم و سەرەتای، بەلام به چه‌كی ئیراده و بیر‌و باوه‌ڕی به‌هێزی پوڵاینی خۆی له به‌رامبه‌ر دووژمنانی گەل ونیشتمان فیداکارو خۆ ڕاگربووەو چۆكی بە دووشمنانی گەلەکەی داهێناون. ڕۆژی پێشمه‌رگه، ڕۆژی به‌ئیراده‌ترین و به باوه‌ڕترین مرۆڤه، پێشمه‌رگه نموونه‌ی ئینسانێكی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و كه‌سایه‌تی‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رزه. پێشمه‌رگه سه‌مبوولی ئازایه‌تی، فیداكاری، شۆڕشگێڕی و ئه‌خلاقە. وه‌ك هه‌موو بستی ئەو کوردستانە جێی شه‌هیدێكه كه به گژ داگیركه‌راندا چۆته‌وه، هه‌موو رۆژێكی ساڵیش رۆژی پێشمه‌رگه‌یه كه خۆڕاگری و ئازایه‌تی له به‌رامبه‌ر داگیركه‌راندا نواندوه. له رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆ دا که رۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه، ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موو نیشتمانپه‌روه‌رێکی کورده، که بۆ پێ‌زانین و ئه‌مه‌گناسی سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو خه‌بات و تێکۆشانه‌ی پێشمه‌رگه پێویسته جوانترین و گه‌رمترین پیرۆزباییان به‌م بۆنه‌یه‌وه ئاراسته بکا و له به‌رانبه‌ر له‌خۆبردوویی و فیداکاری و دڵسۆزیان دا سه‌ری نه‌وازیشیان بۆ دانوێنێ.
· که‌سانێک په‌یدا ده‌بن که پێیان وایه ئه‌رکی پێشمه‌رگایه‌تی ته‌واو بووه ، تۆ نه‌زه‌رت له‌و باره‌وه چیه ؟
بە نەزەری من گه‌لێكی چه‌وساوه وەک گه‌لی كورد، به ئیراده و ئامانجی رزگاریخوازی و ئازادیخوازی‌یه‌وه، له پێناو گه‌یشتن به ویست و داواكانی پێویستی به گه‌لێك فیداكاری و گیانبازی هه‌یه. بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌یهه‌وێ به ئامانجه‌كانی بگا كه بێگومان ئازادی و سه‌ربه‌ستییە، بە گوفتەی پیغەمبەری ئاشتی دوکتور قاسملووی نەمر ده‌بێ نرخی وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئازدی و ئامانجانه‌ش بدا. هەر بویە بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وتووه و ئاشكرایه كه پێشمه‌رگه ئه‌و رۆڵه قاره‌مان و خۆڕاگره‌یه كه ئاماده بووه ته‌نانه‌ت به فیداكردنی گیانی خۆی نرخی وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجانه بدا و به هه‌موو توانایه‌وه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له هه‌موو قۆناغێك دا بۆ وه‌دیهاتنی ئه‌و ئامانجانه تێ‌بكۆشێ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا بە ئەرکی سەرشانی خوی دەزانێ به‌گری له نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌شی بكا هەر بویە بە نەزری من ئێستا زیاتر لە جاران ئەرکی گەورە لە سەر شانی پیشمەرگەکانمانە. پێشمەرگە سەرەرای ئەو گرنگییە کە بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی جولانەوەی رزگاری خوازانەی و پارێزگاری لە بنکەو بنیاتەکانی و رێبەرایەتی حیزب لە هەموو بارێکەوە تەنانەت بۆ خەباتی پارتیزانی و شێوکانی دیکە ئەرکێکی هەمیشەییە، بەتایبەتی لەم هەلو مەرجەدا کە لە ئیران و ناوچەکە چاوەڕوانی ئاڵ وگۆڕی خێرای لێ دەکرێ، دەبێ زیاتر لە هەمیشە پێشمەرگە، بۆ هاتنە پێشی هەر ڕووداو و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ئامادەیی تەواویان هەبێ و ئەرکی هەمیشەی خویان بە جێ بگه‌ێنن.
· باشترین وشه که پێشکه‌ش به پێشمه‌رگه بکه‌ی چیه ؟
پێشمەرگە سەمبولی فیداکاری وگیان بازی، دڵسۆزی، سەداقەت، لەخۆبردوویی، بۆێری، ولات پارێزی و ورەو ئیمانە، پێشمەرگە فریشتەی رزگاری گەل ونیشتمانە، لە یەک کەلام دا ئەو تێکۆشەرە کۆڵنەدەرەیە کە بۆ بەختیاری گەل و وڵاتەکەی، مەرگی وەپێش دەخات وبەبێ ترس و دوو دڵی ئامادەیە سەرمایەی ژیانی کە گیانیەتی بەختی بکا.
· له کۆتایی دا ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان ٩ ساڵی ته‌واو کرد، چیت هه‌یه بۆ ساڵ ڕۆژی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان ؟
ئه‌گه‌ر چاوێک به کار و تێکۆشانی ماڵپه‌ری پێشمەرگەکان دا بخشێنین و بروانینه ٩ ساڵ خزمه‌تی ڕۆژنامه‌وانی ئێلکترۆنی ئه‌م ماڵپه‌ره، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که له بواره‌کانی سیاسی، ئه‌ده‌بی‌و فه‌رهه‌نگی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها به بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ڕاپۆرت و وتووێژ‌و و وینه و فیلم‌و هتد… کۆمه‌ڵێک خزمه‌تگوزاری تایبه‌ت به خۆی هه‌بوون و به‌رده‌وام و پێشمەرگە ئاسا لە خزمەت دۆزی رەوای گەل و نیشتمانەکەی بووە و تووانیویه‌تی جێی خۆی له ناو دڵی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه دا بكاته‌وه كه تامه‌زرۆی بابه‌ت و هه‌واڵه‌كانی كوردستان و جیهان بوون. هیوادام که هه‌ر وه‌ک نیشانتان داوه له داهاتووش دا هه‌روا به سه‌ربه‌رزی خزمه‌تی خۆتان به نه‌ته‌وه به‌شخوراوه‌که‌مان بکه‌ن و زۆر دڵسۆزانه درێژه به کاره‌کانتان بده‌ن.
وه‌ك خۆینه‌ری دائێمی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان، به بۆنه‌ی ٩ ساڵ تێکۆشانی به‌رچاو و شه‌ونخونیتان له ئه‌رکی راگه‌یاندن ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایتان لێ دەکەم، له كۆتایی دا ده‌مه‌وێ جوانتری گوڵی سرووشتی بەهاری کوردستان تێكه‌ڵا‌وی ئه‌م برووسكه‌ی پێرۆزبایی بكه‌م و له گه‌ردنی کارمەندان و بەرێوە بەرانی مالپەری پیشمەرگەکان بكه‌م كه چون لە کاتی پێشمەرگایەتی وه‌ك چیای قەندیل له رۆژانی سه‌ختی خه‌بات، به‌رزو خۆڕاگر بوون، هەروا لە ژیانی تاراوگه‌شدا سه‌ر بڵند و سه‌ر فیراز بن. هیوام سه‌رکه‌وتن وسه‌رفرازی زیاتره بۆ ئێوه‌ی تێکۆشه‌ر و ماندویی‌نه‌ناس.
ئاماده کردنی: ساڵه نه‌ڵۆسی و کاووس عه‌زیزی
ئیمایل nalosi@gmail.com